سەرەکی » کەلتوور » دیوانی دێوانەیەک بە شارانەوەپەڕە 3

دیوانی دێوانەیەک بە شارانەوە

رامان لەتیف

شاعیر وەختێ بەسروشتی خۆی جۆرێک لە شێتایەتی و دێوانەیی یان پەرتەوازەیی تێدا بێ زۆر جوانە، بە ئەندازی ناشیرینی ئەو شاعیرە تەمسیلچییانە جوانە کە جۆرێک نواندنی شێتایەتی دەکەن تا سەرنجی خەڵکی رابکێشن بۆ لای دەقە لاوازەکانیان کە هەر جوینەوەیە و جۆرێکە لە لاسایی کردنەوە. بەڵام ئەوانەی هەر بە خۆرسک شێتایەتییەکیان تێدایە جوان و روون دیارن و دەبینرێن. هەر بەراستی خۆیان وان و بەسروشت وەها خولقاون. جان دەمۆ یەکێکە لەو شاعیرە داهێنەرانەی بەسروشت پەرتەوازە و شێواو بووە.

جان ئەو شاعیرە عیراقییە مەسیحییەی کە سەرلەبەری ژیانی لە دۆخێکی خراپ و شێتانە و مەستیدا بەسەر بردووە. ئەم شاعیر هەر لە بێخەوە کەسایەتییەکی دێوانەی هەبووە و رۆڵی نەبینیوە. بەڵکە بۆ خۆی وابووە. بۆ نموونە زۆرێک لە شیعرەکانی ناونیشانیان نییە. دێوانەئاسا بە مەستی هەست و نەستی خۆی خستووە سەر کاغەز و ئاکام شیعرگەلێکی جوان و هەست بزوێنیان لێ خولقاوە و بەشی زۆری ئەو شیعرانەش لەسەر شەقام یا لە مەیخانەکاندا بەسەرخۆشی و پەرتەوازەیی نووسراون و لەخوێندنەوەدا هەستیان پێدەکەیت.

ئەوەی وادەکات جان لەو شاعیرانە جودا بکاتەوە کە بە ئەنقەست خۆیان شێت دەکەن ئەو خەسڵەتانەیە کە جان هەیبووە و ئەوان نییانە. بۆ نموونە جان دەمۆ زۆربەی کات بەسەرخۆشی لەسەر شەقامەکان بینراوە، بەشی زۆری ژیانی بێ هۆش و مەست و پەرتەوازە بووە. هیچ کات بەلایەوە گرنگ نەبووە ئەوەی دەینووسێ چۆن دەچێتە نێو خەڵکەوە، بەشیعری دەزانن یاخود نا. چاپ دەبێ؟ بڵاودەبێتەوە؟ کێ دەیخوێنێتەوە؟ … زۆربەی کات هاوڕێکانی ئەو شیعرانەیان بۆ کۆ دەکردەوە کە دەینووسی.

جان رۆحێکی پەرتەوازەی هەبووە ئەوەی لە روخسار و رۆحیدا بووە هەر ئەوەی خستووەتە سەرکاغەز، پەرتەوازەیی و جۆرێک لەدێوانەیی. کەمیشی نووسیوە و زۆرێک لە شیعرەکانیشی زۆر کورتن، ئەو ژیانە مەستانەیەی هێز و وزەی نووسینی کورت کردوەتەوە. بەو جۆرەی دەیبینین شیعرەکانی زۆربەیان بێ ناونیشان و کورت و بچڕ بچڕن. ئەمەش خەسڵەتی دێوانەیی و دەروونی نائارام و پەرتەوازەیی مرۆڤە کە توانای درێژدادڕی نییە.

