دانهاخ

کاروان عومەر

وەبیرھێنانە و باسکردنی ئەو رۆژگارە تاڵ و سەختانە، وەک رژاندنی تامی تاڵییە بەناو ناخی خۆت و جۆرێکە لە خۆکوژی، با ئەو سەردەمە لە بازنەی زەمەندا مردووشبێت و گەڕابێتەوە ناوکی گەردوون. بەڵام ھاوکات بۆ وەرگرتنی پەند و عیبرەت لێی دەبێت جارجار وا راڤە بکرێت کە چەند مەترێک لەبەر ماڵەکەتان دوورە لەھەر کات و ساتێکدا خۆی دەکات بەژووردا.

خانووەکەمان دوو دەستە بوو، ئێمە لەدەستەی خوارەوە دەژیاین، دوو ژووری بچووکی بەرامبەر بەیەک بوون، دوو پەنجەرەی مامناوەند، لەسەر رووی کۆڵان بوو ژوورەکانی لە تاریکی پاراست بوو، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە ئاسانی گوێمان لە تەپەی پێی ئەو رێبوارانە دەبوو کە بە بەردەم ماڵەکەماندا تێپەردەبوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەپەی پێی ھیوا دەناسمەوە، ھیوا شەوگەڕ بوو. بە رۆژ دەگمەن دەردەکەوت، دەنگی پێیەکانی لە دەنگی پێی ئەسپێکی رەسەنی ماندوو دەچوو کە جەستەی سوارێکی خانەدانی بێگیانی ھەڵگرتبێت، بەدرێژایی شەو بە کۆڵانەکەدا دەھات و دەچوو تا ئەو جێگایەی ئیتر نەیدەتوانی بیربکاتەوە، ئیدی دادەنیشت و پشتی دەنا بەدیواری ژێر پەنجەرەی ژوورەکەمەوە، ملوانکە چل و دوو دەنکییەکەی کە لە فاسۆلیای سپی دروستی کردبوو، لە ملی دەردەھێنا و تێر بۆنی دەنکەکانی دەکردن و یەک یەک ماچی دەکردن، ھەردەنکێک بۆ ھیوا نیشتمانێک بوو کە بەشێوەی ھەڵکۆڵین سیمبووڵی لەسەر نەخشاندبوون، لەگەل ئەوەی نیگارکێشێکی زۆر بەتوانا بوو، لە ھونەری میناتۆریشدا کەم وێنەبوو، رەنگی، سپی، شین، زەرد، رەش، کە ئاماژەن بۆ ھەر چوار ئاراستەکەی ئاسمان، باڵی کێشابوو بەسەر زۆربەی کارەکانیدا، بۆ ئەوەی واھەست نەکات من گوێ لە قسەکانی دەگرم، گڵۆپەکەم دەکوژاندەوە و پشتم دەنا بەو بەشە دیوارەی ئەو پشتی پێوەدابوو، گەرچی دیوارێکی بێروح و سارد بوو، بەڵام ئەو مەودایەی نێوانمان بۆ خۆی گۆڕەپانی دەیەھا چیرۆکی نەبیستراوبوون، کە بۆ من ئازارێکی چێژبەخش بوو، وەک ئەوەی لە ئاوەدانیدا نەبێت، بەدەم چەند دەنکێکیانەوە پێکەنینێکی دڵرەق و بێبەزەیانەی دەھاتێ و لەپڕ قاقایەکی تاڵی گاڵتە جاڕانەی لێدەدا و بە(شیفا)ی خوای سەمای گەردوونی ناو فاسۆلیاکەی دەگوت، ئێ خۆ رۆژی کردنەوەی پێشانگاکەم بە تەنھا تۆم نمایش نەکردبوو، بۆ لەگەڵ تابلۆکەی (سایکی) نەڕۆیشت کاتێ دەیەوێت بچێتە نێو باخچەی (کوپیدس)؟ ئەزانی بێجگە لە تۆ ئەو سێ رۆژە، ھەشتاو ھەشت کاری خۆمم نمایش کرد، دیارە تۆ ئەو دەرگا ھەڵەیەبووی کە بەرووی چارەنووسی مندا کرایتەوە. من و ھیوا لە وێنەیەکی بچووکی ناو دەنکێک فاسۆلیاوە، دەروازەیەکی گەورەمان بۆ خۆشەویستی کردەوە، دەستمان کرد بەگەشتکردن بەناو باخچەکانی مەستبووندا ئەوەندە سەرمەست بووین، کە ھۆش و ھەستمان وەک جاران ئاسایی نەبوو، بەشێوەیەک بە روخسارمانەوە دەبینرا کە خۆشمان پێمان سەیربوو، عەشقێکی کریستاڵی لە رۆحماندا دروست ببوو، ئەزموونی ھەموو جۆرەکانی خۆشەویستیمان دەکرد، ھیچ شتێک لەوە خۆشتر نەبوو بۆم، کاتێک لە باخچەکاندا بەدوای گوڵە شاراوەکانی خۆشبەختیدا دەگەڕاین. ھیوا وەک ئەوەی شتێکی سەردیوار بۆ خەڵک بخوێنێتەوە بە دەنگی بەرز پێیدەگوتم، خۆشمدەوێیت، ئەو چل و دوو دەنکە فاسۆلیایە کە وەک ملوانکە ھۆنیبوویەوە بەدەر لەو دەنکەیەی کە شیڤای تیا ھەڵکۆڵی بوو، دەنکەکانی تر وێنەی شوێن و ژوانەکانمان بوو لەگەل رۆژ و مانگ و ساڵەکەی، ھەندێک ھێمای سەیر و سەمەرەی تیابوو تێگەیشتن لێی بۆ من ئاستەم بوو، ھیواش شیکاری بۆ نەدەکردم بەپێکەنینەوە دەیگوت لێیان گەڕێ بۆ رۆژی خۆی .

