سەرەکی » هەمەڕەنگ » ئاکۆ غەریب:یەکێک لەو بابەتانەی یەکێتیی نیشتمانیی…

نوێ‌.. نوێبوونەوە

ئاکۆ غەریب:یەکێک لەو بابەتانەی یەکێتیی نیشتمانیی…

ئاکۆ غەریب:یەکێک لەو بابەتانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگی پێداوە مەسەلەی بوژاندنەوەی کەلتوور و زمانی کوردی بووە

لەشۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەڕابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشخستن و بوژانەوەی بواری رووناكبیریی و هونەریی و راگەیاندن یەكێك بووە لەو ئامانجە گرنگانەی شۆڕش كە هەر لەسەردەمی شاخەوە كاری بۆ كراوەو گرنگییەكی بەرچاوی پێدراوە، ئەم گرنگیپێدانەش دوای راپەڕین بەردەوامی هەبووە. بۆ ئەم مەبەستە كوردستانی نوێ لەیادی دامەزراندنی (45) ساڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە بەیادی (نوێ‌… نوێبوونەوە) دادەنرێت، ژمارەیەك هونەرمەندو رووناكبیر دەدوێنیت كە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە داینەمۆی شۆڕش و ئێستاش لەگەڵ نووێبوونەوەی یەكێتی بەردەوامن:

ئامادەکردنی: کەنار قاسم

لەمبارەیەوە هونەرمەند ״ئاکۆ غەریب״ وتی:
لەمێژووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا هەر لەو رۆژەوەی دروستبووە، یەکێک لەو بابەتانەی کە گرنگی پێداوە لەناو شۆڕشدا مەسەلەی بوژاندنەوەی کەلتور و زمانی کوردی بووە. لەلایەکی تریشەوە گرنگییەکی زۆری داوە بە بوژاندنەوەی ئەدەب و هونەر و رۆشنبیریی. هەم یەکێتی نووسەران لە شاخ هەبوو هەم یەکێتی هونەرمەندان دروستبوو، هەم ژنانیان هێنایە پیشەوە. زۆربەی ئەو هونەرمەند و نووسەرانەی لەشۆڕشدا کاریان دەکرد ئەوانە وەکو پێشمەرگە لە بوارەکەی خۆیاندا کاریان کردووەو ئازادیی تەواویان هەبووە، هیچ کاتێک ئەمانە رێگرییان لێنەکراوە لەوەی چی دەڵێن و چی بنووسن، تەنانەت ئەگەر هێرشکرابێتە سەر یەکێتی، ئازادی ئەو کەسانە زەوت نەکراوە، ئەویش لەپێناو بوژاندنەوەی کەلتور و ئەدەب و هونەری کوردیدا بووە.

وتیشی: ئەمە رەنگیدایەوە هەتا دوای راپەڕین، یەکێک لەو شتانەی کە زۆر گرنگی پێدرا ئەوە بوو یەکەم تەلەفزیۆن یەکێتی داینا، بەهەمانشێوە کوردستانی نوێ یەکەم رۆژنامە بوو دوای راپەڕین لە کوردستاندا، ئەمانە هەمووی لەو روانگەیەوە بوو کە یەکێتی لەو سەردەمانەدا گرنگی تەواوی بەئەدەب و رۆشنبیری داوە، هەر لەو سەردەمانەدا یەکێتی توانی چاپخانەیەک بۆ ئەو سەردەمە دابمنەزرێنێت و کتێب چاپ بکات و بڵاوکراوەکانی خۆی و کتێبی نووسەرانی پێ چاپ بکات، هیچ کات سانسۆر نەبووە لەسەرئەوەی نووسەرێک چی نووسیوە، بەڵکو زۆر بە ئازادانە نووسەرەکان چیان ویستووە ئەوەیان نووسیوەو بۆیان بڵاوکراوەتەوە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بە مێژووی یەکێتیدا، دەیان گۆڤار دەبینی کە لەسەردەمی شاخدا بڵاوکراوەتەوە، یەکێتی مامۆستایان گۆڤاریان هەبووە، هونەرمەندان گۆڤاریان هەبووە، نووسەران گۆڤاریان هەبووە، ژنان گۆڤاریان هەبووە. لەو کارە گرنگانەی یەکێتی دوای راپەڕینیش لەبواری هونەرو کەلتورو ئەدەبدا ئەنجامیداوە، پشتگیریی زۆری هونەرمەندان و نووسەران، چاپکردنی کتێب و کردنەوەی پیشانگەو کڕینەوەی تابلۆ بۆیان یەکێکی تر بوو لەکارە جوانەکانی یەکێتی، بەهەزاران تابلۆ لەلایەن سەرۆک مام جەلال و هێرۆخان-ەوە کڕاوەتەوە، کە ئێستا سەروەتێکی گەورەیە بۆ ئەم میللەتە ماوەتەوەو لە داهاتوودا دەبێتە گەورەترین مۆزەخانەی هونەریی شێوەکاری لە کوردستان، کە ئەمانە کاری هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدایە، ئەمە سەرباری ئەوەی هێرۆخان گەلەری زاموای دروستکرد کە ماڵی باوکی بوو، پێشکەشی هونەرمەندانی کرد بۆئەوەی ببێتە شوێنێک هەتا هونەرمەندان سودی لێوەربگرن و تابلۆکانی خۆیانی تێدا بفرۆشن، بەبێ ئەوەی هیچ قازانجێکیان لێ وەربگیرێت.

