سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » خۆپیشاندانەکەی دهۆک زەنگێکی مەترسیدارە‎

خۆپیشاندانەکەی دهۆک زەنگێکی مەترسیدارە‎

ئاواتی لەمێژینەی جەماوەری گەلی کوردستان پێکهێنانی حکومەتێکی خۆماڵی، خەمخۆری، دیموکراسی بوو‌، تا لەژێر عەرشی ئەو حکومەتەدا بە ئازادیی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بژین، بۆیە هەر لەدوای راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستانەوە لە دامودەزگاکانی حزبی بەعس و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان چاویان بڕیە داهاتووی ئەو حکومەتەی لە دێر زەمانەوە ئاواتیان بۆ دەخواست، کەچی دوای ئەو هەموو ساڵەی حوکمڕانی دەسەڵاتی خۆماڵی، هێشتا خواستەکانیان وەک پێویست نەهاتۆتەدی، سەرەڕای چەندین داواکاریی و پێشنیار و رەخنە لە کاربەدەستانی ئەم حکومەتە بەمەبەستی باشترکردنی گوزەرانیان، هاووڵاتیان داواکانیان خستە بەردەمی کاربەدەستان ، بەڵام بە کامی دڵیان نەگەیشتن و لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە، بۆیە بەناچاری پەنایان بردە بەر شەقام بۆ خۆیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە خۆی بە پارێزەری خواستەکانی خەڵک و بەدیهێنانی مافەکانیان زانیوە و دەزانێت، بە نیەتی خزمەتکردنی جەماوەری خەڵکی کوردستان بەشداریی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە. هەروەک هەوڵی بەدیهێنانی دیموکراسی و داخوازیی رەوای جەماوەری کوردستانی داوە، بە لەبەرچاوگرتنی مافی ئازادانەی رادەربڕین.

لەم روانگەیەوە خەڵک چەند ساڵ لەمەوپێش لە سلێمانی و ئەو ناوچانە کە بە زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناسراوە، رژانە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانی خۆیان دەکرد، تەنانەت دەزگاکانی حزب و حکومەت و پۆلیسیش کەوتوونەتە بەر تووڕەیی خەڵک، چەندین جار ئەمە دووبارە کراوەتەوە، کەچی لەشاری هەولێر و دهۆک رێگا بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی خەڵک نەدراوە، مەگەر بەویستی خودی حکومەت ‌و حزبی خاوەن نفوزی ئەو ناوچانە بووبێت.

بەڵام دوای ئەوەی دامەزراوە حکومییەکانی ئەو سنوورە لەژێر کاریگەریی حزبی خاوەن نفوزی ئەو ناوچەیە رێزی لە ویستی خەڵکی نەگرت و حیسابی بۆ لایەنەکانی تریش نەکرد، لەبەرامبەر یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی تر، وەک برا گەورە و حزبی یەکەم مامەڵەی دەکرد و هەر بەو شێوازە مامەڵە تاکڕەوانەیە مامەڵەی لەگەڵ پەرلەمان کرد و هیچ پیرۆزییەکی بۆ شکۆی پەرلەمان و داخوازییەکانی خەڵک نەهێشتەوە، لەجیاتی چارەسەری مووچەی هاووڵاتیان و باشترکردنی دۆخی ئابووریی و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر، هەندێک دۆسێی هێنایە پێشەوە کە لەم سەردەمی تەنگژەی ئابووریی و کێشە نێوخۆییەدا، پەرلەمانی خستە دۆخێکی هەستیار و بەرەیەکی ناڕازی لەبەرامبەر خۆی کردەوە.

لەلایەکی تریشەوە هیچ حیسابی بۆ مووچە و بژێویی هاووڵاتیان نەکرد، لەبەرئەوە هیچ کاتێک خەڵک بەئەندازەی ئەمڕۆ نائومێد و بێ هیواو تووڕە نەبوون، خەڵک لەهەموو شتێک نیگەران بوون و ئومێدیان لاوازبوو، بۆیە دووبارە خەڵک رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی، بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە بەرامبەر حکومەت لە سلێمانییەوە گوازرانەوە دهۆک، سەرەڕای داواکردنی مووچە و بژێویی و داخوازیی بنبڕکردنی گەندەڵی، ئەمجارە خەڵک پێیانوایە ئیدی ئەم فۆرمە لە دەسەڵات کە لەهەرێمدا هەیە شکستی هێناوە و پێویستی بە چارەسەر و چاکسازییەکی ریشەییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی لۆکاڵیی لەو شارە بێ منەتانە سەیری دۆخەکە دەکەن ‌و پێناچێت هیچ خوێندنەوەی شیاوی بۆ بکەن و حساب بۆ ئەو نائومێدی و توڕەییەی خەڵک و شکانی وەهمی ترسی دەسەڵات لەلایەن جەماوەر ناکەن.

پارێزگاری دهۆک لەدوای خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و خەڵکی دهۆک، زۆر بێباکانە لە جیاتی وەڵامدانەوەیەکی باوەڕهێنەر بۆ هێمنکردنەوەی دۆخی بادینان و داخوازیی مامۆستایان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، کەوتە تۆمەتبارکردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە پشتگیریی و هاندانی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان تۆمەتباری کردن، بەتایبەت بەشی زۆری تۆمەتەکانی رووی لە سەرکردایەتیی یەکێتی و بەتایبەتیش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی بوو.

لێدوانەکانی پارێزگاری دهۆک بەهاندان و پشتگیریکردنی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و یەکێتی لە خۆپێشاندەران، سەرەڕای ئەوەی مایەی سەرسامی بوون، متمانە دەداتە یەکێتی کە دوای کۆنگرە بووەتە جێگای متمانەی خەڵک و توانیوێتی لە شوێنی نفوزی پارتیدا ببێتە خاوەنی بەرەیەکی ناڕازیی و دەتوانێت لە بادینان شەقام بەرزەم بکات.

ئەگەر ئەم لێدوان ‌و بۆچوونانەی پارێزگار راست بێت، کەواتە دەبێت پارتی و لایەنە سیاسییەکانی تر ئەوە بزانن کە لەراستیدا هەرێم بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، هیچ کاتێک خەڵکی هەرێم بە ئەندازەی ئەمڕۆ نائومێد و بێ هیواو تووڕە نەبوون، لە سیاسەتی هەڵە و خراپ بەکاهێنانی دەسەڵات و لەگەندەڵی ‌و بەهەدەردانی سامان و بێباکی‌ لەبەرامبەر بەرپرسیارێتی دەسەڵات و دەبێت ئەو حزبەی کە خۆی بە زۆرینەی رەها دەزانێت، ئەوەش بزانێت کە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان‌ و دەربڕینی ناڕەزایی خەڵکی دهۆک، زەنگێکی مەترسیدارە و هێمای هۆشداریی دانە، لەوەی کە لە شێوازی بەڕێوەبردن تووڕەو ناڕازیین و چی تر ناتوانن دان بەخۆیاندا بگرن، لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی ئاڕاستەی سیاسەت ‌و بەڕێوەبردن لە هەرێمدا بگۆڕن ‌و کارێکی وا بکەن دانیشتوانی ئەم هەرێمە بە ئازادیی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و بەسەربەرزیی‌ بژین.

print

 311 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*