سەرەکی » ئاراستە » گوڵی سپی سالاری حاجی ده‌روێش

ونناوەکانی شۆڕش

گوڵی سپی سالاری حاجی ده‌روێش

ئازاد سه‌راوی

گوڵه‌كانی‌ باخچه‌ی‌ دڵت هه‌مووی سپین، گوڵی سه‌ر مه‌زارت سپی، رۆحت سپی، ڕه‌نگی‌ دوا هه‌وارت سپی، به‌ژن و باڵاشت هه‌ر سپی، ته‌نها خوێنت ڕه‌نگی‌ سووره‌، تۆ ئێستاكه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ دۆڵێكی‌ په‌نگ خواردو و كپیت، چه‌پكه‌ گوڵێكی‌ سپیمان بۆ هێناویت، هاتوین ده‌ڵێین بمانبووره‌.

سه‌رت له‌سه‌ر تاشه‌ به‌ردێك دانێ و سه‌رخه‌وێكی‌ بۆ بشكێنه‌، ئێره‌ جه‌نگه‌ڵێكی‌ چڕه‌، سه‌رت به‌ ئاسمان بسپێره‌و گوێ ڕادێره‌و سه‌ر هه‌ڵبڕه‌، جه‌نگه‌ڵه‌ تاریك و توونه‌، ئاسمانی‌ قوڵ و بێبنه‌، سه‌رت له‌سه‌ر به‌ردێك دانێ تا وه‌نه‌وز ده‌تباته‌وه‌، مه‌گه‌ر تۆفانی‌ نوح هه‌ڵسێت، ئه‌و هه‌موو زام وبرینه‌ بشواته‌وه‌.

داهۆڵه‌ پاسه‌وانی‌ شه‌و، ئێشكگری‌ نیشتمانیش هه‌ر داهۆڵه‌، ڕێگه‌ تاریكه‌ تنۆكه‌، بیابانه‌ هه‌رده‌ چۆڵه‌، شاخ سوور بووه‌، نیشتمان سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، زه‌رده‌په‌ڕو خۆرهه‌ڵاتن ڕه‌نگیان له‌ خوێن هه‌ڵكێشاوه‌، مانگ له‌ نێو گۆمێكی‌ مه‌نگ دا وێنه‌ی‌ تفه‌نگێكی‌ مات و په‌ڵه‌ خوێنێكی‌ كێشاوه‌، هه‌ر ته‌نها تۆ گوڵی سپی،
دنیا كپه‌، كش و ماته‌، پایزه‌ گه‌ڵاڕێزانه‌، هه‌ر گه‌ڵایه‌و هه‌ڵده‌وه‌رێ، سروشت وا ڕه‌نگی‌ گۆڕاوه‌، هه‌رچوار وه‌رزی‌ خه‌ریكی‌ ئاویلكه‌ دانه‌، چاو سوور بووه‌، فرمێسكیش به‌ سووری‌ ده‌ڕژێ و دێته‌ خوارێ، ئاسمان وه‌ها ژان گرتویه‌تی‌، له‌ جێی باران خوێن ده‌بارێ، هه‌ر ته‌نها تۆی‌ گوڵی سپی.

چرۆ زه‌رده‌، گوڵ ده‌وه‌رێ هه‌ر گیانه‌ و جه‌سته‌ی‌ یارانه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێ، هه‌ر له‌شه‌و سارده‌بێته‌وه‌، قه‌رسیله‌و زه‌رد هه‌ڵه‌ده‌گه‌ڕێت، هه‌مو شتێك ڕه‌نگی‌ مردوی لێ نیشتووه‌، هه‌ر ته‌نها تۆ گوڵی سپیت ده‌ركردووه‌.
كاتێك ئاسمان زویر ده‌بێت كه‌ له‌ زه‌وی‌ توڕه‌ ده‌بێت، هه‌وره‌كان كۆ ده‌كاته‌وه‌ چڕ ده‌بنه‌وه‌ له‌ یه‌ك ده‌خوڕن، بارانی‌ خوڕ ده‌بارێنێ، هه‌تا مه‌راقی ده‌رنه‌چێ و نه‌شواته‌وه‌ نایوه‌ستێنێ، باشه‌ كه‌ من توڕه‌و زویر بم دڵم پڕ بێت گۆشه‌گیر بم، كێ ئه‌شكی‌ من ببارێنێت، ئه‌ی‌ كه‌ تۆ دڵشكاوو زویر بیت، كێ ناڵه‌و سكاڵای‌ دڵت بگه‌یه‌نێ، گوڵی سپی.

ته‌ماشاكه‌ ئێستا وڵات وه‌ها مات و په‌شۆكاوه‌، ڕه‌ش پۆشێكه‌ مات و مه‌لول، هێنده‌ ژاكاوو تاساوه‌، هه‌ر نوزه‌ی‌ تیا نه‌ماوه‌، ئێستاكه‌ سه‌رێك هه‌ڵبڕه‌و ته‌ماشاكه‌ هه‌ر ده‌عبایه‌و ده‌عبا ده‌خوات، هه‌ر شێره‌و له‌ دارستاندا گیانداری‌ بچوك و لاواز پێش خۆی ئه‌دات، هه‌ر به‌هێزه‌ گیانداری‌ بێهێز قوت ده‌دات، هه‌ر ته‌نها تۆی‌ گوڵی سپی.

هه‌مو جارێك كه‌ سه‌رێك له‌ چوارتا ده‌ده‌م لای دارچناره‌ گه‌وره‌كه‌، سیمات دێته‌وه‌ به‌رچاوم هه‌روه‌ك و یه‌كه‌م دیداری‌ كونجرینه‌، سیمای پیاوێكی‌ سالارو به‌ ویقارو كه‌ڵه‌گه‌ت و ساده‌و ساكارو سه‌نگینه‌، دڵگیریت وه‌ك گوڵی سپی.

ڕۆژێك دادێت خه‌نجه‌ره‌كان ئه‌چنه‌وه‌ كێلانی‌ خۆیان، په‌نجه‌ره‌كان ده‌چنه‌وه‌ دیوانی‌ خۆیان، تفه‌نگه‌كان بۆ سه‌ره‌و خوار هه‌ڵده‌واسرێن، ده‌بنه‌وه‌ زێوانی‌ خۆیان، ڕۆژێك دادێت په‌نجه‌كان یه‌كتر ناشكێنن، دڵداره‌كان دڵی یه‌كتر ناڕه‌نجێنن، هه‌موو شتێك ده‌چنه‌وه‌ مه‌داری‌ خۆیان، بۆ سه‌رگڵكۆت به‌ هه‌زاران ده‌كه‌ونه‌ ڕێ، چه‌پكه‌ گوڵی سپی دێنن.

تۆ مه‌شخه‌ڵی داگیرساوی‌ ناو به‌یاننامه‌كه‌ی‌ شامیت، تۆ سه‌ركرده‌و كادره‌كه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌یت و پێشمه‌رگه‌ی‌ ڕێبازی‌ مامیت، هه‌رته‌نها تۆی گوڵی سپی.

print

 223 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*