لەهەمانکاتدا دەزگاو ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی خاک دروستکرا، لەوێ دەیان پرۆژە هەبوو، هەم یەکێتی رۆژنامەوانی ئازادی هێنایە کایەوە، گۆڤاری سیخوڕمە بەرهەمهات، کە یەکەمین گۆڤار بوو بەئازادانە بدوێ، تەنانەت ئەگەر رەخنەگرتن بووایە لە خودی یەکێتی خۆشی، هەر ئەوکاتە چەندەها کتێب بۆ ئەو نووسەرانە چاپکرا کە باری داراییان باش نەبوو، چەندین کتێب لەڕەفەکانیان هێنرانە بەردەم خوێنەران، هەرچەندە بارودۆخی دارایی رێگەی نەدەدا بە ژمارەیەکی زۆری لێ چاپبکرێت، بەڵام ئەوە کرا بۆ ئەوەی کتێبەکان بمێننەوەو لەناو نەچن.

ئەمە جگەلەوەی دواتر بیرمان کردەوە چۆن ئەمنەسورەکە بپارێزین، چۆن ئەمنە سورەکە بکەینە شوێنی زیندووهێشتنەوەی هەموو ئەو یادەوەرییە دژوارو مەرگەساتەی بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، ئێستا ئەوەی دەیبینن مۆزەخانەی نیستیمانیی ئەمنەسوورەکە بۆتە جێگایەک لەهەموو دنیاوە سەردانی دەکرێت و ناسراوە، ئەوەی کە بۆ یەکێتی شانازییە هەر بەتەنها ئەوە نەبوو ئەمنە سورەکەمان پاراست، بەڵکو ئەمنە سورەکەمان کرد بە ماڵی هەمووان، بۆ هەموو رەنگە جیاوازەکان، بوو بە چەترێکی نەتەوەیی کە هەموو لایەنە سیاسییەکان خۆیان و مێژووی خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەهەمانشێوە لەداری کەلی، خانووەکەی شێخ مەحمودی نەمرمان لەوێ نۆژەنکردۆتەوەو کردوومانە بە مۆزەخانەو ئێستا خەڵک سەردانی دەکات.

هەروەها مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کاتی خۆی حکومەت دروستیکرد، بەڵام ئێمە لە ئەمنەسورەکەوە رۆشتین و کردمان بە مۆزەخانە، ئەمە جگەلەوەی چەندین گۆڕی ونبووی کەسایەتییە ناودارەکانی ئەم وڵاتەمان نۆژەنکردۆتەوە، یەکێک لەوانە مەستورەی ئەردەڵانییە، پیرەمەگرونمان نۆژەنکردۆتەوە، زۆر کاری ترمان کردووە هەمووی لەو روانگەیەوەیە کە چۆن ئێمە رێز لەمێژووی خۆمان بگرین و کەلتووری خۆمان ببوژێنینەوەو گرنگی بەڕووناکبیرەکانی خۆمان بدەین و رێز لەوانە بگرین کە دەیانەوێ ئازادانە رای خۆیان دەرببڕن.

کە هەموو ئەمانەش بەهەوڵی سەرۆک مام جەلال و هێرۆخان بووە.

بۆیە ئەمە شانازییەکی گەورەیەو بەردەوام تا ئەم ساتەوەختەش بەهەمان نەفەس کاردەکەین، هەرچەندە ئەم بارودۆخ و قەیرانە هەندێک لە کارەکانی راگرتووین، بەڵام ئەمە نییەتی یەکێتی بووەو بەردەوامبووە لە بوژاندنەوەی رۆشنبیریی و هونەر وکەلتوری کوردی.

 

print

 197 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*