سەرەکی » وتار » عەتا کەریم‌ » پانۆرامای شكست

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

پانۆرامای شكست

هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دانیشتوانەكەی و بەتایبەتتریش مووچەخۆران، هەر (366) رۆژەكەی ساڵی(2017) یان، بە ناخۆشیی و نارەزایی بەرێكرد، حكومەتیش خراپترین ساڵەكانی لە ماوەی(27) ساڵی رابردووی بەبێ دەستكەوت، تۆماركرد.
تەنیا سەركەوتنێك كە لەم ساڵە تاڵەدا هەبوو، هێزەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا تۆماریان كرد، كە بە قوربانیدانی (1800) پێشمەرگە و برینداربوونی زیادتر لە (10) هەزاری دیكە، بەدیهات!.
تۆمارەكانی ساڵ، پڕبوون لە شكستی سیاسیی، ئابووری، دارایی و نەوت، كە پێویست دەكات، لە مێژوودا تۆمار بكرێن، بەو پێیەی هەندێك سیاسیی و سەركردە، خەمی مێژوویانە و لەوتەو لێدوانەكانیاندا خانەیان بۆ داناوە و جار هەیە دەستكەوتۆكەیەكیان بەوە دەناساند كە لە مێژوودا بە «پرشنگداری» دەمێنێتەوە، لەوانە لە رۆژانی بەر لە ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 ، زۆر بەكار ئەهات و وێنەی یەكەم كۆبوونەوەی حزبیی بۆ ئەم پرسە كە رۆژی (7/6) واناوی لێنرا!!.
ساڵی 2017 ساڵێكی شووم و نەهات بوو، لە هەناوی رۆژەكانیدا چەندین شكستی تێدا تۆماركراون، كە دەكرێت بە پانۆرامای شكستەكانی 2017 بناسرێتەوە، ساڵێك كە دەستكەوتی تێدا نەبوو، جگە لە لەدەستدان و شكستی دوای شكست، هەندێك لەوانە:
•داخستن و پەلاماردانی بارەگای رێكخراوە مەدەنییە سەربەخۆكان بوو لە هەولێر كە بە كلۆمدانی رێكخراوی یەزدا دەستیپێكرد.
•بازرگانیكردنی ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندەی سەربازیی،لەگەڵ تیرۆریستانی داعش.
•پەلاماردان و شەڕپێفرۆشتنی هێزی لایەنێكی سیاسیی لەگەڵ (شەڕڤانان) لە خانە سۆر و سنونێی سنوری شنگال.
•ساڵی راپۆرتی نێودەوڵەتی لەسەر پێشێلكارییەكانی هەرێم و راپۆرتی میدیایی لەسەر مامەڵە و فرۆشتنی چەكی ئەڵمانی لەبازاڕەكان و نایەكسانی دابەشكردنی.
•ساڵی سووتان»دنی» عەمبار و جبەخانەكانی چەك و تەمەنی لە هەولێر و بێئاكامی راپۆرتی بەدواداچوون.
•ساڵی نەبوون و خراپی خزمەتگوزارییەكان و مانگی 50 رۆژی بۆ پێدانی نیو مووچە.
•ساڵی ناكۆكیی و ترازانی سیاسیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و فرەگوتاریی.
•ساڵی نمایش و كلیپی ژمارەیەك سیاسیی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و خۆهەڵواسین بە سەركەوتنەكانی ئەوانەوە.
•ساڵی عینادی سیاسیی و بێباكی مەترسییەكان.
•ساڵی شكستی ریفراندۆم و رەتكردنەوەی بژاردەی دواخستن.
•ساڵی لەدەستچوونی كەركوك و 50% خاكی هەرێم و خاڵە سنوورییەكان و داخستنی ئاسمان و تەسلیمكردنی زۆربەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەبێ تەقە.
•ساڵی پشتتێكردنی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان وەك كاردانەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول.
•ساڵی سوكایەتیكردن و پەلاماردانەوەی پەرلەمانی كوردستان و سووتاندنی بارەگای لایەنەسیاسییەكان جگە لە «پارتی» لە شاری هەولێر!
•ساڵی بەخشینەوەی تۆمەتی سیاسیی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی شكستی ریفراندۆمەكە.
•ساڵی رێزگرتن لە دەستووری عیراق و سڕكردن و رازیبوون بە بڕیاری دادگای فیدرالی عیراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكە.
•ساڵی چارەسەرنەكردنی52 قەیرانەكەی هەرێم و زیادبوونی ژمارەیان لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول.
•ساڵی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و نارەزایی جگە لە زۆنی هەولێر و دهۆك!.
ژمارەی شكستەكان زۆر زیاترن و تەنیا هەندێكیان ئاماژەیان پێدراوە، بۆیە داوای لێبوردن ئەكەین ئەگەر شكست و كەوتنێكمان لەبیركردبێت، دەبێت دڵی خاوەن شكست گەورەتربێت و لەكەموكورتیمان ببورێت!، بەوهیوایەی بەهاتنی ساڵی نوێ شكستەكان نەبرێنە ساڵی 2018ەوە!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*