سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بۆچی هەركاتێ حەقیقەت و درۆ بەیەك دەگەن، سەرئێشە دروست دەبێت؟

ئۆشۆی ئازیز

بۆچی هەركاتێ حەقیقەت و درۆ بەیەك دەگەن، سەرئێشە دروست دەبێت؟

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

وەدودە-Waduda، تەقریبەن مرۆڤ لە درۆدا دەژی، چونكە درۆ ئاسان و بێ سەرئێشەیە. بۆ دۆزینەوەی درۆیەك هەوڵێكی زۆرت ناوێت. سەراپای كۆمەڵگا ئامادەیە بۆ ئەوەی جۆرەها درۆت بداتێ، بەڵام حەقیقەت گەڕان و پشكنینێكی تاكە كەسییە. درۆ و دەلەسە داهێنراوی كۆمەڵگایە.

بەم پێیە، هەركاتێ حەقیقەت ئاشكرا بێت، كێشە و سەرئێشە دروست دەبێت. تۆ هەموو ژیانت لە درۆدا بەسەر بردووە، درۆ و دەلەسەی جوان، لەناكاو تێدەگەیت كە تەواوی ژیانت لەبەریەك هەڵوەشاوە. بۆ هەڵبژاردنی حەقیقەت، یەكەم شت دەبێت بە قورسی هەوڵ بدەیت بۆ دۆزینەوەی. دووەم، كاتێ دۆزیتەوە، هەروا لەناكاو تێدەگەیت كە تەواوی كۆمەڵگا دژی تۆیە، هەموو دنیا ناكۆكە لەگەڵت. ئەگەر بتەوێ لەسەر بنەمای حەقیقەتی خۆت بژیت، دەبێت رووبەڕووی هەموو دنیا ببیتەوە: لەوانەیە ئیشەكەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە هاوسەرەكەت لێت جیابێتەوە، لەوانەیە دایك و باوكت وازت لێبێنن، قەشەكان (مەلاكان) مەحكومت دەكەن. سیاسەتمەدارەكان لە دژت دەوەستنەوە. لەناكاو لەم دنیا پان و بەرینەدا خۆت بەتەنیا دەبینیتەوە. تۆ ناچاری بە هەزار و یەك رێگا پشت بەم كۆمەڵگایە ببەستی، كۆمەڵگا حەزدەكات تۆ لەسەر بنەمای درۆكانی بژیت. كێشەكە لێرەدایە.

بەڵام ئەوە تەنیا لە دەرەوەی تۆیە كە دۆزینەوەی حەقیقەت كێشە و پشێوی لە ژیانتا دروست دەكات. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە دنیای دەروونتەوە هەیە، كاتێ حەقیقەت دەدۆزیتەوە، بۆ یەكەم جار دەگەیتە نیشتمان، ئیسراحەت، ئاسوودەیی، بەهێزی، ئەوەندە بەهێزی كە بەتەنیا دەتوانی رووبەڕووی هەموو دنیا ببیتەوە. ئەو كێشانەی دێنە رێت هیچ نین. ئەوەی بەهۆی حەقیقەتەوە دەستت دەكەوێت، وەكو گەنجینەیەك وایە كاتێ دەیدۆزیتەوە ئامادە نیت بە هیچ درۆیەك بیگۆڕیتەوە.

بەم پێیە، راستە كێشە یان سەرئێشە هەیە. بەڵام ئەوە تەنیا نیوەی راستییەكەیە: تەنیا دەرەوە لە خۆدەگرێت، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە خۆت خووت بە حەقیقەتەوە نەگرتووە.

سەروەختێ كە هێز و توانای حەقیقەت ببینی، ئەوسا هەموو دنیا بێتوانا دێتە بەرچاوت. دەتوانی شەڕی لەگەڵ بكەی، رێگای خۆت بدۆزیتەوە، دەتوانی بەپێی رووناكیی خۆت بژیت و ئەوسا كێشە نابێت بۆت. لەوانەیە بۆ كەسانی تر كێشە بێت.

من ئەمەت بە سەرچاوەی هێز و توانای خۆم پێ دەڵێم: بەلای منەوە كێشە و سەرئێشە جودی نییە و… سەراپای دنیا تووشی سەرئێشە بووە، ئەوە منم كە دەبوو تووشی سەرئێشە بم، پەیوەندیی بەوانەوە نییە! بەڵام حەقیقەت هێزێكی وای هەیە، هێزێكی وا گەورەی هەیە كە پێویست ناكات نیگەران بیت. كەواتە ئیتر بۆچی خەڵك نیگەرانن؟ بۆچی كێشە دروست دەكەن؟ ئەوان لەبەرئەوە نیگەرانن و كێشە دروست دەكەن كە حەقیقەتی تۆ، ئەوان لە درۆكانی خۆیان ئاگادار دەكاتەوە، ئەوانیش ئەوەیان ناوێت. بەئاگاهاتنەوە لە درۆكانی خۆت و بەو شێوەیە درێژەدان بە ژیان، گەورەترین ئەزموونی ئەشكەنجەیە، ئەوان دەیانەوێ تۆ لەناوبەرن.

