سەرەکی » راپۆرت » پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوای وەستاندنی هێرشەكانی توركیا دەكەن

پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوای وەستاندنی هێرشەكانی توركیا دەكەن

45 ئەندام پەرلەمانی پارت و لایەنە جیاوازەكانی گروپە سیاسییەكان لە پەرلەمانی ئەوروپا، نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی جۆزیپ بۆریڵ سەرۆكی دیپلۆماسی ئەوروپا كردووە و داوا دەكەن كە رێوشوێنێکی بنەڕەتی توند بگرنە ئەستۆ سەبارەت بە توندوتیژی و هێرشی سەربازیی توركیا.

زیندانیكردنی ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەكان
لە نامەكەیاندا بۆ سەرۆكی دیپلۆماسی ئەوروپا، ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن: دەمانەوێت سەرنجتان رابكێشین سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر ئۆپۆزسیۆنە سیاسییە دیموكراسییەكان لە توركیا، بە تایبەتی زیندانیكردنی ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان و بۆردومانكردنی باشووری كوردستان و باكووری سوریا لەلایەن هێزە ئاسمانییەكانی توركیاوە، بە تایبەتی ناوچە كوردنشینەكان. دەشڵێن: لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا، پارتی دەسەڵاتدار ئاكەپە بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەسەڵاتی تاكڕەوی تەواوی خۆی بە هاوكاری و هاوپەیمانی توندڕەوە ناسیونالیستەكان سەپاندووە، بە بیانووی مەرجەكانی باری نائاسایی و خێرا ‌و تائێستا زیاتر لە 90 هەزار كەس دەستگیركراون بە تاوانی تیرۆر، لەوانە سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، پەرلەمانتاران و رۆژنامەنووسان و بە هەزاران ئەندامی پارتی دیموكراتی گەلان و بە دەیان سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردرا و لەلایەن گەلەوە، هەروەها زۆر لە پارێزەران و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانانی مافی مرۆڤ و خوێندكار و مامۆستای زانكۆ و زۆری تر.

پەرلەمانتارەكانی ئەوروپا لە نامەكەیاندا باس لەوە دەكەن، كە بە شێوەیەكی گشتی، هەر كەسێك رەخنە و گازندەی لە سیاسەتیاندا هەبێت، بە تایبەتی سیاسەتی بەرامبەر بە كورد، بە تیرۆریست و خیانەتكار و خۆفرۆش و دوژمنی دەوڵەت تاوانبار دەكرێن.

روونیشیانكردۆتەوە: سیستمی سەرۆكایەتی بە شێوەی مۆدیلی دەوڵەتی توركیا، بە تەواوەتی پرەنسیپی جیابوونەوەی دەسەڵات و سیستمی سەربەخۆیی یاسایای پێشێلکردووە. هێرشە رێگە پێنەدراوەكانی حكومەتی توركیا، تەنها دیموكراسی پەرلەمانتارەكان ناپێكێ، بەڵكو دوورخستنەوە و لابردنی سەرۆك شارەوانییەكانی پارتی دیموكراتی گەلانیشی گرتۆتەوە لە ناوچە كوردییەكان و جێگە گرتنەوەیان بە فەرمانبەری ئیداری حكومەت و بەزۆر سەپاندنیان.

لە نامەكەدا هاتووە: لە دوایین هەڵبژاردنەكانی شارەوانی توركیا لە 31 ی مانگی ئازاری ساڵی 2019، لە كۆی 65 شارەوانی كە سەر بەپارتی دیموكراتی گەلان بوون، تا ئێستا حكومەت 46 سەرۆك شارەوانی سەر بەو پارتەی دەركردووە. كۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە ڤینیسیا، لە راپۆرتێكدا بە ژمارە 279 /2019 لە 18ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2020دا هاتووە، كە ئەم كردارانە بە هیچ شێوەیەك ناگونجێن لەگەڵ پرەنسیپی بنەماكانی دیموكراسی و حاڵەتی یاسایی و چاوەڕوانكردن لە یاسا.

دەبێتە هۆی راگواستن ‌و دەربەدەری زۆری خەڵك
پەرلەمانتارەكانی ئەوروپا لە نامەكەیاندا دەڵێن: سەبارەت بە بەردەوامیی بۆردومانی هێزەكانی توركیا و لەشكركێشی لە ناوچەكانی شنگال و كەمپی مەخمور ‌و زۆر ناوچەی تر لە باشووری كوردستان، دەمانەوێت پێتان رابگەیەنین كە ئەمجۆرە دەستدرێژییانە بۆتە مایەی نیگەرانی و گرنگییەكی زۆری لامان دروستكردووە. لە 14 و 23 مانگی حوزەیرانی 2020دا، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردۆتە سەر كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان ‌و لەو دوو هێرشەدا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی مەدەنی بێتاوان ژیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەكیش بریندار بوون . دەشڵێن: لە 17 ی مانگی حوزەیرانەوە لەشكری توركیا دەستیكرد بە ناردنی هێزە پیادەكانی بۆ ناوچەكانی كوردستانی عیراق، بە هاوكاریی درۆن و هەلیكۆپتەرەكانی ‌و تا ئێستا 150 شوێنیان كردۆتە ئامانج، ئەم چالاكییە سەربازییانە بۆتە هۆی شێواندن و ئاڵۆزكردنی رەوشی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئازار و خەمی مرۆیی و زیندووبوونەوەی گروپە تیرۆریستەكان ‌و سەرلەنوێ دەبنە هەڕەشە. لەمەش زیاتر، بەردەوامی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەكانیان دەبێتە هۆی راگواستن ‌و دەربەدەری زۆری خەڵك و ناچاربوونیان بۆ داوای پەنابەری لە زۆر وڵاتی دراوسێ و ئەوروپا.

ناتوانین بێدەنگ بین
ئاماژەیان بەوەشكردووە، كە توركیا ئەندامی ناتۆیە و ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپایە، وڵاتێكە كاندیدە بۆ بوون بە ئەندام لە وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە كۆمسیۆن نابێت رێگە بدات بەم چالاكییە لە دژی هەموو پێوانەكانی دیموكراسی و مافی نیشتمانی و جیهانی، ئێمە داواكارین كە هەڵوێست وەرگرن.

روونیشیانكردۆتەوە: ئەوروپاش بەهەمان شێوە بەرەو رووی هەڵسوكەوتی دەستدریژی لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستدا بۆتەوە، گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك، بە روبەڕووبونەوەیان لەگەڵ كەشتییەكانی ئەوروپا سەر بە هێزی دەریایی فەرەنسا. هەروەك دەڵێن: ئێمە ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر بەم دەستدرێژییانە، بۆیە داواكارین لە كۆمسیۆن كە بە زووترین كات هەڵوێستی كاریگەر و خێرا وەربگرێت، وەك سزای ئابووری كە ببێتە یاریدەدەر بۆ وەستاندنی ئەم دەستدرێژییانە و ئەمجۆرە هێرشە نایاساییانە، هەروەها دژی هێرشیان بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەكان.

 

PUKmedia حەمە عوسمان، فەرەنسا

print

 201 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*