سەرەکی » مانشێت » حکومەتی هەرێم جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق بەپێی دەستوور دەکاتەوەپەڕە 2

حکومەتی هەرێم جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عیراق بەپێی دەستوور دەکاتەوە

ئەنجومەنی وەزیران دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٥/١٣ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبۆوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراقی کرد بە ھیوای چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی گشتیی ھاوبەش، دواتر تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی ئێستای حکومەت و ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستانیش بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت وکۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی ، وەک زۆربەی وڵاتانی جیهان دووچاری دۆخێکی سەختی ئابووری بووەتەوە، بۆیە دەبێ خۆمان لە گەڵ دۆخی ئێستا و ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستماندایە بگونجێنین و کۆی گشتی دۆخی ئابووریمان بە پێی گۆڕانکارییەکان رێکبخەینەوە و بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حوکمڕانیکردن تەنیا مووچە دابەشکردن نییە، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە.

پاشان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو، جەختیشی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان .

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەک کرد لە بوارەکانی (فرۆشتن و بەكرێدانی مایەكانی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان، پرۆژە یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، و پرۆژە یاسای ماف و ئەركەکانی نەخۆش) و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش راسپێردران بۆ گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی ئەو یاسایانە بە مەبەستی بڕیاری کۆتایی و ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ‎جە‌ختیكردە‌وە‌ لە‌ رێزگرتن لە‌ فرە رەنگی و مافی گشت پێكھاتە‌ ئایینی و نەتەوەییە‌ جیاوازە‌كانی هەرێم، كۆبوونە‌وە‌ دووپاتیكردە‌وە‌‌؛ ئە‌م ھە‌رێمە‌ بە‌جیاوازی پێکهاتە و رە‌نگە‌كانییە‌وە‌ جوانە‌ و مافی ھە‌مووانیش بێ جیاوازی پارێزراو دە‌بێت.

print

 235 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*