سەرەکی » مانشێت » مۆمی 27

مۆمی 27

پانۆرامای به‌خشینی میدالی كوردستانی نوێ

*رۆژی 13/1/1993 ده‌سته‌ی نووسه‌ران‌و نووسینگه‌ی سلێمانی‌و دهۆك، چوونه‌ دیداری هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و له‌ڕێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، میدالی كوردستانی نوێ بۆ ساڵی 1992 پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كرا بۆ رێزلێنان له‌و پشتیوانییه‌ مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌ی كه‌ بۆ رۆژنامه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، جگه‌ له‌و نووسین‌و وتاره‌ به‌پێزانه‌ی كه‌ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌.
*رۆژی 12/1/1999 له‌ئاهه‌نگی یادكردنه‌وه‌و داگیرساندنی مۆمی هه‌شته‌مین ساڵه‌ی ته‌مه‌نی كوردستانی نوێ-دا، خێزانی كوردستانی نوێ میدالیای رێزلێنانی پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی كوردستانی نوێ و قسه‌ی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه‌، ئه‌و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌كی سیاسیی رۆژانه‌یه‌ له‌كوردستاندا.
له‌ بڕیاری رێزلێنان به‌ناوی (میدالیای كوردستانی نوێ بۆ ساڵی 1998)-دا هاتووه‌: به‌پشت به‌ستن به‌ نه‌ریتی یه‌كه‌م ساڵه‌ی رۆژنامه‌كه‌مان كه‌ تێیدا بڕیاردرا (میدالیای كوردستانی نوێ) به‌و تێكۆشه‌رو كه‌سایه‌تیانه‌ ببه‌خشرێت كه‌ خانه‌خوێ‌و خه‌مخۆرو پشتیوانكاری رۆژنامه‌كه‌مانن‌و، دوای ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی كوردستانی نوێدا (میدالیای كوردستانی نوێ بۆ ساڵی 1992) پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كرا، (وه‌كو رێزلێنانێك بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ ماددی‌و مه‌عنه‌وییه‌ی بۆ رۆژنامه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر كردووه‌، جگه‌ له‌و نووسین‌و وتاره‌ به‌پێزانه‌ی كه‌ لاپه‌ڕه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌)و له‌ڕێگای زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ریته‌ جوانه‌ی رێزلێنان‌و به‌ڕاوێژ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ لێپرسراوی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی راگه‌یاندن، بڕیاردرا (میدالیای كوردستانی نوێ بۆ ساڵی 1998) پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌مان بكرێت، وه‌كو رێزلێنانێك له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ رووناكبیرییه‌ی به‌ڕێزیان‌و پێزانینێك بۆ ئه‌و پشتیوانیه‌ی له‌ڕێڕه‌وی (7) ساڵی رابردوودا له‌(كوردستانی نوێ)ی كردووه‌.
*رۆژی 12/1/2002، له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگی 10یه‌مین ساڵڕۆژی كوردستانی نوێ‌و هه‌ڵكردنی مۆمی 11هه‌مینی، سێیه‌مین میدالی كوردستانی نوێ به‌خشرایه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌رسه‌لان بایز وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه‌.
*رۆژی 12/1/2005 میدالی كوردستانی نوێ بۆ ساڵی 2004، به‌خشرایه‌ شه‌هیدی نه‌مر حاكم جه‌مال-ی پێشمه‌رگه‌و یاساناس‌و نووسه‌ر، وه‌ك رێزلێنانێكی تایبه‌تی كوردستانی نوێ بۆ هه‌وڵ‌و ماندوبوونه‌كانی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی رۆژنامه‌كه‌مان له‌ په‌یوه‌ندی كردن‌و كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووس‌و رووناكبیران بۆ ده‌رچووانی كوردستانی نوێ تا ساته‌كانی شه‌هیدبوونیشی، هه‌روا له‌و هه‌وڵ‌و تێكۆشانانه‌ی به‌رده‌وام بوو، بۆیه‌ رۆژنامه‌كه‌مان به‌شانازییه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی زانی كه‌ میدالی كوردستانی نوێ به‌ خێزانی شه‌هید حاكم جه‌مال ببه‌خشێت.
*شایانی باسه‌، كوردستانی نوێ پێی وایە دۆخی نەخوازراوی دارایی وڵات تا سەر نابێ و هەلومەرجێک دێتەوە کە‌ درێژه‌ به‌ هه‌نگاوی رێزلێنان و به‌خشینی میدالی كوردستانی نوێ به‌ پشتیوان و هاوپیشه‌و هاوكاره‌كانی بدات، چونكه‌ له‌ 26 ساڵی رابردوودا، چه‌ندین كه‌س پشتیوان و هاوكارو دڵسۆزو خه‌مخۆری كوردستانی نوێ بوون.

