سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » فڕۆكه‌خانه‌ی وه‌تیه‌ ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی نوێ له‌ شه‌ڕی لیبیادا؟

فڕۆكه‌خانه‌ی وه‌تیه‌ ده‌بێته‌ وه‌رچه‌رخانێكی نوێ له‌ شه‌ڕی لیبیادا؟

دوای ئه‌وه‌ی بنكه‌ی ئاسمانیی وه‌تیه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ته‌رابلوسی پایته‌خی لیبیا دره‌نگانی شه‌وی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگیی نه‌ناسراوه‌وه‌ بۆردوومان كرا، پێده‌چێت جه‌نگی ئه‌و وڵاته‌ پێ بنێته‌ قۆناغێكی نوێوه‌ ‌و وڵاتانی پشتیوان له‌ موشیر حه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر بیانه‌وێت په‌یامێك بگه‌یه‌ننه‌ حكومه‌تی توركیا كه‌ هاوكاریی لۆجستی ‌و مه‌عنه‌وی حكومه‌ته‌كه‌ی ویفاقی نیشتمانی لیبیا ده‌كات.

په‌یامه‌كه‌ی سیسی ته‌نها لێدوانێك نه‌بوو بۆ راگه‌یاندنه‌كان
به‌بۆچوونی هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی بواری سیاسی ‌و سه‌ربازی، هێرشكردنه‌ سه‌ر سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی توركیا، كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی وه‌تیه‌ جێگیر بكرێن، په‌یامێكی راسته‌وخۆی وڵاتانی پاڵپشتی حه‌لیفه‌ حه‌فته‌ره‌، بۆ ئه‌نقه‌ره‌، به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ی عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر له‌ لێدوانه‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ سنووری لیبیا باسی كرد، ته‌نها لێدوانێك نه‌بوو بۆ راگه‌یاندنه‌كان.

یه‌كه‌مجاره‌ بۆردوومان بكرێت
سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن: فڕۆكه‌كه‌ نه‌ناسراو بووه‌ ‌و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك به‌ ده‌وروبه‌ری ئاسمانی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا سووڕاوه‌ته‌وه‌، بۆردوومانی كردووه‌. ده‌شڵێن، كه‌ بۆردوومانه‌كه‌ هیچ زیانی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌، ته‌نها هه‌ندێك له‌ ئامێری تایبه‌ت به‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، كه‌ به‌م دواییانه‌ برابوونه‌ ئه‌وێ، له‌ نێویشیاندا سیستمی به‌رگریی ئاسمانی توركیا.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌: دوای ئه‌وه‌ی له‌ 18 مانگی رابردوودا هێزه‌كانی سوپای ویفاقی نیشتمانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ته‌رابلوس فڕۆكه‌خانه‌ی وه‌ته‌-یان كۆنترۆڵ كرد، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بۆردوومان بكرێت.

نه‌خرابوونه‌ بواری به‌كارهێنانه‌وه‌
محه‌مه‌د كه‌نانی پسپۆڕی سه‌ربازیی میسر وتی: هێرشه‌ ئاسمانییه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ پێكانی سیستمی به‌رگریی موشه‌كی مه‌ودا ناوه‌ند (هوك)ی ئه‌مریكی، له‌گه‌ڵ سێ راداری توركی كه‌ له‌گه‌ڵ سیستمی هوكدا كارده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ تێكشكاندنی سیستمی به‌ربه‌ست ‌و ته‌شویشی ئه‌لیكترۆنی توركی له‌ جۆری كۆراڵ.

روونیشیكرده‌وه‌: توركیا دوو سیستمی به‌رگریی موشه‌كی پێشخستووه‌، یه‌كێكیان مه‌وداكه‌ی 15 كیلۆمه‌تر بڕده‌كات ‌و ئه‌وی دیكه‌شیان 25 كیلۆمه‌تر، به‌ڵام نه‌خرابوونه‌ بواری به‌كارهێنانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هۆكارێكه‌ بۆئه‌وه‌ی پشت به‌ سیستمی هوكی ئه‌مریكی ببه‌سترێت، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ پێشكه‌وتوو بێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر فڕۆكه‌ی جه‌نگیی نوێ نییه‌.

