سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » ناڕێكییەكانی حكومەت

ڕوونتر

ناڕێكییەكانی حكومەت

ساڵانێكی زۆرە هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەكەن و ناگەن بە رێكەوتن، هەردوولا لە رواڵەتدا ئامادەی رێكەوتنن، بەڵام لە واقیعدا ئەمە وەك پێویست نابینرێت. بەغدا پاساوی ئەوەی هەیە كە هەولێر پابەندی رێكەوتنەكان نییە و سەربەخۆ نەوت هەناردە دەكات و داهاتی خاڵە سنوورییەكانیش ناگەڕێنێتەوە، هەولێریش بەوە لۆمەی بەغدا دەكات، كە مووچە و بوجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە و لەو رێگەیەشەوە دەستی بۆ قووت و ژیانی كوردستانیان درێژ كردووە.

لە راستیدا پاساوەكەی بەغدا بۆ ئیمزای دواخاڵی كۆبوونەوەكە بە چ ئاستێك بەجێیە، گازندەی هەرێمیش بەرامبەر بەغدا بەو ئاستە بەجێ و رێیە، چونكە هەرێم ساڵانێكە بە ناوی ئابووری سەربەخۆوە نەوت هەناردە دەكات و داهاتەكەشی روون نییە، بەغداش هەر جارە و بە پاساوێك دەست بۆ ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم درێژ دەكات و گوێ بەوەش نادات كە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چۆن و بە چ ئاستێك ژیان و گوزەرانی خراپ دەگوزەرێنن؟.

هەر چۆنێك بێت ئێستا تەنها رێگە لە بەردەم هەرێم، یەكخستنی هەنگاوەكانیەتی بە ئاراستەی گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ بەغدا و حكومەتی نوێی عیراق، چونكە هەرێم زۆر كارتی بەرامبەر بەغدا تاقیكردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی پایتەخت بە شیعە و سوننەوە نەهاتنە ژێربار. نەك هەر ئەمەش، بەڵكو بۆ دژایەتی كورد و دەسكەوتەكانیشی هەموو جەمسەرە نەیارەكانی بەغدا یەك دەنگ دەبن، ئەوانەی بچووكترین سازانیشیان لە نێواندا نییە، بەرامبەر كورد خاوەنی یەك ئاراستە و یەك بۆچوونن، بۆیە دەبێت ئەم پەیوەندییانە هەوڵی بیناكردنەوەیان بدرێت.

لە بەرامبەر ئەم یەكهەڵوێستییەی ئەواندا بەرامبەر بە مافەكانی كورد، گرفتی ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەگەر بەشێكی پەیوەندیی بە هەرێم و بەشێكی تریشی پەیوەندیی بە بەغداوە هەبێت، ئەوا پشكی شێری ئەم دۆخە لایەنێكی تری گرنگە، ئەویش دروستكردنی پەیوەندییەكی تەندروستە لە نێوان كۆی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا.

ئاخر لە هەموو ئەگەر و هەر پێشهاتێكدا هەمیشە كورد لە بەغدا بە چەند رەنگ و لە چەند وێنەیەكی جیاجیادا بینراوە، بە جۆرێك كورد نەیتوانیوە وەك پێكهاتەیەكی گرنگ و سەرەكیی عیراق، لە بەغدا بە یەكدەنگ بچێتە سەرمێزی گفتوگۆ و كۆی داواكارییەكانی هاووڵاتیان و وەك یەك پاكێج گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت.

هەڵبەت نەبوونی ئەم یەكوتارییە ئەوەندە بە گەورەیی لە بەغدا وێنا دەكرێت، هەمووان، یار و نەیاریش هەست بەو ترازانە گەورەیە دەكەن كە لە نێوان لایەنە كوردستانییەكاندا هەیە.

ئێستای لای بەشێك لە نوێنەرەكانی كورد لە بەغدا بەرهەڵستی هەڵوێستەكانی هەرێم بۆتە بەشێكی گرنگ لە كارتی موزایەدە و راكێشانی سۆزی شەقام و رۆژانە وەك بابەتێكی دووبارە لەمەوە بۆ ئەو دەستا و دەست دەكات. ئەم بەشەی نوێنەرەكانی كوردیش لە بەغدا زۆر جوان ئەم بۆشاییەیان دۆزیوەتەوە و كاری لەسەر دەكەن، چونكە حكومەتی هەرێم بەهۆی ناشەفافییەوە دەیان گرفت و سەدان پاساوی خستۆتە دەستی هەمووانەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خستنەڕووی هەموو شتێك، كە بە باسكردنیشی خزمەت بە هاووڵاتیان ناكات، هیچ پێویست نییە لە بەغداوە ئەوەندە بە گەورەیی و وەك پرسێكی رۆژانە دووبارە ببێتەوە.

print

 119 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*