سەرەکی » زانست » بۆچی گەشت ئێمە دەگۆڕێت؟

فەلسەفەی گەشتوگوزار:

بۆچی گەشت ئێمە دەگۆڕێت؟

ئیمیلی تۆماس: مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی (دۆرهایم) ی بەریتانیا

و: تارا شێخ عوسمان

گەشتكردن دەتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت،( جەیمز بازول) نووسەری سكۆتلەندیی دەڵێت گەشتكردن ئەوی گۆڕیوە بۆ «پیاوێكی تەواو»، ئادەم سمیس گلەیی هەبوو كە گەشتكەرانی گەنج، زۆر زوو بێ ویست و لەخۆبایی دەبن، سارا ویلەر نووسیویەتی گەشتەكانی بۆ جەمسەری باكوور و باشوور بە رووكار گۆڕانكارییەكی مەعنەوی بۆ دروستكردووە، زانستیش دەیسەلمێنێت كە گەشتكردن شادمانتر و داهێنەرترمان دەكات و كەسایەتیمان دەگۆرێت.

بەڵام ئەم گۆڕانكارییانە چۆن روودەدەن؟
ئەنتۆنی بۆدین (ئەمریكایی) نووسیویەتی گەشتكردن (شوێنەواری پایەدار) لە یاد و ئاگایی ئێمەدا بەجێدەهێڵێت و لەبەرئەوەیە كە دەگۆردرێین. هەڵبەتە ئەمە بە شتێكی لۆژیكی دێتەبەرچاو: گەشتكردن بۆی هەیە بە چەندین شتی تازە ئاشنامان بكات و شتە نوێیەكان وەك – مرۆڤی نوێ و ئەزمونی نوێ و خواردنی نوێ دەتوانێت كاریگەریی لەسەرمان هەبێت، بەڵام گومانم هەیە كە گاریگەرییە گۆڕاوەكانی گەشتكردن سەرووی ئەم قسانە تێپەڕێنێت، من لێرەدا بە ئیلهام وەرگرتن لە فەلسەفەی هزر، جێگرەوەی نەختێك سەیر بۆ وەڵامدانەوەی بۆردین دەخەمەڕوو.

هزرتان بخەنە پێشچاوتان كە كورسی هەستكردن و سۆز و بیركردنەوە ناوەكییەكانتانە، ئێستا لە خۆتان بپرسن: هزرتان (لە كوێ )دایە؟ بە شێوەیەكی گشتی فەیلەسووفەكانی خۆرئاوا بۆ ئەم پرسیارە دوو وەڵامیان لە هەگبەدایە. یەكەمیان ئەوەیە كە هزرتان لە هیچ شوێنیكدا نییە، چونكە هزری ئێوە شتێكی نامادییە، لە رەگەزی مایەیەكی مەعنەوی- روحێكی نیانە. هزری ئێوە جەوهەرێكی نامادییە و بە تەواوی هەروەك مادەی دروستكەری بەرد و سفرە نییە، ئەوە دیكارت بوو كە سنووربەندیی رەهای لە نێوان مادیی و نامادییدا نەخشاند، بیرمەندانیش زۆربەیان لە راڤەكردنی ئەودا دەڵێن «شتە مادییەكان بۆشایی داگیر دەكەن و بەڵام شتە نامددییەكان نایكەن، بەڵام هزری ئێوە بۆشاییەك داگیرناكات».

هەستی گۆڕانكاریی كەسێتی لە پشووەكاندا، شتێكی نەناسراوە، تەنانەت ئەگەر بڕیار بێت گەشت نەكەین، تێگەیشتن لەوەی كە لە گەشتدا چ شتێك لە ئێمەدا روو دەدات یارمەتیمان دەدات هزرمان باشتر بناسین.
وەڵامی دووەمیش ئەوەیە كە هزرتان لە ناو كاسەی سەردایە، هەندێك دەڵێن «هزرمان بە هەمانشێوەی مێشكمان مادییە، لەبەر ئەوەیە گەر مێشكتان زەبری بەركەوێت هزریش زەبری بەردەكەوێت»

