سەرەکی » ئابووری » بازاڕی كۆنەفرۆشان جمەی دێت

نرخی كەم و خواستی زۆر

بازاڕی كۆنەفرۆشان جمەی دێت

قەیرانی دارایی‌و هاتنی وەرزی سەرما، بازاڕی كۆنە فرۆشانی گەرمتر كردووەو ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك، روو لە بازاڕی كۆنەفرۆشان دەكەن‌و لەوێ پێداویستییەكانییان بە نرخێكی كەمتر دەكڕن.
ئەو كەلوپەلانەی لەم بازاڕە دەخرێنەڕوو، لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون، لەڕووی كوالێتی‌و نرخیشەوە بۆ هاووڵاتییان گونجاوە و جگە لە خەڵكی ئەم وڵاتانە، خەڵكی بیانی‌و پەنابەرانیش لە بازاڕەكە دەبینرێن‌و خەریكی كڕینی پێداویستی‌و كەلوپەلەكانن.
هەژار و دەوڵەمەند سەردانی دەكەن
هاووڵاتییەك ئاماژە بەوە دەكات: كە جاران تەنیا خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت روویان لەو بازاڕە دەكرد، بەڵام ئێستا خەڵكی هەژار و دەوڵەمەند سەردانی ئەو بازاڕە دەكەن‌و رۆژانی هەینی‌و رۆژە پشووەكان ئەم بازاڕە جمەی دێت.
هاووڵاتی سالار ئەحمەد وتی: «رۆژانە خەڵكێكی زۆر روو لەم بازارە دەكات‌و نرخەكانی هەرزانن، كوالێتیشی باشەو لە چینی هەژار و دەوڵەمەند رووی تێدەكەن‌و جۆرەها كاڵاو پێداویستییەكانی رۆژانەی تێدایە، جۆرەها خەڵك روو لەو بازاڕە دەكەن‌و لە هەموو وڵاتانی دونیا ئەو جۆرە بازاڕە هەیە، مەرج نییە تەنیا شتی كۆن لەو بازاڕە هەبێت، چونكە شتی نوێشی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا جاران تەنیا خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت رووی لەم بازاڕە دەكرد، بەڵام ئێستا خەڵكی دەوڵەمەندیش بۆ كڕین روو لێرە دەكەن».

كاریگەریی قەیرانی دارایی
ئەو ئاوارەو پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوانیش هاوشێوەی هاووڵاتیانی دیكە بۆ كڕینی پێداویستی‌و كەلوپەلەكانیان روو لەو بازاڕە دەكەن، رەشاد ئیبراهیم پەنابەرێكی سوورییە و دانیشتووی هەرێمی كوردستانە، ئەو كە بۆ كڕینی جلوبەرگ هاتبووە ئێرە، وتی: «نرخی كاڵا و كەلوپەل لەو بازاڕە لەگەڵ مۆڵەكان زۆر جیاوازەو قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر بازاڕ هەیەو وایكردووە سەردانی ئێرە بكەین، كەمیی نرخەكانیش هۆكارێكە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر سەردانی بازاڕی كۆنەفرۆشان بكەن».

نرخی كەم و خواستی زۆر
بەشێك لە خاوەن دوكانەكان ئامادەنەبوون لەبەردەم كامێرا باسی بازاڕگەرمیی كۆنە بكەن بەهۆی ئەوەی ترسیان هەبوو كە خاوەن موڵكەكان دوای بیستنی هەواڵەكە كریێ دوكانەكانیان لەسەر زیاد بكەن، دارەوان رەشاد دوكاندارێكی بازاڕی كۆنەفرۆشانەو ئەو نەیشاردەوە كە بازاڕی كۆنەفرۆشان گەرمەو جموجۆلی تێدایە.
دارەوان رەشاد وتی: «دوای قەیرانی دارایی، ئەوا بازاڕ زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، چونكە پێشتر خەڵك دەچوو قەمسەلەیەكی دەكڕی بە ٥٠ دۆلار و ئێستا لەبازاڕی كۆنەفرۆشان بەو پارەیە ٥ دانە قەمسەڵە دەكڕێت، بەگشتی جموجۆڵی بازاڕیش باشەو خەڵك زۆر روو لەو بازاڕە دەكەن‌و جموجۆڵی بازارگانی هەیە».
بازاڕی لەنگە لە رۆژانی هەینی و رۆژانی پشوو، دەبێتە قەڕەباڵغترین شوێنی شار و خەڵكی بە گشتی رووی تێدەكەن.
سەرچاوە: ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی

print

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*