سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » عیراق و ئەڵمانیا: پتەوترکردنی پەیوەندییەکان

عیراق و ئەڵمانیا: پتەوترکردنی پەیوەندییەکان

لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەوروپا، دوێنێ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە ئەڵمانیا و لەگەڵ ئەنجێلا مێركل راوێژكاری ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسان كۆبۆوە.

لە دوای كۆبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مێركل ‌و كازمی جەختیان لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە لە بواری روبەڕوبونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی دیموكراسی و پێشخستنی بواری ئابووری عیراق، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەڵمانیا.

كازمی: داوای یارمەتی لە ئەڵمانیا دەكەین
لە كۆنگرەكە رۆژنامەوانییەكەدا، كازمی ئاشكرایكرد: كە مەبەستی سەردانەكەی بۆ ئەڵمانیا، باشكردن و ئەكتیڤكردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولایە لە زۆر رووەوە، هەروەك سوپاسی ئەو وڵاتەكەی كرد كە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بوژاندنەوەی ئابووری عیراق هاوكار و هەماهەنگ بووە، هەروەها داوایلێكردن هاوكاریی زیاتری سیاسی و ئابووری و لۆجێستی عیراق بكات. وتیشی: ئەڵمانیا وڵاتێكی گرنگ و بەهێزە، عیراقیش پلانی بوژاندنەوەی ئابوورییەكەی و چاكسازی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی هەیە و دەمانەوێت كۆمپانیا ئەڵمانییەكان لە رووی بازرگانی و ئابووری و ئاوەدانكردنەوەدا بەشدارییان پێبكەین و سوود لە ئەزموونەكەیان وەربگرین.

سەرۆك وەزیرانی عیراق روونیشیكردەوە: بۆ دامەزراندنی تۆڕی كارەبا لە قۆناغی یەكەم گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای سێمنس-دا كردووە و لەو ماوەیەدا دەست بە قۆناغی دووەم دەكەن، هەروەها بۆ چاككردنی ژێرخانی ئابووری، چاویان لە یارمەتییەكانی ئەڵمانیایە. ئاماژەی بەوەشكرد: خۆی و ستافەكەی لە حكومەت، لەگەڵ سەندیكای كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا كۆدەبنەوە و وتوێژ لەسەر چۆنێتیی پراكتیزەكردنی ئەو پڕۆژانە دەكەن. وتیشی: لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردنی گشتیی لە عیراق دەكەین و لەم بوارەشدا چاومان لە یارمەتییەكانی ئەڵمانیایە بۆ سەركەوتنی پڕۆسەكە.

مێركل: درێژە بە هاوكارییەكان دەدرێت
لە بەرامبەردا، ئەنجێلا مێركل پەیمانیدا كە هاوكارییەكانی بۆ عیراق بەردەوام دەبێت. وتیشی: ئەڵمانیا پشتیوانی ئەو وڵاتە دەكات لە زۆر بواردا، لەوانە، گەشەكردنی ئابووری و بنیاتنانی دیموكراسی و بەرەپێشەوەچوون و شەڕی تیرۆر، كە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر هەموو ناوچەكە و جیهان.

راوێژكاری ئەڵمانیا هیوای خواست كە پڕۆسەی هەڵبژاردن ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاشتەوایی و بنیاتنانەوەی بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە عیراق و وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردنی عیراقییەكان، لە بواری روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش‌دا پشتیوانی ئەڵمانیای بۆ حكومەتی بەغدا دووپاتكردەوە و ستایشی ئەو هەنگاوانەشی كرد، كە لە رووی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵییەوە، لەلایەن كابینەكەی كازمی-یەوە نراون.

لە یارمەتیدانی عیراقییەكان بەردەوامن
لە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی داعش لە عیراق، ئەلمانیا رۆڵی ئەرێنی هەبووە لە مەشق و راهێنانی سوپای عیراق و هێزی پیشمەرگەی كوردستاندا، ئێستا 270 سەربازی پسپۆڕ و شارەزای لە عیراقە، كە 100 كەسیان لە هەرێمی كوردستانن ‌و خەریكە ماوەی مانەوەیان تەواو دەبێت و لەمڕۆژانەدا بڕیارە پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەیان بۆ 15 مانگی دیكە درێژ بكاتەوە و ژمارەكەیان بكاتە 500 ئەفسەر و سەرباز. جگەلەوەش، ژمارەیەكی زۆری چەك و جبەخانەی بەرگری بۆ سوپای عیراق ناردووە و بڕیاری بەردەوامبوونیشی داوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعشیشدا، فڕۆكە سەربازییەكانی ئەڵمانیا لە پاراستن و چاودێریكردن ‌و زانیاری كۆكردنەوە و یارمەتی لۆجستی و هاوكاریی فڕۆكە شەڕكەرەكان بەردەوام بوون.

رۆژی دوو شەممەی رابردووش، كازمی سەردانی فەرەنسای كرد ‌و لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبۆوە ‌و تیایدا جەختیان لە گرنگیی نەهێشتنی تیرۆر كردەوە ‌و سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند: وڵاتەكەی پابەند دەبێت بە پشتیوانیكردنی عیراق لە شەڕی تیرۆر و پاراستنی سەروەریی خاكی ئەو وڵاتە، هەروەها رۆڵی عیراقی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەرزنرخاند.

سەرچاوە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*