سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » كورد له‌ كوێى هه‌نگاوه‌كانى كازمیدایه‌؟

كورد له‌ كوێى هه‌نگاوه‌كانى كازمیدایه‌؟

ته‌نها نزیكه‌ى دوو مانگه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمى ده‌سه‌تبه‌كاربوه‌ و متمانه‌ى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقى وه‌رگرتووه‌ كه‌ ئاشكرایه‌ لاى هه‌مووان له‌ بارودۆخێكى زۆر بارگاویى و پڕ كێشمه‌كێشى سیاسیى و ئابووریى و ئه‌منى و ته‌ندروستى و داراییدا كازمى راسپێردرا بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، جگه‌ له‌وه‌ش كازمى هاته‌ سه‌ر سیستمى حوكمڕانییه‌كى گه‌نده‌ڵ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان كه‌ گه‌نده‌ڵى و مشه‌خۆریى ته‌واوى جومگه‌كانى ئه‌و حوكمڕانییه‌ى گرتۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك شۆڕبۆته‌وه‌ كه‌ بنبڕكردنى كارێكى سه‌خت و دژواره‌. به‌تایبه‌تیش بۆ كه‌سێكى وه‌ك كازمى كه‌ نه‌ حزبێكى سیاسى و نه‌ فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانیى گه‌وره‌ و به‌هێزى له‌ پشته‌.

ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س و لایه‌نى به‌ده‌سه‌ڵاتى شیعه‌كانیش زاتی ئه‌وه‌یان نه‌بوو كه‌ خۆى له‌قه‌ره‌ی ئه‌و كه‌یسانه‌ بده‌ن، چونكه‌ زۆرباش ده‌یانزانى كه‌ هه‌ر له‌ناو خۆیاندا رێگریى و به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى بۆ دروست ده‌بێت و رێگه‌ی پێناده‌ن به‌ناو ئه‌جێنداى ئه‌مریكا بسه‌پێنرێت و له‌ ده‌سه‌ڵات و مه‌قاماته‌كانیان بدرێت و به‌رژه‌وه‌ندیى و ده‌ستكه‌وته‌كانیان له‌ گه‌نده‌ڵیدا كه‌م و بنه‌بڕبكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى تێڕامان بوو ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌موویان به‌شداریى متمانه‌دان و رێوڕه‌سمی راسپاردنه‌كه‌ی بوون كه‌ هێشتا كاندیدى پێشوو عه‌دنان زورفی شیعه‌ى خۆیان ماوه‌ى یاسایى راسپاردنه‌كه‌ی ته‌واو نه‌ببوو.

په‌سه‌ندكردن و پشتگیركردنى هه‌مووان به‌و كات و ساته‌ كه‌مه‌ و به‌و خێراییه‌ له‌ كازمى، بۆخۆى جێگه‌ى ده‌یان گومان و پرسیار بوو، به‌ڵام تائێستا به‌رده‌وامه‌، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌نگى نه‌شاز و ناڕه‌زایى دژى به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك گه‌واهیده‌رێكى بێ مه‌به‌ست و دوور له‌ به‌غدا و به‌ ویژدانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندێكى كورت و خێرا بۆ كاره‌كانى كازمى بكرێت له‌ماوه‌ى ئه‌م دوو مانگه‌دا، ئه‌وا ناكرێت كه‌ نكوڵى له‌ سه‌ركه‌وتوویی و هه‌نگاوه‌ بوێره‌كانى بكرێت له‌ هه‌موو رووه‌ سه‌ربازیى و ئه‌منى و دارایى و كارگێڕیى و حوكمڕانییه‌كه‌وه‌.