کاتێک چاوەکانی دەچووە سەر ئەو دەنکانەی کە داینابوو لەکاتی خۆیدا شیکاریم بۆ بکات، دایدەخستن و دەستی دەکرد بە گریان و ھاواری دەکرد، نا، نەفرەتی نا. چەند جارێک ئەمەی دووبارە دەکردەوە، تا گرێ رۆحییەکانی خاڵی دەکردەوە و ھەڵدەستاو، کۆڵانەکەی بەجێدەھێشت و جار لەدوای جار تەپەی پێیەکانی دوور دەکەوتنەوە، وەک ئاواز و گورانی مەلێک تەنیا دەھاتە بەرگوێم کە لە دورەوە بۆ مەعشوقەکەی چریکە دەکات، تا دەمەوبەیان لە ژوورەکەدا دەستم دەکرد بەھاتوچۆ تا ئەو جێگایەی منیش لەبیرکردنەوە دەکەوتم. دووبارە دەچوومە باوەشی ئەو دیوارەی ئەو پشتی پێوەدابوو، بەدەم گریانەوە پۆزشم بۆ دەھێنایەوە.

ھەندێجار ناھۆشمەندی کۆمەڵگا کارەساتی گەورە دەخوڵقێنێت و دەبنە ھۆی رۆخاندن و لەناودانی تاک و بەتایبەت وێرانکردن و داڕمانی دینامێکی دەروونی، ئیدی موریدە دڵسۆزەکانی ناو مێشک و جەستە ئیرادەی خۆیان لەدەست دەدەن و چارەنووسی کەسایەتی لە قووڵایی و لە چاڵە تاریکییە نەناسراوەکی ناخدا فڕێدەدرێت.

