سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » له‌ شیعری هه‌ردوو شاعیر (ڕه‌فیق سابیر و جه‌وهه‌ر جه‌لال)دا

نامه‌ی دڵداری وه‌ك هه‌وێنی شیعر

له‌ شیعری هه‌ردوو شاعیر (ڕه‌فیق سابیر و جه‌وهه‌ر جه‌لال)دا

بوار نووره‌دین

نامه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می داهاتنی نووسینه‌وه‌، هۆكارێكی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌كان، گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا، كاروباری سیاسی و ئابووری، هه‌روه‌ها ئامرازێكی تایبه‌تی په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستیی دڵدارانیش بووه‌. به‌شێكی زۆری شاعیران، تێكسته‌كانیان نامه‌ی شیعری بوون و له‌به‌ر نه‌بوونی هۆكاری په‌یوه‌ندی و نه‌گه‌یشتنی نامه‌كان به‌ مه‌عشووقه‌كانیان، ته‌نها وه‌ك تێكستێكی شیعری ماونه‌ته‌وه‌ و زۆر به‌ كه‌می وه‌ك نامه‌ش ئه‌ژماركراون، بێگومان زۆربه‌شیان به‌ بێ ئاكامی ماونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها به‌گوێ و دیده‌ی مه‌به‌سته‌كانیان )مه‌عشووق (نه‌گه‌یشتوون، ئه‌وانه‌شی بۆ كه‌سانی ئاسایی، هاوڕێ و دۆست و هاوه‌ڵان نووسراون، زۆربه‌یان گه‌یشتوون . له‌ ئه‌ده‌بی كلاسیكی كوردیدا، نامه‌كه‌ی نالیی مه‌زن و وه‌ڵامی سالمی جواننووس، كه‌ به‌ دوو نامه‌كه‌، یان دوو چامه‌كه‌ی نێوانیان ناودێركراون، دیارترین نامه‌ی شیعریی شیعر و ئه‌ده‌بی كوردین، زۆرترین لێكۆڵینه‌وه‌شیان له‌باره‌وه‌ كراون، بێگومان ئه‌و دوو نامه‌یه‌ش، هه‌ست و سۆز، گله‌یی و گازنده‌ی نێوانی ئه‌و دوو شاعیره‌ مه‌زنه‌ی كورد بوون . له‌ ئێستای سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و فراوانی په‌یوه‌ندییه‌كاندا، ده‌توانین به‌ چه‌ند جۆرێك نامه‌ بنێرین، وه‌ك: ته‌له‌فوون، مێسنجه‌ر، ئینستاگرام، ڤایبه‌ر و ئه‌وانی دیكه‌ش، زۆریش به‌ لامانه‌وه‌ ئاسایین و هیچ هه‌ست به‌ بایه‌خ و گرنگییه‌كانیشیان ناكه‌ین، كه‌ پێش په‌یدابوونی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه‌، زۆر پێویست بوون و به‌ زه‌حمه‌تی زۆریش ئه‌و ئه‌ركانه‌ پڕ كراونه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ پێش ڕاپه‌ڕینی 1991 دا، هه‌زاران ڕه‌نج و تێكۆشان و قوربانی له‌ پێناوی ناردن و گه‌یاندنی نامه‌كانی نێوان شار و شاخ، ڕێكخستن و حیزبه‌كاندا دراون، سه‌دان كه‌سیش به‌ نامه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و زۆربه‌شیان له‌ سێدراوه‌دراون.