هەمیشە کورت نووس و کەم گفتارە. جان لە کەرکوکەوە بۆ لوبنان و پاشان بۆ ئەوروپا، بەدنیادا گەڕاوە و هیچ شوێنێکی بەلاوە گرنگ نەبووە. ئەمە خەسڵەتی ئەو رۆحە جوان و پەرتەوازەیەی بووە، مەسیحییەکە باوەڕی بەهیچ نییە جگە لە دێوانەیی و پەرتەوازەیی و سەعلوک. ژیانێک لەرووی بەدەنییەوە پەرتەوازە و ناڕێک و رۆحێکی پاک و بێگەرد کە جگە لە مەست بوون هیچی نەناسی. جان وەکو رۆحێکی نائارام و مەست، وەکو مەسیحییە لە ساڵی 1938 لە کەرکوک هاتووەتە دنیاوە. بەڵام نە کەرکوکی بوون و نەمەسیحی بوون و نەعیراقی بوون بەلایەوە گرنگ نەبووە. وەک سوریالیستێکی دیوانە ژیا و ئاکام لە ئەوروپا گیان لە جەستەی دەرچوو.

مەزنن حەقیقەتەکانی پاش سفر
بێ چۆن و چرا
هەتا ئەگەر سیمرخیش
لەخرافاتی بێسنوورا بە بەندەیی بمێنێتەوە
قیبلەنوماکانمان بێسوود دەمێننەوە…

ئەمەی سەرەوە چەند دێڕێکە لە شیعرێکی کورتی جان دەمۆ کە ناونیشانی نییە و لە مەیخانەی رەوافد دیجلە نووسیوێتی، مێژووی شیعرەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێنجی نیسانی ساڵی 1992.

لەدووتوێی دیوانێکدا بە ناونیشانی شڕوشیتاڵی شاهانە کە نووسەر و وەرگێڕ عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی وەریگێڕاوە بۆ کوردی. جان دەمۆ لەو ئەزموونە کەمە و پووخت و شێتانەیەی کە نووسیوێتی و بەلایەوە گرنگ نەبووە گەلێک نووسەر و رەخنەگریی هێناوەتە حاڵی قسەکردن و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیان لەبارەی ئەزموونەکەیەوە نووسیوە. کە چەشنی ئەزموونی ئارتۆر رامبۆ چەند شیعرێکە و بەلای خۆشییەوە گرنگ نەبووە. چەشنی رامبۆ وەک تیسکەی تفەنگ هات و بۆی دەرچوو.

ئاوڕی نەدایەوە و بەلایەوە گرنگ نەبوو چی لەبارەی شیعرەکانییەوە دەگوترێ. تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە رامبۆ کوڕە شێتەکەی فەرەنسای مەزن بوو، فەرەنسای کانگای ئەدەب و هونەر بوو، بۆیە رەخنەگران و شارەزایانی بواری شیعر لێ نەگەڕان رامبۆ لە بێدەنگیدا بمێنێتەوە و سەدان لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە نووسی. ژیانیان کرد بە فیلم. پەیکەریان بۆ دروست کرد. بەڵام جانی بەدبەخت چی بۆ بکرێ. دێوانەیەک بەلای کەسەوە گرنگ نەبووە جگە لەو چەند هاوڕێی خۆی نەبێ.

جان دەمۆ نەک جارێک دەیان جار بەدبەخت بووە لەو روانگەیەوە. ئەو کوڕی وڵاتێک بووە و لەسەردەمێکدا ژیاوە، جەهەننمێک بووە بۆخۆی. عیراقی سەردەمی جان عیراقی شەڕ و کاولکاری بووە نەک هونەر و ئەدەب. لە عیراقیشدا منداڵی شارێک بووە نەک هەر مرۆڤەکانی خودی شارەکەش کە کەرکوکە پتر لە سەدەیەکە لە نائارامی و جۆرێک لە شەڕ دا ژیاوە. لەوەش بەدبەختانەتر کەمینەیەکی مەسیحی بیت لەنێو زۆرینەیەکی موسڵمانی چۆن؟ موسڵمانی عیراقێک کە بەخوێن و بارووت گەورە بووە. ئەوەش ئەکامی جان دەمۆ بوو لە تاراوگە سەری نایەوە و بێدەنگی لێ کرا.

 

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*