سەرەکی » دۆسێ » لیبیا، پێگەی پەڕینەوەی ئەفریقاییەكان بۆ ئەوروپا

دەیان كەس لە دەریادا خنكاون

لیبیا، پێگەی پەڕینەوەی ئەفریقاییەكان بۆ ئەوروپا

دەیان كۆچبەر لە هەوڵی پەڕینەوەدا لە دەریای ناوەڕاست، بەلەمە لاستیكییەكەیان نوقمی ئاو دەبێت و لە بەرانبەر كەنارئاوەكانی لیبیا دیارنامێنن، پێشبینیش دەكرێت هەموو ئەوانە لەنێو دەریادا خنكابن و گیانیان لەدەستدابێت.
لە 10ی ئەم مانگەدا، پاسەوانانی كەنارئاوەكانی لیبیا، ئاماژەیان بە دیارنەمانی 90 بۆ 100 كۆچبەر كردبوو، لە هەمان كاتدا 300 كەسی تر كە لە سێ‌ بەلەمدابوون، لە دەریا هێنرانە دەرەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی مەترسی نوقبوون بووبونەوە.
رزگاربووەكان باسیان لەوەكردبوو كە چەندان كاتژمێر لە ئاودا بوون، بەر لەوەی تیمە فریاگوزارییەكان بەهانایانەوە بچن و رزگاریان بكەن.
بە گوتە ئەوان، بەلەمە لاستیكییەكە زیاتر لە 100 كەسی هەڵگرتبوو بەر لەوەی نوقمی دەریا ببێت، ئەیوب قاسم وتەبێژی كەنارئاوەكانی لیبیاش، باسی لە رزگاركردنی 17 كەس كردبوو كە ژن و منداڵیان لەنێواندا بووە.
ناسر قەمودی لە هێزەكانی كەنارئاوەكان لە شاری سبراتەی لیبیا دەڵێت:»لە كاتژمێر 10ی بەیانی شوێنی بەلەمە نوقمبووەكەمان دۆزییەوە، پاش گەڕانێكی زۆر نزیكەی 16 كۆچبەرمان بە زیندووی دۆزییەوە، بەڵام ئەوانی تر لە ریزی ونبووەكانن».
بە گوتەی قەمودی»ئەوانەی رزگاركران، خۆیان بە بەلەمەكەوە گرتبوو، بەداخەوە هیچ هیچ رزگاربوویەكی تر و تەرمێكمان نەدۆزییەوە».
ژمارەیەك لە رزگاربووەكان كە لەلایەن تیمەكانی فریاگوزاریی كەنارئاوەكانەوە گەیەندرابوونە بنكەیەكی دەریایی لە تەرابلوس، باسیان لەوەكردبوو كە نزیكەی 70 كەس لە سەرەتاوە لەنێو بەلەمەكەدا بوون لە ناوچەیەكی نزیك لە شاری خەمسی خۆرهەڵاتی تەرابلوس».

