پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌كان و پێشوازیی لێكردنی له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه، نیشتمانی سارا دووه‌م رۆمانی بڵاوكراوه‌ی رۆماننووس میران ئه‌براهام-ه، كه له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا دووجار رۆمانه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه. ناوبراو له‌م دیداره‌دا ده‌رباره‌ی رۆمانه نوێكه‌ی قسه‌مان بۆ ده‌كات.
سازدانی: شاخه‌وان سدیق
*وه‌ك ده‌ڵێن هه‌میشه نووسین په‌یوه‌ندی به‌ڕابردووی نووسه‌ره‌وه هه‌یه و له‌ناو نووسیندا نووسه‌ر ده‌یه‌وێت باس له‌ڕابردووی خۆی بكات، به‌تایبه‌ت شكسته‌كانی، سه‌ره‌تاكانی نووسین لای تۆ چۆن بوون؟ بۆ ویستت بنووسیت؟ به‌دیاریكراوی تۆ له‌نووسیندا به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێی؟
+بێگومان ئه‌و قسه‌یه راسته، نووسین په‌یوه‌ندی به‌ڕابردووی نووسه‌ره‌وه هه‌یه، چونكه نووسه‌ره‌كانیش وه‌كو مرۆڤه‌كانی تر كه‌ره‌سته‌ی رابردوویانن. من له منداڵیمه‌وه به‌رده‌وام به‌دوای فۆرمێكی هونه‌رییدا گه‌ڕاوم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له‌و رێگایه‌وه هه‌ست و خه‌ونه‌كانم ده‌رببڕم، باوه‌ڕم وایه كه هه‌ندێك منداڵ هه‌ر له‌سروشته‌وه توانای هه‌سته‌كانیان له‌وانی تر جیاوازتره و له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ست به‌و جیاوازییه ده‌كرێت. ئه‌وانه‌ی نزیكم بوون یان مامۆستاكانی قوتابخانه‌م هه‌ندێكجار شایه‌تی ئه‌وه ده‌ده‌ن، كه من له‌خوار ته‌مه‌نی ده ساڵ، به‌رده‌وام ره‌سمم كردبوو، یان هه‌ندێك جار لهههڵبهستن و گێڕانه‌وه‌دا به‌هره‌مه‌ندبووم، ئه‌وه‌ی خۆیشم له‌بیرم بێت، كه چیرۆكی كه‌سانی ترم ده‌ستكاری ده‌كرد و به‌ده‌ستوخه‌تی خۆم ده‌منووسییه‌وه و ناوی خۆمم ده‌خسته سه‌ریان و به‌رده‌وام بۆ خۆمم ده‌خوێندنه‌وه، دیاره به‌وه‌یش دڵنه‌وایی خۆمم داوه‌ته‌وه كه منیش ده‌توانم بنووسم، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می منداڵیمدا به‌رده‌وام به‌دوای په‌نایه‌كدا گه‌ڕاوم، كه خۆمی لێ حه‌شار بده‌م، چونكه هه‌رده‌م ترسێك له‌ناو رۆحی مندا بوونی هه‌بووه، ترسێك كه فۆرمێكی ئه‌بستراكتی هه‌یه، له‌منداڵیمه‌وه گه‌لێك پرسیارم هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ی له‌كوردستان یان گلۆباڵ روویانداوه، یه‌كێك له‌وانه‌ی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر رۆحم هه‌بووه و گه‌وره‌كان نه‌یان توانیوه وه‌ڵامم بده‌نه‌وه، رووداوی تاوانه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و ساڵانی هه‌شتاكانه، له‌رێگای بینین و بیستن و توانای ته‌واوی هه‌سته‌كانمه‌وه تاوه‌كو ئه‌مڕۆیش به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێم، بێگومان ئه‌و فۆرمه هونه‌رییه‌ی من ئێستا په‌نام پێ بردووه بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌سته‌م به‌رانبه‌ر به‌و رووداوانه ته‌نها نووسینه، كه له‌بواری نووسینیشدا من پێویستیم به پانتایی زیاتر هه‌یه تاوه‌كو بتوانم مه‌به‌ستی خۆم بگه‌یه‌نم و چه‌ندین فۆرمی هونه‌ری تر وه‌كو كه‌ره‌سته به‌كاربێنم بۆ خوڵقاندنی ئه‌و فه‌زایه، كه ئه‌ویش فۆرمی هونه‌ری رۆمانه.
*چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا رۆمانی شهوگهڕهكانت بڵاوكرده‌وه، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستاش رۆمانی نیشتیمانی سارا ئه‌گه‌ر له‌رووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه، بمانه‌وێت به‌راوردێك له‌نێوان هه‌ر دوو رۆمانه‌كه‌دا بكه‌ین، به‌تێڕوانینی خۆت ده‌توانین چۆن ئه‌و بهراوردهبكهین؟
+ئه‌م دوو رۆمانه له‌فۆرم و ناوه‌ڕۆكدا جیاوازن، بێگومان خوێنه‌رێكی ئاساییش هه‌ست به‌وه ده‌كات، به‌ڵام وه‌كو ته‌كنیكی نووسین جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، چونكه من به‌و شێواز و فۆرمی نووسینه راهاتووم و بۆخوێنه‌ری كورد به‌گونجاوی ده‌زانم، هه‌روه‌ها من سه‌رنجم له‌سه‌ر گه‌یاندنی مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكهكانمه، نه‌وه‌ك مه‌ته‌ڵ لهخوێنهرهكانم دابێنم و لایان ئاڵۆز بكه‌م، چونكه من له‌فۆرمی هونه‌ری رۆمان‌دا چیرۆكی ریالیستی و مێژوویی ده‌گێڕمه‌وه، هه‌موو كاره‌كته‌ری ناو چیرۆك و رۆمانه‌كانی من مرۆڤی ئاسایین و پێده‌چێت خه‌ڵكی هه‌موو جێگایه‌ك بن و له‌هه‌موو جێگایه‌ك رێكهوتیان بكه‌یت.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌و دوو رۆمانه‌دا بكه‌ین، لێكچوون له‌نێوان ئه‌م دووكاره هونه‌رییه‌دا ئه‌وه‌یه، من هه‌رده‌م به‌دوای جۆرێك له‌ئازادیدا ده‌گه‌ڕێم، جۆرێك له‌ئازادی كه له‌سێبه‌ری كارێكی هونه‌ریدا خۆی مه‌ڵاس دابێت، یان به‌واتایه‌كی تر كارێكی هونه‌ری كه ته‌واو بهواتاكانی ئازادی بارگاوی بووبێت، ئه‌گه‌ر له‌هونه‌ری شێوه‌كاریدا له‌سێبه‌ری فۆرم و ناو ره‌نگه‌كاندا بێت ئه‌وا له‌ناو نووسینه‌كانی مندا له‌سێبه‌ری پیت و ناو وشهكاندایه، له‌و پێناوه‌یشدا من لهنووسینهكانمدا به‌رده‌وام خه‌ریكی تێكشكانی رابردووم و سه‌رله‌نوێ له‌فۆرمێكی نوێ‌دا دایان دهڕێژمهوه، چونكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه پێویسته، هه‌روه‌ها شكاندنی پیرۆزییه‌كانی ناو مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌م كه به‌ئاشكرا له‌رابردوودا كۆسپبوون له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ئازادی.
بۆ نموونه له‌رۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌كاندا، نه‌وه‌ی نوێی ئه‌وروپا شه‌وێك دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌یانه‌یه‌كی شه‌وانه، پێكهوهكوڕ و كچیان به‌بێ شه‌رم و گوێدانه یاساورێساكانی كه‌نیسه و جیاوازی نێوان نێر و مێ، میز به‌سنووره ده‌ستكرده‌كانی ئه‌وسای ئه‌وروپادا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌رۆمانی نیشتمانی سارا‌دا ده‌یان نموونه‌ی له‌و جۆره‌ی تێدایه.
