سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » توركیا و یۆنان لە نێوان دانوستان و ئاڵۆزیدا

توركیا و یۆنان لە نێوان دانوستان و ئاڵۆزیدا

دوای چەند رۆژێك لە هێوربوونەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا، بەڵام بڕیاری گەڕاندنەوەی كەشتی ئوروچ رەیس لەلایەن توركیاوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بە مەبەستی گەڕان بە دوای نەوت و غازی سروشتیدا، بەلای چاودێرانەوە وەكو ئاماژەیەك دەبینرێت بۆ سەرهەڵدانەوەی گرژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

11ی ئەم مانگە، لێپرسراوانی دەریایی توركیا رایانگەیاند: لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، كەشتی ئوروچ رەیس رووپێوییەك لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدا دەكات و هەردوو كەشتی ئاتامان و جەنگیزخان-یش لە پاڵ ئەو كەشتییەدا، تاكو 22ی ئەم مانگە، لە ناوچەكەدا بەردەوامی بە گەڕان و كارەكانیان دەدەن.

ئەو هەنگاوەی توركیا لە كاتێكدایە، كە لە چەند رۆژی رابردوودا وەزیرانی دەرەوەی توركیا و یۆنان لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیانكردەوە لە دەستپێكردنی دانوستان بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان. ئەوەش دوای ئەوە هات كە وەكو دەرفەتێك بۆ چارەسەری دیپلۆماسییانە لەگەڵ یۆنان، توركیا كەشتی ئوروچ رەیس-ی لە دەریای سپی ناوەڕاست كشاندەوە.

لە بەرامبەر ئەو پێشهاتەشدا، حكومەتی ئەسینا رایگەیاند: ئەنقەرە بە ناردنەوەی ئەو كەشتییە بۆ دەریای ناوەڕاست، هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە دروست دەكات.

دوێنێش سەرۆكی توركیا رایگەیاند: لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وڵاتەكەی ئەو وەڵامەی یۆنان دەداتەوە، كە شایستەیەتی. لە وتارێكیدا لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی: لە وەڵامدانەوەی یۆنان و ئیدارەی قوبرسی یۆنانی بەردەوام دەبین، بەو جۆرەی كە شایەنیانە.

هەڵوێستی ئەمریكا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەیاننامەیەكی دەركرد لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەڕان و پشكنینی توركیا بە دوای سەرچاوە سروشتییەكاندا لە دەریای ناوەڕاست و رایگەیاند: ئەو هەنگاوە دڵەڕاوكێ و نائارامی لە ناوچەكەدا دروست دەكات.
روونیشیكردەوە: گەڕانی توركیا بە دوای سەرچاوەی سروشتیدا لەو ناوچەیە، هەنگاوەكانی گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەكانی لاواز دەكات و داوای لە توركیا كرد تاكو كۆتایی بەو كارەی بهێنێت، چونكە دراوسێكانی نیگەران كردووە.

ئەڵمانیا پاڵپشتیی یۆنان دەكات
دوو رۆژ لەمەوبەریش، هایكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە توركیا كرد، سنوورێك بۆ ئەو جۆرە كارانەی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابنێت و بە مەبەستی تاوتوێكردنی ئەم بابەتە، سەردانی یۆنان و قوبرس دەكات. وتیشی: ئەگەر توركیا دەست بكات بە گەڕان بە دوای نەوت و غازی سروشتیدا لەو ناوچە دەریاییانەی ناكۆكییان لەسەرە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوا دەبێتە هۆی دووبارە شكستهێنانی هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا.

ئاماژەی بەوەشكرد: وڵاتەكەی بە یۆنان و قوبرسی راگەیاندووە كە ئەڵمانیا تەواو پاڵپشتیان لێدەكات و داواشی لە توركیا كردووە چیتر گفتوگۆكان لەگەڵ یۆنان تێكنەداتەوە.

لەلایەكی تریشەوە پیتەرستانۆ وتەبێژی یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند: وڵاتانی یەكێتییەكە رێكەوتوون لەسەر ئەوەی لەم قۆناغەدا چاودێریی هەڵوێستەكانی توركیا بكەن و لە داهاتوودا بڕیاریان لەسەر بدەن. بریاریشە لە كۆبوونەوەكانی لوتكەی وڵاتانی ئەوروپا كە لە برۆكسل بەڕێوەدەچن، دۆسێی چالاكییەكانی توركیا لە دەریای ناوەڕاست تاوتوێ بكرێت.

ئەگەری سزادانی توركیا
رۆژی 2ی ئەم مانگەش، سەرانی یەكێتیی ئەوروپا پەیامێكیان ئاراستەی توركیا كرد بەوەی كە ئەگەر پڕۆسەی گەڕان و پشكنینە نایاساییەكانی لە دەریای ناوەڕاست رانەگرێت، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنن. سەرانی یەكێتییەكە مانگی كانونی یەكەمی داهاتوویان دیاریكرد، بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژی دیالۆگ لەگەڵ ئەنقەرە، هەروەك جەختیانكردەوە، كە پێویستە توركیا كەشتییەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكان لەگەڵ یۆنان و قوبرس لە دەریای ناوەڕاست بكشێنێتەوە و ئەگەر ئەوە نەكات، ئەوا سزادانی، تاکە رێگەیە.

توركیا: ئەو رەخنانە نا واقعین
لای خۆشیەوە، حامی ئاكسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند: رەخنەكانی ئەمریكا لە توركیا، لە جێگەی خۆیاندا نین و ئەو رەخنانە نا واقعین، چونكە ئەنقەرە لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكاندا لە دەریای ناوەڕاستدا بەدوای سەرچاوەكانی وزەدا دەگەڕێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچی لێدوانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپایە لەبارەی هەنگاوەكانی توركیا لە دەریای ناوەڕاستدا، ناڕاستن و لە جێگەی خۆیاندا نین.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 152 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*