سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » بۆیە کۆنگرەمان بەست تا ئەمە کۆتایی بێت

بۆیە کۆنگرەمان بەست تا ئەمە کۆتایی بێت

بنکەی جەماوەریی و دڵسۆزانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم چەند ساڵەی دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق بەگشتی و دوای نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال-یان بە نیگەرانی لە قسە و قسەڵۆک و رەدو بەدەلی باڵە جیاجیاکان و گرەو و فاڵی نەیار و رکابەرەکان بەڕێکرد، تا ئەوکاتەی کە کۆنگرەی نوێبوونەوە بەسترا.

ئەو بنکە جەماوەرییە دڵخۆش و خاترجەم بوون بەتایبەتی دوای ئەوەی کە کۆنگرە بەسترا و هەموو ئەو فاڵ و گرەوانە شکستیان هێنا کە بۆ چارەنووسی رۆژانی کۆنگرە و دوای کۆنگرە دەکران و گوایە بەشێک بەشداریی کۆنگرە ناکەن، لەناو کۆنگرە دەبێتە شەڕ و دەمەقاڵە و ئینشیقاق دروست دەبێت، یان هەندێک خەوی ئەوەشیان دەبینی کە دەبێتە شەڕە تەقە و پێکدادان، بەڵام ئەوەی ئاهێکی بەبەر بنکە جەماوەرییەکەدا هێنایەوە، سەرکەوتنی کارەکانی چوارەمین کۆنگرە بوو کە نەک هیچ لەوانە روویان نەدا، بەڵکو سەرکردایەتییەک و پەیڕەو و پرۆگرامێکی نوێش هاتەکایەوە و یەکێتی گەنجکرایەوە و هێشتاش هەنگاوەکانی گەنجکردنەوە و نوێبوونەوە کۆتایی نەهاتووە و بڕیارە بەم نزیکانەش نوێبوونەوەکە ئۆرگانەکانی دیکەی وەک مەکتەب و مەڵبەندەکان بگرێتەوە.

بۆخۆم وەک کادرێکی ئەو حزبە نە ئەوسا و نە ئێستاش پێموانەبووە و پێموانییە کە نەیاران و ناحەزانی یەکێتی بێدەنگ بن لە هیچ هەنگاوێک، باش بێت و خەڵک پێی دڵخۆش بێت، دەستبەجێ پڕوپاگەندەیەکی بۆ دادەتاشرێت، خراپیش بێت ئەوا کێچێک دەکەنە گایەک، بۆیە هەرگیز نە بە دەهۆڵ و زوڕنای ئەوانە هەڵپەڕیوم و نە خەمباریش بووم.

ئەوەی من و کادرە دڵسۆز و عەقائیدییەکانی یەکێتی خەمبار دەکات، ئەو مشتومڕە بێ لەزەتەی نێوان خودی سەرکردە و کادر و میرزاکانی دەوروبەری بەرپرسەکانی یەکێتییە کە بەگوێرەی مەزاجی خۆیان و ئاستی پەیوەندیی نێوان خۆیان یان بەرپرسەکانیان لەدژی یەکتریی دەیڵێن و دەیهۆننەوە، چونکە ئەم مشتومڕ و حەنە حەپەشی بێتامانەی کە لە سۆشیال میدیاو پەیجە سێبەر و بەرخۆرەکانی ئەو بەرپرسانە و میرزا قەڵەم بەدەستەکانیانەوە بڵاودەکرێتەوە، بەشێکە لەو ئاوەی دەکرێت بە ئاشی نەیاران و ناحەزانی یەکێتیدا.

