سەرەکی » وتار » ماردین عەبدولکەریم » پەروەردە هەرەس دێنێ؟پەڕە 2

دەرگا

پەروەردە هەرەس دێنێ؟

ماردین عەبدولكەریم

ساڵی 2003 ئەودەمەی بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی ژنانی عەرەب لە میسر بانگهێشت كرام، سەرقاڵی گەرمەی كاری رۆژنامەوانی مەیدانی بووم، هەڵبەت دوای تەواوكردنی ئەركەكەم راستەوخۆ كەوتمە كنە و پشكنین و پرسیاركردن لە داب ونەریت و یاسا و رێسای ئەو وڵاتە و ئاستی گوزەران و داهاتی تاك و باری پەروەردە و تەندورستی، تا هاوكات لەگەڵ سەردانەكەمدا بابەتێكی تێروتەسەلی رۆژنامەوانی لەگەڵ خۆم بێنمەوە.
لێتان ناشارمەوە ئەوكات شەقامی كوردی و كۆمەڵگەی كوردی لە چوارچێوەی كۆمەڵگەی عەرەبی عیراقیدا و نزیكی كلتوری عەرەب لەیەكدی، كاریگەرییان لەسەر لایەنەكانی ژیانی و ژیاریی یەكدی هەبوو، بەتایبەت لایەنی كۆمەڵایەتی و لە نێو ئەویشدا بەتایبەتتر پەروەردەی خێزانی تا دەگەیشتە شێوازی بیركردنەوە و جۆری خۆگۆڕین، بەڵام زۆرتر بەدیوی پۆزەتیڤدا.
ئەوكات راگەیاندن لە ژمارەدا سنوورداربوو و زۆرتریش هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەكرد لە بەرانبەر راگرتنی ئاستی بەها بەرزەكانی ژیان بەپێچەوانەی زۆریی و بۆری راگەیاندنی ئێستا و رۆڵی نێگەتیڤیان گواستنەوەی دراما توركییەكانی دەوڵەتێكی دووڕووی بەربەرگ عەلمانی و لە پەیامدا بە ناو ئیسلامی و جێهێشتنی شوێن پەنجەیان لەسەر تاكی كورد بەنموونە.
بەهەرحاڵ ئەوەی ئەوكات لە تیڤییەكانەوە، بەر لە سەفەركردنم لەبارەی میسرەوە دیبووم، جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ ئەو واقیعەی لەوێ‌ بینیم بۆیە هەندێ‌ جار پێم وابوو لە فیلمێكی میسریدا رۆڵ دەبینیم.
ئەوەی ئێستا ئەو سەفەرەی بەبیرهێنامەوە، ئەو پرسیارگەلە بوو كە لە خەڵكم كردن و وەڵامی جۆراوجۆریشم دەستكەوت، وەلێ‌ ئەوەی بۆ ئێستای ئەم وتارە مەبەستمە بواری پەروەردە و ئاستی خوێندن و دامەزراندنە، ئەوەی زۆر سەرسامی كردم و جێی باوەرم نەبوو دانەمەزراندنی دەرچوانی زانكۆ بوو بۆ چەند ساڵی رابردوو. گوتم سەیرە ئێمە لە هەرێمێكی بچووكدا دەژین لە راپەڕینەوە تا پرۆسەی ئازادی عیراق حكومڕانییەكی باشكراوە و خوێندن ساڵ دوای ساڵ ئاستێكی باشتری هەیە و دەرچوانی زانكۆش بێكۆت و بەند دادەمەزرێنرێن.
باچیتر بەراوردكاری نەكەم بەڵام كاتێتی بپرسین بۆ پاشەكشەمان كرد؟ ئاشكرایە كوردستان لە زۆربەی لایەنەكانی ژیاندا پاشەكشەی كردووە بەڵام دەمەوێ‌ لێرەدا تەنیا باسی هەرەسی پەروەردە لە كوردستان بكەم و بوارەكانی تر بۆ وتارێكی دی ئەگەر ماین و كۆرۆنا نەیكوشتین.
