سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بۆچی ده‌نووسیت؟

بۆچی ده‌نووسیت؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە كە چەندان جار لە ئەدیبان و نووسەران كراوە و چەندان وەڵامی جیاوازیشیان داوەتەوە، بەڵام لەم بابەتەدا بەشێوەیەكی جیاواز هەم پرسیارەكە ئاراستە كراوە و هەم وەڵامەكانیش بە ئاراستەیەكی جیاوازدا دەڕۆن و تینووێتی ئەو كەسە ناشكێنن كە پرسیارەكە ئاراستە دەكات. ئەوەی مایەی سەرنجە پرسیارەكە ئاراستەی نووسەرێكی خەیاڵیی كراوە و ئەویش هەرچی دەكات ناتوانێت لە وەڵامی نووسەرانی دیكە دەربازبێت، لەلایەكی دیكەوە وەڵامەكان زیرەكی و وریایی ئەو كەسە دەردەخەن كە پرسیارەكەی ئاراستە كردووە، بۆیە پێم خۆش بوو ئەم بابەتە تەرجەمە بكەم، چونكە خوێنەر لە رێی وەڵامەكانەوە وەڵامی گەلێ لە نووسەرانی چنگ دەكەوێت.

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

*بۆچی دەنووسیت؟
-چونكە ناچارم.

*دەكرێت رستەكەی فریدریك نیتشە دووبارە نەكەیتەوە، بیربكەیتەوە و خۆت وەڵام بدەیتەوە؟
-دەنووسم، بۆ ئەوەی وێنەیەكی تازە سەبارەت بە جیهان بێنمە ئاراوە.

*دەكرێت قسەكەی نەزار قەببانی دووبارە نەكەیتەوە و خۆت وەڵام بدەیتەوە؟
-دەنووسم، بۆ ئەوەی دنیایەكی باشتر دروست بكەم. بەلای كەمەوە بۆ خۆم.

*دەكرێت بەگشتی قسە نەكەیت؟
-دەنووسم، بۆ ئەوەی جیهان ناچار بكەم بیربكەنەوە.

*دەتوانیت قسەكەی جان پۆل سارتەر دووبارە نەكەیتەوە؟
-دەنووسم، چونكە هەست دەكەم ئەمە تەنیا ئیشە كە بۆی خولقاوم. دەمەوێت بە نووسین گوزارشت لە خۆم بكەم. دەمەوێت پێشبینی ئایندە بكەم. دەمەوێت خۆم نەدەمە دەست شتی سواوی رۆژانە و هەڵوێستی گشتی و هەڵوێستی تایبەتی خۆمم هەبێت و لەو فەزایەدا هەناسە بدەم.

*دەتوانیت قسەكانی مارتین هایدگەر دووبارە نەكەیتەوە؟
-دەنووسم، بۆ ئەوەی رووبەڕووی شتی بازاڕیی و پووچی ببمەوە و لە دژیان راپەڕم.

*دەكرێت قسەكانی ئەلبێر كامۆ دووبارە نەكەیتەوە؟
-دەنووسم، بۆ ئەوەی هەبم، بۆئەوەی بوونم نیشانەی هەبێت، خونچەی هەبێت.

*نەخێر، نەخێر، خەریكە هانا بۆ دیكارت دەبەیت!
-دەنووسم، چونكە هەست دەكەم پەنجەرەیەكم بەسەر ئەو دیمەنانەدا دەڕوانێ كە تەنیا خۆم دەیانبینم. نیگایەكی تایبەتیم هەیە، وێنەی تایبەتیم هەیە. لەگەڵ ئەو مرۆڤەی كە خۆم دەیخوڵقێنم.

*فەروغی فەرەخزادیش ئەمانەی گوتوە.
-دەنووسم، لەوانەیە ساڵانێكی زۆر پاش ئێستا، كەسێك دەست بداتە كتێبەكەم و بیخوێنێتەوە و كاری تێبكات، بەو شێوەیە منیش زیندوو دەبمەوە. دەتوانم بە ژمارەی ئەو كەسانەی من دەخوێننەوە و ئەو دڵانەی خۆشیان دەوێم زیندوو ببمەوە و جارێكی تریش بژیم. دەنووسم بۆ ئەوەی وجودی فانیی بخەمە ناو قاڵبی نەمریی وشەكانەوە. لە شێوەیەكەوە خۆم دەگۆڕم بۆ شێوەیەكی تر. لە بەدەن و فیزیكەوە خۆم دەگۆڕم بۆ فیكر و وشە. چونكە كتێب شتێكی مادیی نییە، كاتێ تۆ دەبیتە كتێب، تەنانەت كاتێ دەبیتە ئەو كتێبەی لە زەمانی خۆتدا خوێنەری نییە، هەمیشە هیوایەكی گەورە هەیە، هیوایەك هەیە كە لە ئایندەدا مایەی سەرنجە و ئەگەری ئەوە هەیە رۆژێك لە رۆژان كەسێك بە قووڵیی لێم تێبگات و وشەكانی من بڵێتەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نەمرییە. من دەنووسم بۆ ئەوەی بەردەوام بم. دەنووسم و دادەهێنم بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی زەمەنێك دەرچم و پەیوەست بم بە چەندان زەمەنەوە و چەندان زەمەن بژیم. لەوانەیە ئەو خەونەم نەیەتەدی، بەڵام وزە و توانام هەیە و هەوڵ و تەقەلای بۆ دەدەم، ئەمە پاڵنەرمە و وزە و ورەم پێدەبەخشێت. من لای خۆمەوە ئاوا مەرگم شیكردۆتەوە. واتە هەوڵدان لە پێناوی نەمرییدا و تەنانەت ئەگەر ئایندە ئەوە بسەلمێنێ من سەركەوتوو نەبووم، ئەوە شتێكە كە پاش مەرگم دەسەلمێنرێت و ئیتر بەلای منەوە گرنگ نییە، بەڵام هەتا لە ژیاندا بم پەیوەستە بە منەوە، من بەم فكر و بیركردنەوەیەوە ژیاوم و بە زیندوویی ژیاوم. بەم پێیە دەنووسم بۆ ئەوەی لەپێناوی گۆڕینی بەدەنم بە رۆحێكی نەمر تێبكۆشم و ئەمەش ترسی مەرگ لەلای من كەم دەكاتەوە.