 

بروسکەو پەیامی پیرۆزبایی بۆ كوردستانی نوێ

عومەر فەتاح: زیاتر گه‌شه‌ به‌خۆتان بده‌ن‌

ستافی‌ ئازیزی‌ كوردستانی‌ نوێ‌
یادی‌ (26) ساڵه‌ی‌ ده‌رچوواندنی‌ رۆژنامه‌ی‌ (كوردستانی‌ نوێ‌) له‌ سه‌رنووسه‌ر‌و هه‌موو رۆژنامه‌نووس‌و ستافی‌ ئازیزی‌ كوردستانی‌ نوێ‌‌و خوێنه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كانتان پیرۆز ده‌كه‌م.
ئه‌م یاده‌ شانازی‌‌و سه‌روه‌رییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، بۆ هه‌موو یه‌كێتییه‌كان‌و مێژووی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوردی‌، كه‌ یه‌كێتی‌ به‌ بیری‌ تیژ‌و ژیری‌ رابه‌ری‌ هه‌میشه‌ زیندوومان (مام جه‌لال)، رچه‌شكێنییه‌كی‌ تری‌ كرد‌و یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ رۆژانه‌ی‌ كوردی‌ مێژووی‌ كورد‌و یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ دوای‌ راپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ (1991) ده‌ركرد.
خاڵه‌ گه‌ش‌و سه‌روه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م رۆژنامه‌ ئازیزه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌، له‌ڕابردوودا له‌زۆربه‌ی‌ بواره‌كاندا پێشه‌نگ بووه‌، ئومێده‌وارم بۆ داهاتووش هه‌روا بمێننه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ به‌خۆتان بده‌ن‌و باشتر ئه‌ركه‌كانتان رابپه‌ڕێنن.
هه‌ربژین‌و سه‌ركه‌وتووبن.

عومه‌ر فه‌تاح
كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ (ی.ن.ك)

*************
حاکم قادر: ناوێكی‌ گه‌شی‌ ناو رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوردی‌‌
هه‌ڤاڵ ستران عه‌بدوڵڵا و هه‌موو تێكۆشه‌رانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌
بابه‌ت، پیرۆزبایی‌
له‌یادی‌ له‌دایكبوونی‌ «كوردستانی‌ نوێ‌»، یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ رۆژانه‌ی‌ كوردی‌، له‌ناخه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م.
كوردستانی‌ نوێ‌ ناوێكی‌ گه‌شی‌ ناو رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوردی‌‌و قوتابخانه‌یه‌كی‌ دێرینی‌ پێگه‌یاندن‌و په‌ره‌پێدانی‌ كاری‌ رۆژنامه‌وانییه‌ له‌باشووری‌ كوردستاندا.
ئێمه‌‌و هه‌ڤاڵان‌و دڵسۆزانی‌ یه‌كێتی‌، هه‌میشه‌ شانازی‌ به‌ كوردستانی‌ نوێ‌-وه‌ ئه‌كه‌ین، یادگارییه‌كی‌ شیرین‌و جوانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌میشه‌ زیندوومان «مام جه‌لال»‌و یه‌كێتی‌‌و شۆڕشی‌ نوێ‌-یه‌.
هیوادارین كوردستانی‌ نوێ‌، به‌ ژیری‌‌و دڵسۆزی‌‌و سه‌لیقه‌ی‌ ستافه‌كه‌ی‌، به‌رنامه‌ی‌ باشتر بۆ ئاینده‌ گه‌ڵاڵه‌ بكات‌و له‌ئاست گۆڕانكارییه‌كان‌و داخوازیی‌ قۆناغه‌ گۆڕاوه‌كه‌دا باشتر بێنه‌ مه‌یدان.
جارێكی‌ تر پیرۆزه‌ له‌هه‌موولایه‌ك…

حاكم قادر حه‌مه‌جان
كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ «ی.ن.ك»

