سەرەکی » زانست » مێژووی دروستبوونی ئەم دوكانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900ی زاینیپەڕە 2

لە دوكانی حاجی عارفی عەتارەوە بۆ حاجی ئەحمەدی عەتار

مێژووی دروستبوونی ئەم دوكانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1900ی زاینی

محەمەد رەزا

پێشەكی
شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە چەندین كەسایەتی ناسراو و، چەندین خاوەن پیشەی جۆراوجۆر رووی تێكردووە، یەكێك لە پیشە بەرچاو و گرنگەكان بۆ ئەوكاتە و، ئێستاشی لەگەڵدابێت، پیشەی دوكانداری (عەتاری)یە، كە لە بنەڕەتدا وشەی (عەتاری ) بە مانای (عطار) واتە بۆن دێت، ئیدی بۆنی گیا و گوڵ و بخورد و جۆرەكانی بەهارات، كە هەر لە كۆنەوە شاری سلێمانی بەردەوام هەموو جۆرەكانی بەهاراتیان بەكارهێناوە و عاشقێكی سەرسەختی خواردنی جۆرەكانی بەهارات بوون، جوان بەكارهێنان و برەودان بەو جۆرە خواردنە تونەمەنیانە، دەستڕەنگینی خانمانی ئەم شارەی لێ كەوتۆتەوە، كە زۆر خواردنی دەستیان خۆشبێت و،ئەو خواردەمەنیانەی لێی ئەنێن، بەتام و بەلەزەت بێت، بە تایبەتی كفتەی سابوونكەرانی و سەروپێ و شفتەو كوبە و شێخ مەحشی و كنگر بە ماسی و خۆشكردنی خودی ماسی و سنگەو بەرد نانی و ترش و خوێكردنی بە شێوازی جوان، هەروەها سەمەنی و جەڵسوتە و ترخێنە و گەنمەكوتاو و… هتد، كە زۆرێك لەم خواردنانە بە مۆركی دەستڕەنگینی ژنانی سلێمانی دادەنرێ و، شوێن و ناوچە و شارەكانی تری كوردستان، ئەگەر چی لە خانمی ئەم ئەم شارەوە خولیای بوون و فێری بوون، بەڵام هەر ناوچە و بەگوێرەی ویست و تەقالیدی خۆی ئەنجامیان ئەداو لەزەت و خۆشیەكەی هیچ كات وەك ئەوانە نیە كە لە شاری سلێمانی ئامادە دەكرێت.

دوكانی عەتاری
دوكانی (عەتاری) لەم شارەدا سەر بۆردەی شاكارە جوانەكانە بۆ دەستەبەركردنی سەرجەم ئەو پێداویستیانەی كە ماڵ پێویستی پێی هەیە، دەوڵەمەندی دوكانی عەتاری چەندین بەیت و حەزورە و شاكاری جوانی لە بارەوە وتراوە، بۆ نموونە لای خۆمان وتراوە، ئەوەی تۆ ئەتەوێ لە قوتوی هیچ عەتارێكا نییە، مەبەست لەوەیە دوكانی عەتاری هەموو جۆرە كەرەستەو شمەكێكی تیا دەستدەكەوێت، بە تایبەتی ئەو كەلوپەلانەی كە ژن رۆژانە بەكاریان دەهێنێت، وتراویشە ئەڵێی دوكانی عەتارییە سەری كوێرە ماری هەیە هەر بۆیە پیشەی (عەتار)ی بۆ هەموو سەردەمەكان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەبووە، دیارە لە شاری سلێمانی شاری بەها جوان و ناوەندی رۆشنبیری دوكانی (حاجی عارف)ی عەتار، دوكانێكی دێرینی ئەم شارەیە و نزیكەی زیاتر لە سەدەیەكە هەیە، لە ئێستادا حاجی (ئەحمەدی عەتار) ئەم دوكانە جوان و بەناو بانگەی شاری سلێمانی بەڕێوە دەبات، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دا سەبارەت بە مێژوویی ئەم دوكانە ناوازەیەی ئەم شارە و پیشەی عەتاری دەرگای بەڕووی قسەكانماندا كردەوە و پێی وتین:

مێژوویەك زیاتر لە یەك سەدە
_ پێشەكی وشەی (عەتاری) بە مانای بۆن دێت، مەبەست لە بۆنی گیاوگوڵ و بخوردو جۆرەكانی بەهاراتە لە دوكانی عەتاریدا و ئەو كاتەی كە سلێمان پاشای بابان، شاری سلێمانیان دروست كرد، چەندین گوزەر و شوێنی تایبەتیشیان دروستكرد بۆ پیشە جۆراوجۆرەكان، وەك (گوزەری ئاسنگەرەكان و، كۆپان درۆكان و، مزگەرو هەلاجەكان و… هتد)، یەكێكیش لەو پیشە جوانانەی لەگەڵ خۆیان هێناویانە ناو ئەم شارە خۆشەویستەوە پیشەی (عەتاری) بوو، بە پێی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی دوكانی (عەتاری) كۆكردنەوەی پێداویستیەكانی ژیانی رۆژانەی سلێمانی و گوندەكانی دەوروبەری بوو، ئەو كەرەستانەی زۆر پێویست بوو بۆ ئەو رۆژگارە بریتی بوو لە: بەهارات، بلوری چرا، مشاری باخ بڕین، رەحەتی نەوت، تەڵەی مشك، چەندین جۆری تر كە خەڵك لەو سەردەمەدا پێویستی پێی هەبووە، من ئەتوانم بیشوبهێنم بە سوپەرماركێتی ئێستا، لەپاڵ ئەمەشدا وەكو بۆماوەیی دەرمانی چارەسەركردنی هەندێك نەخۆشی ئەوسای تیابوو وەك نەخۆشیەكانی، (چاوو پێست و سك ئێشە … هتد) ئەویش بەهۆی كەمی داوو دەرمان لەو كاتانەدا بۆ شار و بەتایبەتی گوندنشینەكان، بە تایبەتیش لەساڵانی سیەكان و چلەكاندا، خەڵك زیاتر پەنایان بۆ دوكانی (عەتاری) بردووە، یەكێكیش لەو دوكانە ناودارو پڕ كەرەستەكانی ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی، دوكانی حاجی (عارف) برنوتی بووە كە مێژووەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەك، كە لەگەڵ دروستكردنی قەیسەری نەقیب و گوزەری ئاسنگەرەكان و شوێنی پێشەوەرەكان بە گشتی دوكانی حاجی (عارف) برنوتیش دروست كرا.

كڵاوی فێست
*حاجی ئەحمەدی عەتار لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا هەر لەو سەردەمەدا لە بەردەم دوكانەكەی حاجی (عارف)دا حەوزە وشكەكە دروستكرابوو كە حەوزێكی مام ناوەندی بوو، خەڵكی گوندەكان كە شتومەكەكانیان ساغ ئەكردەوە لای ئەم حەوزە پشویان ئەدا تا پێداویستیەكانیان لە بازاڕ ئەكڕی و بەرەو گوندەكانیان ئەگەڕانەوە.

*هەروەها حاجی ئەحمەدی (عەتار) سەبارەت بە دراوی ئەوكاتە دەڵێ: كار بە عانە و فلس كراوە بەهای دراو زۆر بەنرخ بووە هەروەها سەبارەت بە كێشانەی تەرازووش ئەڵێ بریتی بووە لەم كێشانانە كە شمەكیان پێ كێشاوە (ئەلیرەم، ئیزرەم، ئێگرەم، بێژرەم، هۆقە و… هتد) ، سەبارەت بە جلوبەرگی خەڵك و ژیان و گوزەرانی خەڵكێش ئاماژەی بۆ ئەوە كردو وتی:

_ خەڵك بە گشتی هەژار و كەم دەست بووە، كەسایەتیە ناسراو و پیاو ماقوڵەكانی ئەو سەردەمە بە گشتی كەوا و سەڵتەیان لەبەركردووە لاوەكانیش ستارخانی و شەرواڵ و مرادخانیان لەبەركردووە.
خانمانیش جگە لەوەی بۆ بازاڕكردن عەباو پەچەیان پۆشیوە بە گشتی جلوبەرگی كوردی ژنانەیان لەبەركردووەو بەسەریشیدا كەوای ناو لۆكە و دەسماڵیان داوە بەسەردا، هەروەها بۆ جوانی و شۆخ و شەنگیشیان كڵاوی (فێستیان) لەسەر ئەكرد لەگەڵ سەروبەست، ئەیانڕازاندەوە بە موروی رەنگاورەنگ یان بە سكەی پەهلەوی.

