سەرەکی » وتار » شێرزاد شێخانی » خۆشترين له‌حزه‌كانى ژيانى جاران

هەولێریات

خۆشترين له‌حزه‌كانى ژيانى جاران

هيچ كه‌سه‌ك نيه‌ له‌دونيادا حه‌زى له‌سه‌رده‌مى مندارى خۆى نه‌بى. ئه‌وه‌ش سوننه‌تى خودايه‌، به‌ران حه‌موو شته‌كيش سه‌به‌بى خۆى هه‌يه‌. ئه‌من پێموايه‌ لۆيه‌ دائيم حه‌زمان له‌سه‌رده‌مى منداريمانه‌، چونكى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هيچ مه‌سئووليه‌ته‌كمان له‌سه‌ر شان نه‌بوو، وه‌كى كوڕه‌پاشا پێمان له‌سه‌ر پێ داده‌ناو بابه‌كانمان ده‌چوون نانيان لۆمان په‌يدا ده‌كرد، نه‌ خه‌مى كاروكاسبيمان هه‌بوو، نه‌ خه‌مى دواكه‌وتن و پاشه‌كه‌فتى مووچه‌و، نه‌ خه‌فه‌تى بڕياره‌كانى حكومه‌ت به‌ ده‌وامى زۆره‌ملێ، نه‌قه‌هرى لێدوانه‌كانى مامۆستايانى زانكۆ له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزيۆن و سايته‌كان.

ئه‌و سه‌رده‌مه‌ حه‌موو حه‌وله‌كمان لۆ گه‌مه‌ى كۆرانان و چوونه‌ سينه‌ماو شه‌ڕه‌شه‌قى دواى به‌ربوونى مه‌كته‌ب بوو. بێجگه‌ له‌وه‌ش هه‌نده‌ك شت هه‌بوو كه‌ زۆر درمان پێيان خۆش ده‌بوو له‌وانه‌ش: كاته‌كى ماره‌ خار يان مامه‌كانمان ده‌هاتنه‌ مێوانى و له‌گه‌ر ئامۆزاو خارۆزاى هاوته‌مه‌نى خۆماندا شۆڕ ده‌بووينه‌وه‌ لۆ چايخانه‌و سينه‌ماكان، يانيش هه‌ر له‌پێش ده‌ركه‌يدا خه‌ريكى كه‌لايانێ وپه‌ليكانێ ده‌بووين.

خۆشترين هه‌ستى منداريمان ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ وه‌كى دكتۆر شێركۆ عه‌بدوڵڵا گۆته‌نى، وه‌ختى داكه‌كانمان پاره‌يان ده‌داينێ لۆ سه‌موون كڕينى، ئه‌مه‌ش ده‌چووين به‌و پاره‌يه‌ لۆ پێنج ده‌قه‌ پاسكيلمان به‌كرێ ده‌گرت و، دواييش به‌گريانه‌وه‌ ده‌هاتينه‌وه‌‌ مارێ و ده‌مانگۆت پاره‌كه‌مان لێ بزر بووه‌!.

ئه‌وجا كابرايه‌ك هه‌بوو ناوى مام جه‌بار بوو، براى مام حه‌يده‌رى به‌داملى فرۆشى پێش باته‌ى بوو، پاسكيله‌‌‌كى زۆر جوانى هه‌بوو ده‌يان گلۆپ و مۆرى وجوانكارى لێ به‌ستابوو، زۆر حه‌زم ده‌كرد هه‌ر له‌كاتى راگرتنى له‌ته‌نيشتى ڕاوه‌ستم، گه‌وره‌ترين ئومێدى ژيانم ئه‌وه‌بوو لۆ دوو ده‌قه‌ش بى مه‌جاله‌كه‌م بداتێ پياسه‌يه‌كى گچكه‌ى پێبكه‌م! جاره‌كيان زگى‌ پێم سووتاو گۆتى بڕۆ فه‌ڕڕه‌يه‌كى پێ لێده‌، كاته‌كى سوارى پاسكيلى بووم به‌و قورعانه‌ وامزانى هه‌موو دونيا هى منه‌. ده‌تگۆت رۆلزرايس ولامبورگينى و ليكزسى ئێستايه‌ ئه‌وه‌نده‌ درم پێخۆش بوو.

