سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » پانۆرامای رووداوە جیهانییە گرنگەکانی ساڵی 2017

پانۆرامای رووداوە جیهانییە گرنگەکانی ساڵی 2017

له‌ ساڵی پێشوودا، له‌ جیهاندا  کۆمه‌ڵێک رووداوی گرنگ رووویدا که‌مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌رکردنه‌، له‌سه‌ر‌وو هه‌موشیانه‌وه‌ بوونی دۆناڵد تره‌مپ به‌سه‌رۆکی ئه‌مریکا و کوده‌تاکه‌ی کۆشكی پاشایه‌تی سعودیه‌و به‌رنامه‌ مووشه‌کیه‌که‌ی کۆریای باکوور و لابردنی رۆبێرت موگابی سه‌رۆکی زیمبابۆی، مایه‌ی گرنگی پێدانی ته‌واوی جیهان بوون. لێره‌دا کورته‌یه‌ک له‌و رووداوانه‌ ده‌خەینه‌ روو.

هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ
یه‌کێک له‌رووداوه‌ گرنگه‌کانی ساڵی پێشوو، هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد تره‌مپ به‌سه‌رۆکی ئه‌مریکابوو. له‌کاتێکدا ته‌واوی میدیاکان و ناوه‌ند سیاسیه‌کانی جیهان، له‌و باوه‌ڕه‌دابوون که‌ هیلاری کلینتۆن ده‌بێته‌ سه‌رۆکی ئه‌مریکا، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی هه‌موویانه‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی برده‌وه‌و‌ بووه‌ سه‌رۆکی نوێی ئه‌مریکا. تره‌مپ چ له‌رووی و سیاسیی و له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیسته‌می ئیدارییه‌وه‌‌، شتێکی نوێ و جیاوابوو، چونکه‌ تره‌مپ به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆکه‌کانی پێشووی ئه‌مریکاوه‌، هیچ مێژوویه‌کی حوکمڕانی نه‌بوو. له‌رووی سیاسیی  و ئابووریشه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک بۆچوونی تایبه‌تی هه‌بوو، که‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ سه‌رۆکه‌کانی پێشووی ئه‌مریکا، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی‌ به‌ سیاسه‌تی کۆچبه‌ران و بازرگانی جیهانییه‌وه ‌هه‌یه‌.

 

تراژیدیای کۆچبه‌ران و بازاڕی کۆیله‌کان له‌لیبیا
له‌پاش رووخانی رژێمی قه‌زافی له‌ لیبیا،پێشویی و نائارامی ئه‌م وڵاته‌ی گرتۆته‌وه‌و بۆته‌ مه‌ڵبه‌ندی به‌شێکی زۆری گرووپه‌ تیرۆریسته‌کانی هاوشێوه‌ی داعش و قاعیده‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌مساڵ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، باسیان له‌و پێشێلکارییه گه‌وره‌یه‌ کرد، که ‌له‌ لبییا به‌رامبه‌ر به‌ کۆچبه‌ره‌ ئه‌فریقیه‌یکان ده‌کرێت، که ‌له ‌زۆر شوێندا،  وه‌کو کۆیله‌ کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کرێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ لێشاوه‌ی کۆچبه‌ران له‌ئه‌فریقاوه‌ بۆ ‌ئه‌وروپا به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مساڵ هه‌زارن کۆچبه‌ر له‌ ده‌ریای سپی ناوه‌راست خنکان.

 

گه‌مارۆی سه‌ر قه‌ته‌ر
له‌مانگی شه‌شی ئه‌مساڵدا، ده‌وڵه‌تا‌نی سعودیه‌و ئیمارات و به‌حرێن و میسر،‌  گه‌مارۆیه‌کی گه‌وره‌ی  ئابووریی و سیاسیی و ده‌ریایی و وشكانییان   به‌سه‌ر قه‌ته‌ر دا سه‌پاند. ئه‌م وڵاتانه‌ قه‌ته‌ر به‌پشتگیریکردنی تیرۆر تۆمه‌تبارکرد. قه‌ته‌ریش هۆکاری ئه‌م کێشه‌یه‌ بۆ سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌م کێشه‌یه‌ش‌   ئه‌نجومه‌نی وڵاتانی که‌نداوی، رووبه‌روی لێکترازان و گرژیی زۆرکرد. هه‌تاوه‌کو ئێستاش ئه‌م ته‌نگه‌ژه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌و قه‌ته‌ریش له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆی له‌دژی سعودیه‌ و هاوپه‌یمانانی به‌رده‌وامه‌.

 

شێنۆ ئابی بووه‌وه‌ به‌ سه‌رۆک وه‌زیران
له‌ 1 مانگی نۆڤێمبه‌ره‌دا، له‌پاش سه‌رکه‌وتنی له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان، شێنزۆ ئابی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی لیبڕاڵی، بۆ چواره‌م جار وه‌کو سه‌رۆکی وه‌زیرانی ژاپۆن هه‌ڵبژێرایه‌وه‌. یه‌کێک له‌گه‌وره‌ترین کێشه‌ که‌رووبه‌روی شێنزۆ ئابی بوویه‌وه‌، کێشه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌کی بالیستی کۆریای باکووره‌. بۆئه‌م‌ کێشه‌یه‌ش سیاسه‌تێکی دوو ئاڕاسته‌ی پێڕه‌وکرد،له‌لایه‌که‌وه‌ باوه‌ڕی به‌دانوستانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، داوای سزای زیاتر ده‌که‌ن به‌سه‌ر کۆریای باکوور.

