سەرەکی » ئاراستە » (گۆران) ی دووبارە نەمر

(گۆران) ی دووبارە نەمر

لەکاتێکدا مامۆستای شیعری نوێی کوردی (گۆران) ی گەورە لە ڕۆژی 18 / 11 / 1962 کۆچی دوایی دەکات، خوالێخۆشبوو (مارف بەرزنجی) لە گرتوخانەی بەغداد دەبێ و بە بیستنی ئەم هەواڵە دڵگران دەبێ و بەم نووسینە ڕاز و پەژارەی دڵی دەرئەبڕێ و بەڵام بڵاوناکرێتەوە. لە دوای (12) ساڵ بەسەر شەهیدبوونی (مارف بەرزنجی) دا، ئەدیب و ڕۆژنامەنووسی چالاک (جەمال خەزنەدار) بۆ یەکەم جار لەسەر لاپەرەکانی گۆڤاری (ڕۆژی کوردستان) بەشێوەیەکی ناوازە بڵاوی کردەوە.
بۆ ئەمەش بڕوانە ڕۆژی کوردستان ژمارە (33) ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (1975) لاپەڕە (43).

شێخ مارف بەرزنجی

«دەبگری ھەورەکەی پایز، بە کوڵ بگری بەسەر ئاخر گەڵا و ئاخر گوڵا، بەسەر ئاخر ڕۆژی گۆرانا.. بۆ گوڵی خوێناوی، دڵی دڵدارانی دڵسۆز، بۆ گەشتی قەرەداخ و سیاچەمانەی ھەورامان، بۆ جوانی بێنازی لادێ‌یی وەک وەنەوشەی بن تووتڕک خامۆش، بۆ ئەستێرەی دەمکەلی ئاوابوون، وێنەی دڵۆپی ئاو بەسەر لێوی تینووەوە، بۆ نەبەردی و ئاڵیی ئاڵای بەرزی گوڵە ھێرۆی ناو دڕک و پووشی قرچەی ھاوینی گەرم و وشک….
دەبا بگری، بە کوڵ بگری بۆ بولبولی کورد و گۆران، بۆ قاسپەی شاکەوی بابان و سۆران.

دەمێکە خۆم ئامادە کردبوو بۆ ئەم کۆست و کارەساتە، لەو کاتەوە کە بیستم دەردەکەی چییە و چۆنە، وەک یەکێک بییەوێ کەمێک دڵی خۆی بداتەوە و خۆی بخاوێنێ.
پرسیم لە ھاوڕێ هەواڵ دەرەکەم، تۆ بڵێی چەند ساڵێکی کە بژی؟ وەڵامی دامەوە:

-ئائا.. دکتۆرەکان ئەڵێن ھیچی نەماوە و چاک چاک بووەتەوە. بەڵام منی ماران گەستە بەم مژدە خۆشە دڵنیا نەبووم، چونکە یەک دوو خۆشەوبستم بەم دەردە گرفتار بوون و جوانەمەرگ بوون. لەگەڵ ئەم خۆ ئامادەکردنە و دەست لێ شتنە پێشەکییەشدا کە پێیان وتم:
(گۆران مرد) وەک بڵێن زەڵم وشک بوو، یا قاسپەی کەو لە چیاکانمان بڕا، شوێن ھەوارێکی چۆڵ، شتێکی وام ھاتە پێش دڵ و چاو.

نامەوێ وەک هەندێک کە هەر کەسێک دوو تیپ و لەتێکی نووسیبێ کە ئەمرێ ئەی کەن بە بلیمەت و فریشتە و پەری و پاڵەوان، دەڵیم نامەوێ لەسەر ئەو ڕەوشتە کۆنە بڕۆم، چونکە بەو چاوە تەماشای ڕۆیشتوو دەکەم کە ئادەمیزادێکە و لەناو کۆمەڵێکدا و لە ژێر باری ڕژێم و گوزەرانێکدا دەژی لە پلەیەکی مێژووییدا.

ھونەر و بەھرەی تایبەتی تاکە کەسێک تا ڕادەیەک دەستەڵات و ماوەی هەیە لەناو ئەم سنوورە ئاسنینانەدا. وەک (تۆلستۆی) وتویەتی: ئادەمیزاد وەک ڕووبار وایە لە هەندێ شوێن تەنکە و لە هەندێک قووڵە، لێرە لێڵە و لەوێ ڕوونە.
لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین هەر تەنک و لێڵە، یا هەر ڕوون و قووڵە، بەڵکو ئەتوانین بڵێین لە گەلێ شوێن قووڵ و ڕوونە، یا وانییە.