خوشترين له‌حزه‌ى ژيانى منداريمان ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ ماره‌كى جيرانمان ژنيان ده‌گواسته‌وه‌، شه‌وى مه‌ولووده‌كه‌ى مندارى گه‌ڕه‌ك به‌كۆمه‌ر به‌سه‌ر ديوارى سه‌ربانه‌كه‌يان ده‌كه‌تن لۆ ته‌ماشاكردنى ده‌ف لێده‌ره‌كان، له‌ويش خۆشتر ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ر كۆتايى مه‌ولوده‌كه‌ ده‌چووينه‌ پێش ده‌ركه‌و سێ چار زه‌رفى شيرينى وبادمليمان وه‌رده‌گرت.

خۆشترين كاتى مه‌كته‌بمان، ئه‌و كاته‌بوو، كه‌ حه‌فته‌يه‌ك پاش ئيمتحانات ده‌چووين كارت وه‌رگرين، پێشتر يه‌كى درهه‌مه‌كمان له‌داكمان وه‌رده‌گرت لۆ به‌خشيشى فه‌ڕاشه‌كانى مه‌كته‌‌ب، چه‌ند ناخۆش بوو كه‌ ئيكمال ده‌بووين، چونكى نه‌ درهه‌مه‌كه‌مان ده‌دايه‌ فه‌ڕاشه‌كه‌، نه‌ ده‌شوێراين لۆ خۆمان‌ بيبه‌ين، چونكى ده‌بايه‌ كارته‌كه‌مان پێشانى داكو بابمان بدابايه‌.

خۆشترين ئه‌جو‌ائى هاوينان ئه‌و شه‌وه‌بوو كه‌ ماره‌ جيرانه‌كان مه‌نجه‌رى ساواريان ده‌كوراند، ئه‌مه‌ى مندارانيش له‌ده‌ورى مه‌نجه‌ره‌كه‌ خڕ ده‌بووينه‌وه‌و دواى كورانى ساواره‌كه‌ به‌ په‌قره‌جه‌وه‌ ده‌مانگواسته‌وه‌ سه‌ربانه‌كان و له‌ئه‌خيريشدا يه‌كى قاپه‌كى پڕمان وه‌رده‌گرت، ئاى چه‌نده‌ به‌تام بوو ئه‌و ساواره‌ گه‌رمه‌.

خۆشترين خواردن ئه‌و ئه‌ستوو‌گه‌ به‌ شه‌كره‌بوو كه‌ داكمان له‌ئه‌خيرى نانكردنياندا لۆ هه‌ر منداره‌كى له‌سه‌ر سێرى ده‌يبرژاند، ئاى چه‌نده‌ مه‌نزه‌ره‌كى جوان بوو كه‌ له‌لێوه‌كانى ئه‌ستووگه‌كه‌ شيله‌ى شه‌كره‌كه‌ ده‌ڕژايه‌ سه‌ر سێره‌كه‌ى نانى.

ئه‌وانه‌و هه‌ر يه‌ك له‌نگۆش ته‌بعه‌ن له‌حزه‌ى خۆشى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هه‌يه‌. مندارى ئه‌و وه‌ختى ژيانى هه‌مووى به‌رائه‌ت بوو‌، ئێستاش هه‌موو ژيانى پۆپچى وئايپاده‌، نه‌ پاسكيله‌كه‌ى‌ مام جه‌بار و نه‌ نانه‌ شه‌كره‌كه‌ى سه‌ر سێرى دريان خۆش ده‌كاتن.. باقى وه‌لسه‌لام ..

 228 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*