قادر عەزیز: ئەرکی کوردستانی نوێیە بوێرانە رووبەڕووی ناحەزان ببێتەوە
بۆ به‌رێزان سه‌رنووسه‌ر و ده‌سته‌ی نووسه‌ران و ستافی كوردستانی نوێ
سڵاوێكی گه‌رم
له‌ یادی هه‌ڵكردنی مۆمی (27) ساڵه‌ی رۆژنامه‌ ئازیزه‌كه‌تان (كوردستانی نوێ)، گه‌رمترین سڵاو و پیرۆزبایی خۆمتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، به‌م هیوایه‌ی كه‌ كوردستانی نوێ وه‌ك چۆن یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردی دوای راپه‌رین بووه‌ و تا ئیستاش سه‌رباری هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان له‌ ده‌رچوون به‌رده‌وام بووه‌ به ‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ پێناوی خزمه‌تكردنی زیاتری رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی به‌رده‌وام بێت و رۆڵی دیار و كارای خۆی له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بپارێزت، رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له‌و ماوه‌ دوور و درێژه‌دا هه‌میشه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی و بابه‌تیانه‌ و به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌واڵ و رووداوه‌كاندا كردوه‌ ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی سه‌نگین متمانه‌ی خوێنه‌ران به‌ده‌ست بێنێت.
دیاره‌ ئه‌ركی كوردستانی نوێ له‌ ئەمڕۆدا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خیتابی حزبه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ و به‌ باشترین شێوه‌ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانی یه‌كێتی نیشانی خوێنه‌ر و گه‌لی كوردستان بدات، به‌ڵكو داوای لێده‌كرێ كه‌ بوێرانه‌ش رووبه‌رووی هێرش و په‌لاماردانی ناحه‌زان ببێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ساخته‌ و تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی یه‌كێتی و رای گشتی گه‌له‌كه‌مان چه‌واشه‌ بكه‌ن. له‌گه‌ڵ رێزدا.
هه‌ڤاڵتان
قادر عەزیز
*****************
رەفعەت عەبدوڵڵا: لەم خوێندنگایەوە سەدان کادری کارامە و لێوەشاوە پێگەیشتوون

بۆ بەڕێزان سەرنوسەرو تەواوی کادر و کارمەندانی کوردستانی نوێێ ئازیز
بە بۆنەی ساڵیادی یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردییەوە و بە گەرمی پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی تەواوی خێزانی کوردستانی نوێی ئازیز و خوێنەرانی ئەکەم، بێگومان دەرچوونی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە بۆ ماوەی (٢٦)ساڵ، بەسە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین ئەم کاروانە ڕوناکبیرییە چەندە خزمەتی دونیای خوێندەواری و کاری میدیا و ڕۆژنامە نووسی کوردی کردوە، لەم خوێندنگایەوە سەدان کادری کارامە و لێوەشاوە پێگەیشتوون، بە جۆرێک کەم دەزگای میدیای بینراو و نووسراو ئەبینیت کادرێکی دەرچووی ئەم ڕۆژنامەیەی تێدا نەبێت.
بێگومان ئەمڕۆ هۆکارەکانی گەیاندنی هەواڵ زۆربوون، ئەمەش ئەرکی سەرشانی ئێوە بۆ داهاتووتان قورستر ئەکات، چاوەڕوانی خوێنەرەکانتان، پێداویستێکانی ڕۆژنامەیەکی سەرکەوتوو، بە سەریەکەوە بەرنامە و هەوڵی زیاتری پێویستە، تا هەمیشە کوردستانی نوێی بە زیندوویی بمێنێتەوە، لەم ڕوەشەوە گومانمان لە پەرۆشی و دڵسۆزیی ئێوەنییە و ئێمە مانانیش وەک هەمیشە پشتیوانتان ئەبین، جارێکیتر پیرۆزبایتان لێ ئەکەم و سەرکەوتنتان بە ئاوات ئەخوازم.
دڵسۆزتان
رەفعەت عەبدوڵڵا حەمەڕەش

