سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە دیدی فەیلەسووفی ئیسرائیلی یوڤال نوح هەرارییەوە

مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە دیدی فەیلەسووفی ئیسرائیلی یوڤال نوح هەرارییەوە

2-2 کۆتایی

زەرەرو سوودەکانی پارە
نووسەر بە شێوەیەکی گشتگیرانە لە پرسی پارە دەکۆڵیتەوە تێیدا سوود و قازانجەکانی ئەم داهێنانەی مرۆڤ باس دەکات. لەبارەی سوودەکانی پارەوە دەڵێت:
پارە لە زمان، دەوڵەت، یاساکان، کۆدە کولتوورییەکان، باوەڕە ئاینییەکان، خووە کۆمەڵایەتەییەکان، ئەقڵی کراوەترە. پارە تاکە سیستەمی متمانەیە لەلایەن مرۆڤەکانەوە دروستکرابێت کە دەتوانێت هەر کەلێنێکی کولتووری پڕبکاتەوەو لەسەر بنەمای ئایین، رەگەز، تەمەن، روانگەی سێکسی، جیاکاری ناکات. لەسایەی پارەدا ئەو کەسانەشی کە یەکتر ناناسن و متمانە بە یەکتری ناکەن، دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر هاریکاری یەکتر بکەن. 281

دواتر نووسەر باسی خراپیی و زەرەرەکانی پارە دەکات بەسەر مرۆڤایەتییەوەو دەڵێت:
ئەم پڕەنسیبە بە ڕواڵەت نەرمونیانە دیوێکی تاریکیشی هەیە. کاتێک هەموو شتێک قابیلی گۆڕینەوە بێت و کاتێک متمانە بەندە بە پارەوە، ئەوا پەیوەندی گەرموگوڕ و بەها مرۆییەکان وێران دەکات و بە یاسا ساردەکانی دابینکردن و داوا، شوێنیان پڕ دەکاتەوە، ،،،ل282

پاشانیش دەڵێت:
ئێمە متمانە بە غەریبەکان، دراوسێکانمان ناکەیەن، ئێمە تەنها متمانە بەو پارەیە دەکەین کە پێیانە،ئەگەر ئەوان پارەیان لێ ببڕێت، ئەوا متمانەمان نامێنێت، لە کاتێکدا پارە شیرازەکانی کۆمەڵ و ئایین و دەوڵەت دادەڕمێنێت، ئەمڕۆ جیهان لەمەترسی ئەوەدایە کە ببێتە بازاڕێكی گەورەی بێ دڵ،،،ل 283
ئەمەش بە بڕوای من مەترسییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ رووبەروی زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان دەبێتەوە.

ئیمپراتۆریەتییەکان
نووسەر لەپاش رۆڵی پارە، باس لە گرنگی رۆڵی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات لە مێژوودا، لەمەشدا هەڵسەنگاندنی ووردو درشتی بۆ ئەم داهێنانەی مرۆڤ کردووە باس لە مێژوو و سوود و زەرەرەکانی دروستبوونی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات لە مێژوویی مرۆڤایەتیدا.

یەکەمین ئیمپراتۆریەت لە مێژوودا
نووسەر باس لە دروستبوونی یەکەمین ئیمپراتۆریەت دەکات لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەئەویش ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییە بەسەرۆکایەتی سارگۆنی ئیمپراتۆر لە ناوچەی میزۆپۆتامیادا. کە لە ساڵی 2250 پێش زایین دروستبووە، کە ئەمەش یەکەمین شێوازی ئیمپراتۆیەتی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە لەپاش ئەویش ئیمپراتۆریەتەکانی ئاشووریی و بابلی و هیتییەکان و دواتریش فارسەکان دێن، هەرهەمووشیان سارگۆنیان وەکو سەرمەشق بۆ خۆیان داناوە. ل296

