سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئه‌مریكا و ئێران له‌ ده‌مه‌قاڵه‌و تویته‌وه‌ بۆ به‌ریه‌ككه‌وتن

ئه‌مریكا و ئێران له‌ ده‌مه‌قاڵه‌و تویته‌وه‌ بۆ به‌ریه‌ككه‌وتن

سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ فه‌رمانی به‌ هێزه‌كانی دا كه‌ هه‌ر به‌له‌مێكی سه‌ربازیی ئێران له‌ كه‌شتییه‌كانیان نزیك ببێته‌وه‌ له‌ ئاوه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداودا ئاگربارانی بكه‌ن و له‌ناوی ببه‌ن, ئه‌مه‌ش له‌ دوای هه‌فته‌یه‌ك دێت له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی 11 به‌له‌می سوپای پاسدارانی ئێران له‌ كه‌شتیگه‌لێكی ئه‌مریكا له‌ ئاوی كه‌نداودا كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو زۆر لێی نزیك ببوونه‌وه‌ .

ناكۆكییه‌كان هه‌ڵده‌كشێن، سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مریكا و ئێران تا راده‌یه‌كی زۆر، به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا كه‌ ئێستا له‌ یه‌كه‌می لیسته‌كه‌دایه‌ بۆ تووشبوون و مردن, هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆر شوێنی تر به‌ هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ شه‌ڕو ململانێكان خاوبوونه‌ته‌وه‌ .

له‌ بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا كه‌ ئێران گیرۆده‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ نه‌گریسه‌یه‌ و قوربانیی زۆریشی هه‌یه‌، بارودۆخی وڵات شڵه‌ژاو و ناله‌باره‌ به‌هۆی گه‌مارۆ و سزاكانی ئه‌مریكاوه‌، كه‌چی له‌م كاته‌دا یه‌كه‌م مانگی ده‌ستكردیان هه‌ڵدایه‌ بۆشایی ئاسمان، ئه‌گه‌ر پێشتر ده‌یانوت بۆ مه‌رامی سه‌ربازیی نییه‌، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ مه‌به‌ستی به‌رگریی و سه‌ربازییه‌ .

هه‌ر ئه‌مه‌ش وای له‌ تره‌مپ كرد كه‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ تویتێكدا بنووسێت كه‌ فه‌رمانی به‌ هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌ له‌ كه‌نداو كه‌ هه‌ر به‌له‌مێكی ئێران نزیك ببێته‌وه‌ لێیان له‌ناوی به‌رن .

له‌ به‌رامبه‌ریشدا فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران فه‌رمانی داوه‌ به‌ هێزه‌كانی كه‌ وه‌ڵامی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لامارێك بده‌نه‌وه‌ كه‌ بكرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانیان، ئه‌م ئاماژانه‌ ئه‌گه‌ر بچنه‌ بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌ك ناوچه‌ی كه‌نداو، به‌ڵكو هه‌موو ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگێك كاولكار كه‌ ساڵانێكه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ری ئێران و ئه‌مریكا به‌ هاوپه‌یمان و بریكاره‌كانیانه‌وه‌ خۆیانی بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵی ئه‌وكات ئاكام و كاریگه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆرۆنادا ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌كاته‌ قوربانیه‌كی تری جه‌نگی به‌رژه‌وندیی هێزه‌ ناكۆكه‌ ئیقلیمی ‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ هیچ دیارییه‌كیان بۆ مرۆڤایه‌تی پێ نییه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕو ماڵوێرانی .

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا بێنتاگۆن داوای روونكردنه‌وه‌ی له‌ كۆشكی سپی كردووه‌ ده‌رباره‌ی تویته‌كانی سه‌رۆك تره‌مپ , كه‌ باس له‌ به‌ئامانج گرتنی به‌له‌مه‌ ئێرانییه‌كان ده‌كات, له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ بابه‌ته‌كه‌ی به‌ روون و راشكاوانه‌ له‌ تویته‌كه‌یدا یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌, هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا داوای روونكردنه‌وه‌ی له‌ بنتاگۆن كردووه‌ و ئه‌وانیش داوای ڕوونكردنه‌وه‌یان له‌ كۆشكی سپی كردووه‌ .

بۆیه‌ ئێستا راو سه‌رنجێكی دیكه‌ خۆی قوتكردۆته‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و هه‌واڵییه‌كان ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تره‌مپ بۆیه‌ له‌م كاته‌دا ئه‌م قه‌یرانه‌ ده‌وروژێنێت كه‌ نرخی نه‌وت زۆر دابه‌زیووه‌, به‌مه‌ش تا ته‌نگه‌ی هورمز و كه‌نداو ببێته‌ مه‌یدان و ململانێكانی ئه‌مریكاو ئێران، ئه‌وا نرخی نه‌وت خێرا به‌رزده‌بێته‌وه‌، هه‌رواش ده‌رچوو له‌ دوو رۆژی رابردوودا نه‌وت 15% نرخه‌كه‌ی به‌رزبۆوه‌.

print

 227 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*