*رۆمانی(نیشتمانی سارا) چیرۆكه‌كه‌ی پێیه‌كی له‌ناو یاده‌وه‌ریدایه و پێكه‌ی تری له‌ناو مێژوودا، ده‌كرێت پێمان بڵیت، تۆ له‌م كارهتا یاده‌وه‌ریت له‌خزمه‌ت گێڕانه‌وه‌ی مێژوودا به‌كارهێناوه، یان گێڕانه‌وه‌ی مێژووت وه‌ك ته‌كنیك بۆ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانت به‌كارهێناوه و سوودت لێبینیوه؟
+تێكستی ئه‌ده‌بی نووسینه‌وه‌ی مێژوو نییه، ئه‌و مێژووه‌ی هه‌موومان بیستوومانه، به‌ڵام لهبهرههرهۆكارێك بێت به‌موڵكی خۆمانی نازانین، هه‌روه‌كو چۆن تاكی كورد كاریگه‌ریی دین پشتی پێ كردۆته سه‌جه‌ره‌ی خۆی، هیچ شتێك له‌م دونیا و له‌نیشتمانه‌كه‌ی خۆیدا به‌موڵكی خۆی نازانێت، هیچ شتێك تۆمار ناكات و ته‌نانه‌ت پارێزگاری له‌ئاسه‌وار و مێژووی خۆیشی ناكات، به‌ڵام ئێستا وه‌كو پێویست زمان بۆمان وێنا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌فۆرمی هونه‌ری رۆمان‌دا، جیاواز له‌وه‌ی كه رووداوه‌كان چۆن روویانداوه، رووداوه مێژووییه‌كان دێنه‌وه ناو زمان و زمانیش وه‌كو كه‌ره‌سته بۆ خوڵقاندنی فه‌زای ناو رۆمانێك به‌كاریان دێنێت، لێره‌دا من هیچ ئیشم به‌نووسینه‌وه‌ی مێژوو نییه، بێگومان ئه‌و پرسیاره‌م زۆر لێده‌كرێت، داوام لێده‌كه‌ن كه بیسه‌لمێنم ئه‌وه‌ی نووسیومه راسته، من به‌دڵێكی فراوانه‌وه وه‌ری ده‌گرم و ده‌زانم خوێنه‌ر یان تاكی كورد چۆن په‌روه‌رده‌كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه لێیانناگرم. ئیتر ئه‌وه‌یش هێزی هونه‌ری نووسین و گێڕانه‌وه‌یه كاره‌كته‌ره‌كان سه‌رله‌نوێ ده‌خوڵقێنێته‌وه و ده‌وریان پێده‌داته‌وه، له رووداوه‌كانی ناو رۆمانی نیشتمانی سارا دا تێكستی ئه‌ده‌بی به‌كارناهێنم له‌پێناوی ستایشكردنی مێژوودا یان كه‌سێكدا یان باوه‌ڕێكدا، بێجگه له‌وه‌ی كهیادهوهرییهك وه‌بیر گه‌لی كورد دێنمه‌وه، له‌یاده‌وه‌ری ده‌رهێنراوه، هه‌روه‌ها ئێمه‌ی كورد ده‌بێت ئه‌وه فێرببین، كه نووسینه‌وه‌ی مێژوومان له‌پێناو مردووهكانماندا نه‌بێت، چونكه له رابووردوودا بگره ئێستایش ده‌نووسین له‌پێناوی زیندووراگرتنی مردووه‌كاندا، كه‌به‌ڕای من ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌بێت، نووسینه‌وه‌ی مێژوو پێویسته ته‌نها بۆ خزمه‌تی زیندووهكان بنووسرێت، هه‌روه‌ك چۆن له‌یاسادا نابێت بكوژێك سزا بده‌ین له‌پێناوی رازیكردنی دڵی كوژراوه‌كه‌دا، كه‌واته ده‌بێت یاسامان له‌خزمه‌تی زیندووه‌كاندا بێت، كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردوومان، یان له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی مێژووماندا، بۆ تۆخكرنهوهی ره‌نگی ئه‌وسا و پیرۆزكردنی ئه‌م و ئه‌و نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ هێنانی كه‌ره‌سته بێت، پێده‌چێت بۆ ئێستامان پێویست بێت، كه ئێمه‌ی كورد له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر زیاتر پێویستمان پێیه‌تی.