ئیمپراتۆریەت چییە
نووسەر هەوڵیداوە پێناسەیەکی وردوودرشت بۆ ئیمپراتۆریەت بکات و بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکانی باس بکات. نووسەر پێی وایە ئیمپراتۆریەت سیستەمێکی سیاسییە کە دوو تایبەتمەندی هەیە،یەکەم: دەبێت حوکمی ژمارەیەکی گرنگی گەلانی جیا جیا بکات، کە هەریەکەیان خاوەنی شوناسی کەلتووری جیاواز و لەسەر زەمینێکی جیاواز بژین. دووەم: ئیمپراتۆرەکان دەتوانن نەتەوەو سەرزەمینی زۆر و زۆرتر داگیربکەن و بەبێ ئەوەی شوناس یان سترەکتووری بنچینەیی بگۆڕن.ل288

باشیی و خراپی ئیمپراتۆریەتییەکان
پاشان نووسەر وەکو پێشتر دێت باس لە باشیی و خراپی ئیمپراتۆریەتییەکان دەکات، ئەوی پێی وایە ئیمپراتۆریەتییەکان ئامڕازگەلی ستانداری بریتیی بووە لە جەنگەکان،بەکۆیلەکردن، کۆچی زۆرەملێ، جینوساید، ل 293

دەشڵێت: بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆریەتەکان لەسەر خوێن بونیاد نراون و هێزی خۆیان لە رێگەی سەرکوتکردن و جەنگەوە بەرقەرار کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی هەرە زۆری کەلتوورەکانی ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای ئیمپریالییەکان بونیاد نراون. ل 308

دواتریش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا،ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئیمپراتۆریەتەکان لە سەرئەنجامدا هیچ شتێکی بەهادار جێناهێڵن، رەتکردنەوەی ئیمپراتۆریەتەکان و نکوڵیکردنیان،بە مانای رەفزکردنی بەشی زۆری کەلتووریی مرۆییە،،، بەشێکی گرنگی دەستکەوتی کەلتووری مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە بۆ بەکاربردنی دانیشتوانە داگیرکراوەکان، تاج مەحەل لە هیندوستان بونیاد نەدەنرا بە بێ سامانی کەڵەکەبوو، بە بەکاربردنی ڕەعییە هیندییەکان لەلایەن مەغۆلەوە،،،ل 294

پاشانیش باسی خاڵێکی گرنگی تر دەکات کە ئەویش لەناوبردنی گەلانی لاواز و توانەوەیان لەناو بۆتەی ئیمپراتۆرییە گەورەکان و زۆرجاریش لەبیرکردنەوەی مێژووی خۆیان، لەمبارەیەوە دەڵێت: میسرییەکانی ئەمڕۆ بە زمانی عەرەبی دەدوێن، وەکو عەرەب بیر لە خۆیان دەکەنەوەو لە دڵەوە هاوسۆزییان هەیە لەگەڵ ئەو ئیمپراتۆریەتە عەرەبەی کە لەسەدەی حەوتەمدا میسری داگیرکرد و بە مشتەکۆڵەی ئاسنین راپەڕینە چەندباربوەوەکانی دامرکاندەوە کە لە دژی حوکمی داگیرکەران سەریان هەڵدا، ل295 دواتریش دەڵێت: دەوڵەتی هیندوستانی مۆدێرن، منداڵی ئیمپراتۆریەتی بەریتانییە.

ئەمەش پێی دەوترێت لەبیرچوونەوەی بیرەوەری نەتەوە لاوازەکان لەبەرامبەر نەتەوە بەهێزەکان.

ئایین
پاشان نووسەر دێتە سەر سێهەمین هۆکار و ئامڕاز کە هەموو مرۆڤایەتی یەکخستەوە، ئەویش رۆڵی ئایینەکان بەتایبەتی ئایینەکانی مەسیحی و ئیسلام و بودی و هیندۆسی.