چواردەی ئۆکتۆبەر بوو. کەشوهەوا ھیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ پاییزکانی ساڵانی رابردوو نەبوو ، گەڵاکان ھەر لەوەریندابوون، شەوەکانی درێژ و رۆژەکانی کورت، میوە پایزییەکان قۆرغی دوکانەکانی میوە فرۆشەکانیان کردبوو، نازانم بۆ ئەو شەودڵم زۆری لێکردم پێش ھیوا بگەمە قاوەخانەکەی لەنجە، دەمزانی شتێک روودەدا کە پێدەچێت خراپ بێت، بەڵام دەکرێت شتێکی باشیش بێت، لەنجە باڵا بەرزێکی کەم گۆشت بوو، پێستێکی تەنکی سافی ھەبوو سروشتی وابوو زیاتر حەزی بەقژی کورت دەکرد و جل و بەرگی کوڕانەشی لەبەر دەکرد، ھەر لە سەرەتای قۆناغی منداڵییەوە، لە رێگای براکانییەوە تێکەڵ بە کوڕی گەڕەک دەبێت و سروشتی کچێنی خۆی ون دەکات، لەنجە خاوەنی ئەو قاوەخانەیە بوو کە ئەوشەوە ھەنگاوەکانمی تیا کپ بوونەوە و چاوەڕێی ھیوام لێدەکرد، ئەو بە پەیوەندێکەی نێوان من و ھیوای دەزانی، جارجاریش لامان دادەنیشت و چا یا قاوەیەکی لەلا دەخواردینەوە، بەڵام ھەر زوو بیانوویەکی بۆ رۆیشتن دەدۆزیەوە و جێی دەھێشتین، بۆ ئەوەی ئێمە تێر دڵی خۆمان قسە بکەین، جووڵانەوەکانم نائاشنابوون بە خۆم، تووشی پەشۆکان و دڵەڕاوکێی بەردەوام ھاتبووم تا ئاستی نەمانی پەیوەندی بەخۆمەوە، دیاربوو لەنجە ھەستی بەو شلەژانەم کردبوو کە وەک توێژاڵێکی تەنک بەسەر روخسارمەوە بوو، بۆیە ھات و پرسیاری ھیوای لێکردم، وتم ھاکا پیدابوو، پێشی وتم ڤیان دوێنێ لێرە بووە ھەواڵی من و ھیوای پرسی بوو، رێک لەوکاتەدا شریخەی ئیستۆپی ئۆتۆمۆبیلێک کافتریاکەی پڕکرد، چەند کوڕ و کچێک بە ھەڵەداوان لە دەرگای کافتریاکە دەرپەڕین و رووەو شوێنی رووداوە رۆیشتن، یەکێک ھاواری کرد، من بینیم تایەی ئۆتۆمۆبێلەکە بەسەر لەشیدا رۆیشت، ئەوی تر دەیگوت ھێشتا ماوە وەک ئەوەی چاوەڕێی کۆتا ئامێزی ئازیزترینی بێت، کچێکش کە پێشتر بەرامبەر مێزەکەی من دانیشتبوو لەقاوەخانەکە، گەڕایەوە سەر مێزەکەی خۆی و توند دەستەکانی خستبووە سەر گوێیەکانی نەیدەویست ھیچی تر دەربارەی ئەو رووداوە گوێ لێبێت، کەسێکی دیکە وتی: من چەند جارێک لێرە بینیوومە دیارە دەیویست بێت بۆ ئێرە، لەگەل قسەکردنی لە گۆشەنیگایەکەوە سەیری دەکردم، ئەوەی نەیتوانی بەدەم پێم بلێت، لە رێی چاوەکانیەوە لێی تێگەیشتم، لەنجەش گەڕایەوە ناو قاوەخانەکە و بە گریانەوە رووە و من ھات و پاشان دەستی کردە ملم و گوتی: ھێشتا گوڵەکانی توند بە دەستەوە گرتووە، رەنگە چاوەڕێی تۆ بکات لێی وەرگریت شنۆ، رەنگە ھەستی بەوەکردبێت تو ئیمڕۆ دێیت، یا بینیوتی کاتێک خۆت کردووە بە ئێرەدا. شنۆ، ھیوا سەرتاپای لەشی خوێناوی بوو، چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و گوتی: بە شنۆ بڵێ لێم ببورێت