لە كاتی نووسینی ئەم وتارەدا (4) ساڵە و لەناكاو دەرگای قوتابخانە و خوێندنگە و زانكۆكان لەپڕ و بەهۆكارێك كڵۆم دەدرێن، ماوەی سێ‌ ساڵی رابڕدوو بەهۆی قەیرانی دارایی و كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عیراق و سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری كە حكومەتی كابینەی پێشوو بریاری لێدا و بەهۆیەوە داهاتی تاك بۆ نزمترین ئاستی دابەزی و لە بەرانبەریشدا مامۆستایان بەتایبەت لەوشوێنانەی ئازادی تاڕادەیەك بەرقەراربووە مانگرتنیان راگەیاند.
وا ئەمساڵیش پەتای كۆرۆنا دیسان دەرگای خوێندنی بەداخستن دا، ئاكام چییە، هۆكار هەرچی بێ‌، (4) ساڵە (4) نەوە بەنیوەناچڵی بەرهەمدێنین، لاتان سەیرنەبێ‌ كە نەوەی قەیران ئێستا لە قۆناغی (4) بنەڕەتین و بەقورسی هەندێكیان ناوی خۆشیان دەنووسن وا كۆرۆناش خەریكە ناوی خۆشیان لەبیردەباتەوە ئایا حكومەت كە ئێستا سەرقاڵی پلانی پارێزگاریكردنی هاووڵاتییانە لە كۆرۆنا، دوای تەواو بوونی ئەم پەتا جییهانییە پلانی جددی چییە بۆ قەیرانی فێربوون، قەیرانی تەواكردنی پڕۆگرامی خوێندن بەتایبەتی پۆلی (1) كە دەسپێكی قۆناغێكی نوێی فێربوونە و پۆلی (12) كە زۆربەی خوێندكارەكان لە قەیرانێكی دەروونی سەختتدا دەژین هەڵبەت دوا وێستگەی قۆناغێك و دیاریكردنی چارەنووسیشیانە.
با پێش رووداو نەكەوین بەڵام نەبوونی پلان و ستراتیجێكی دووربینی درێژخایەن لە وەزارەتی پەروەردە دەمانترسێنێ‌، ئەگەرنا بۆ وەزیرێك خوێندن دەكاتە ئینگلیزی و ئەویتر تێكیدەداتەوە بۆ وەزیرێك لێی مەعلومە كە هێشتا قوتابی كورد لەبەر كەمی بینای خوێندن بەدوو شەفت دەخوێنن بەلام بڕیاردەدات پڕۆگرامی سویدی لە كوردستان جێبەجێبكرێت، ئێستاش وەزیری كابینەی نۆیەم پڕۆگرامی بریتش كانسڵ جێبەجێدەكات لە كاتێكدا هەردوو پڕۆگرام بۆ كوردستان نەشیاوە و چەند ساڵە رۆڵەكانمان باجەكەی دەدەن.
منداڵ بووم تابلۆیەك لە ماڵی ئێمە بەدیوارەكەدا هەڵواسرابوو، وێنەی منداڵێكی جل و بەرگ دڕاو لە دەرگای پۆلێكی خوێندندا راوەستابوو سەیری ئەو خوێندكارانەی دەكرد، كە لە ژوورەوە سەرقاڵی خوێندن بوون كە پرسیم ئەمە چییە؟ وتیان ئەو هەژارەو ناتوانێ‌ بخوێنێ‌ زۆرجاریش گوێم لە باوكم بوو دەیگوت زەمانی ئێمە منداڵی هەژار نەیتوانیوە لە حوجرە بخوێنێ‌ لەدەرێڕا و بەنهێنی لەدەم دەرگای حوجرەكەدا دەوەستان تا فێری قیچە خوێندەوارییەك بن. مەخابن ئێستا دەرگای قوتابخانەكان كڵۆم دراون و تەنانەت منداڵەكانمان ناتوانن لەپاڵ دەرگای ژووری خوێندن بەنهێنیش بوەستن.
بەڵێ‌ راستە ئەمساڵ لەگەڵ جیهاندا هاودەردین، بەڵام بۆ كورد سەرباری ئەوەی دانەمەزراندنی دەرچووانی زانكۆش بووە مۆدێل، ئەوە چوار ساڵە دەرگای خوێندن بەڕووی نەوەكاندا دادەخرێن وابڕوات دوای پەتای كۆرۆنا تووشی پەتای هەرەسی پەروەردە دەبین بەوەی دەگمەنە خێزانێك خوێندكارێك یان زیاتری نەبێت.

*گۆشەیەكە دوو هەفتەجارێك لە دەرگای بابەتێك دەدات.

print

 863 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*