سەرەکی » راپۆرت » هاووڵاتییه‌كی ئیتالی خۆی به‌قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ ده‌زانێت

هاووڵاتییه‌كی ئیتالی خۆی به‌قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ ده‌زانێت

له‌ ئه‌نتۆنیۆوه‌ بۆ مۆفه‌ق

دڵشاد تاقانه‌

تومه‌ز ترسابوو، له‌كاتی ده‌ستگیركردنی له‌ناوچه‌ی كه‌ڵه‌ك سنووری ده‌شتی هه‌ولێر، راكێش راكێشی چه‌ك و هاوارهاواری توڕه‌یی و ناتێگه‌یشتنی تۆنی وشه‌ كوردییه‌كان له‌گوێیدا هه‌ر غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبێك بوو! چاوه‌كانی ده‌یان پرسیاری چاره‌نووسی ده‌كرد: ئه‌مه‌ چییه‌ رووده‌دات؟ به‌ره‌و كوێم ده‌به‌ن؟ ئێوه‌ كێن یان هه‌ر چیتان له‌من ده‌وێ؟ بگره‌ سه‌دان پرسیاری نه‌گه‌یه‌نراوی تری له‌مێشكیدا قه‌تیس و بێ وه‌ڵامیش ئۆقره‌ی لێهه‌ڵگرتبوو.

مه‌ترسه‌ ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ك)ین
كاتێ گه‌یشته‌ مه‌ڵبه‌ندی چوار له‌گوندی سماقوڵی گرتك، بردییانه‌ كه‌رتی سجن، یه‌كه‌م رسته‌ سڵاوی ئینگلیزی بیست: (هه‌لو، واتز یۆڕنێیم؟) پێیوابوو خۆشترین میلۆدی مۆزیكی خه‌مڕه‌وێنه‌، هه‌موو خانه‌و شانه‌هه‌ستییه‌كانی له‌گۆهداری بۆ كرده‌وه‌! شه‌كه‌تی ره‌وی پێشمه‌رگانه‌ له‌پێكوتانه‌وه‌ی رێگه‌ی خۆڵاوی، شه‌وڕێ، گڕه‌گڕی تراكتۆر، تووله‌ڕێی قه‌دگرد، هه‌روه‌ها به‌رزو نزمی شاخه‌كان چركه‌ساتی له‌بیر برده‌وه‌.
پێشمه‌رگه‌یه‌كی ره‌شتاڵه‌ی گه‌نجی باڵابه‌رز، هێمن و به‌ئاكاره‌وه‌ ده‌یدواند: خه‌ڵكی كوێی؟ مه‌ترسه‌، ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانین، شۆڕشگێڕین كاری خراپه‌ ناكه‌ین، تۆش ئازاد ده‌كرێی، ده‌مانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی تۆوه‌ ده‌نگی میلله‌تی كورد به‌ئه‌وروپا بگه‌یه‌نین، دڵنیابه‌ ئازادت ده‌كه‌ین، ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌:
ئه‌نتۆنیۆ جیڤارینی، خه‌ڵكی ئیتاڵیا- رۆما، ته‌مه‌ن 59 ساڵان، كارمه‌ندی پڕۆفیشناڵی دامه‌زرێنه‌ری تاوه‌ری كاره‌بایی.
لای ئه‌و پرسیارو وه‌ڵامه‌كان به‌زمانیی ئینگلیزیی ئه‌گه‌ر باش و خراپ یا خۆش و ناخۆش هه‌ر گرنگ نه‌بوو، ته‌نیا تێگه‌یشتنه‌كه‌ی وه‌ك سروشێكی ئاسمانیی بۆدابه‌زبێ، به‌وه‌ ده‌چوواند.
ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رییه‌كه‌ی چوار مانگێكی له‌ ساڵی 1985 خایاند، وا راهاتبوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان ده‌نووست ره‌فتاری به‌ندكراوی له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرا، شه‌ڕواڵی له‌ پێكردبوو، دابونه‌ریتی كوردی قبوڵبوو، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی بیرو كه‌ڵچه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پیاوێكی ئه‌وروپی خاوه‌ن كه‌سایه‌تی تایبه‌تمه‌ندی ئیتاڵیانه‌ بوو، له‌گه‌ڵ مۆفه‌ق حه‌وێز ره‌سوڵی پێشمه‌رگه‌ی خه‌ڵكی شاری كۆیه‌، ئه‌وكاته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی كه‌رتی سجن بوو، بوو به‌دۆست و هاوڕێ، مۆفه‌ق تاكه‌ هاوزمانی ئینگلیزیی ئه‌وبوو، تا بڵێی دڵی پێی ده‌كرایه‌وه‌، شه‌ووڕۆژ دووبه‌دوو باس و به‌سه‌رهات و لێكدانه‌وه‌یان بوو.
ئه‌نتۆنیۆ ئه‌ندامی حزبی شیوعی ئیتاڵی بوو، له‌ سیاسه‌تدا سه‌ری زۆرباش ده‌رده‌چوو، به‌و ماوه‌یه‌ راوبۆچوونی تایبه‌تی له‌سه‌ر شۆڕشی كورد لا گه‌ڵاڵه‌ ببوو، پێشنیازو ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌شی ده‌گرت و ده‌یووت: ئێوه‌ كاری سیاسیی و عه‌سكه‌ریتان تێكه‌ڵكردووه‌، پێویستتان به‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌و پلانی نوێ هه‌یه‌.
خۆ هه‌ر كاتێكیش ده‌نگی فڕۆكه‌ پیلاتۆزو كۆپته‌ره‌كان بهاتبا، چۆن كه‌ڵه‌شێرو مریشك و جوچكه‌كان راهاتبوون خۆیان بشارنه‌وه‌ ترسابوون له‌ ته‌قه‌، ئه‌ویش خێرا رایده‌كرده‌ بن به‌رده‌ گه‌وره‌كه‌ی پشت باره‌گا خۆی ده‌شارده‌وه‌، تا دوای ئازادبوونی ئه‌ویش، وه‌ك جێنه‌زه‌رگه‌ بن به‌رده‌كه‌ به‌ سه‌نگه‌ره‌كه‌ی ئه‌نتۆنیۆ ناسرابوو.