ئەمڕۆ نەمتوانی بیبینم، شنۆ تۆبڵێیت خودا روحم بەو بێکەسیەی بکات و نەمرێت، جارێکی کە بە زەمبیلە گوڵەکانەوە خۆی بکات بەقاوەخانەکەدا و بەزەدەخەنەیەکەوە، بەدەنگی پڕ لە شەرم و بەرائەتەوە پێت بڵێ گوڵێک بۆ خۆشەویستەکەت ناکڕیت، ئیتر من لەو کاتدا زانیم ڤیانی گوڵفرۆش بووە ئۆتۆمبێلەکە لێداوە نەک ھیوا، گەرچی بۆ من ھەردووکیان ھەر خۆشەویست بوون، بەڵام ئەمە راستییەکی حاشاھەڵنەگرە، خۆشەویستی کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت بە پێی ھەموو پێوەرەکانی ژیان، دوای چەند رۆژێک ڤیان بەھۆش خۆی دێتەوە بەڵام ناتوانێت وەک جاران گوڵفرۆشی بکات، لەبەر ئەوەی کاتی رووداوەکە حەوزی دەشکێت، ھیوا شەبقە پەمەییەکەی ڤیان لەسەر دەکات و زەمبیلە حەسیرییەکەی پڕ دەکات لە گوڵ و لەبری ئەو دەست دەکات بە گوڵفرۆشتن، ھەرکاتێکیش ژوانمان ھەبوایە لە قاوەخانەکەی لەنجە، یەکەم جار رۆڵی ڤیانی دەبینی و رێک وەک ئەو چاوەکانی دادەخست و لە شەرما ملی کەمێک کەچ دەکرد و دەیگوت، گوڵ بۆ خۆشەویستەکەت ناکڕیت؟ نزیکەی سێ مانگ دەبوو، ھیوا گوڵی دەفڕۆشت و ڤیانیش لە جێگاکەی ھیوا بەرامبەر بە من دادەنیشت لەجامخانە شووشەکەوە لەسەر عەرەبانەی پێداویستی تایبەتەکەی بە ھەڵسوکەوتی ھیوا پێدەکەنی کە چۆن وەک نمایشکارێکی سێرک شۆفێرو سەرنشینانی ناو ئۆتۆمبێلەکان و ئەو پیادەڕەوانەی بەو ناوەدا تێدەپەڕین دەیانخاتە پێکەنین، ئەگەرچی چەند جارێک پێم وت کاتەکەمان زور ناسکە و تۆ چەند رژێکە دایکت و دووپوورت ناردووە بۆ خوازبێنی من، واز لەم گوڵ فرۆشتنەبێنە، من باوک و براکانی خۆم باش دەناسم دەزانم لە چ مەعدەنێک دروست بوون، بەڵام گوێی بە قسەکانم نەدا و گوتی: بەس من دەزانم دڵخۆشکردنی منداڵێک لە کاتی رووداوێکی وەھادا چەند چێژبەخشە، رەوشتی وابوو ھەمیشە کارەکانی لە دەوروبەری دەشاردەوە و حەزی نەدەکرد کەس لە ژیانی تێبگات، ئەوەش بەلای منەوە یەکێکە لە خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤ، من بۆخۆشم زۆرتر گوێ دەگرم و کەمتر قسە دەکەم، ھەموو شتێک نامخاتە پێکەنین، بەڵام کاتێک پێدەکەنم لە قووڵایی دڵمەوە پێدەکەنم، ھەربۆیە لە ئاھەنگی رۆژی لە دایکبوونی لەنجەدا یەکێک لە ھاوڕێ کوڕەکانی بە لەنجە دەڵێت: ئەم ھاوڕێ لوت بەرزەت لەکوێ پیداکردووە، نەپێدەکەنێ و نەقسە لەگەڵ کەس دەکات، رەنگە بە جوانییەکەی خۆی بنازێت. شنۆ کچێکی تازە ھەڵچوو، جوانێکی کەمەر شکێن بوو، باڵابەرزێکی لێوتەنکی چاو خوماری بوو، بەھۆی جوانییە باوەڕ پێنەکراوەکەیەوە جۆرێک لە لوتبەرزی و خۆبەزلزانی لە ھەڵسوکەوتیدا بەدی دەکرا، ئەوەی کە دەبینرا و دەبیسترا، زۆرکەس پێی وابوو نازی جوانێکەیەتی، لەراستیدا ھۆکارەکەشی ھەر ئەوەبوو.