تواندنەوەی بەردی گورچیلە
*حاجی ئەحمەدی عەتار هەر دەڵێت: زۆربەی ئەو دەرمانانەی خەڵك دێت بۆ كڕینیان بەدەستی خۆمان دەیانگرینەوە كە لەچەند بوارێكدا زیاتر نیە بەپێی ئەو زانیاری و زانستەی كە هەمانە، كە هەر خۆشم دەرچووی كۆلێژم لەبەشی كیمیا، كە خۆی دەبینێتەوە لە دەرمانسازی، واتە دروستكردنی دەرمان، (جماعات الكیمیاییە)، بواری دروستكردنی ئەو دەرمانانەی ئەنجامی ئەدەین، بۆ روتاندنەوەی قژ و گۆڕینی رەنگی قژ و تواندنەوەی بەردی گورچیلە و لابردنی پەڵە و زیبكە و چارەسەركردنی بیرۆو…هتد.

زۆربەی مشتەرییەكانمان بریتیە لە خانمان كە دێن داوای دەرمانی چارەسەر و جوانكاری و بەهێزكردنی قژ و هەندێك نەخۆشی خانمان دەكەن، ئەتوانم بڵێم ئەوەی كە خەڵكی ئەم شارە جوانەیە بەخەڵكی گوندنشینەكانیشەوە تەنانەت ئەو خانمانەش كە لە دەرەوەی وڵات ئەگەڕێنەوە، دێنە لامان كاتێك چارەسەریان ئەدەینێ و سوودی لێ ئەبینن، دەبنە مشتەریمان و بەردەوام دەبن لە سەردانیكردنمان، بۆ وەرگرتنی هەر چارەسەرێك كە پێویستیان پێی هەبێت، بۆ ئەم رۆژگارەی ئەمڕۆش كە ڤایرۆسی كرۆنا كوردیشی لێ بێبەش نەبووە، توانیومانە بە تێكەڵاوكردنی چەند گیایەك، ئازاری ئەوانە كەم بكەینەوە كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن، بەتایبەتی ئەوانەی كۆكەی زۆر و تەنگەنەفەسیان هەیە، خۆشبەختانە وەك چارەسەر نەخۆش بەكاریهێناوە.

100 جۆر گژوگیا هەیە
*حاجی ئەحمەدی عەتار ئاماژەی بەوەدا: لەساڵی 1981 ەوە لەو دوكانەدا لەگەڵ حاجی عارف بڕنوتی هاوبەشن پێكەوە و وەك دوو برا یان دوو خۆشەویست یان وەك كوڕ و باوك بێ هیچ كێشەیەك كاریان كردووە و دەشڵێت ئەو گوندانەی دەورووبەری سلێمانی كە بە بەردەوامی سەردانی ئێمەیان كردووە، بریتین لە (گوندەكانی ناوچەی قەرەداغ و شارەزوور و شارباژێڕ و دۆڵی جافایەتی و تەواوی گوندەكانی تری دەوروبەری شاری سلێمانی)، لەكاتی هاتنیشیاندا بۆلامان هەر خەڵكی ناوچەیەك و بەپێی جۆری ئەو گژوگیا و گوڵەی كە هەیانبووە، بۆیان ئەهێناین بە پارە لێمان وەرئەگرتن، كە ئەوكات چەندێك زۆر بوایە پارەی كڕینی لە دینار تێپەڕی نەدەكرد، ئێمەش بۆ دروستكردنی دەرمان بەكارماندەهێنا،.. هەروەها وتیشی: ئەو سەردەمە دەرمانەكانمان لەم گوڵ و گیایانە دروست دەكرد بەم شێوەیە:

_ گوڵە بەیبوون/ بۆ سك ئێشە و چاوئێشە بەكارئەهێنرا.

_ گوڵە وەنەوشە/ بۆ كۆكە و تەنگەنەفەسی و قوڕگ ئێشە.

_ قەیتەران/ بۆ ئازاری گورچیلە.

_ بنێشتە تاڵ/ بۆ چاكبوونەوەی برین و ئازاری گەدە.