*له‌م رۆمانه نوێیه‌تدا به‌سه‌ره‌تایه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستپێده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ش بۆ راكێشانی خوێنه‌ر بۆ به‌رده‌وام بوون له‌خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ت گرنگه، تاچه‌ند گرنگی بهدهستپێك وه‌ك سیحری یه‌كه‌م و جادوو له‌خوێنه‌ر بۆ به‌رده‌وام بوون ده‌ده‌یت؟ فره‌ده‌نگی یان تاك ده‌نگی بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی رۆمانه‌كه تاچه‌ند ئه‌م بابه‌ته‌ت به‌لاوه وه‌ك ته‌كنیك گرنگه؟
+باوه‌ڕناكه‌م له‌كاتی نووسیندا خه‌یاڵم لای خوێنه‌ر بێت، چونكه له‌سه‌ره‌تاوه من ئاماژه‌م به‌وه‌دا كه له‌پێناوی نووسینه‌وه یان گێڕانه‌وه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانی خۆمدا ئه‌م فۆرمه هونه‌رییه‌م هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زیاتر نووسین به‌پێویست ده‌زانم، نه‌ك ته‌نها له‌پێناوی به‌تاڵ كردنه‌وه‌ی خۆمدا به‌ڵكو له‌پێناوی نووسینه‌وه‌ی مێژووی رووداوگهلێكدا كه پێویسته به‌جۆرێكی تر بنووسرێته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستپێكی رۆمانی نیستمانی سارا، به‌منداڵێكی جووی ته‌مه‌ن چوار پێنج ساڵ ده‌ست پێده‌كات، كه ئادیۆلۆژییهت دیوارێكی له‌نێوان گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئه‌ودا، كه جوله‌كانه و منداڵه‌كانی تری گهڕهكانی چوارباخ و سه‌رشه‌قامدا دروستكردووه، منداڵه‌كه ئه‌و دیواره نابینێت و به‌خه‌یاڵ رۆژانه ئه‌و سنووره ده‌به‌زێنێت و یاری له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كانی تردا ده‌كات، ده‌بێت به‌هاوڕێیان و به‌ناوی خۆیه‌وه بانگی ده‌كه‌ن، ئیتر به‌و كاره‌ی دڵی گه‌وره‌كان له‌خۆی ده‌ڕه‌نجێنیت، كه ئه‌مه‌یش خۆی بۆ خۆی به‌زاندنی سنووره و له‌دایكبوونی نه‌وه‌یه‌كی بێگه‌رده، كه هێشتا به‌په‌نای ئایدۆلۆژییه‌ت بارگاوی نه‌بووه. هه‌روه‌ها فره‌ده‌نگی یان تاك ده‌نگی بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ناو رۆمانه‌كان، له‌نیشتمانی سارا‌دا به‌پێویستم زانی، چوونكه گێڕانه‌وه‌ی سه‌د ساڵ مێژووی شارێك، ده‌نگ و ره‌نگی جیاوازی زۆری پیویسته و گێڕه‌وه‌كان له‌چه‌ند به‌شێكدا گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێت، چونكه چیرۆكی ئه‌و رۆمانه ته‌نها باس له‌ژیانی تاكه‌كه‌سێك ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه به‌پێویستم زانی ئه‌و كامێرایه‌ی وێنه‌ی رووداوه‌كانمان بۆ ده‌گوێزێته‌وه هه‌رجاره و له‌سه‌رشانی كه‌سێكی جیاوازبێت.