ئاسۆ مامەند: ناوەندێکی گرنگ بۆ پێگەیاندنی چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس
بەڕێزان/ سەرنووسەرو کادرو ڕۆژنامەنووسانی کوردستانی نوێی ئازیز
بە بۆنەی (26)مین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) گەرمترین پیرۆزیایی خۆمانتان پێڕادەگەیەنین، هیوادارین رۆژنامەکەتان وەک هەمیشە سەر قافڵەی کاروانی بزاوتی رۆژنامەگەری کوردیی بێ لە کوردستان و عیراقدا.
کوردستانی نوێ، وەک یەکەم رۆژنامەی رۆژانە، لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان، بووە وێستگەیەکی گرنگ لە مێژووی بزاوتی رۆژنامەگەری کوردیی، ئەمەش پانتاییەکی چۆنایەتی رەخساند بۆ ئەوەی خوێنەری کوردستانی لەسەر خوێندنەوەی رۆژنامەیەکی رۆژانە بە زمانی شیرینی کوردیی رابهێنێ!
لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، کوردستانی نوێ بوەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێگەیاندنی چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس، هەروەها بوەتە مینبەرێکیش بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە تایبەتی توێژی رۆشنبیر و ئەدیب دەستەبژێران، تاکو لەوێوە تواناکانی خۆیان لە دوو توێی کوردستانی نوێدا بەرجەستەو وێنا بکەن و خزمەت بە بواری کولتوریی کوردستان بکەن.
جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا، هەوڵ و تەقەلاکانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، بە بیری هەموو لایەک بهێنیینەوە کە بەردەوام وەک دەزگایەکی رۆژنامەوانی پیشەیی، داکۆکی کارێکی سەرسەختی پرسە نەتەوەیی و یشتمانییەکان بوە و، لەو روەوە دلێرانە جەختی لەسەر؛ شوناسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردوەتەوە و، وەک رۆنامەیەکی کوردستانیش بە ئەرکی سەر شانی خۆی زانیوە، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆزی رەوای ئەو ناوچانە بکات.
دووبارە (26) مین ساڵیادی کوردستانی نوێی ئازیز پیرۆز دەکەین، بەو ئومێدەی وەک هەمیشە کوردستانی نوێ سەرقافڵەی وشەو بیری ئازاد بێت.
ئاسۆ مامەند
لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی 2ی کەرکوک
****************
دكتۆر خەسرەو گول: رۆژنامە ئازیزەكەتان بەردەوام بێت لە چەسپاندنی رێبازەكەی مامی گەورەمان (مام جەلال)
بەرێز/ خاوەنی ئیمتیاز..
بەرێز/ سەرنووسەر
بەرێزان بەرپرس‌و كادر‌و كارمەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ
لەیادی 26 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی گەل‌و نیشتمان‌و خاكی پیرۆزی كوردستانێكی نوێ «كوردستانی نوێ» گەرمترین‌و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەرێز‌و سەرجەم بەرپرس‌و كادر‌و كارمەند‌و رۆژنامەنووسان دەكەم هەروەها هەموو ئەوانەی سەربازی ونن‌و رۆڵی گەورە‌و بەرچاویان هەبوە‌و هەیە لە نوێ كردنەوەی كوردستان‌و (كوردستانی نوێ) لەهەموو بوارەكاندا وە بەتایبەتی گەشەپێدانی بیروبۆچوونی ئازاد‌و فراوانكردنی رەخنەگرتنی بنیاتنەر بۆ چەسپاندنی كۆمەڵگای ئازاد‌و دیموكرات لە كوردستانێكی نوێ‌و سەربەخۆ كە مافی هەموو پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان‌و عیراق دابین كردبێت، بۆیە جێ شانازیە‌و بۆ هەمووان كە رۆژنامە ئازیزەكەتان بەردەوام بێت لە چەسپاندنی رێبازەكەی مامی گەورەمان (مام جەلال).
پیرۆزبێت یادی بیست‌و شەشەمین ساڵرۆژی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ.
دكتۆر خەسرەو گول

*****************
راگه‌یاندنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌: شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوردی‌‌و یه‌كێتی‌
به‌ڕێزان/ سه‌رنووسه‌ر‌و نووسه‌ران‌و رۆژنامه‌نووسانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌
بابه‌ت/ پیرۆزبایی‌
به‌سڵاوێكی‌ گه‌رمه‌وه‌، پیرۆزبایی‌ یادی‌ بیست‌و شه‌ش ساڵه‌ی‌ ده‌رچوونی‌ یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، له‌ئێوه‌ی‌ به‌ڕێزو ته‌واوی‌ نووسه‌ران‌و رۆژنامه‌نووسان‌و كارمه‌ندان‌و خوێنه‌رانی‌ ئازیزی‌ كوردستانی نوێ‌ ده‌كه‌ین.
كوردستانی‌ نوێ‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ وه‌ك یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی‌ كوردی‌، شانازییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ كوردی‌‌و یه‌كێتی‌، له‌هه‌مان كاتدا، رۆژنامه‌یه‌كی‌ سه‌نگین‌و هاوسه‌نگ‌و پابه‌ند به‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پیشه‌یی‌ بوون‌و ئاكاری‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسییه‌.
كوردستانی‌ نوێ‌، قوتابخانه‌ی‌ پێگه‌یاندن‌و بره‌ودان بووه‌ به‌ توانا‌و ئه‌زموونی‌ رۆژنامه‌نووسی‌، خزمه‌تێكی‌ به‌رچاوی‌ به‌ كورده‌واری‌‌و كوردایه‌تی‌ كردووه‌، چاوه‌ڕوانین بۆ ساڵی‌ داهاتووش، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كان‌و هه‌لومه‌رجی‌ گۆڕاوی‌ كوردستان‌و ناوچه‌كه‌، به‌رنامه‌ڕێژی‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بێت له‌خزمه‌تكردندا.
دووباره‌ پیرۆزه‌و سه‌ركه‌وتووبن.