سوپاس بۆسه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ت، من گه‌یشتمه‌وه‌ وڵاتی خۆم
كات خۆشڕه‌وه‌، هه‌رگیز لای كه‌س یا له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێ، خێرا خێرا كراسی مێژوو له‌ هات و نه‌هاته‌كان بۆ سه‌رده‌م و شوێنه‌كان ده‌بڕێ، ته‌رز پێیانه‌وه‌ ده‌دورێ.
كات ئێواره‌یه‌و شوێنیش (شاری خانه‌)ی ئێرانه‌، مۆفه‌ق حه‌وێز ره‌سوڵ پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاواره‌ی دوای ئه‌نفاله‌، به‌رپرسی كاروباری ئاواره‌كانه‌، له‌وكاته‌دا به‌ره‌وماڵ ده‌بۆوه‌ دراوسێكان نامه‌یه‌كیان دایه‌، ناونیشانه‌كه‌ی به‌زمانی ئینگلیزسی نوسراوه‌، یه‌كیان دركاندی: زوو زانیمان بۆ كاك مۆفه‌ق-ه‌، چونكه‌ هه‌رئه‌و ئینگلیزی ده‌زانێ! به‌ڵێ نامه‌كه‌ خۆی ده‌دوێ.
دوای سوپاسگوزاریی و هه‌واڵپرسین، ئه‌نتۆنیۆ له‌ نامه‌كه‌ی بۆ مۆفه‌ق حه‌وێز ره‌سوڵ-ی پێشمه‌رگه‌، ده‌نووسێ: دوای هاریكاری پێشمه‌رگه‌ هه‌ڤاڵه‌كانت و هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌تان، من له‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ئیتاڵیاو به‌ خانه‌واده‌كه‌م شادبوومه‌وه‌، ئێستا نیگه‌رانم به‌لاوزبوونی شۆڕشه‌ ره‌واكه‌تان و چوونه‌ سنوور، كوژرانی خه‌ڵك و سووتاندنی دێهاته‌كانتان ئه‌وه‌ی پێیده‌ڵێن ئه‌نفال و بۆمبی‌ كیمیایی زۆر ناڕه‌وایه‌، بۆیه‌ خێزانه‌كه‌م نامه‌كه‌ی تۆی به‌ڕۆژنامه‌نووسانداو بڵاویانكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رادیۆی شاره‌كه‌مان گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا كرد، نامه‌كه‌ی تۆش دیكۆمێنتێكی به‌هێزبوو كه‌ تۆ به‌رپرسی به‌ندی من بووی و بووین به‌ دوو هاوڕێ.

