سەرەکی » هەواڵ » لەگەڵ لامەركەزیداین

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان:

لەگەڵ لامەركەزیداین

لیژنەی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پێشنیازو سەرنجی بەرپرسانی گەرمیانی لەسەر لامەركەزیەت وەرگرت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش، دەڵێت: بەتەواوی لەگەڵ لامەركەزیداین.

لەچوارچێوەی ئامادەكاری‌و هەنگاوەكانی لیژنەی لامەركەزی سلێمانی، لەگەرمیان، لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان‌و قائیمقامی قەزاكانی كەلارو كفری كۆبۆوەو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا؛ ئامانجی سەردانەكەو گرنگیی پیادەكردنی لامەركەزی خرایەڕوو.

لەكۆنگرەكەدا، بەرزان شێخ محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی‌و سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی، رایگەیاند: لیژنەكەمان، كە لەنوێنەری سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەن پێكهاتووە، كاری ئامادەكردنی پڕۆژەیەكە بۆ پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزیی ئیداری‌و دارایی بۆ سنووری جوگرافیای پارێزگای سلێمانی‌و لەقۆناغی یەكەمیشدا لەڕێگەی وەرگرتنی سەرنج‌و پێشنیازی یەكە ئیدارییەكان‌و شارەزایان‌و پسپۆرانی بواری یاسایی، كارگێڕی‌و دارایی، پڕۆژەكە ئامادەدەكرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەئامانجی رەوانەكردنی بۆ پەرلەمان‌و دەنگدان لەسەری.

لەبارەی گرنگیی پەیڕەوكردنی لامەركەزی، سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند: لامەركەزی، خزمەتی باشترو زیاتر بەناوچە جیاوازەكان دەكات، ئەوە جگەلەوەی رۆتینات لەكاروباری حكومەت كەمدەكاتەوەو كارەكان باشتر بەڕێوەدەچن، سەرەنجامیش هەمووان سوودمەنددەبن لێی. وتیشی: بۆیە ئێمە لەئیدارەی گەرمیان، بەتەواوی لەگەڵ پەیڕەوكردنی لامەركەزیداین.

print

 209 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*