سەرەکی » دۆسێ » بۆردومانی ئیسرائیل لە غەززەوە دەستپێدەكاتەوەپەڕە 1

تەلئەبیب خۆی ئامادە دەكات

بۆردومانی ئیسرائیل لە غەززەوە دەستپێدەكاتەوە

بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی، هێرشە مووشەكییەكانی بۆ نێو خاكی ئیسرائیل دەستپێدەكات، لەبەرانبەردا دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب، خۆیان بۆ گەڕێكی تری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گروپە چەكدارەدا ئامادە دەكەن و وەڵامیش دەدە نەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل بە پێویستی دەزانن، بە توندی وەڵامی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بدرێتەوە كە لە كەرتی غەززەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی دروست دەكات.

دەستپێكردنەوەی بۆردومانەكان
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لە كەرتی غەززەوە 20 مووشەك ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كراوە.
بەپێی رۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی، سەرلە ئێوارەی 23ی شوباتی 2020 ، لە كەرتی غەززەوە بە 20 مووشەكە خاكی ئیسرائیل بۆردومانكراوە، سەرۆكی شارەوانی ئاشكەلۆنیش فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، پەناگەكان بەڕووی هاووڵاتیاندا بكەنەوە.
هەر لەو باریەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، 10 مووشەك لەسەر ئاسمانی ئیسرائیل پوچەڵكراونەتەوە و 10 موشەكەكەی تر كەوتوونەتە خوارەوە.
بە گوێرەی هەواڵ، موشەكەكان ئاراستەی شارەكانی ئاشكێلۆن و سدێرۆتی باشووری ئیسرائیل كراون و زەنگی ئاگاداركردنەوەش بۆ هاووڵاتیان لێدراوە.
هەر بەوهۆیەوە سەرۆكی شارەوانی ئاشكێلۆن تەواوی چالاكی و بۆنە گشتی و تایبەتەكانی ئەو شارەی هەڵوەشاندەوە.
بۆردومانەكە دوای ئەوە بوو كە پێشتر هێزەكانی سوپای ئیسرائیل تەقەیان لەدوو هاوڵاتی فەلەستینی كردبوو لەكەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل لە دوای بۆردومانەكە، ئاماژەی بە قوربانیان و زیانە ماددییەكانی بۆردومانەكە نەكردبوو.

سەرایای قودس: ئێمە بووین
گروپی چەكداریی سەرایای قودس، بەرپرسیاریەتی خۆی لەبەرانبەر بەو هێرشە مووشەكییەكە راگەیاند كە پێشتر كرایە سەر هێزەكانی ئیسرائیل و لەو باریەوە رایگەیاندبوو، بۆردومانەكە لە وەڵامی كوشتنی چەكدارێكیاندا بوو.
میدیاكانی فەلەستین لە شەوی 23ی شوباتی 2020، بەیاننامەیەكی گروپی چەكداریی سەرایای قودسیان بڵاوكردەوە كە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامییە و تێیدا گروپەكە بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە مووشەكییەكە راگەیاندبوو كە پێشتر كرابووە سەر ئیسرائیل.
لە بەیاننامەكەدا هاتبوو»ئەو هێرشە مووشەكییە لە وەڵامی كوشتنی یەكێكە لە چەكدارانی گروپەكە بووە بە ناوی (محەمەد ناعم)، چونكە ئیسرائیل هەر تەنیا بە كوشتنییەوە نەوەستاوە و تەركەشی شێواندووە».
لە بەیاننامەكەدا سەرایای قودس هۆشداریداوە لە ئەنجامدانی هەر كارێكی هاوشێوە لە دژیان و رایگەیاندبوو «وەڵامی هەموو كارێكی دوژمنكارانە دەدەنەوە».
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو «لە كەرتی غەززەوە بە 20 مووشەك نێو خاكی ئیسرائیل، ئەو ناوچانەی كە مووشەكەكانی تێدا كەووتوونەتەخوارەوە، باریی نائاساییدا تێدا راگەیەندراوە».
دواتر سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكی تردا، رەتیكردبۆوە، بەهۆی هێرشە مووشەكەكییەوە، هیچ قوربانییەك یان زیانێكی ماددی كەوتبێتەوە.

دووبارەبوونەوەی بۆردومانەكان
سوپای ئیسرائیل لە 24ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 14 مووشەكی تر لەكەرتی غەزەوە ئاراستەی خاكی وڵاتەكەیان كراوە.
بەگوێرەی هەواڵێكی (سكای نیوز)، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لەوەڵامی هێرشە موشەكییەكانی ئیسرائیلدا، گروپە توندڕەوەكانی فەلەستین لەكەرتی غەزەوە بە 14 مووشەك خاكی ئیسرائیلیان بۆردومانكردەوە
بەپێی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل، لە مووشەكانی بەرەو ئیسرائیل تەقێنران، توانیویانە 12 مووشەكە لە ئاسمانی ئیسرائیلدا پوچەڵبكەنەوە، بەڵام زانیاری لەبارەی زیانەكانی دوو موشەكەكەی تر بڵاونەكراوەتەوە.
پێشتر سوپای ئیسرائیل چەند پێگەیەكی لە كەرتی غەزە بۆردومانكرد و لەو بۆردومانەشدا ژمارەیەك بارەگای «بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی»كردبووە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لەئەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاویكردبۆوە»لە بۆردومانەكاندا بۆسەر كەرتی غەززە، بارەگاكانی بارەگای «بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامییان كردۆتە ئامانج».
بۆردومانكردنەكانی سوپای ئیسرائیل لەدوای كۆبونەوەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ژمارەیەك لەبەرپرسە ئەمنیەكانی وڵاتەكەوە بوو.
پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو،»لە كەرتی غەزەوە، 20 مووشەكە ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كراوە، و بەوهۆیەوە لەو ناوچانەی لە بۆردومانەكەدا كرابوونەئامانج، باری نائاساییان تێدا راگەیەندرا، بەڵام لەو هێرش و پەلامارەدا كەس نەبووە قوربانی و زیانی ماددیشی بەدواوە نەبوو.

كردنەوەی بەرەی شەڕ
سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا سەرجەم بەرەكانی شەڕ كە پێشتر بەهۆی ئاگربەستەوە داخرابوون، بەڕووی گروپە چەكدارەكانی كەرتی غەززەدا بكاتەوە، لەئێستاشدا بۆردومانی بەردەوام لەنێوان هەردوولا هەیە.
ئەفیخای ئەدرعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە 25ی شوباتی 2020 لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو، «بەڕەچاوكردنی هەڵسەنگاندنەكانی رەوشەكە بڕیارمانداوە، دووبارە سەرجەم بەرەكانی شەڕ كە لەچەند رۆژی رابردوودا داخرابوون لەناوچەی غەززە بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هێڵی شەمەندۆفێری نێوان (سیدیروت- ئەشكلون) نۆژەن دەكەنەوە».

print

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*