رێک لەو کاتەدا لەنجە خەریکی بڕینی کێکەکەبوو، منیش سەرگەرمی وێنەگرتن بووم دایکم زەنگی بۆ لێڵدام و دوای ھەواڵ پرسینم پێی گوتم: دەبێت زوو بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، بۆ نان خواردن باوکم بانگیشی خاڵە تاھیر و مامە جەزامی کردووە، دیاربوو بانگێشکردنی خاڵم و مام پەیوەندی راستەوخۆی ھەبوو بە داواکردنەکەی منەوە، بۆیە ھەر زوو گەڕامەوە ماڵەوە و ئاھەنگەکەم جێھێشت و سوپاسی لەنجەم کرد بۆ بانگێشکردنەکەم، لەبەردەم دەرگای ماڵەوە لەو کاتەدا دەستم کرد بە جانتاکەمدا بۆ کلیلەکە دەگەرام، شووشە عەترەکەم بەردەست کەوت کە دەبوو، بەبۆنەی رۆژی لە دایکبوونەکەیەوە پێشکەشی لەنجەی بکەم، کەوتمە سەرزەنشتکردنی خۆم و بەبۆڵە بۆڵ، خۆم کرد بە ماڵەوەدا.

دوای نان خواردنی ئێوارە، بەدەم چاخواردنەوە باوکم بانگی کردم و لەلای خۆیەوە داینیشاندم، تاھیر و جەزا و براکانم ھەموویان پێکەوە سەیریان دەکردم، وەک کارێکی ئابڕووبەرانەم کردبێت، پاش چەند کۆکەیەکی درۆین باوکم بێدەنگی شکاند و گوتی: تۆ دەتەوێت شووبکەی بەشێتێک و حەیا و ئابڕووی من و براو کەس و خزمەکانت ببەیت؟ باوکە تۆ باسی کێ دەکەیت؟ باسی ھیوا شێت دەکەم، ھیوا ئەوەی لە من شاردبۆوە کە لە دووی سەرەتایی دەبێت لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە رێی قوتابخانە بەسەر دار توەکەی بەردەم ماڵە دروسێکەیان سەردەکەوێت و لە کاتی تەکاندنی لقێک لە دارتوەکە قاچی دەترازێت و دەکەوێتە خوارەوە و سەری بەر شۆستەی شەقامەکە دەکەوێت و بۆ ماوەیەک تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت و ناوی ھاوڕێکانی بیر دەچێتەوە و لەو کاتەوە کوڕانی گەڕەک ناوی ھیوا شێتی بەسەردادەبڕن، کاتێک براو ئامۆزاکانم بەدوای باری کەسایەتی ھیوادا دەگەڕێن. خۆیان دەکەن بەو دوکانەی کە شەوانە ھیوا و ھاوڕێکانی لێی کۆدەبوونەوە، دوای سڵاوکردنیان.

براکەم رووی دەمی دەکاتە یەکێک لە کوڕانی بەردەم دووکانەکە و دەپرسێت کەستان ھیوا دەناسن؟ یەکێک لە کوڕەکان وتی: کاکی من ئێمە کەسێک دەناسین بەناوی ھیواوە و نیگارکێشە، بەڵام ھەتا نەڵێیت ھیوا شێت کەس نایناسێت، بە پێکەنینەوە روو دەکاتە ھاوڕێکانی دەڵێت کوڕینە وانییە؟ ھەموویان گەواھی دەدەن کە تا نەڵێیت ھیوا شێت لێرە کەس نایناسێت. کاتێک ھیوا دەزانێت ھۆکارچییە کەمنی نادەنێ، لەو رۆژەوە بە تەواوی شێت دەبێت.

تێبینی، زۆر ببوورە بەرێز مامۆستا میشێل ئەگەر ھەڵەی رێنووسم زۆر بێت یا نەمتوانیبێت لەبەر ناتەواویی رستە لەرووی گرامەرەوە باش لە چیرۆکەکەم تێنەگەیشتبی دەزانم تۆ تەنھا مەبەستتە بزانی ئێمەی خوێندکاری تۆ تا چەند ئەزموونمان لەگەڵ زمانی ھۆڵەندی ھەیە، بەڵام ئەمەی من بۆم نووسیویت چیرۆکی راستەقینەی من بوو…بەروار… دانهاخ.

print

 655 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*