بە وتەی (مارگرێت كاوند)ی خانمە فەیلەسوفی ئینگلیزییش چونكە هزرتان لەسەرتاندایە، بە جێگۆركێی جەستە، هزریش جێگۆركێ دەكات، كاتێك جەستە و مێشكم دەڕوات بۆ پاریس ئەوا هزریشم دێت بۆ پاریس.
چەندین سەدەیە بە شێوەی جیاواز ئەو وەڵامانەمان بەرگوێ دەكەوێت، بەڵام بە درێژایی بیست ساڵی رابردوو، وەڵامی سێیەمیش بووەتە جێگەی سەرنج و ئەویش ئەوەیە، رەنگە هزرمان لە بۆشاییەكی جێگیردا بێت و لە كەللە سەرمان باڵاتر بڕوات،رەنگە مێشكی خۆڵەمیشی چرچ و لۆچم و هەموو شتێكی دەروبەرم، لە ناو هزرمدا بێت، دوو فەیلەسوف بە ناوی( ئاندی كلارك و دەیڤید چالمرز) لە وەرەقەی توێژینەوەكەیاندا بە ناوی (هزری راخراو یان كراوە) ئەم تیۆرەیان خستەڕوو.

ئەوان داوامان لێدەكەن كە پیاوێك بە ناوی (ئۆتۆ) بهێنینە بەرچاوی خۆمان كە بە هۆی لاوازیی یادگەیەوە ناچارە هەموو شتێك لە دەفتەرێكی بچووكدا بنووسێت، تا ئەو كاتەی ئەو دەفتەرەی پێیە وەك هەمووان ڕەفتار دەكات- واتە ناوەكان و ناونیشانەكان و مێژوو ڕێكەوتەكانی لەبیرە، پێشهاتەكانی ئۆتۆ بە رووكەش لە كەللەسەری ئەو باڵاترە و خۆی لە كۆمەلێك وەرەقەدا دەبینێتەوە.

(كلارك و چالمرز)دەڵێن» ئۆتۆ بە تنها نییە»، مرۆڤەكان بۆ بیركردنەوە هەمیشە سوود لە ئامڕازەكان وەردەگرن، ئەم دوو كەسە ئاماژە بەوە دەكەن كە مرۆڤ بۆ ژمێرە و نووسین سوود لە كاغەز و قەڵەم وەردەگرێت، بۆ رێكخستنی پیتەكان لە یاریی وشەسازیی یان حسابكردنی خێرایی سوود لە راستەی ژمێرەی دەریایی دەبینن».

ئەوان دەڵێن» لە هەموو ئەم شتانەدا، پێكهاتەی ناسینی كەسەكان گرێدراوە بە دەوروبەرەكەیەوە، خەڵك بۆ بیركردنەوە سوود لە مێشكیان و ئەو ئامرازانە وەردەگرن».

كاتێك دەشچین بۆ گەشت، هزرمان دەتوانێت لە ژینگەی ناسراودا بكرێتەوە
بەگوێرەی ئەو فەیلەسوفانە، ئەگەر مێشك و دەفتەرە بچووكەكە بەشێكی هزرمان بن، كەواتە رەنگە مێشكی مرۆڤەكانی تریش بەشێك بن لە هزری ئێمە، بۆ نموونە: تۆ بیرت نایەت بۆ رەخنەت لە فڵان سیاسەتمەدار هەبووە، بەڵام هاوسەرەكەت بیری دێت، یان ڕەنگە نەزانیت كام خواردنە تایبەتەی ریستۆرانتێك لەگەڵ چەشەی تۆدا دێتەوە، بەڵام گارسۆنە دڵخوازەكەتان دەزانێت، یان تۆ و هاوكارێكت بە دەست شتێكەوە گیرتان خواردووە، بەڵام پێكەوە رێگە چارەیەك دەدۆزنەوە.

یەكێك لە سەرنجڕاكێشی ئەو تێۆرەی دوو فەیلەسوفەكە بۆ زۆربەمان ئەوەیە كە هەستی بیركردنەوەمان بەرجەستە دەكات، بە جێگۆڕكێی پارچەكانی یاری وشەسازیی، وشەی نوێ دروست دەكەم، یان بۆ نموونە بەڕاستی مۆبایلەكەم یارمەتیم دەدات بۆ ئەوەی شتەكانم بیر بمێنێت.

تیۆری (هزری كراوە) توێژینەوەی زۆری هێناوەتە ئاراوە و هەندێك لە دەروونناسان و زمانناسان و مێژوونووسان ئەوەیان پەسەند كردووە و بیرمەندانی تریش بە هێواشیی شتی نوێیان بۆ زیاد كردووە، بۆ نموونە بەم دواییە توێژینەوەیان لەسەر خاڵێك كردووە كە ناخی ئێمە دەتوانێت بە شتی وەك ( دیاریی، خشڵ و جلوبەرگ و كتێب) پەیوەست بكرێت.