*ئه‌وه‌ی مێژوونووسان ناتوانن تۆماری بكه‌ن رۆماننووس له‌رێگه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بیه‌وه تۆماری ده‌كات. به‌بڕوای تۆ رۆمان ده‌توانێت چ رۆڵێكی گرنگ له‌ژیانی مرۆڤدا بگێڕێ؟
+ئه‌گه‌ر له‌وه‌وه ده‌ست پێبكه‌م كه خوێنه‌ری كورد زیاتر وه‌كو چاولێكه‌ری به ئه‌ده‌بی گه‌لانی تره‌وه سه‌رقاڵن، به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی، كه هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر توانای خه‌یاڵی ئه‌و نییه و به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی خوێنی ئه‌وه‌وه گوژم ده‌ده‌ن. مێژوونووسان به‌گشتی زۆر به‌ئامانه‌ته‌وه ده‌نووسن، به‌ڵام رۆماننووس به‌پێچه‌وانه‌وه، كه ده‌توانێت هه‌موو رووداوێك ره‌نگ و فۆرمی تری پێ ببه‌خشێت و روونتر له‌دیمه‌نێكی ناو كتێبێكی مێژوویی، وێنای رووداوه‌كان پیشانبدات، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یش گرنگتر خوڵقاندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه، كه‌خۆیان بۆمان بدوێن و لای ئێمه‌یش ئیدی ته‌نها ناوێك نه‌بن له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك كاغه‌ز. ئه‌وه‌ی مێژوو نووسانی ئێمه وتوویانه و تۆماریان كردووه، هه‌ڵبه‌ته من نابێت ره‌نج و ماندوو بوونی هه‌ندێك كه‌س سفر بكه‌م، چونكه ئێمه خاوه‌نی چه‌ند مێژوونووسێكی بێوێنه‌ین، به‌ڵام ئێمه هه‌ندێك كتێبی مێژوویمان هه‌یه له‌سه‌ر مێژووی شاری سلێمانی، پێویسته كۆبكرێنه‌وه و ئیدی پیشانی نه‌وه‌ی دوای ئه‌مڕۆمانیان نه‌ده‌ین، چونكه هه‌موویان له‌ژێر كاریگه‌ریی توێژاڵی دینیدا نووسراون، یان باشتره سه‌رله‌نوێ بنوسرێنه‌وه. رووداوه‌كانی ناوڕۆمانی نیشتمانی سارا، یان رووداوی ناو تابلۆكان، ئیتر هه‌ر كارێكی هونه‌ری تربێت، بۆ نموونه، دیمه‌نی رووداوه‌كانی ناو شیعره‌كانی شێركۆ بێكه‌س، كه له‌ئاستی دنیادا بێوێنه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا تاكی كورد په‌روه‌رده و توانای هه‌سته‌كانی نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئاستێكی باڵای به‌مرۆڤ بوون، ناتوانێت لێیانتێبگات و وه‌ك به‌شێك له‌ئازاره‌كانی خۆی سه‌یریان بكات، چونكه بێجگه له‌وه‌ی توێژاڵێكی ئایدۆلۆژیی له‌سه‌ر رۆحی رێگره، توانای بینین و بیستن و به‌ركه‌وتنی لاوازه و هونه‌ر به‌گشتی و به‌هه‌موو فۆرم و شێوازه‌كانییه‌وه، به‌تایبه‌تی هونه‌ری نووسینیش ناتوانێت هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌یاڵی ئه‌و هه‌بێت. پێویسته هه‌موومان ئه‌وه باش بزانین، كه گوتاری دینی عه‌ره‌بی له‌پشت گۆڕین و كه‌م كردنه‌وه‌ی به‌های ئه‌و رووداوانه‌وه‌یه، ئیتر ئه‌نفال بێت یان رووداوه‌كانی پێشتر، كه هه‌موویان له‌ناو تێكست و فه‌زای رۆمانێكی وه‌كو نیشتمانی سارا‌دا یان رۆمانه‌كانی تردا به‌شێكن لهكوردبوون.
*له‌م رۆمانه نوێیه‌تدا به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رگوزشته مێژووییه‌كانی پیاوماقوڵانی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌رییه‌وه كه هه‌میشه باسیان له‌پێكه‌وه‌ژیان و په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو ئایینه جیاوازه‌كان كردوه له‌شاره‌كه‌دا تۆ قسه‌ی نوێ ده‌گێڕیته‌وه به‌وه‌ی ئازاری(جوله‌كه)كانی شاره‌كه دراوه. ئه‌مه وه‌ك مێژوو راسته؟ یان تێڕوانینی خۆته؟
+رووداوه‌كانی ناو رۆمانی نیشتمانی سارا به‌شێكه له‌پارچه‌یه‌كی سڕاوه و لهیادكراوی ناو نیشتمانی راسته‌قینه‌ی هه‌موومان كه ناوی كوردستانه، ئه‌وه‌ی نكۆڵی له‌م راستییه بكات ئه‌وه خۆڵ ده‌كاته چاوی نه‌وه‌ی ئێستا و ئه‌و كه‌سه له‌ژێر كاریگه‌ری په‌تای ئایدۆلۆژیدایه و بۆ وه‌رگرتنی پاداشتی هه‌ریسه‌ی قیامه‌ت یاری به‌واتای نه‌ته‌وه و ویژدانی تاكی كورد ده‌كات، دیمه‌نه‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه سه‌ر له‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو كۆڵانه‌كانی ئه‌وسای شاره‌كان، پێشتر باسی ئه‌وه‌مان كرد، كه به‌شێك له مێژووی ئێمه زۆر شه‌رمنانه نووسراوه‌ته و مێژوویه‌كه ته‌نها به‌شان و باڵدا هه‌ڵده‌دات و ته‌نها مێژووی پاڵه‌وانه‌كان. ئایا رووداوه‌كانی ناو رۆمانی نیشتمانی سارا راسته یان به‌رهه‌می خه‌یاڵی خۆمن، ئه‌وه من خۆم به به‌رپرسیار نازانم بۆ سه‌لماندنی و ساخكردنه‌وه‌یان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئینكاری له‌وه ده‌كات كه گه‌ڕه‌كێك له‌سلێمانیدا ناوی جوله‌كان هه‌بووه و جووی تێدا ژیاوه، كه جیاواز سه‌یركراون و سه‌رانه‌یان لێ سه‌ندراوه و كه‌نیسه‌یان كراوه به‌مزگه‌وت، ئه‌وه دیاره و هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانین.