تۆ كەسێكی نامۆیت، كەسێكی غەوارەیت. تۆ باوەڕت بە خوای ئەوان نییە، باوەڕت بە بەهەشت و دۆزەخی ئەوان نییە، باوەڕت بەو هەموو شتە پڕوپووچە نییە كە بەلای ئەوانەوە بەهادارە. بەڵام درۆكانی ئەوان لە بەرامبەر حەقیقەتی تۆدا وەكو تاریكییەك لە بەرامبەر رووناكیدا لەناودەچێت. تۆ ئەو رووناكییەت دۆزیوەتەوە: ئیتر هەموو تاریكی دنیا ناتوانێ زیان بەو رووناكییە بگەیەنێت. تەنیا ژیلەمۆیەكی بچووك لە رووناكیی، لە هەموو تاریكییەكانی دنیا بەهێزترە.

تاریكیی درۆ و درۆزنەكان:

بەڵام هەڵبەتە ئەوان كە لە تاریكیدا دەژین و لەگەڵیدا راهاتوون و بەپێی ئەوە ژیانیان فۆرمەڵە كردووە، ئەمە وەكو شۆڕشێك لێك دەدەنەوە. خەڵكی نایانەوێ بگۆڕێن، چونكە هەر گۆڕانێك یانی فێربوونی ژیان سەرلەنوێ: هەر گۆڕانێك لە دایكبوونی نوێیە. ئەوان بە ئاسانی خوویان بەو ژیانەوە گرتووە، ئەوان لەگەڵ كۆمەڵگاكانی دەوروبەریان و لەگەڵ هەموو پڕوپووچەكانیدا ژیاون، خاوەنی رێز و حورمەت بوون. حەقیقەتی تۆ ئەوان لە حەقیقەتی خۆیان هۆشیار دەكاتەوە كە هەموو ژیانیان لە كۆشكی لمدا بەسەر بردووە، تەنیا شەماڵێكی حەقیقەت بەسە بۆ ئەوەی كۆشكەكانیان هەرەس پێ بێنێت. بۆ رزگاركردنی كۆشكە لمەكانیان، جۆرەها كێشە و دەردەسەرت بۆ دروست دەكەن.

بەڵام مرۆڤی ئەهلی حەقیقەت یان راستی دەتوانێت هەموو كێشەكان قبووڵ بكات، چونكە ئەوەی لە ناخیدایە، ئەوەندە جوان و مەزن و نەمر و مایەی سەرمەستییە كێ گوێ بەو كێشە بچووكانە دەدات؟ دەشێ ئیشەكەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە هاوسەرەكەت رابكات، لەوانەیە دایك و باوكت لە میرات بێبەریت بكەن… هەموو ئەمانە بە بەراورد بەوەی لە ناختا پەیدات كردوون بێمانان.

ئەو خەڵكە نازانن كە تۆ لە ناختا خاوەنی چیت، سەرئێشەكە لەوێوە دروست دەبێت. بەڵام كێشەكە لە تۆوە نییە. تەنیا لە سەرەتادایە كە لەناكاو هەست دەكەیت لە ژیانی ئیسراحەتی ناو كۆمەڵگا و ئارامی ناو كۆمەڵگادا كراویتەتە دەرەوە. بەڵام هەتا زیاتر لە گەرمای ناخت هۆشیار بیتەوە، پێویستت بە كۆمەڵگا نابێت. هەر خۆت بەسی، حەقیقەت خۆراكێكی وەهایە، دەسكەوتێكی وەها باڵایە كە ئیتر دەتوانی بە ئاسانی هەموو ژیانتی بكەی بەقوربان، چونكە شتێكی گەورەترت لە ژیان دۆزیوەتەوە: خودی سەرچاوەی ژیانت دۆزیوەتەوە، ئەو سەرچاوەیەی كە هەموو ژیان لەوێوە سەرچاوە دەگرێ.

لەبەرئەوە نیگەرانی كێشە و سەرئێشە مەبە. بەهۆی ئەم سەرئێشەیەوەیە كە ملیۆنەها مرۆڤ هەرگیز بیر لە حەقیقەت ناكەنەوە. هەست دەكەن باشتر وایە پەیڕەوی مێگەل بكەن و هەرگیز وەكو شێر نەنەڕێنن.

سەرچاوە: روح عصیانگر ل147-149

print

 271 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*