مۆفه‌ق له‌وڵاتی ئه‌نتۆنیۆ
جگه‌ له‌وانه‌، ئه‌نتۆنیۆ له‌وه‌ڵامی نامه‌ی دووه‌مدا له‌شاری پالێنه‌وه‌ ناردوویه‌تی كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌زه‌رفه‌كه‌یه‌وه‌و ناونیشانه‌كان و مێژووی سه‌رده‌مه‌وه‌ ماوه‌و پارێزراوه‌، هه‌روه‌ها مۆری پۆستی ئیتاڵیاو ئێرانی پێوه‌یه‌، ته‌نانه‌ت كه‌ مۆفه‌ق حه‌وێز ده‌گاته‌ ئیتاڵیا و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، ناونیشانی ئه‌نتۆنیۆی بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌شارێكی خوارووی ئیتاڵیا ده‌ژی.
ئه‌و نامه‌یه‌ راڤه‌ی سه‌رده‌مێكی مێژووییه‌، پارێزه‌ری كۆمه‌ڵێ راستییه‌، به‌ڵگه‌یه‌كه‌ تۆزی سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌كان لاده‌دا، ئه‌گه‌ر لێی وردبینه‌وه‌ وشه‌كان ده‌دوێن.
ده‌قی نامه‌كه‌ی ئەنتۆنیۆ به‌كوردی
پالێنه‌ 11/1/1990
هاوڕێی خۆشه‌ویست مۆفه‌كوێ
من داوای لێبوردنت لێده‌كه‌م به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نامه‌كه‌ كه‌ له‌كاتی خۆی نه‌بوو، ئه‌وه‌بوو به‌گۆڕینی شوێنی گونجاوتر جیا له‌و ناونیشانه‌ی كه‌ له‌لات بوو، بۆیه‌ ئێستا چیتر له‌ڕۆما ژیان نابه‌مه‌ سه‌ر، به‌ڵكو له‌شاری پالێنه‌ (Palena).
من سوپاسی تۆ ده‌كه‌م ده‌رباره‌ی نامه‌كه‌ت، هه‌روه‌ها سوپاسی حزبه‌كه‌تان ده‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی بووه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌
تێیدابووم له‌ عیراق.
هیوادارم حزبه‌كه‌تان ببێته‌ هۆی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
من زۆرباشم، هه‌روه‌ها خانه‌واده‌كه‌شم، زۆر دڵخۆشین هیوادارین هه‌موو ناخۆشییه‌كانمان له‌ بیربچێته‌وه‌ كه‌ منی تێدابوو له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ریم له‌ عیراق.
ده‌مه‌وێ سوپاستبكه‌م له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌، سوپاسگوزاریی خۆم و خانه‌واده‌كه‌مت پێڕاده‌گه‌یه‌نم بۆ هاوكارییه‌كانی تۆ، هیوادارین بگه‌نه‌ خۆشی.
له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی
ANTONIO CHIAVERINI
VIA COLLESALARDO N 18,
66017 PALENA ( CH )
ITALIA

print

 251 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*