بێئومێدی و لاوازبوون
دەسەڵاتداران دوو بەلەمی ترییان لە نزیك كەنائاوەكانی شاری زاویەی خۆرئاوای تەرابلوس دۆزییەوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژنێكی كۆچبەری نەیجیرییەوە كە لەنێو بەلەمە نوقبووەكەدا بوو، بڵاویكردبۆوە»ئەوان چەند كاتژمێرێك چاوەڕوان بوون تا تیمەكانی فریاگوزاریی لیبیا گەیشتن، بەڵام زۆرێك بێئومێدی و لاوازی زەفەری پێبردن و بەلەمەكان جێهێشت كە لە ئان و ساتی نقومبووندا بوو».
ئەو رووداوە یەكێكە لە زنجیرەیەك رووداوی كارەساتبار كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەسەر كۆچبەرە ئەفریقاییەكان هاتووە، چونكە هەر لە سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 60 كۆچبەر گیانیان لەدەستدا كاتێك بەلەمەكەیان لە دەریای ناوەڕاستدا نوقمبوو، ئەوەش گەورەترین رووداوی گیان لەدەستدانی كۆچبەران بوو لە ساڵی نوێدا.
لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵەكانی كۆچكردن روویان لە زیادبوون كردووە، ترسی زۆریش هەیە لەوەی زۆرێك لە كۆچبەرەكان لە دەریادا خنكابن و گیانیان لەدەستدابێت.
لیبیا بە پێگەیەكی نایاسایی پەڕینەوەی كۆچبەرە ئەفیرقاییەكان بەرەو ئەوروپا دادەنرێت، بەپێی ئامارەكانیش زیاتر لە 600 هەزار كەس لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا لەو وڵاتەوە پەڕیونەتەوە بەرەو ئەوروپا، زۆرینەی ئەو كۆچبەرانەش بەلەمی لاستیكییان بەكارهێناوە كە لەلایەن باندەكانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە پێشكەش دەكران كە زۆربەیان نوقم دەبوون.
رێكخراوی كۆچی نێو دەوڵەتی، ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 2832 كۆچبەر دەكات لە دەریادا لە ساڵی رابردوو، ئەوەش لە هەوڵی گەیشتنیان بە كەنارەكانی ئیتاڵیا كە 119 هەزار و 310 كەس لەو رێگەیەوە گەیشتوونەتە وڵاتەكە.
ئەو ژمارەیەی لەلایەن رێكخراوەكەوە دیاریی كراوە بەراورد بە ساڵی 2016، پاشەكشەكردنی بەخۆوە بینیەوە، چونكە لەو ساڵەدا 4581 كەس گیانیان لەدەستداوە و 181 هەزار و 436 كەس قوتارییان بووە و لە رێی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا.
دوای روخانی دەسەڵاتەكەی موعەمەر قەزافی لە لیبیا، وڵاتەكە جگە لەوەی بووە مۆڵگەیەك بۆ گروپە توندڕەوەكان و بڵابوونەوەی كاریی توندوتیژی و تاوانكاریی، بووە پێگەی پەڕینەوەی كۆچبەرە ئەفریقاییەكانیش بۆ ئەوروپا، ئەوەش ناڕەزایی زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپای لێكەوتەوە، دەسەڵاتدارانی لیبیاش لەو بارەیەوە داوای هاریكاریی و هەماهەنگییان كردبوو تا بتوانن بەسەر دیاردەكەدا زاڵببن و رێگە نەدەن وڵاتەكەیان ببێتە خاڵی پەڕینەوەی كۆچبەران.
لەماوەی ساڵانی رابردوو، سەدان هەزار كۆچبەر، بیابانی گەورە و دەریای سپی ناوەڕاستیان بڕی لەپێناو گەیشتن بە ئەوروپا.
هەزاران كەس لەوانە لەڕێگادا گیانیان لەدەستدا، بەڵام ئەوانەی گەیشتبوونە لیبیا، هەموو شتێكیان لەدەستدا و رووبەڕووی پێشێلكاریی سامناك بوونەوە، هەندێكیشیان بەدەستی ئەوانەی بازرگانیان بە مرۆڤەوە دەكرد، وەكو كۆیلە كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرا.
كەناڵی (سی. ئێن. ئێن)ی ئەمریكایی لە مانگی تشرینی یەكەمی 2017، وێنەی یەكێك لە بازاڕەكانی فرۆشتنی كۆیلەی لە لیبیادا بڵاوكردەوە، بەپێی كەناڵەكەش فرۆشتنی كۆیلە بە كەمتر لە 400 دۆلار بۆ كاركردن لە كێڵگەكانی وڵاتەكەدا مامەڵەی پێوەكراوە، ئەوەش دەسەڵاتدارانی لیبیای ناچاركرد لێكۆڵینەوە دەستپێبكەن.
لە لوتكەی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەفریقاشدا كە لە كۆدیڤوار سازكرا و ژمارەیەك لە وڵاتە ئەوروپاییەكان ئامادەی بوون، بەشێوەیەكی چڕ وتوێژ لەسەر كێشەی كۆچبەرە ئەفریقاییەكان و ئەو پێشێلكارییانە كرا كە لە لیبیا رووبەڕووی دەبوونەوە، ئەوەش وای لە هەندێك لە وڵاتە ئەفریاقییەكان كرد، یارمەتی بنوێنن بۆ گێڕانەوەی هاوڵاتییەكانیان كە لە لیبیادا گیریان خواردبوو.

print

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*