سەرەکی » هەواڵ » لاهور شێخ جەنگی چاوی کەوت بە ژەنەراڵ ئێریک هیڵ سەرپەرشتیاری یەکە تایبەتەکانی هێزی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا…پەڕە 2

لاهور شێخ جەنگی چاوی کەوت بە ژەنەراڵ ئێریک هیڵ سەرپەرشتیاری یەکە تایبەتەکانی هێزی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا…

“دەزگای دژە تیرۆر لە روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گروپە تیرۆریستییەکاندا رۆڵێکی کاریگەر و باڵایان هەبووە”

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چاوی کەوت بە ژەنەراڵ ئێریک هیڵ، سەرپەرشتیاری یەکە تایبەتەکانی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و دیداره‌دا ژەنەراڵ هیڵ پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواری یه‌كێتی، و رۆڵی سەرکردایەتیی نوێی لاهور شێخ جەنگی به‌رز نرخاند.

دواتر گفتوگۆ کرا لەسەر پێکهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی موستەفا کازمی. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ جەخت کرایەوە كه‌ حکومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، پێویستە حکومەتێکی خزمەتگوزار و گشتگیر بێت. دواتریش باس لە بارودۆخی عێراق و سوریا کرا له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ و، هەردوولا هاوڕابوون لەوه‌ی رێكخراوی داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە. بەتایبەت کە رێكخراوه‌كه‌ توانیویه‌تی سوود لە كاریگه‌رییه‌كانی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرێت بۆ رێکخستنەوەی گروپ و شانه‌ تیرۆریستییه‌كانی.

په‌یوه‌ندار به‌م بابه‌ته‌، ژەنەراڵ هیڵ، كار و چالاكییه‌كانی دەزگای دژە تیرۆری به‌ گه‌وره‌ و گرنگ ناوبرد کە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بێ وچان و شانبەشانی هێزەکانی ئەمریکا، لە دژی گروپە تیرۆریستیەکان له‌شه‌ڕدان. ژەنەراڵ هیڵ وتی دەزگای دژە تیرۆر لە روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گروپە تیرۆریستییەکاندا رۆڵێکی کاریگەر و باڵایان هەبووە. دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌ تایبه‌ته‌كانی هێزی هاوپەیمانان ئامادەن بۆ هەموو چالاكییه‌كی هاوبەش لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و هەمیشە پاڵپشتییان دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و سه‌قامگیریی زیاتر بۆ عێراق و ناوچەکە.

print

 283 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*