سەرەکی » ئابووری » ״عیراق ناتوانێت دەستبەرداری غاز و كارەبای ئێران بێت״

״عیراق ناتوانێت دەستبەرداری غاز و كارەبای ئێران بێت״

حەمزە جەواهیری پسپۆڕی بواری نەوت تەئكید دەكاتەوە، عیراق ناتوانێت دەستبەرداری كڕینی كارەبا‌و غازی سروشتی ئێران ببێت ئەگەر بێت‌و كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداویشەوە ببەسترێتەوە.

جەواهیری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، باس لەوە دەكرێت كە لەدوای بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداوەوە، عیراق دەتوانێت دەستبەرداری كڕینی غازی سروشتی‌و كارەبای ئێران ببێت، بەڵام ئەمە روونادات.

راشیگەیاند، چارەسەری تەواو بۆ قەیرانی كارەبا بریتییە لە پشتبەستن بە كۆمپانیاكانی جیهان لەوانەش كۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی‌و دانانی وێستگەی كارەبا بۆ سوودوەرگرتن لە غازی سروشتی عیراق.

هاوكات، ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاماژەی بەوەكردوە، كارە هونەرییەكانی تایبەت بە بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراق‌و سعودیە لە قۆناغی كۆتاییدایە‌و تەنها چەند مانگێكی كەمی ماوە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لەلایەن عیراقەوە تەواو بكرێت.

وتیشی: «یەكەم هێڵی بەستراو لەگەڵ سعودیە ئاراستەكەی بەرەو بەسرە دەبێت‌و نزیكەی 500 مێگاوات كارەبا دابین دەكرێت، هێڵی دووەمیش بەرەو سەماوە دەڕوات بە نزیكەی 300 مێگاوات، ئەمەش كاریگەری لەسەر زیادبوونی كارەبای نیشتمانی دەبێت».

print

 195 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*