كازمی توانیوێتی ده‌ست به‌رێت بۆ دۆسێ هه‌ره‌ هه‌ستیاره‌كانى گه‌نده‌ڵى و دارایى و بانكى ناوه‌ندى و بودجه‌ و مووچه‌ و نه‌وت و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و گومرگ و باج و رسومات و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هه‌ژموونی ئێران و لێدانى به‌شێك له‌ چه‌كدارانی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ‌و كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان و…هتد، كه‌ هه‌موو ئه‌م كارانه‌ له‌ ماوه‌ى 17 ساڵى رابووردوودا هێڵى سوور بوون بۆ هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ شیعه‌كان و له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ سه‌ركره‌دكان و حزب و مه‌قاماته‌كانه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئاینییه‌كان و دواتریش هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ده‌رودراوسێ به‌ سوننه‌ و شیعه‌شه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌وترێت ئه‌گه‌ر خۆت په‌رێزت پاكبوو، له‌گه‌ڵیشیدا خه‌مخۆر و دڵسۆزییت هه‌بوو و له‌به‌رنامه‌شتدا نه‌بوو كه‌ بكه‌ویته‌ نێو زه‌لكاوی گه‌نده‌ڵیی و پاراستنى گه‌نده‌ڵكارانه‌وه‌ و خۆشت به‌نیازى كه‌ڵه‌كه‌كردنی داهاتی ناشه‌رعی و راوڕووتكردنى سه‌روه‌ت و سامانی وڵات نه‌بوویت، ئه‌وا بێباكیت له‌ هه‌موولایه‌ك به‌تایبه‌تی بۆ یه‌كێكی وه‌ك كازمی كه‌ مه‌رجی كردنی به‌سه‌رۆك وه‌زیران له‌م قۆناغه‌دا ئاماده‌كارییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت ‌و بۆ خۆشی خۆی كاندید ناكات و جگه‌ له‌وه‌ش هیچ كه‌سیش وه‌ك گه‌نده‌ڵكار ترسنۆك نییه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ته‌نها بوێرییان له‌ بێ هه‌ڵوێستى و ترسنۆكیى ئه‌وانى تره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ به‌هه‌ق ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى كازمى بۆ رێكخستنه‌وه‌ و رێگه‌گرتن و بچووككردنه‌وه‌ و نه‌مانى هه‌ژموونى میلیشیاكان و وه‌ك یه‌ك سه‌یركردنى هه‌مووان و سه‌پاندنى هه‌یبه‌ت و شكۆى ده‌وڵه‌ته‌ به‌سه‌ر هه‌موواندا كه‌ وایكردووه‌ هیچ هێزێك بوێریى ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ رووبه‌ڕووى بووه‌ستێته‌وه‌.

كازمى به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى كه‌ خۆى پیاوێكى ئه‌منى و پراكتیكى و پراگماتیكییه‌ و راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیى هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كان و لێپرسینه‌وه‌و به‌شداریكردن له‌ دانوستدنه‌كاندا ده‌كات، ئومێدی لاى زۆرێك له‌ عیراقییه‌كان زیندووكردۆته‌وه‌.

راسته‌ گه‌لێك هه‌نگاو و كارى گه‌وره‌تر ماون كه‌ جێبه‌جێیان بكات، به‌ڵام بۆخۆى ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كى گه‌شتر و رۆشنتر بۆ ئه‌وه‌ى عیراقییه‌كان به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانێكى شیاوتر و پڕ شكۆتردا ته‌مه‌ن بگوزه‌رێنن، نه‌ك له‌ برسێتى و هه‌ژاریى و نه‌خوێنده‌واریى و نه‌خۆشیدا بناڵێنن.

ئه‌گه‌ر وه‌ك عیراقییه‌ك له‌ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى مسته‌فا كازمى بڕوانرێت، ئه‌وا ده‌بێت هه‌مووان پشتگیریى بكه‌ن، چونكه‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ى عیراقى دواى 17 ساڵ

له‌ گه‌نده‌ڵى و وێرانكردنى، پێویستى به‌ كه‌سێكی به‌ ئیراده‌ و خه‌مخۆره‌، چونكه‌ بۆ هه‌مووان ده‌ركه‌وت كه‌ ژیان و گوزه‌ران و پێشكه‌وتن و ره‌فاهیه‌ت هیچ كات له‌سایه‌ى حوكمڕانیى گه‌نده‌ڵیدا نایه‌ته‌دى، هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركى عیراقییه‌كانه‌ كه‌ پشتیوانیى ته‌واوى كازمى و هه‌نگاوه‌كانى بكه‌ن نه‌ك له‌پێناوی به‌ پاڵه‌وانكردنى كازمیدا، به‌ڵكو له‌پێناوی خۆیان و ئاینده‌ى نه‌وه‌كانیشیاندا، چونكه‌ عیراقێكى بێهێز و لاواز و شه‌كه‌ت له‌ژێر بارى لارى گه‌نده‌ڵیى و په‌تا و نه‌خۆشى و بێكاریى و هه‌ژاریى و پشكپشكێنه‌ى حزبی و تایفیدا، ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانى ململانێ

ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نها و ته‌نهاش خاك و گه‌لانى عیراق زه‌ره‌ره‌مه‌ندى یه‌كه‌م و كۆتایی ده‌بن. بۆیه‌ پێویسته‌ كوردیش هاوئاهه‌نگ و هاوكارى كازمى بێت و هه‌وڵبدات كه‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانى 17 ساڵى رابردووى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵدا چاره‌سه‌ر بكات و به‌مه‌ش هه‌م عیراق و هه‌میش هه‌رێمی كوردستان دۆخێكى سیاسى و ئابووریى و ئه‌منى هێورتر و ئارامتر به‌خۆوه‌ ده‌بینن و هه‌ردوولاش له‌ جیاتى سه‌رقاڵبوونیان به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانه‌وه‌، سه‌رگه‌رمى ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانیى هاووڵاتیان و وڵاته‌كه‌ ده‌بن.

print

 211 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*