ئه‌نقه‌ره‌ پشتڕاستیكرده‌وه‌ ‌و ویفاق هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات
لای خۆیه‌وه‌، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ بۆردوومانی بنكه‌ی ئاسمانیی وه‌تیه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌، به‌وه‌ی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی توركیای كردۆته‌ ئامانج.

هه‌روه‌ها عه‌قید سه‌ڵاح نه‌مروش بریكاری وه‌زاره‌تی به‌رگریی لیبیا سه‌باره‌ت به‌ بۆردوومانه‌كه‌ وتی: ئه‌وه‌ هه‌وڵێكی شكستخواردووه‌ بۆ به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنێكی مه‌عنه‌وی، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی سوپای لیبیا له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌ستیهێناون. وتیشی: بۆردوومانه‌كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی جه‌نگیی بیانییه‌وه‌ كراوه‌، كه‌ پشتیوانی له‌ لایه‌نگرانی جه‌نگ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ كات ‌و شوێنی گونجاودا وه‌ڵامی توندیان ده‌درێته‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ ستراتیژی گشتیی له‌ شه‌ڕه‌كانی حكومه‌تی ویفاق، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی لیبیا ‌و نه‌هێشتنی ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی گه‌لی لیبیایه‌.

سیسی: هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی میسر شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌
عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر له‌ رۆژی 20ی مانگی رابردوودا رایگه‌یاند: هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی راسته‌وخۆی میسر له‌ كاروباری لیبیا، شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، ئیدی ئه‌گه‌ر بۆ به‌رگریكردن بێت له‌ خۆمان ‌و یان به‌رگری بێت له‌ تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێردراو ‌و شه‌رعی ئه‌و وڵاته‌ له‌ لیبیا، ئه‌ویش ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌ له‌ ته‌بره‌ق. وتیشی: ئامانجمان پاراستنی سنووری خۆرئاوا و پاڵپشتیكردنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌من ‌و سه‌قامگیرییه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌، به‌وپێیه‌ی به‌شێكه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی میسر.

هه‌روه‌ك جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ تێپه‌ڕاندنی ناوچه‌كانی سرت ‌و جه‌فره‌ سه‌باره‌ت به‌ میسر هێڵی سووره‌ ‌و قاهیره‌ ته‌نها به‌رگریی له‌ رۆڵه‌كانی لیبیا ده‌كات ‌و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌یه‌ چه‌ك بداته‌ هۆزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ‌و مه‌شقیشیان پێ بكات.

فڕۆكه‌خانه‌ی وه‌تیه‌ پێگه‌یه‌كی ستراتیژی هه‌یه‌
بنكه‌ی ئاسمانیی وه‌تیه‌ كه‌ پێشتر به‌ بنكه‌ی ئاسمانیی عه‌قه‌به‌ بن نافع ناسرابوو، رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 40 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌بێت ‌و ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای لیبیاوه‌ ‌و به‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی ئاسمانی له‌و وڵاته‌ داده‌نرێت، كه‌ كۆگای چه‌ك ‌و ته‌قه‌مه‌نی ‌و وێستگه‌ی سووته‌مه‌نی ‌و شوێنی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ ‌و شوێنی نیشته‌جێبوون له‌خۆده‌گرێت، هه‌روه‌ك نزیكه‌ی 7 هه‌زار سه‌رباز ده‌گرێت ‌و پێگه‌یه‌كی ستراتیژی هه‌یه‌ ‌و به‌هۆی فڕۆكه‌ی جه‌نگییه‌وه‌ هه‌موو خۆرئاوای لیبیای له‌به‌رده‌سته‌.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 313 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*