 

کوده‌تاکه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود
له‌ 21 مانگی مانگی شه‌شدا له‌ نیوه‌شه‌ودا مه‌لیک سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیزی مه‌لیکی سعودیه‌، بڕیاریدا که‌ میر محه‌مه‌د بن نایفی جێنشێنی یه‌که‌می لابه‌رێت و له‌جیاتی ئه‌و، محه‌مه‌د بن سه‌لمانی کوڕی بکاته‌ جێنشینی خۆی. ئه‌مه‌ش له‌میدیاکانی جیهاندا به‌ کوده‌تای ناو کۆشک وه‌سفکرا. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ هه‌تاوه‌کو ئێستاش چاره‌نووسی میر محه‌مه‌د بن نایف دیار نییه‌و باس له‌وه‌ش ده‌کرێت که ‌ده‌ستبه‌سه‌ر‌ کرابێت. له‌لایه‌کی تره‌وه‌ میر محه‌مه‌د بن سه‌لمانیش، به‌ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی مه‌مه‌له‌که‌تی گرته‌ ده‌ست، ‌له‌ئێستاشدا له‌ناو میدیای جیهاندا،به‌ میره‌ گه‌نجه‌ به‌هێزه‌که‌  ناوی ده‌به‌ن.

 

جیهان و  مووشه‌که‌کا‌نی کۆریای باکوور
کێشه‌یه‌کی تر که‌ ته‌واوی جیهانی له‌ساڵی پێشوودا به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵکرد، کێشه‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیی و مووشه‌که‌ بالیستییه‌کانی کۆریای باکووره‌. له‌مساڵدا زیاتر له‌ساڵانی پێشوو، کۆریای باکوور تاقیکردنه‌وه‌ی مووشه‌کی بالیستی و  به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌کانی زیاترکرد، هه‌ر‌ئه‌مه‌ش بووه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی وڵاتانی ناوچه‌که‌و جیهان. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا، کۆریای باکوور رووبه‌روی سزای ئابووریی و سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی بوویه‌وه‌. هه‌تاوه‌کو ئێستاش هیچ هیوایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ر‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ دیار نییه‌.

 

لابردنی موگابی
رۆبێرت موگابی یه‌کێک بوو له‌سه‌رۆکه‌ دیکتاتۆره‌کانی ئه‌فریقا. موگابی بۆ ماوه‌ی 37 ساڵ حوکمی زیمبابۆی ده‌کرد، ته‌مه‌نی گه‌یشته‌ 93 ساڵ، هێشتا ئاماده ‌نه‌بوو واز له‌کورسی ده‌سه‌ڵات بهێنێت. به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ 21 مانگی نۆڤێمبه‌ردا، له‌پاش هاتنه‌ ناوه‌ی سووپاو خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری، رۆبێرت موگابی وازی له‌کورسی ده‌سه‌ڵات هێنا. میدیاکانی جیهانیش باس له‌ سه‌فقه‌یه‌کی نهێنی له‌نێوان  ئیمرسۆن منانگاگوای جێگری که‌دواتر بوو به‌سه‌رۆکی وڵات، له‌گه‌ڵ رۆبێرت موگای ده‌که‌ن، تێیدا پارێزبه‌ندی درایه‌ موگابی و هه‌رچی کۆشك و پاره‌و سامانیشی هه‌بوو، ده‌ستی بۆ نه‌براو مانگانه‌ش پاره‌یه‌کی زۆری بۆ خۆیی و خێزانه‌که‌ی بڕاوه‌ته‌وه‌.

 

کۆمه‌ڵکوژی رۆهینگه‌کانی میانمار
کێشه‌یه‌کی تر که‌ته‌واوی جیهانی به‌خۆوه‌ سه‌رقاڵکرد، کێشه‌ی رۆهینگا موسڵمانه‌کانی میانمار» بۆرما» بوو. ئه‌مساڵ رۆهینگه‌کان به‌تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی راکین، رووبه‌ڕوی جه‌نگێکی خوێناوی له‌گه‌ڵ سووپای میانمار بوونه‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا ملیۆنه‌ها هاوڵاتی ، به‌ناچاری ماڵو زێدی خۆیان به‌جێهێشت و به‌ره‌و به‌نگلادیش هه‌ڵهاتن. هه‌تاوه‌کو ئێستاش هیچ ئاسۆیه‌کی روون دیار نییه‌ ، بۆچاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی رۆهینگه‌کان.

