سەرەکی » ئابووری » رێگایەكی قەدبڕ لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا

رێگایەكی قەدبڕ لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا

دلاوەر عوسمان

گرنگی رێگاوبان لە ژیانی كۆمەڵگە مرۆییەكاندا هەر لەكۆنەوە تائێستا و داهاتووش روون‌و ئاشكرایە، بۆیە راستەوخۆ دەچمە نێو باس‌و پێشنیازێكەوە كە پێموایە پڕۆژەیەكی ستراتیژی‌و ژیانییە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی كوردستان.
هەولێر و سلێمانی وەك دوو شار و دوو ناوەندی گرنگی هەرێمی كوردستان، دەمێكە پێویستییان بە رێگایەكی زەمینیی راستەوخۆ و كورتكەرەوە هەیە بۆ ساناكردنی هاتوچۆ لەنێوانیاندا، چونكە ئەو رێگایانەی كە ئێستا هەن، بەرەنجامی بەستنەوەی كۆمەڵێك قەزاو ناحیەن بۆ هاتوچۆ لە نێوانیاندا نەك رێگایەكی راستەوخۆ.

پیشنیازێكی كردارەكیی
لەڕووی تیۆرییەوە ئاسانە بە راستە هێڵێك لەسەر نەخشە هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە ببەسترێنەوە، بەڵام لەڕووی كردارییەوە ئەمە ناكرێت بەهۆی بوونی كۆمەڵێك شاخ‌و بەرزایی لەسەر رێڕەوەكەدا، بەڵام نزیكترین رێڕەوی گونجاو لەگەڵ واقیع دەكرێت بڵێین گەیاندنی ناحیەی (كەسنەزانە) لەپارێزگای هەولێر بە قەزای (دوكان) لە پارێزگای سلێمانی بە رێگایەك كە بە كەناری كۆیەدا بڕوات، لەو سۆنگەیەوە لە ناوەندی شاری هەولێرەوە تا ناحیەی كەسنەزان رێگایەكی دووسایدی فراوان هەیە لەدیوی سلێمانیشەوە لەناوەندی شاری سلێمانییەوە تا ناوچەی تاسڵوجەو لەوێشەوە بۆ قەزای دوكان رێگایەكی دووسایدی ستراتیژی بەردەستە. بەداخەوە پڕۆژەی دروستكردنی رێگای دووسایدی (كەسنەزان – كۆیە) كە كەوتبووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی قەیرانی دارایی كارەكانی راگیرا ئەگینا ئەگەر تەواو كرابا هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی زۆر ساناتر دەكرد، چونكە تەنیا نێوانی كۆیە و دوكان دەمایەوە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكرێت.
لێرەدا پیشنیازێكی كردارەكیی دەخەمە بەرچاوی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەت كە دەكرێت كەرتی تایبەت‌و سەرمایەداران‌و بڕیاربەدەستانی حزبیش هەماهەنگی‌و بەشداریی تێدا بكەن، ئەویش دروستكردنی پردێكە لەنێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی لەسەر زێی بچووك تا ئەو رێگا دوو سایدەی لەسلێمانییەوە دێت بەرەو دوكان درێژەی پێبدرێت‌و بگەیەنرێتە دەشتی كۆیە وەك گرنگرترین قۆناع لە رێگای دووسایدی (كەسنەزان – كۆیە – دوكان)، ئەویش بەم شێوەیە:

رێگایەكی دووسایدی قەدبڕ
پێش داخڵبوون بە قەشقۆڵی‌و دوكان لە دیوی سلێمانییەوە لە نزیكی بازگەكە بەلای چەپدا لابدات‌و هاوشانی زێی بچووك بڕوات و ئینجا بە پردێكی دووساید بپەڕێتەوە ئەوبەر كە دەكرێت ئەو پردە نزیكی گوندی كڵێسە دروست بكرێت‌و لەوێشەوە هەر هاوشانی زێ لەوبەر درێژە بە رێگاكە بدرێت تا بەشێوەیەكی كاتی لەگەڵ رێگای (كۆیە – كەڵكەسماق) دەبەسترێتەوە، واتە لە دامێنی لۆفەكانی شاخەكە بەدیوی دەشتی كۆیەدا.
درێژیی ئەم رێگایە رەنگە لە دەوروبەری (15)كم تا كەمتر لە (20)كم بێت، بەڵام بە ئەنجامدانی ئەوا قۆناغێكی زۆر ستراتیژی لەڕێگای قەدبڕی (سلێمانی – هەولێر) دەبێتە دیفاكتۆ و هەم رێگاكە كورتتر دەكاتەوە، هەمیش كات‌و ماندووبوونی كەمتریش دەخایەنێت‌و ئیدی پێویست بە هەڵگەڕان بە لۆفەو پێچی سەر شاح ناكات.
بەو هیوایەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا پاشماوەی رێگاكە تەواو بكرێت، واتە دەشتی كۆیە تا كۆیەو رێگای (هەولێر- كۆیە)، بەمەش رێگایەكی قەدبڕی دووسایدی شایستە لەنێوان هەولێر و سلێمانی دەبێتە واقیع.
نەخشەیەكی روونكەرەوەم لەگەڵ ئەم پێشنیازە هاوپێچ كردووە، بۆ ئەم قۆناغە ستراتیژییەی پڕۆژەكە كە دەكرێت رێڕەوەكەی هەمواركاریی تێدا بكرێت.
لەكۆتاییدا هیوادارم ئەم پڕۆژەیە بەجددی وەربگیرێت‌و خاوەنداریی بكرێت، چونكە لەم وڵاتەدا توانای خۆماڵی چ مرۆیی‌و چ ماددی بایی ئەوندە هەیەو بەزیادیشەوە كە رێگایەكی ئاوای پێ دروست بكرێت. مەسەلەكە دەمێنێتەوە سەر ئیرادەو بڕیار و پلان‌و دەستوبردكردن لەجێبەجێكردنیدا، بۆ زانیاریش لەحاڵەتی تەواوكردنی هەموو قۆناغەكاندا رەنگە ماوەی نێوان هەولێر و سلێمانی ببێتە سەعاتێك‌و 30 خولەك لە بری دوو سەعات‌و 30 خولەك یاخود سێ سەعات.

print

 3,573 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*