راگه‌یاندنی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌
یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان
***************

خاتوو گەلاوێژ: لە ساڵیادی ئەم ڕۆژنامە تێكۆشەرەدا هەموومان یادی سەرۆكی نەمر مام جەلال دەكەینەوە

سەرنووسەرو ستافی ڕۆژنامەی (كوردستانی نوێ‌) ی ئازیز
سڵاو و ڕێزو خۆشەویستیم بۆ وشەكانتان بۆ بەردەوامیتان، بۆ ماندوبوون و شەونخونیتان. لە ساڵیادی ئەم ڕۆژنامە تێكۆشەرەدا هەموومان یادی سەرۆكی نەمر مام جەلال دەكەینەوە كە ئەم خەونەی هێنایە دی و (كوردستانی نوێ‌)ی كردە سەر قافڵەی ڕۆژنامە سەر بڵندەكان، لە ئەنجاما بوو بەو پەیمانگا گرنگەی چەندین ڕۆژنامەنووسی كارامەی پێگەیاند. پیرۆز بێ‌ ساڵیادی ڕۆژنامەكەتان و هیوای سەركەوتنتان دەخوازم.
گەلاوێژ
12/1/2018

***********

ئەنجومەنی ناوەندیی: کوردستانی نوێ هه‌میشه‌ سیاسه‌تی چه‌پکه ‌گوڵه‌که‌ی په‌یڕه‌و کردووه‌
بەڕێزان / سەرنووسەر و و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم کادر و کارمەندانی کوردستانی نوێ
بە ناوی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) ەوە بە بۆنەی یادی یۆبیلی زیوینی کوردستانی نوێ جوانترین پیرۆزبایتان ئاراستە دەکەین و هیوای هەمیشە سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گرنگی و بایەخێکی ئێجگار گەورەی بە راگەیاندن داوە و چەندین ئامرازی راگەیاندنی لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەبووە .
رۆژنامەی کوردستانی نوێ لە پاش راپەڕین و لە (12/1/1992) بە هەوڵ و کۆششی هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتی دەرکرا کە له‌ باسی رۆژنامه‌که‌دا ‌ ده‌ڵێت: ”بۆ کوردستانێکی نوێیه‌ و له ‌هه‌مووانه‌ و هی هه‌مووانه‌و بۆ هه‌مووانه‌” ، کوردستانی نوێ هه‌میشه‌ سیاسه‌تی چه‌پکه ‌گوڵه‌که‌ی په‌یڕه‌و کردووه‌ و هه‌ست به‌ لێپرسراوێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و پیشه‌یی خۆی کردوە و لە کاروانی رۆژنامەوانی کوردیدا بەردەوامە و خزمەتێکی ئێجگار گەورەی بەو بوارە گەیاندوە.
کوردستانی نوێ وەک یەکەم رۆژنامەی رۆژانە و لە ماوەی 26 ساڵی تەمەنیدا خەرمانێکی پڕ بەرهەمی لە بواری رۆژنامەوانی کوردیدا فەراهەم کردوە و قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران .
دووبارە پیرۆزباییتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین .
ئەنجومەنی ناوەندیی ی.ن.ک
****************
مه‌كته‌بی رێكخستن: خوێندنگه‌یه‌كی ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان بووه‌ له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانیدا
بۆ یادی (26) ساڵه‌ی ده‌رچوونی كوردستانی نوێی ئازیز
به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌رو به‌ڕێوه‌به‌رو كادیرو و كارمه‌ندان و نووسه‌رانی كوردستانی نوێی ئازیز
كوردستانی نوێ وه‌ك یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی ڕاپه‌ڕینی دوای ساڵی (1991) یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ ڕۆژانه‌یه‌ كه‌ بووه‌ وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌وانی كوردی دا بووه‌ وێستگه‌یه‌كی گرنگی قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ست و نووسه‌رو ئه‌ده‌بیان به ‌بێ جیاوازی كه ‌بووه‌ مایه‌ی دڵخۆشی ڕۆشنبیران و نووسه‌ران، هه‌روه‌ها توانی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر كرد بۆ خوێنه‌ره‌كانی و ڕاهێنانی خوێنه‌ری كوردی به‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌.
كوردستانی نوێ‌ له ‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی (26) ساڵه‌ی دا بۆته‌ ناوه‌ندێكی گرنگ بۆ پێگه‌یاندنی كادری به‌ ئه‌زموون و ڕۆژنامه‌نووسی لێهاتوو كه‌ ئێستا جێده‌ستیان له‌ زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا دیاره ‌و خوێندنگه‌یه‌كی ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان بووه‌ له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانیدا. هه‌روه‌ها مینبه‌رێكی ئازاد بووه‌ بۆ نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆشنبیر و رووناكبیران كه‌ توانیان له‌م ڕۆژنامه‌ ئه‌زیزه‌وه‌ ڕاو سه‌رنج و نوسینه‌كانیان تیا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ به‌بێ جیاوازی.
كوردستانی نوێ توانیویه‌تی له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانیدا ڕۆڵ و پێگه‌ی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌ به‌ره‌و پێشبردنی ڕه‌وتی ڕۆژنامه‌ گه‌ری كوردی دا كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌كه‌وته‌كانی (ی.ن.ك) كه‌ ڕۆل و كاریگه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ سه‌رو هه‌موویانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ و پشتیوانییه‌كی به‌هێزی كوردستانی نوێ‌ و ڕۆژنامه‌نووسان بووه‌، بۆیه‌ كوردستانی نوێ توانیویه‌تی له‌ هه‌موو ڕووه‌كانی فكری و فه‌رهه‌نگی و ئابووری و سیاسی و ئه‌ده‌بدا ده‌رگاكان بكاته‌وه،‌ هه‌میشه‌ به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ ئامێزی بۆ ڕه‌خنه‌ و پێشنیاره‌كان كردۆته‌وه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك مه‌كته‌بی ڕێكخستنی (ی.ن.ك) پیرۆزبایی له‌م یاده‌ پیرۆزه‌ ده‌كه‌ین و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین و ده‌ستی ماندوو نه‌بونی كادرو كارمه‌نده‌كان ده‌گوشین شه‌ونخونییه‌كانیان به‌رز ده‌نرخێنین و ته‌واوی پشتیوانی خۆمانیان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین له‌ پێناوی كاری باشترو داهێنانی نوێ‌ له‌ بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی دا
دووباره‌ پیرۆزه‌
مه‌كته‌بی ڕێكخستنی ی.ن.ك
***************