بەڕاستی گۆران ڕووبارێکی مەزن بوو، ناڵێم دەریا، چونکە وڵاتەکەمان دەریای تیا نییە، یا ھیچ نەبێ ئەمڕۆ نییە، گۆران ڕووبارێک بوو لەو ڕووبارانەی کە تا دەست ئەڕۆیشت بەناو دەشت و هەردە و هەڵەتی ژیانا بە فەڕتر و ڕوونتر و قووڵتر ئەبوو.

نەک وەک هەندێک ڕووباری بێ فەڕ کە لە سەردا بە ھاژە و لرفە و کەفوکوڵ دێن و لە پاش کەمێک پەرش و بڵاو دەبنەوە و ئەبن بە ھەڵم و گەنکاو، یا هەر بە جارێک وشک ئەبن، مریشکە بەکڕی تیا بنێرەوە. بەر لەوەی گۆران بەچاو ببینم، وەک ھەموو لاوێکی خوێندواری سۆرانی دڵ و دەروونم ھەستی پێ کردبوو، ئەویش لە ڕێگای ھەڵبەستەکانییەوە، ئەوسا ئەوەندەم ھەست کردبوو کە شتێکی جیاکار و تازەیە. لە هەڵبەستەکانی (سالم) و (نالی) ناکاو کەچی شیرین و بە سۆزیشە.

لە ھەولێر بوو کە بینیم لە ماڵێک لەسەر خوان یەکترمان ناسی، دووچاوی گەورەی گەش و ڕەشی بریسکەداری زیندوو، (داخەکەم لەم دوایییەدا رۆژگار ئەو گەشی و رەشی بریسکەیەی کز و تەماوی کردبوو) نیشانەی دوور بینی و لە جیهانی جوانیدا هەستی تینووتیت لێ ئەکردن، ئەو بریسکەیەی کە لە گەشیی ڕەشایییەکەوە دەرئەچوو، تینوویەتییەکی بە سۆزی لێ ئەبینرا، تینووی جوانی و خۆشەویستی، لە سروشتا، لە ڕوخسارا، لە گیانا، گۆران گیانێکی تینوو بوو، تینوویەکی دەروون سووتاو، لە ھەردە و هەڵەتی ژیانیا، لەژێر باری گرانی گوزەرانیا، لەناو قەفی زنجیر و داوی کۆمەڵە دواکەوتووەکەیا، بۆ سەرچاوەیەکی ڕوون و رەوان و خۆشگەوار ئەگەڕا.

گۆرانی بوێژ و خاوەن فێرگەی نەتەوایەتی لە ھەڵبەستا:

گۆران کارێکی کاریگەر و شوێن دەستێکی دیاری هەیە بە ھەڵبەستی نەتەوەکەیەوە. ھەرچەند پیرەمێرد پێشرەوێکی مەزن بوو بۆ سەرمەشقی نووسینی کوردی پەتی و لە گێڕانەوەی ھەڵبەستی کوردیدا بۆ سەر ڕەوتی نەتەوایەتی، بەڵام گۆران ئەم کارەی گەیاندە ئەنجام و بەیەکجاری چەسپاندی، گیانی کوردیی کردەوە بەبەر هەڵبەستی کۆندا و بۆن و ڕەنگی تایبەتی زمانەکەمانی لێ دایەوە، پاش ئەو سەردەمە دوور و درێژەی کە لەسەر ڕەوتی بێگانان ئەڕۆیشت و بۆن و ڕەنگی بێگانەی گرتبوو.

جاران ھەڵبەستی (جەزیری) و (سالم) و (نالی) و (حاجی قادر) یش بخوێندرایەتەوە ئەگەر لە قسەکان نەگەیشتیتایە، ھەر دەنگ و ئاوازەی ڕەوت و مۆسیقاکەیت ببیستایە، لە هەڵبەستێکی عەرەبی یا فارسی‌یت جۆی نەئەکردەوە، بەڵام پیرەمێرد و گۆران هەوا و ئاوازەیەکی تایبەتی یان دایەوە بە هەڵبەستی کوردی، ڕیک و دروست لەگەڵ گیان و ڕەوت و مۆسیقای زمانەکەماندا.

ئێستە هەر کەسێکمان گوێمان لە ڕەوت و ئاوازە و مۆسیقای ھەڵبەستەکانی گۆران و شاگردەکانی ببێ ئەیناسینەوە کە هەڵبەستێکی کوردییە و فارسی و عەرەبی نییە.