******
ساڵی 2017 ، كه‌ دیوانه‌ شیعرێكی هاوڕێی ئازیزم جه‌وهه‌ر جه‌لال به‌ ناونیشانی (وه‌رزی لێوه‌كانت) ده‌رچوو، له‌ فه‌یسبووك له‌سه‌رم نووسی و سه‌رنجێكم وه‌ك خاڵێكی تایبه‌ت و دیاریكراو، به‌ نموونه‌ هێنایه‌وه‌ و نووسیومه‌: جه‌وهه‌ر له‌ چیرۆكی پێشه‌كییه‌كه‌ی لاپه‌ڕه‌ 7 دا، به‌شێك له‌ به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ بیره‌وه‌ریی من و زۆری دیكه‌ش بوون، نووسیویه‌تی : «كه‌عه‌شق ڕژایه‌ دڵی ئێمه‌ی تازه‌پێگه‌یشتوو، جگه‌ له‌ خه‌یاڵ و خه‌ون و گه‌ڕان به‌ شوێن سه‌رابدا، چی تری لێ سه‌وز نه‌بوو، من و هاوڕێكه‌م، له‌ خه‌یاڵی خۆماندا، هه‌ر یه‌كه‌مان، كچێكمان كردبووه‌ دڵداری خۆمان، ئه‌و كچانه‌ ئاگایان له‌ هیچ نه‌بوو، نه‌ده‌شیانزانی ئێمه‌ین ناویان له‌سه‌ر قه‌دی دره‌خته‌كان هه‌ڵده‌كۆڵین! من نامه‌یه‌كم بۆ نووسیبوو، نه‌مده‌وێرا بیده‌مێ و نه‌ دڵیشم ده‌هات یه‌كجاری بیدڕێنم و له‌ كۆڵ خۆمی بكه‌مه‌وه‌، چه‌ندین جار، له‌سه‌ر كاغه‌زێكی نوێ ، ده‌منووسییه‌وه‌و ده‌مخسته‌وه‌ گیرفانم، تاكه‌ كه‌سیش، كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ ده‌خوێنده‌وه‌، هه‌ر خۆم بووم . «
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ كتێبی (ڕوانین له‌ بوولێڵدا)ی ڕه‌قیق سابیردا، لاپه‌ڕه‌ 287 دا نووسراوه‌: له‌قۆناغی خوێدنی ناوه‌ندیدا، ڕه‌فیق سابیر عه‌شقی كچێك ده‌بێت، به‌ شیعر نامه‌یه‌كی له‌باره‌ی هه‌ستی خۆی و خۆشه‌ویستیی خۆیه‌وه‌ بۆ ده‌نووسێت، به‌ڵام هه‌رگیز جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نابێ نامه‌كه‌ی بداتێ، ڕه‌فیق سابیریش ده‌ڵێ : «ماوه‌یه‌كی زۆر نامه‌كه‌ له‌ گیرفانمدا مایه‌وه‌، نامه‌كه‌ ده‌گه‌چڵاو كه‌مێك ده‌پووكا، زیاتر له‌ شه‌ش جار نامه‌كه‌م نووسییه‌وه‌، هه‌ر جارێك كه‌ ده‌مویست نامه‌كه‌ بده‌م به‌ كچه‌كه‌، ترسێكی ته‌واوم لێ ده‌نیشت و نه‌مده‌وێرا نامه‌كه‌ ده‌ربێنم، بۆیه‌ هه‌ر نه‌متوانی ئه‌و هه‌سته‌می پێ بڵێم «.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی ئه‌و نامه‌ شیعرییه‌ ده‌ڵێت: «دواتر براده‌رێكم كه‌ ئه‌و كاته‌ پێكه‌وه‌ له‌ پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندی بووین، دڵی به‌ كچێكدا چووبوو، داوای لێكردم، كه‌ نامه‌یه‌كی دڵداری به‌ شیعر بۆ بنووسم، منیش نامه‌كه‌م دا به‌ ئه‌و، ئه‌و له‌ من ئازاتر بوو، نامه‌كه‌ی دا به‌ كچه‌كه‌ و نامه‌كه‌ وه‌ك نوشته‌ و سیحر، كاری خۆی كرد. دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی عاشقبوون له‌و ته‌مه‌نه‌دا مه‌رج نییه‌ زۆر سه‌قامگیر بێت، منیش له‌و كاتانه‌دا بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌رسامیی ئه‌و كچه‌ قه‌ڵادزێییه‌ بووم، دوای ئه‌و، نامه‌ی شیعریم بۆ هیچ كچێكی دی نه‌نووسی، به‌ڵام جارجاره‌، كه‌ هه‌ندێك هاوڕێ داوایان لێ ده‌كردم، له‌ جیاتیی ئه‌وان، به‌ شیعر نامه‌ی دڵداریم بۆ ده‌هۆنینه‌وه‌، خۆم كه‌سم نه‌بوو نامه‌ی بۆ بنووسم، به‌ڵام هه‌ندێك جار وه‌ك ئه‌رزوحاڵنووسی عاشقانم لێ هاتبوو، هه‌ندێكیان له‌ من ئازاتربوون و نامه‌كه‌یان ده‌دا به‌ دڵداره‌كانیان «.