دەزگای هەڵبژاردن: كوردستانی نوێ، بناغەیەكی بەهێزی دیموكراسییە لە ناوچەكەدا
بەڕێزان سەرنووسەر‌و ستافی كوردستانی نوێی خۆشەویست
سڵاوێكی گەرم..
بەبۆنەی 26ەمین ساڵیادی رۆژنامە سەنگین‌و ئازیزەكەتانەوە پیرۆزبایی بۆ ئێوە‌و سەرجەم كارمەندان‌و نووسەرانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ.
جێی شانازییە بۆ یەكێتییەكەمان كە رۆژنامە سەنگین‌و راستگۆكەتان وەك دەستكەوتێكی داهێنەری خەباتی رۆژنامەگەریی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی كوردی دوای راپەڕینە‌و لەساڵی 1992 دا‌و لەم رۆژە مێژووییەدا ژمارە(سفر) ی چاپ‌و بڵاوكرایەوە.
لەم یادەدا پیرۆزبایی لە بەهەشتی سەرۆك (مام جەلال) یش دەكەین لەسەر داوا‌و پێشنیازی بەڕێزیان‌و پشتیوانی بەردەوامیان بۆ رۆژنامەكەتان، كاروانی رۆژنامەگەریی كوردی قۆناغێكی نوێی هێنایە ئاراوە‌و دەسكەوت‌و بناغەیەكی بەهێزی ئازادی رادەربڕین‌و دیموكراسی لە ناوچەكەدا چەسپاند.
ئازیزان رۆژنامەكەتان لە ماوەكانی رابردوودا دەنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و ئازادیخواز‌و دیموكراسی خوازانی كوردستان بووە‌و توانیویەتی لەگەڵ ئازار‌و داخوازی‌و مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا هەنگاو بنێت‌و ببێتە بڵندگۆی داواكارییەكانیان.
جێی خۆیەتی پیرۆزیایی لەهەموو ئەو سەربازە ونانەی كە بە شەونحونی‌و ماندوبوونی بێ وچانیان ئەم ئەستێرە گەشەی بواری رۆژنامەگەریی كوردییان لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ بە درەوشاوەیی هێشتۆتەوە.
هیوای بەردەوامی سەركەوتن بۆ كوردستانی نوێی خۆشەویست.
لەگەڵ رێزدا
دەزگای هەڵبژاردن
************
د.محەمەد سابیر: هەمیشە كوردستانی نوێ داكۆكیكەرێكی سەرسەخت بوو لەناو مەسەلە رەواكانی گەلی كوردستان‌
زۆر بەرێز سەرنوسەری كوردستانی نوێ كاك ستران عەبدوڵڵا
بەڕێزان دەستەی نووسەرانی كوردستانی نوێ‌و هەموو رۆژنامەنووس‌و كارمەندەكانی.
بەبۆنەی هەڵکردنی مۆمی ٢٧ هەمین ساڵی رۆژی دەرچوواندنی كوردستانی نوێ، لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم. ئەوەی روون‌و ئاشكرایە كوردستانی نوێ شوێنی خۆی كردۆتەوە لەناو میدیای كوردیدا‌و رۆڵێكی گەورەی بینیوە لە گەیاندنی پەیامە پیرزەكەیدا‌، هەمیشە جێگای دەستخۆشی رۆشنبیران‌و رۆژنامەنووسانی كوردستان بووە. توانیویەتی پەیامی ئازادی‌و دیموكراسی‌ رۆژنامەگەری کوردی بگەیەنێتە خوێنەران‌و رۆشنبیرانی گەلی كوردستان‌. ئەو