بەڵام لە ئێستادا ئەو دەرمانانە بە شێوەیەكی زانستیانە زیادی كردووە، كە زیاترە لە (100) جۆر گژوگیایە، كە سەرجەمیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و هەریەكەیان بۆ بوارێك بەكاردەهێنرێت.

فراوانكردنی دوكانەكە
* حاجی ئەحمەدی عەتار یەكێكە لەو كەسایەتیە جوان و گەورانەی ئەم شارە و خەڵكەكەشی زۆر خۆشدەوێ و هەمیشە لەهەوڵی خزمەتكردنیان و پاراستنی كلتووری ئەو شارەیە هەر بۆیە بۆ مانەوەی ئەم نازناوە جوانە و دوای ئەوەی زانی كاڵا بەقەدەر باڵا توانیویەتی وەك پێویست خزمەتی خەڵكی ئەم شارە و دەوروبەری بكات، توانی پەرەی زیاتر بەم پیشە كوردەواریە بدات و بەشێوازێكی جوانتر و زانستیانەتر دوكانەكە گەورە بكات و هاوشێوەی پێشانگایەكی گیایی لێ بكات.

هەر بۆیە بەڕێزیان دەڵین: ئەوەی كە هەیە و نیە ئێمە توانیومانە لە دوكانەكەدا پیشانی بدەین وەك پێشانگایەكی گیایی رۆژانەش خەڵكی سوودی لێ ئەبینن، بۆ هەر چ نەخۆشیەك چارەسەری گونجاوی تیا دەست ئەكەوێت، زۆرێكیش تەنها دێت ئەیەوێت بە چاوی خۆی ئەو چارەسەر و گیایانە ببینێت، وتیشی ئەگەرچی بوارەكە چوار ساڵە پەرەمان پێداوە و دوكانەكەشمان بۆ گەورە كردووە، وە هەموو گژوگیا و دەرمانێكمان تێدا داناوە لە هەوڵداین باشتر و باشتری بكەین، رۆژانە كەناڵ و ماڵپەڕەكان سەردانمان ئەكەن، هیوادارین زیاتر خەڵك ئەم دوكانە بناسێت لە سلێمانی و دەرەوەی سلێمانیش، تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانی خۆمان بكەین.

*لە دواین وێستگەی قسەكانیدا، حاجی ئەحمەدی عەتار وتی:
_ راستە ئێمە پارە وەرئەگرین، بەڵام رەمزیە و شتەكانمان زۆر هەرزانە، وتیشی: یەكێك لە مامۆستاكانی بەشی كشتوكاڵی سلێمانی بەناوی (م.أ) كە دكتۆرای هێنا لەبواری بێهۆشكاری لەسەر گیایەك پێی دەوترێت (عشب البنج) كە كوردیەكەی (خەربەنگ)ە من هاوكاری بووم، بۆ ئەو گوڵ و گیایە، لەكاتی گوڵەكەیەوە تا ئەو كاتەی بوو بە تۆو، لەگەڵیدا سەردانی شوێنی گیاكەمان كرد كە دەستنیشانمان كردبوو، بۆ نووسینەوەی ئەو زانستەی هەیەتی لەسەری، چونكە بەڕێزیان گوڵەكەیان نەدەناسی، هەمان شتیشمان بۆ خوێندكارەكەی ئەنجامدا، كە خۆشبەختانە بە سانایی دكتۆراكەی بەدەستهێنا.

*ئاماژەی بەوەشدا: رۆژانە خوێندكارەكانی بەشی كۆلێژی كشتوكاڵ سەردانمان ئەكەن، بۆ وەرگرتنی زانیاری ئەو گوڵانەی كە هەریەكێكیان لەلایەن مامۆستاكەیانەوە بۆیان دەستنیشانكراوە، ئێمەش بەدڵی فراوانەوە زانیاریان لەسەر گوڵەكان ئەدەینێ و ئەوانیش راپۆرتی لەسەر ئەكەن.

*ماوەتەوە بڵێین: حاجی ئەحمەدی عەتار لە ساڵی 1962 لە پێنجوێنی سەوز لەدایكبووە، تا چواری دواناوەندی لە پێنجوێن و شەشی ئامادەیی لە سلێمانی تەواوكردووە، دواتر لە كەركوك بەشی كیمیای لە زانكۆی كەركوك تەواوكردووە.

 351 جار بینراوە