بەبڕوای بەندە بەرلە چوارەمین کۆنگرە، پاساوێک هەبوو ئەویش ئەوەبوو کە سیاسەتی جەمسەرەکان و کوتلەکان ئەو دۆخەی دروستکردووە و دەکرێت بەشێک بێت لە هەڵمەت و ریکلامکردنی سەرکردەی کوتلە و جەمسەرەکان بۆ خۆیان و حاشیەکەیان تا بتوانن جڵەوی کۆنگرە و بەستن و نەبەستن و داڕشتنی پەیڕە و پرۆگرام لە دەستی خۆیاندا بهێڵنەوە، بەڵام لەدوای کۆنگرەوە کە بەبڕوای من تا ئێستا سەرکردایەتیی نوێ باشیان هێناوە و چەند ئۆرگانێک هەیە بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە هەڵە و پەڵە لەئاستە جیاجیاکانی حزبدا، ئیدی کاتی ئەوەیە لێپێچینەوە لەو کەس و سەرکردەو کادرو بەرپرسانە بکرێت و بە گوێرەی پەیڕەو سزا بدرێن کە ئامادەنین لەبەرامبەر رکابەر و نەیار و ناحەزەکانی یەکێتی یەک وشە بنووسن و بڵاوبکەنەوە، بەڵام لەبەرامبەر رەفتار و گوفتاری هەڤاڵەکانیان لە ناوخۆی حزبدا هەمیشە (لەسەرپێ) ن و ناهێڵن یەک خولەک بخایەنێت دەکەونە سەنگەرگرتن لە یەکتری.

ئیدی کاتی ئەوەیە سەرۆکایەتیی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێ دەستبکەن بە گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر هەموو ئەو کادر و سەرکردانەی یەکێتی کە بەوجۆرە رەفتار دەکەن، تا تەشەنەی نەکردۆتەوە لێرەدا رایبگرن.

بەندە لەسەر رێبازەکەی مام بڕوای تەواوم بە ئازادیی رادەربڕینە تەنانەت بە جنێویشەوە بە یەکێتی و هەرگیز داوای ئەوە ناکەم کۆت و بەند بخرێتە سەر ئازادی، بەڵام کە من یەکێتی و شێوازی ئیدارەدانی و کارەکتەرەکانیم بە دڵ نییە و لەگەڵ هەمووی ناکۆکم، باشتر وایە ماڵئاوایی لەو حزبە بکەم و لە دەرەوە چی دەڵێم با لێپرسینەوە و لێپێچینەوەم لێ نەکرێت، بەڵام ناکرێت دژی هەموو پرەنسیپەکانی حزبەکەشم بم، بەڵام لە پێناوی پلە و ئیمتیازات لەناویدا بمێنمەوە و تانەو تەشەری لێبدەم.

وشەکانم بە قسەیەکی سەرۆک مام جەلال کۆتایی پێ دەهێنم کە لەیەکێک لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ مەڵبەندەکان و مەکتەبی رێکخستن لە ساڵی 2007 لە هۆڵی شەهید شیهاب لە قەڵاچوالان وتی: «کادر و ئەندامی هۆشیار ئەو کەسەیە کە لەناو کۆبوونەوە حزبییەکاندا رەخنە دەگرێت و خۆی لە ماستاو دەبوێرێت، بەڵام لە دەرەوە کار بۆ راکێشانی خەڵک دەکات بۆ حزبەکەی». دیارە من قسەم لەسەر حزبەکەی خۆمە و دەڵێم بەداخەوە ئێستا لە زۆرێک لە کۆبوونەوە حزبییەکاندا کادران و ئەندامان وەسف و سەنای حزب و سەرکردەکان دەکەن، بەڵام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و مەجلیسی چایخانە و دیوەخاندا قسە بە حزب و سەرکردەکان دەڵێن، یان نهێنیی دەدرکێنن یان ئەگەر نهێنیش نەبێت بوختان هەڵدەبەستن و ئەوەش دەماو دەم دەڕوات و لەناو هاووڵاتیی ئاساییدا دەبێتە ئەمری واقیع ، چونکە لەدەمی کادرێکی یەکێتییەوە گوێیان لێ بووە، بۆیە سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی تکایە سنوورێک بۆ ئەمە دابنێن، چونکە کۆنگرەمان بەست تا ئەمە نەمێنێت.

print

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*