قەڵەمانەی كە تیایدا دەنووسن، قەڵەمی رۆژنامەنووسی بەتوانا‌و بەئەزموون بەدەر لە كادران‌و رۆژنامەنووسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قەڵەمی رۆژنامەنووس‌و چاودێری سیاسی‌و رۆشنبیرەكانی كوردستانی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە. هەمیشە كوردستانی نوێ داكۆكیكەرێكی سەرسەخت بووە لە مەسەلە رەواكانی گەلی كوردستان‌و هەروەها داكۆكیكەری چەسپاندنی ئازادی‌و دیموكراسی‌و بەسیستەم كردنی حوكمڕانی كوردستان بووە. بەنووسین‌و بڵاوكراوەكانی خزمەتی توێژە جیاجیاکان‌و کەسوکاری شەهیدان‌و جەماوەری كوردستانی كردووە بێ گوێدانە ئینتمای حزبی‌و ئایدۆلۆژی، هەمیشە خۆی دوورخستۆتەوە لە گێرمەكێشی خراپی نێوان پارتە سیاسییەكان‌و بۆتە هەوێنی تەبایی‌و یەكڕیزی لە كوردستان.جارێكی تریش پیرۆز بێت یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی كوردستانی نوێ‌و هەرشاد‌و سەبەرزبن.
د.محەمەد سابیر ئیسماعیل
باڵیۆز

شوان داودی: هەمیشە بەردەوام بێت لە گەیاندنی پەیامی نیشتمانیی و ئینسانی و ئاشتیانەی سەرۆك مام جەلال
بەڕێزان؛ سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ)ی ئازیز:
پاش سڵاو
بە ناوی لێژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پیرۆزبایی (27) مین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) تان لێدەكەین و دەستخۆشیتان لێدەكەین و بە هیوای ئەوەی (كوردستانی نوێ) هەمیشە بەردەوام بێت لە گەیاندنی پەیامی نیشتمانیی و ئینسانی و ئاشتیانەی سەرۆك مام جەلال، هەروەها بەدەوام بێت لە جێبەجێكردنی ئەركی پیشەیی خۆی وەكو مینبەرێك بۆ دەنگ و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان.
ئێوەی ماندوو بۆتان هەیە شانازی بە كارو ماندووبوونی خۆتانەوە بكەن، چونكە هەر كەسێك ئەگەر بۆ رۆژێكیش لە كوردستانی نوێ كاری كردبێت، دەبێت شانازی پێوە بكات كە بەشێك بووە لەو خوێندنگەیەی هەزاران قەڵەمی پێگەیاندووە، ئەوەندەشی بەسە زۆربەی رۆژنامەنووسەكانی ئێستا كە لە دامودەزگا میدیایی حیزبی و ئەهلییە جیاوازەكانی هەرێمدا كار دەكەن، دەرچووی خوێندنگەكەی (كوردستانی نوێ)ـن.
دووبارە بەرزو پیرۆزبێت ساڵیادی دەرچوونی یەكەمەین ژمارەی كوردستانی نوێ ….لەگەڵ رێز و پێزانینماندا بۆ رۆڵی گرنگی ئێوە .
شوان داودی
بڕیاردەری لێژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
***************
سەرۆکی زانکۆی کۆیە: کوردستانی نوێ ئەزموونێکی بێوێنەیە