 

سه‌رۆکه‌ گه‌نجه‌که‌ی فه‌ره‌نسا
له‌ 7 مانگی ئایاردا له‌دووه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئیمانویل ماکرۆن ته‌مه‌ن چل ساڵ، له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا،  له‌به‌رامبه‌ر ماری لۆپێنی سه‌رۆکی به‌ره‌ی نیشتمانی راستڕه‌و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت و توانی به‌رێژه‌ی 65% ی ده‌نگه‌کان به‌رێت و بوو گه‌نجترین سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا. ئیمانوێل ماکرۆن ساڵی 2016 پارتێکی نوێی به‌ناوی « بۆ پێشه‌وه‌ فه‌ره‌نسا» دروستکرد، ئه‌م پارته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ چه‌پ و راسته‌کانی فه‌ره‌نسای گرته‌وه‌و توانی له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا، ته‌واوی پارته‌ ته‌قلییدیه‌کانی فه‌ره‌نسا، تووشی شکستی گه‌وره ‌بکات.

 

سه‌عد حه‌ریری و لوبنان
له‌ 3 مانگی نۆڤێمبه‌ردا به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕاننه‌کرا‌و سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆک وه‌زیرانی لوبنان، له‌ ریازی پایته‌ختی سعودیه‌ له‌ وته‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا که‌ که‌ناڵی « العربیة» ی سعودیه‌ په‌خشیکرد، ده‌ستی له‌ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران کشانده‌وه‌. هۆکاری ئه‌مه‌شی بۆ رۆڵی نێگه‌تیفی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی گێرایه‌وه‌ له‌ ناو  لوبنان. هه‌رچه‌نده‌ پاشتر به‌هه‌وڵی فه‌ه‌رنسا، جارێکی تر گه‌ڕایه‌وه‌ لوبنان و پۆسته‌که‌ی وه‌رگرته‌وه‌.

 

مێرکل ژنه‌ به‌هێزه‌که‌ی ئه‌ڵمانیا وجیهان
به‌پێی زۆربه‌ی میدیا و سه‌نته‌ره‌ جیهانییه‌کان بێت، ئه‌نجیلا مێرکل راوێژکاری ئه‌ڵمانیا، به‌ به‌هێزترین ژنی جیهان دانرا. به‌ڵام له‌مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ دا، پارتی ئه‌لته‌رناتیفی راستره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، خه‌ریکه‌ ئه‌ستێره‌ی پرشنگداری به‌ره‌و ئاوابوون به‌رێت،. کاتێک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌م پارته‌  13% ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ستهێناو پارته‌که‌ی مێرکل ته‌نها 32% به‌ده‌ستهێنا، راسته‌ پارته‌که‌ی یه‌که‌م بوو به‌ڵام هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش مێرکل نه‌یتوانی بۆ جاری چواره‌م ببێته‌وه‌ به‌ راوێژکاری ئه‌ڵمانیاو حکومه‌تی بنکه‌ فراوان دابمه‌زرێنێت.

 

راونانی میرو بازرگانه‌کانی سعودیه‌
له‌5 مانگی نۆڤێمبه‌ر ته‌واوی سعودیه‌و جیهان گوێبیستی هه‌واڵێکی سه‌یربوون، کاتێک حکومه‌تی سعودیه‌ هه‌ڵمه‌تێکی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌یان میری بنه‌ماڵه‌ی ئال سعودو وه‌زیرو بازرگانی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رکرد. له‌ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا میر متعب بن عه‌بدوڵڵای کوڕی مه‌لیکی پێشووی سعودیه‌و سه‌رۆکی سووپای نیشتمانی بوو، که‌به‌ میره‌ به‌هێزه‌که‌ی سعودیه‌ ناوده‌برا. هه‌روه‌ها میر وه‌لید بن ته‌ڵال، که ‌یه‌که‌کێکه‌ له‌ میره‌ ده‌وڵه‌مده‌نده‌کانی بنه‌ماڵه‌ی ئال سعودو سامانه‌که‌ی ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 20 ملیار و به‌یه‌کێک له‌  پیاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهان داده‌نرێت. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش له‌ژێرناوی دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵیی کرا، هه‌رچه‌نده‌ میدیاکان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، ئامانج له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌هێزکردنی هه‌ژموونی میر محه‌مه‌د بن سه‌لمانه‌.

 

تره‌مپ و قودس
له‌ 6 مانگی دیدسه‌مبه‌ردا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مریکا  له‌کۆشکی سپی بریارێکی ‌ سه‌یرو سه‌رنجڕاکێشیدا، کاتێک به‌فه‌رمی دانی به‌ قودس وه‌کو پایته‌ختی ئیسرائیل دا نا، له‌هه‌مانکاتیشدا فه‌رمانی بۆ وه‌زاره‌ت ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ر‌کرد، که‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ ته‌ل ئه‌بیبه‌وه‌ بۆ شاری قودس بگوێزنه‌وه‌. ئه‌م بڕیاره‌ی تره‌مپیش ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی له‌ سه‌ر ئاستی شه‌قام و حکومه‌ته‌ عه‌ره‌بیی و ئیسلامییه‌کان لێکه‌وته‌وه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م ناڕه‌زاییه‌شه‌دا، تره‌مپ له‌ بڕیاره‌که‌ی خۆی په‌شیمان نه‌بوویه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*