بەڵی وەک برنج و گەنم بە وەزنە و بە قسناغ و بە ڕبەیش پێوانە ئەکرێت، ھەروەھا ھەڵبەستیش بە (تەفعیلە) ی فەراھیدی و بڕگە و (سیلاب) ی رۆژئاوایی، یا وەک ئەڵێن بە پەنجەیش ئەکێشرێت، بەڵام بەغدا بە وەزنە و کورد بە ڕبە و شوێنێکی کە بە قسناغ. ئەمە لە مۆسیقا و مەقامەکانداا جوانتر دەرئەکەوێت. مەبەستم شەقڵ و نیشانی زمان و نەتەوەیە بە هەڵبەست و گۆرانییەوە. (سێگاە) و (چوارگاە) لە فارسییەوە تا عەرەبی چەند جیاوازی هەیە، مەگەر وەستا و شارەزاکان بییانناسنەوە و بزانن کە یەک مەقامن.

ئەمەیە شوێن دەستی گۆران بە ھەڵبەستی کوردییەوە، هەڵبەستی کوردی بە ڕبەی کوردی ئەپێورێ و لەسەر ھەوا و ڕەوتی مۆسیقای زمانەکەمان دەڕوا. قووڵییەکی گۆران ئەوەیە کە بە دوای تازەدا ئەگەڕا. لە لاسایی کردنەوەی پێشوونان لایدا و خۆی ڕزگارکرد. ھەرچەند لە سەرەتادا چەند ھەڵبەستێکی لاساییکەری ھەیە.

ئەوە شتێکە هەموو تازە هەڵچوویەک ئەی کا تا دەستی دار ئەگرێت و خۆی بە چاکی ئەناسێ. ئەگەر بلیمەت و هەڵکەوتوو بێ شەقڵ و نیشانی تایبەتی خۆی لە بەرهەمەکانی ئەدا وەک گۆران کردی. لەبەر ئەوەیە گۆران گەیشتە ئەو پایەیە کە ئەمرۆ یەکێکە لە بوێژەکانی جیهانی ئەم سەردەمە.

گۆران بوێژی جوانی بوو. سروشت و جوانی گیان. شەیدای دیمەن و ڕوخساری شیرین و شۆخ بوو، بەڵام ئەو هەر بە بەرگ و ڕوخسار و ئاڵوواڵاوە نەئەنووسا و بووەستێ، بەڵکو وێڵی گەوهەری شارراوەی ژیان بوو، بۆ گیانی دیمەن ئەگەڕا، شاراوەی ناو دەروون و بۆی پەڕەی هەور و باران، ناو دۆڵ و سەر لوتکە بەفرینەکان، ژێر گەڵا و گوڵ و ناو دارستانی نزارەکان، وەک پەپوولەیەکی باڵ ڕەنگینی ناو مێرگێکی چڕ و پڕی بەهارێکی تەڕ و تازە.

بەڵام گۆران‌ی تێکۆشەر و ئاشتی پەروەر و ڕۆژنامەگەر، گۆران‌ی ئەندامی یەکێتیی ئەدیبانی عێراق و مامۆستای زمانی کوردی، گۆران‌ی دۆستی گەلان و ئازاردیدەی ناو زیندانی نۆکەرانی ئیستعمار، گۆران‌ی کۆڵنەدەر و بەرەو تازە و بەرەو ڕووناکی ئاشتی و برایەتی تا ئەهات بە هەڵمەتتر و بەتاوتر، ئەمانە ئەم هەموو قووڵی و ڕوونییانە گۆران‌ی کرد بە (گۆران‌ی دووبارە نەمر)، نەمری هونەر و ئەدەب، نەمری تێکۆشان لە رێگای ئازادی گەل و نیشتمان و ئادەمیزاددا.

گۆران زوو ڕۆیشت و بەجێی هێشتین. وایش بزانم درەنگ جێگای پڕ ئەبێتەوە. لەبەر ئەوە گریانی هەوری پایز لە جێی خۆیەتی، دەبا بگری بە کوڵ بگری، بەسەر ئاخر گەڵا و ئاخر گوڵ و ئاخر ڕۆژی خۆی و گۆرانا بگری بۆ گۆران، نە‌و بۆ ھاوڕێکانی، بۆ ئەدەب و ھەڵبەستی کوردی، بۆ چۆڵی شوێنی ئەم رۆژە ناهەموارەماندا ، هەرچەند گریان جێی هیچی نەگرتووە و ناگرێ. بەڵام بەرامبەر بە مەرگ هەر گریانمان هەیە وەرام››.

گرتووخانەی بەغداد 3/12/1962

سەرچاوە:
سەرجەم بەرهەمەکانی مارف بەرزنجی شەهید (پشکۆ)، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی سامان مارف بەرزنجی – عومەر مەعروف بەرزنجی 1993 – هەولێر

 

print

 111 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*