هه‌روه‌ها بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت، كه چیرۆكی ئه‌م رۆمانه به‌پێچه‌وانه‌ی قسه‌ی باو و سه‌رگوزشته مێژووییه‌كانی پیاوماقوڵانی شاری سلیمانیهوهیه، ئه‌وه ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت كه ئه‌و كه‌سایه‌تی و پیاو ماقوڵانه له‌وه باشتریان نه‌زانیوه یان ده‌رك پێنه‌كردووه. ده‌بێت هه‌ندێكجار پیرۆزییه‌كان تێك بشكێنین، بۆئه‌وه‌ی بتوانین بوێرین ده‌ستكاریان بكه‌ین، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ره‌خنه‌مان لیانههبێت.
*نیشتمانی سارا پێشوازی باشی له‌لایان خوێنه‌رانه‌وه لێكرا، بڕیاریشه به‌و زوانه چاپی دووه‌می بكرێته‌وه، به‌بڕوای خۆت هۆكاری ئه‌و باش خوێندنه‌وه‌یه‌ی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
+نیشتمانی سارا رۆمانێكه پێویسته بیخوێنینه‌وه، ئه‌وه ته‌نها قسه‌ی من نییه كه نووسهرهكهیم، هه‌موو تاكێكی كورد له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا پێده‌چێت خۆیی تێدا ببینێته‌وه، چونكه چیرۆكی ئه‌و رۆمانه، ناسنامه‌ی هه‌موومانه و به‌شێكه له‌ئێمه، وه‌ك چۆن گه‌ر له‌روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بییه‌وه لێی بڕوانین، ده‌بینین حه‌قیقه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان بیری جیاواز و دیانه‌ت و تێگه‌یشتن له‌ستایشی شارچێتی تاوه‌كو ئه‌مڕۆیش كاریگه‌ری خۆیان هه‌یه، كه ئێمه به‌رده‌وام گه‌لێك له كاره‌كته‌ره‌كانی نیشتمان له‌خاڵێكدا كورت یان بچووك ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌و بچووك كردنه‌وه‌یه تێنه‌گه‌یشتنی مرۆڤی ئێمه‌یه بۆ واتای نیشتمان، له‌مڕۆدا كتێبێكی وه‌كو نیشتمانی سارا، كه به‌واتایه‌كی تر نیشتمانی دایك ده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته وه‌كو رۆمانێك سه‌یری بكرێت، كه هه‌ڵگری شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌یه، چونكه رووداوه‌كانی ناو ئه‌م رۆمانه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن، كه خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا هه‌ست به‌خۆی ده‌كات و مێژووی خۆی و شاره‌كه‌ی و بگره نیشتمانه‌كه‌ی تێدا ده‌بینێت، خوێنه‌ر به‌ر كاره‌كته‌رێك ده‌كه‌وێت بێبه‌رانبه‌ر پابه‌نده به‌شار و خاك و نیشتیمانه‌وه، كه به‌هیچ جۆرێك دڵشكان نازانێت و له‌سروشته‌وه به په‌تای دین یان هه‌ر ئایدۆلۆژییه‌كی خوازراوی ده‌ره‌كی بارگاوی نه‌بووه.
521 جار بینراوە