*بەمیهرەبانییەوە ئەمەت لێ قبووڵ دەكەم. جگەلەوەی كە وتت كتێب كاڵایەكی مادیی نییە و ئەم رستەیە بۆ حیكایەتە تەواو نەكراوەكەی ستیفان مالارمێ بوو واتە (ئەزموونی مەرگ و چیرۆك) یان بۆ وتارەكەی (جۆرج پۆلێت) كە بە وەسفی ئەوە كتێبەكەی دەستپێدەكات، بەڵام باقیەكەی بەرهەمی قووڵبوونەوەكانی خۆت بوو.
-تۆ چەند دنیا بەگران هەڵدەگری. مرۆڤ بەرهەمی ئەو شتانەشە كە دەیانخوێنێتەوە. راستە مرۆڤ دەبێت سەرچاوەی قسەكانی بڵێت، كە تۆ ئەو زەحمەتەت كێشا و سەرچاوەكانت وت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاتێ من یەك یەك ئەو رستانەم وت، ئیتر رستەكان هی ئەوان نەبوون، كاریگەرییەكانی خۆم بوون. ئەو كاریگەرییانە بوون كە لەسەر من جێیان هێشتووە. ئیتر وەكو بەشێكیان لێهاتووە لە بیركردنەوەكانی من. بەم پێیە قسەی هەر كەسێك بن كاتێك دەبن بە بەشێك لە بیركردنەوەی من ئیتر هی منن. چ خەوشێكی تێدایە نەزار قەببانی دەڵێت: شیعر بۆ گۆڕینی وێنەی جیهانە و منیش قبووڵی بكەم. یان سارتەر بڵێت: ئەدەب بۆ ئەوەیە كە جیهان ناچار بكەین قووڵ ببنەوە. یان هایدگەر بڵێت: دەرچوون لە هەڵوێستی گشتی بەرەو تاك هەڵوێستیی و دروستكردنی ماهیەت. یان نیتشە بڵێت: دەنووسم چونكە ناچارم. هیچ خەوشێكی تێدا نییە. بۆچی خودی نیتشە كەم سوودی لە حافز و گۆتە و پینداریوس وەرگرتووە؟ كاتێ دەڵێت: «هەمان ئەو كەسە بە كە هەیت» رستەكەی پینداریوس شاعیری كۆنی یۆنان دووبارە دەكاتەوە. «حیكمەتی شادان»یش كە حیكمەتی حافز و خیامە و نیتشەش لەمە بێئاگا نەبووە. هیچ مرۆڤێكی گەورە بە تەنیا گەورە نابێت، دێت سوود لە میراتی شارستانییەتێك وەردەگرێ و چەند جوانیشە ئایا ئەگەر نیتشە نەیگوتایە «هەمان ئەو كەسە بە كە هەیت» ئێمە ئەمڕۆ هەر پینداریوس-مان دەناسی؟

*سوودیان لێ وەربگرە، بەڵام وەكو ئەم دێڕە شیعرە دەڵێت:» (چو خواهی كە نامت بود جاویدان-مكن نام نیك برزگان نهان) واتە (لەبەرئەوەی دەتەوێت ناوت نەمر بێت- ناوی باشی گەورەكان مەشارەوە) یان وریا و ئاگاداری كۆپی رایت بە.
-بەم بەیانییە سوپاست دەكەم بۆ رێنماییە بێكوتاییە ئاكارییەكانت، بەڵام بیرت نەچێت كاتێ ئەم قسانە راستن كە من رستەكان لە جێگایەكی رەسمیدا بڵێم یان بیاننووسم، ئاخر مرۆڤ لەگەڵ خۆشیدا قسە بكات سەرچاوەی دەوێت؟

