سەرەکی » ئابووری » دەیان ملیار دۆلار لە سامانی عیراق بلۆك كراون

دەیان ملیار دۆلار لە سامانی عیراق بلۆك كراون

هەوڵەكانی حكومەتی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە و سامانەی لە رابردوودا بە تاڵان براونەتە دەرەوەی وڵاتەكە بەردەوامیی هەیە.

فەرمانی گەڕاندنەوەی ٨٥٦ ملیار دینار
لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاندووە: لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی عیراق دەدرێت، لەماوەی رابردوودا نووسینگەی پشكنەری گشتی وەزارەتی دارایی عیراق بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلاری وەرگرتۆتەوە كە لە یەكێك لە لقەكانی بانكی رەشید لە دەرەوەی وڵات بلۆك كرابوون، هاوكات ٩٥٠ ملیار دیناری عیراقییش كە هەوڵی بەتاڵان بردنیان دراوە گەرێندراوەنەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، هەروەها رێگە لە بەهەدەردانی ٩٠ ملیار دیناری عیراقی گیراوە.
بەوتەی لێپرسراوەكەی وەزارەتی دارایی عیراق، فەرمانی گەڕاندنەوەی ٨٥٦ ملیار دیناری دیكە دەركراوە كە پێویستە بگەڕێنرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و هاوكات هەوڵەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی ١٤٦ ملیۆن دۆلاری دیكەش كە بەتاڵان براونەتە دەرەوەی عیراق بەردەوامیی هەیە كە بەشێوەیەكی یاسایی دەگەڕێنرێنەوە.

٥٠ ملیار دۆلار
سەرباری ئەوەی ئامارێكی رەسمی لەبارەی تێكرای پارە بلۆككراوەكانی عیراق لە بانكەكانی جیهاندا نەخراوەتەڕوو، بەڵام بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار تەنها لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بڕی ٥٠ ملیار دۆلار لە پارەكانی عیراق بلۆك كراون، زۆربەی ئەو پارانەش لەسەردەمی رژێمی بەعسدا براونەتە دەرەوەی عیراق‌و دواتر لەلایەن بانكەكانەوە راگیراون، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێك ئەو ژمارەیەی پشتڕاست نەكردۆتەوە.
هەر لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵان براوەكانی عیراقدا كە لەبانكەكانی وڵاتانی جیهاندا بلۆك كراون، لەماوەی رابردوودا حكومەتی ژاپۆن لە كۆی ١٥٠ ملیۆن دۆلار پارەی بلۆككراوی عیراقی كە زیاتر لە نیوەی گەڕاندۆتەوە بۆ عیراق‌و بۆ سندوقی گەشەپێدانی عیراق تەرخان كراوە، هەروەها ٢٥٥ ملیۆن دۆلاریش كە پێشتر لە سویسرا راگیرابوو گەرێندراوەتەوە عیراق.

print

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*