ئەگەر هزری ئێمە لە سنووری كەللەی سەرمان باڵاتر بێت، دەتوانرێت پەی ببرێت بە هۆكاری گۆڕانكاریی كەسەكان لە گەشتدا، ژیانی رۆژانەی من بە شێوەیەك لە نێوان بیركركردنەوە و یادگەی خەڵك و شتەكاندایە: دەفتەری یاداشت، رۆژژمێر، لاپتۆبپ، جلوبەرگ، كتێبی چۆنییەتی چێشتلێنان، بەڵام كاتێك گەشت دەكەم، رەنگە هەموو ئەو شتانە جێبهێلم، فەرامۆشكردنی ئەو شتانە واتای بەجێهێشتنی بەشێك لە هزر.

بۆچی مرۆڤ لە گەشتدا دەگۆڕێت؟
تا رادەیەك لەبەر ئەوەیە كە ژینگەی ناسراوی هەمیشەیی جێدەهێڵێ، لەبەر ئەوە كاتێك گەشت دەكەین، هزرمان دەتوانێت لە ژینگەیەكی ناسراوی نوێدا بكرێتەوە، گەشتیاران هەمیشە یادەوەری، یان هەواڵی گەشتەكەیان دەپارێزن، وێنە دەگرن یان كورتەی گەشتەكەیان دەنووسن، بەڵگە و وێنە بەرهەمهاتووەكان یارمەتی یادگەمان دەدەن و دەگۆردرێن بۆ بەشێك لە دەستكەوتی ناسراوی گەشتیار، بە تەواوی دەبێتە بەشێكی هزرمان، جێهێشتنی شوێنێك و چوونە شوێنێكی تر، ئامڕازەكانی ناسینی ئێمە دەگۆڕێت و دوا جاریش هزری ئێمەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

بەم تیۆرە دەتوانرێت روونبكرێتەوە كە بۆچی هەندێك گەشتكردن لە شتەكانی تر زیاتر دەبنە هۆی گۆڕانكاریی. پۆل تۆرۆ نووسەری ئەمریكیی شەمەندۆفێرە( هزرییەكان) وەسفی دەكات و دەڵێت «وەهمی ئارامبەخشی ( لە ماڵ بوون) بە مرۆڤ دەڵێت شەمەندۆفێرە رازاوەكان بە پەردە و بالیفی پاك و خاوێن و دەسڕ و گوڵ ئەوەی بتوانێت لە كاتی گەشتكرندا خواردن بخوات بە كاروكاسبی خۆی رابگات و بتوانیت بێ جێهێشتنی ئەمریكا گەشت بكەیت بۆ چین و پیرۆ، بە وتەی تۆرۆ، ئەم دیاردەیە زەوی بۆ ئاسمان جیاوازە لە چەمكی نەریتی ( دوركەوتنەوە).

ئەگەر من بۆ بەشداریی لە كۆنفرانسێكدا بەرەو شەنگەهای گەشت بكەم و دەفتەرەكانم و تەلەفۆن و لاپتۆپەكەم لەگەڵ خۆم بەرم، دوورە كە هزرم گۆڕانكارییەكی وای بەسەردا بێت، بە پێچەوانەوە، ئەگەر بێ باروبنەكەم بفڕم بۆ شەنگەهای، ئەوەش بۆ رووداوێكی نەناسراو، رەنگە هزرم دوچاری گۆڕانكاری بێت، رەنگە بەم هۆیەوە بێت من لە سیناریۆی یەكەمدا بێ جێهێشتنی هزرم گەشتم كردبێت بۆ چین، بەڵام لە سیناریۆی دووەمدا، جێهێشتنی ماڵ یانی جێهێشتنی ئەو شتانەی كە یارمەتیم دەدەن بە شێوەیەكی تایبەت بیر بكەمەوە و شتەكانم لە یاد بمێنێت.

لە كۆتاییدا، گەشتكردن تەنها بۆ ئەوەی كاریگەریی پایەدار لە هەستی ئێمەدا جێبهێڵێت، نابێتە هۆی گۆڕینمان. ئێمە لە گەشتكردندا دەگۆڕێین، چونكە هەستی ئێمە بە ئەندازەیەك گەشە دەكات كە دۆزراوە تازەكان لە بەشێكی تری جیهاندا لە خۆماندا جێ دەكەینەوە. بازۆل بووە پیاوێكی جیاواز چونكە گەشتكردن كرۆكی هزری گۆڕی بوو.

 

سەرچاوە: New Stateman

 

print

 249 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*