بەڕێز ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ
سەرجەم نووسەران و ستافی كوردستانی نوێی ئازیز
له یادی (٢٦) ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەكەتان، یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردستان دوای راپەرین، له دڵەوه پیرۆزباییتان لێدەكەم. داوای سەركه وتن و بەرده وامیتان بۆ دەخوازم.
كوردستانی تەجرەبەیەكی بێوێنەیه له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونكه هیچ حزبێكی ناوچەكه ئەم رێچكەیەی نەگرتووەـ زۆربەی هەرەزۆری بەرپرس و كارمەندو نووسەرەكانی ئەندام و كادری حزبێك بن و پاره و خەرجییەكانیشی لە پاره و داهاتی حزبێك بدرێت (به تایبەتیش لە سەرەتای كاركردنی) بەڵام رەخنەش لە حزبەكه و لەئیدارەی حكومەتی دورستكراوی ئەو حزبەش بگرێت.
بۆیه لەم یادەدا سڵاو له دامەزرێنەری ئەو رۆژنامەیە، سڵاو لە هەموو ئەو كەسانەی كاریان تێدا كردوه. دەستخۆشی له ستافی ئێستای کە بەو هەموو قەیرانەوە هەر بەردەوامن .
سڵاو لە گیان و روحی رابەری مەزن مام جەلال.
د.وەلی مەحمود حەمەد
سەرۆكی زانكۆی كۆیه
***************

محەمەد مێرگەسۆری: داواکارین لەم ساڵدا نازناوی رۆژنامەکەی مام-تان پێبدرێت
بەرێز/ سەرنوسەر و ستافی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌
بابەت/ پیرۆزبایی یادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌
وێرای سڵاو ورێزی بێپایان.
لە ساڵوەگەری دەرچوونی ژمارە سفری یەكەم رۆژنامەی رۆژانە و بە تەمەنترینیان، رۆژنامەی ئازیزی كوردستانی نوێ‌. پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرنووسەر و سەرجەم ستافی رۆژنامەكەمان دەكەین. لەگەڵ ئومێدی سەركەوتن و بەردەوامی خواستن بۆ رۆژنامەكەتان، داواكارین، كە لەم ساڵەدا وەك وەفایەك بۆ رۆحی مام و رابەر و سەرۆكمان رەوانشاد (مام جەلال) نازناوی رۆژنامەكەی مام-تان، پێبدرێ‌. چونكە رەوانشاد مام هەر لە دەستێكی ئامادەكاریەكان تاكو قۆناغەكانی دواتریش، هەمیشە و بەردەوام هاوكاری رۆژنامەكەتان بووە و خوێنەر و خەمخۆرێكی سەنگین بووە، خوازیارین كە ئەم چرا گەشەی ناو باغی ئەیرەمی رۆژنامەوانی كوردی هەردەم گەشاوە بێت و رووناهی نەكوژاوەی میدیای خوێنراوی كوردستانیان و هەموو كوردستان بێت.
دووبارەی پیرۆزە ئەم یادە لەسەرجەم میدیاكارانی كوردستان وهەمیشە پێشەنگ بن.
محەمەد مێرگەسۆری
***************

پەیامی بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی
بۆ/ بەرێز/ كوردستانی نوێ
بابەت/ پیرۆزبایی
بەبۆنەی یادی (26) ساڵەی دەرچوونی یەكەم ژمارەی رۆژنامەی (كوردستانی نوێ) ەوە، بەناوی بەرێوبەر‌و ئەفسەران‌و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگای سلێمانییەوە پیرۆزیایی خۆمان ئاراستەی سەرنووسەر‌و سكرتاریەتی نووسیی‌و ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەین كە لە ژمارە سفرەوە تائێستا لەم رۆژنامە ئازیزەدا كار دەكەن. جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین‌و هەر شاد‌و سەركەوتووبن.
لەگەڵ رێزدا
عەمیدی ماف پەروەر
سالح عوسمان خزر
بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانی

 

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*