سەرەکی » دۆسێ » عیراق، هۆكاریی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا ئاشكرا دەكرێتپەڕە 2

ئاماری رۆژانە 4 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند

عیراق، هۆكاریی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا ئاشكرا دەكرێت

بەرپرسێك لە وەزارەتی تەندروستی عیراق، هۆكاریی سەر ەكی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا ئاشكرا دەكات، هۆشداریش دەدات لە زیادبوونی چالاكی پەتاكە لە وڵاتدا.
ریاز حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی بە ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە)ی رەسمی رایگەیاندووە»رەوشی تەندروستی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ژمارەی تووشبووان مایەی نیگەرانییە، وێڕای زیادبوونی چالاكی و بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە سایەی بەرزبوونەوەی ژمارەی پشكنینی تۆماركراو لە چوارچێوەی ئاماری رۆژانە كە زیاتر لە 21 هەزار پشكنینی لە رۆژێكدا تێپەڕاند».
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێكارەكانی خۆپاراستن و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بەشێوەیەكی هەڵە كردووە، پێشبینیشی كردووە، لە رۆژانی داهاتووشدا ئەو ژمارانە بەردەوامبن.

بە وتەی حەلەفی»لە هەموو بۆنەیەكدا لیژنەی راوێژكاریی لە وەزارەتی تەندروستی راسپاردەكانی بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بەرزدەكاتەوە كە بریتین لە پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە كەمامە بەستن و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و رێكارە تەندروستییە توندەكان، بە تایبەتیش لە سایەی نەگرتنەبەری هیچ رێكارێكی یاسایی لەدژی سەرپێچیكاران».
ریاز حەلەفی دەڵێت»راسپاردەكان بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ نیچە تەواوەتی لەخۆدەگرێت. هەرچەندە پابەندبوون بەو رێكارەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بە رێژەی 10%، جگە لە رۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە كە قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواوەتی بەردەوام دەبێت»، داوای پابەندبوونیشی كردووە بە پەیام و راسپاردەكانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی، لەڕووی پشتبەستن بە رێكارەكانی خۆپارێزی تایبەت و توند بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە لەنێو هاووڵاتیاندا.

بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی عیراق، جەختی لەسەر پێویستی رێگرتن لە گردبوونەوەكان كردووە بەهەموو شێوەكانی، ئەمەش دوای ئەوەی هەندێك لە هاووڵاتیان رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییان پێشێل كرد.
پێشتر پسپۆڕێكی لە تەندروستی گشتی، پێشبینی كردبوو 80%ی گەلی عیراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێت، باسی لە پێویستی هەنگاونانی عیراق كردبوو بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێكەوەژیان لەگەڵ پەتاكە.
د. هەیسەم عوبێدی ڕایگەیاندبوو”عیراقییەكان و هەموو گەلانی جیهان، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە پێكەوەژیان لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنادا بكرێت، دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر قەدەغەكردنی هاتووچۆدا تێپەڕی، هەروەها ژیان ناكرێت لەمە زیاتر ڕابوەستێت”.

بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە”هۆكاریی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بۆ كەمكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەكانی جەژنی قوربان و تێكەڵبوونی خەڵك لە بازاڕەكان، یان لە سەردنەكان دەگەڕێتەوە كە ڕێگەی بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە خۆشكرد”.

عوبێدی پێشبینی كرد”70-80%ی كۆمەڵگەی عیراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببێتە بەپێی چەمكی بەرگری كۆمەڵایەتی، ناشكرێت ڕەوشەكە كۆنترۆڵ بكرێت تا بەشێوەیەكی پلەبەندی تووشبوون لەنێو كۆمەڵگەدا ڕوونەدات”.

پسپۆڕەكەی تەندروستی گشتی عیراق دەڵێت”كردنەوەی مۆڵەكان و ڕێگەدان بە هاتووچۆكردن، ڕێخۆشكەرن بۆ ڕوودانی حاڵەتی پابەندنەبوونی گەورە و بە تایبەتیش لەنێو توێژی لاوان كە زەمینەسازی بۆ تووشبوونی ملیۆنی خۆش دەكەن، ئەمەش عیراقییەكان دەخاتە ڕەوشێكی قورسەوە، چونكە دامەزراوەی تەندروستی لەو دەمەدا توانی لەخۆگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی نامێنێت”.