له‌ كۆتاییدا ده‌نووسین:
یه‌كه‌م: ڕه‌فیق سابیر و جه‌وهه‌ر جه‌لال، ئه‌و دوو شاعیره‌ن، كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێوه‌ ده‌ستیان به‌ شیعر نووسین كردووه‌ و هه‌ردووكیشیان، له‌سه‌ر یه‌ك سكه‌ی عه‌شقه‌وه‌، به‌ره‌و شیعر نووسین هه‌نگاویان ناوه‌ .
دووه‌م: ده‌بێ چه‌ندین شاعیری دیكه‌ی كورد، نامه‌ی شیعرییان بۆ مه‌عشووقه‌كانیان نووسیبێت و توانای گه‌یاندنیان نه‌بووبێت؟
سێیه‌م: هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، زۆربه‌ی نامه‌كانی دڵداری، به‌ مه‌عشووقه‌كانیان نه‌گه‌یشتوون و به‌ ناكامی سه‌ریان ناوه‌ته‌وه‌، بێگومان وه‌ك داخ و كه‌سه‌رێكی گرانیش، له‌ دڵ و ده‌روونی شاعیرانی بنووسدا، نووستوون و ڕه‌نگه‌ له‌ گۆڕیشدا خه‌به‌ریان نه‌بووبێته‌وه‌ .
چواره‌م: نه‌گه‌یشتنی نامه‌كانی شیعری، هۆكارێكی به‌هێز و دیاری شاعیربوون بووه‌، كه‌ له‌ ئێستادا، به‌ ئاستێكی زۆر ئه‌و ئه‌ركه‌ی نه‌ماوه‌ و مه‌عشووقه‌كان، كه‌ڵك له‌ هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیی ته‌كنه‌لۆژیایی وه‌رده‌گرن و ڕه‌نگه‌، هه‌وڵی شاعیربوونیش نه‌ده‌ن .
بۆ زانیاریی زۆرتر بڕوانه‌:
-جه‌وهه‌ر جه‌لال، وه‌رزی لێوه‌كانت شیعر، چاپی یه‌كه‌م، چ (كارۆ)، سلێمانی، – 2017.
-ڕه‌قیق سابیر، ڕوانین له‌ بوولێڵدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپه‌مه‌نی مانگ ئێران، – 2015.
-عه‌لادین سه‌جادی، دوو چامه‌كه‌ی ناڵی و سالم، چاپی یه‌كه‌م، چ(مه‌عاریف)، به‌غدا، 1973.
-ساجید ئاواره‌، نامه‌ی ژیان دوو چامه‌كه‌ی كه‌مالی و ناتیق له‌ ژێر تیشكی دوو چامه‌كه‌ی نالی و سالمدا، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای ڕۆشنبیری -و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، چاپی یه‌كه‌م، چ (ئیرشاد)، به‌غدا، 1985.
-كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌ممه‌د (بابی لالۆ)، ئه‌ده‌بی نامه‌ نووسینی كوردی جزمی – 1 و 2 ، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، چ(و په‌روه‌رده‌)، هه‌ولێر، – 2004.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*