*هەموو شتێك لە خودی مرۆڤەوە دەستپێدەكات و لە دەرەوە بڵاو دەبێتەوە. ناڵێم سوودیان لێ وەرمەگرە یان بەكاریان مەهێنە، بێگومان بەكاریان بێنە، بەڵام لەناو قسەكانتا ئاماژە بەوە بدە ئەم قسەیە یان هاوشێوەكەی پێشان كێ كردوێتی. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر رۆژێك لە رۆژان دەقئاوێزانێك لە بەرهەمەكەتدا بێت، یان لە جێگایەكدا بیركردنەوەت لە بیركردنەوەی كەسێكەوە نزیك بێت یان بەرهەمی كەسێك لەبەرهەمی تۆوە نزیك بێت، خەوشێك دروست نەبێت و نەبێتە هۆی دڵتەنگیی.
-كام دڵتەنگیی؟ من ئەگەر قسەكانم لەسەر زمانی كەسانی دی بێت و لە بەرهەمی كەسانی تردا بیان بینم زۆر خۆشحاڵ دەبم، چونكە دەزانم كاریگەرییم هەبووە و ئەو كەسە لەو ساتەوەختەدا دەستخۆشیی لە من كردووە. تێڕوانینی من بۆ ئەم مەسەلەیە پۆزەتیڤە. نازانم بۆچی هەندێ كەس بێتاقەت دەبن لەوەی وێنەكانیان لە ئیشی كەسانی تردا دەبینن. لەوانەیە لەبەر ئەوەبێت وا هەست دەكەن نكۆڵییان لێدەكرێت، لەبەرچاو ناگیرێن، بەڵام من ئەو هەستەم نییە. هەست دەكەم ئەو كەسە دەستخۆشیم لێدەكات و بە زمانێكی تایبەت پێم دەڵێت بەرهەمەكەم ئەوەندە بەهای هەبووە كە ئەویش حەزی كردووە یان كۆپی بكات یان بەهەمان شێوە وێنەیەكی هاوشێوەی بكێشێت. بەهەرحاڵ من لەم رووەوە ئەمە بە نیشانەی زیندوویی بەرهەمێك دەزانم و ئەوەش دەزانم سەرچاوەی سەرەكیی هەرگیز نكۆڵیی لێناكرێت، تەنانەت دە ساڵ یان بیست ساڵیش كەس لێی نەپرسێتەوە و تۆزی لێ بنیشێت.

رێك وەكو شیعرەكانی (شەهرامی شەیدایی- شاعیر و نووسەر و وەرگێڕێكی ئێرانییە) كە هەم وەكو ناوەڕۆك و خەمەكانی و وێنە جوان و نوێكانی بەڵام بەشێوەیەكی سەیر فەرامۆش دەكرێ و بێدەنگیی لێ دەكرێت. ئەم بێدەنگییانە دەشكێنرێن چونكە هەر ساتەوەختە و هەر زەمەنە عاشقانی نوێی ئەدەب دێنە ئاراوە و عاشقانی نوێ دەچن لێكۆڵینەوە دەكەن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان بڵاودەكەنەوە و نیگاكان ئاراستەی شاعیرێك دەكەن كە ماوەیەكە فەرامۆش كراوە. هەڵبەتە ئەمەش رووداوێكی سەیر و سەمەرە نییە. فریدریك هوڵدەرلین دوای حەفتا و ئەوەندە ساڵ لە ئەڵمانیا دەخوێنرێتەوە، ئەویش لە رێگەی عاشقێكەوە بە ناوی مارتین هایدگەر. بەم پێیە نیگەرانی ئەو سوود لێوەرگرتنانە مەبن كە خۆی لە خۆیدا دیاردەیەكی نێگەتیڤ نییە و لە راستیدا جۆرێكە لە تەئیدكردنی توانا و دەسەڵاتی ئەوی دیكە و كاریگەریی ئەوە. بێگومان ئەدەب مەیدانی جەنگ نییە و ئەوەی نووسەرێك كارت تێبكات یان تۆ كار لە نووسەرێكی دیكە بكەیت شتێكی ئاساییە، كەس نییە بتوانێت لاف و گەزافی ئەوە لێبدات یەكسەر لە خەو هەڵساوە، هیچی نەخوێندۆتەوە، هیچی نەدیوە، هیچی نەبیستووە و یەكسەر دەستیپێكردووە. هەمیشە كەسانی تر دەستیان هەیە لە ئەزموونەكانی ئێمەدا. لەم رووەوە دەبێت ئەمە قبووڵ بكەین و شوكرانە بژێر بین و رێگای خۆمان تەی بكەین و دەست لەوە هەڵگرین كە ئینسانەكان بكەین بە دوو گروپەوە گروپێكی چاك و گروپێكی خراپ، گروپێكی كاریگەر و گروپێكی كارتێكراو.

*نوقتە. بێگومان نابێت هەمیشە قسە بكەیت و بەبێ هۆ درێژدادڕیی بكەیت.

سەرنج: ئەم بابەتە ناوی نووسەری لەسەر نییە، بەناوی (مدیریت)ی گۆڤارەكەوە نووسراوە.

سەرچاوە: cafecatharsis.ir

print

 179 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*