سەبارەت بە داواكارییەكانی هەڵگرتنی هەردوو شێوازیی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، عوبێدی وتی”لەوبڕوایەداین پێكەوەژیان پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ سەپاندنی ڕێكاریی توند كە هاووڵاتیان پابەند بكات بە خۆپاراستن و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر سەرپێچیكاران، بۆ خۆلادان لە تۆماركردنی ژمارەیەكی گەورەی تووشبوان، بەركەوتن لەگەڵ ڤایرۆسەكەدا چەند زیاتر بێت، هێندە تووشبوو كاریگەریی لەسەر دروستدەبێت، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی بەستنی كەمامە و سەپاندنی لە شەقامەكان و فەرمانگە و شوێنەكانی كار دەكەینەوە”.

د. هەیسەم عوبێدی ئاماژەی بە دەنگۆی تەوژمی دووەمی كۆرۆناش كرد كە بە وتەی ئەو”ڕوودانی جێگیر نییە، گەر ڕووشبدات لە عیراق، ئەوا 25%ی گەل كاریگەر نابێت بە پەتاكە، چونكە تووشبووە و لە ماوەی 6 مانگی ئەم ساڵدا بەرگری وەرگرتووە، گەر ڕووبدات، ئەوا نیشانەكانی جیاوازدەبن لەوەی لەئێستادا هەیە”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق لە هەینی رابردوو، 4013 حاڵەتی توشبوونی نوێی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەعیراقدا ڕاگەیاند و ئاماژەی بە تۆماركردنی 2921 حاڵەتی چاكبوونەوە كرد كە نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و لە نەخۆشخانەوە گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 14ی ئابی 2020 لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 4013 حاڵەتی توشبوونی نوێ‌ لە تێكڕای پارێزگەكانی عیراقدا تۆماركران و 2921 كەسیش بە تەواوەتی چاكبوونەوە و گەڕانەوە ماڵەكانیان.

بەپێی ئامارەكان، بەغدا زۆرترین ژمارەی مردن و تووشبوانی تۆماركردووە، و پاشان پارێزگەی هەولێر لە پلەی دووەمدایە كە 411 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 7 كەسیش لە پارێزگەكە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیانلەدەستداوە، لە پلەی سێیەمیش پارێزگەی بەسرەیە كە 357 حاڵەتی تووشبوون و 8 حاڵەتی گیانلەدەستدانی تۆماركردبوو.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقدا هاتووە،” تۆماركردنی حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا بەسەر زۆرێك لە پارێزگەكاندا دابەشبوون كە بەمشێوەیەن: بەغدا، ڕەسافە: 367 حاڵەت، مەدینە توب: 124 حاڵەت، بەغدا كەرخ: 340 حاڵەت، بەسرە: 357 حاڵەت، نەجەف: 222 حاڵەت، سلێمانی: 173 حاڵەت، هەولێر: 411 حاڵەت، كەركوك: 235 حاڵەت، دهۆك: 83 حاڵەت، كەربەلا: 257 حاڵەت، واست: 252 حاڵەت، دیالە: 108 حاڵەت، میسان: 170 حاڵەت، زیقار: 205 حاڵەت، ئەنبار: 89 حاڵەت، بابل: 245 حاڵەت، سەڵاحەدین: 74 حاڵەت، نەینەوا: 106 حاڵەت، دیوانیە: 116 حاڵەت، موسەننا: 79 حاڵەت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاماژەی بە تۆماركردنی 68 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش كردووە لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوو لە تێكڕای پارێزگەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژانی پێشووتر بە ژمارەیەكی كەمتر دادەنرێت.

لە هەینی رابردوودا بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق»كۆی گشتی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا گەیشتبووە 168290 كەس و لەو ژمارەیەش 5709 كەس گیانیانلەدەستداوە و 120129 كەس نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ئەوانەش كە تائێستا لە نەخۆشخانەن و چارەسەرییان بۆ دەكرێت 42452 كەسن كە 627 حاڵەتیان باری تەندروستییان ناجێگیرە”.

 701 جار بینراوە