سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئیمارات له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئینچه‌رلیك-دایه‌ له‌ توركیاوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی

ئیمارات له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئینچه‌رلیك-دایه‌ له‌ توركیاوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی

دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئسرائیل به‌ نێوه‌ندگیریی ئه‌مریكا ‌و ئیمزاكردنی چه‌ند گرێبه‌ستێكی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ‌و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی خۆنزیككردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی ‌و حكوتی واشنتۆن، ئیمارات ده‌یه‌وێت له‌ رێی وتوێژه‌كانیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (په‌نتاگۆن)، بنكه‌ی سه‌ربازیی ئینچه‌رلیك، كه‌ سه‌ربازانی ئه‌مریكای لێ نیشته‌جێن، بگوازێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی ‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، محه‌مه‌د بن زاید حاكمی ئه‌بوزه‌بی، له‌گه‌ڵ په‌نتاگۆن له‌ وتوێژدایه‌.

پلانی ئیمارات
ئامانج له‌م هه‌نگاوه‌ بن زاید، تۆكمه‌تركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیماراته‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌مریكا، كه‌ به‌ رێگه‌یه‌ك ده‌یبینێت بۆ دانانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی ئه‌بو زه‌بی له‌ سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌، له‌ نێویشیاندا په‌یوه‌ندیی كه‌سیی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، پێشكه‌وتنه‌ تایبه‌ته‌كانی ئیمارات ده‌ركه‌وتن، كاتێك رێكه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئیمزاكرد، له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌كانی ئه‌بو زه‌بی له‌ لیبیا ‌و خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

له‌ هه‌مان كاتدا، ئیمارات پلان داده‌نێت بۆ پڕۆژه‌ی ستراتیژیی ئابووری ‌و سه‌ربازیی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌نتاگۆن ‌و دامه‌زراوه‌ ئابووری ‌و داراییه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا له‌ كه‌ناره‌كانی یه‌مه‌نی باشوور ‌و له‌ چه‌ند دوورگه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌، له‌ نێویشیاندا دوورگه‌ی سوقته‌ری.

ئه‌مریكا ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی تاوتوێ ده‌كات
پێشتریش، سیناتۆرێكی دیاری ئه‌مریكا جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌نقه‌ره‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی ئینچه‌رلیك له‌ توركیا، تاوتوێ ده‌كات.
رون جۆنسۆن سیناتۆر له‌ ویلایه‌تی ویسكۆنسین ‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، وتی: نازانین چی به‌سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانیی ئینچه‌رلیكدا دێت، به‌ڵام ده‌بێت پلانێك بۆ خراپترین سیناریۆ دابنێین.

ئه‌و سیناتۆره‌ ئه‌مریكییه‌ روونیشیكرده‌وه‌: واشنتۆن ده‌یه‌وێت هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ‌و بوونی هێزه‌كانی له‌و وڵاته‌، بپارێزێت. وتیشی: پێمان خۆش نییه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ستراتیژییه‌ بكه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌ڵوێستێكی به‌رگریكارانه‌وه‌ ده‌بێت سه‌یری ئه‌و واقیعه‌ بكه‌ین، كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا گرتوویه‌تییه‌به‌ر.

به‌كارهێنانی بنكه‌ی ئینچه‌رلیك
جێی ئاماژه‌یه‌، هێزی ئاسمانیی ئه‌مریكا، بنكه‌ی ئینچه‌رلیك له‌ باشووری توركیا به‌كارده‌هێنێت بۆ لێدانی رێكخراوی داعش ‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌ له‌ سوریا، به‌ڵام له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا، سه‌رۆكی توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی كۆتاییهێنانی به‌ مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا كردووه‌ له‌و بنكه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌، میدیاكان

 268 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*