هەراری دەڵێت: ئایین سێهمەین ئامڕازی گەورەی یەکخستنی مرۆڤایەتییە، لەبەرئەوەی هەموو هەڕەم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان وێناکراون، هەموویان ناسکن و چەندەی کۆمەڵگاکە گەورەتر بێت، ئەوەندەش ناسکترە. ل316

پاشان باسی رۆڵی گرنگی ئایین دەکات و دەڵێت: رۆڵی مێژووییی گرنگی ئایین ئەوە بووە کە شەرعیەتی سوپەر مرۆڤ بداتە ئەم سترەکتۆرە ناسکە، ئایینەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاساکانمان دەرئەنجامی گۆڕانی میزاجی مرۆڤ نین، بەڵکو دەسەڵاتێکی رەها و باڵا ئاڕاستەکراون، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دانانای لانی کەمی هەندێک یاسای بنەڕەتی و زامنکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی.

دواتریش دەڵێت: ئایین دەبێت تایبەتمەندی سوپەر مرۆڤی و گەردوونی هەبێت، دەبێ سیستەمێکی سوپەر مرۆڤی و گەردوونی پێڕەو بکات کە هەمیشە و لە هەموو شوێنکدا راستە، ل 317

شۆڕشی کشتوکاڵی و ئایین
نووسەر پێی وایە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان شۆڕشی کشتوکاڵی و ئاییندا هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: پێدەچێت شۆڕشی کشتوکاڵی، شۆڕشی ئایینی بەداوادا هاتبێت،،، یەکەم کاریگەری دینی شۆڕشی کشتوکاڵی، گۆڕینی ڕووەک و ئاژەڵ بووە لە ئەندامانی یەکسانی مێزگردێکی رۆحییەوە بۆ موڵک،ل 319

مێژووی دروستبوونی ئایینەکان
نووسەر شارەزاییەکی ئێجگار زۆری لەبارەی مێژووی ئایینەکانەوە هەیە بەتایبەتی ئاینەکانی « جوولەکە، مەسیحی، ئیسلام، بودی، هیندۆسی، کۆنفۆشیۆس» هەروەها چۆنێتی دروستبوونی بتپەرستیی و فرە خوایی و بۆ یەکتاپەرستی،هەموو ئەمانەشی لەم کتێبەیدا بە درێژی باسکردووە. یەکەمین فکری ئایینی یەکتاپەرستیش لە میسر ساڵی 3500 پێش زایین لەلایەن فیرعەون ئەخناتون بووە، یەکێک لە خوداوەندە لاوەکییەکانی کۆمەڵە خوداوەندی میسری، خوداوەند ئاتونە، کە هێزی باڵای فەرمانڕەوایی گەردوونە، ئەمەش سەرەتای بیری یەکتاپەرستی بووە، دواتریش جوولەکە، مەسیحی و ئیسلام پەیدا بوون. ل 328

لەلایەکی ترەوە هەراری پێی وایە کە ئایینەکان بەتایبەتی ئایینە یەکتا پەرستییەکان،لە زۆر رووەوە پەیوەندی بەهێزیان بە یەکتریەوە هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: سەرکەوتنی مەسیحیەت بووە مۆدێلێک بۆ ئاینێکی یەکتاپەرستی تر کە لە سەدەی حەوتەم لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا دەرکەوت،کە ئەویش ئیسلامە، ل 329

رەخنەکانی لە فکری ئایینی
نووسەر کەسێکی سیکولارە، لەم کتێبە و لە کتێبەکانی تریشدا بەشێوەیەکی سیکولارانە و زانستیانە بیر دەکاتەوە، بۆیە زۆرجار رەخنە لە جۆری بیرکردنەوەی ئایینی دەگرێت، نووسەر لەپەنا لایەنە باشەکانی ئاییندا کە هەوڵیان بۆ یەکخستنی مرۆڤایەتی داوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا باسی ئەو جەنگە خوێناویانە دەکات کە بەهۆی ئایینەوە بەرپابوون، لەمبارەیەوە دەڵێت:

ڕۆمە ڤرە خواگەراکان زیاتر لە چەند هەزار مەسیحییان نەکوشتووە، کەچی بە درێژایی 1500 ساڵی دواتر،مەسیحییەکان بە ملیۆنان مەسیحی و خەڵکی تریان کوشتووە بۆ بەرگریکردن لە تەفسیری جیاوازی ئایینی.326

ئایینی مرۆڤ پەرستن
لە پاش باسکردنی ئایینە ئاسمانیەکان، نووسەر پێی وایە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕینانسازەوە، مرۆڤ دەبێتە چەقی بیرکردنەوەو بایەخی هەموو بیرو باوەڕەکان، ئەمەش ئەو ناوی لێناوە « پەرستنی مرۆڤ»
نووسەر دەڵێت: ئەگەر ئایین سیستەمێکی ڕێسا و بەها مرۆییەکان بێت کە لەسەر بنەمای باوەڕ بە سیستەمی سوپەر مرۆڤ بونیاد نراوە، ئەوا کۆمۆنیزمی سۆڤێتی بە بەروارد بە ئیسلام لە ئایین کەمتر نییە. ئایینە باوەڕدارەکان تەرکیز دەکەنە سەر پەرستنی خوداکان،ئایینە هومانیستەکان، مرۆڤایەتی دەپەرستن یان دروستر بڵێین مرۆڤە هۆشمەندەکان دەپەرستن. ل 344

دواتریش دەڵێت: هەموو هومانیستەکان مرۆڤایەتی دەپەرستن،بەڵام لەسەر پێناسەکەی کۆک نین. هومانیزم بەسەر سێ ڕێبازی رکابەردا دابەش بووە. یەکەمیان هومانیزمی لیبڕاڵ. دووەمیان هومانیزمی سۆسیالیستی. سێهەمیان هومانیزمی نازیەت یان فاشیەت.ل347

نووسەر بەدرێژی باسی ئەم سێ قووتابخانە فکرییە دەکات و سەرنج و تێبینی خۆی لەبارەی هەرسێکیانەوە نووسیوە.

مێژوو
کتێبەکە پانۆرامایەکی درێژە بەناو مێژووی مرۆڤایەتی، لە شارستانییە کۆنەکانەوەهەتاوەکو ئەمڕۆ نووسەر قسەی لەبارەوە کردووە. نووسەر پێی وایە : مێژوو ناتوانرێ بەشێوەی حەتمیگەرایی روون بکرێتەوەو ناکرێ پێشبینی بکرێ چونکە پشێوییە. هێزگەلێکی زۆر لە کایەکەدان و کارلێکەکانیان ئەوەندە ئاڵۆزە کە گۆڕانی تەواو بچوک لە توانای هێزەکان و شێوازی کارلێکردنیاندا، جیاوازی گەورە لە دەرئەنجامەکاندا بەرهەم دەهێنن.

بۆ نموونە لە ساڵی 600 زاییندا،کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە باندێکی عەرەبی بیابانشین بەزوویی پانتاییەکی درێژبووەوە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیەوە بۆ هیندوستان داگیربکەن . لەراستیدا ئەگەر سوپای بێزەنتی بیتوانیبایە بەرپەرچی هێرشە سەرەتاییەکە بداتەوە، ئەوا لەوانە بوو ئیسلام هەروەکو بیروباوەرێكی تەماوی بمایەتەوەو تەنیا چەند کەسێکی خاوەن زانیاری لێی بەئاگا بوونایە. ل360

دواتریش دەڵێت:
بە پێچەوانەی فیزیا یان ئابوورییەوە، مێژوو ئامڕازێک نییە بۆ ئەنجامدانی پشبینی دەقاودەق. ئێمە تاووتوێی مێژوو دەکەین نەک بۆ زانینی ئایندە،بەڵکو بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانمان.ل363

شۆڕشی زانستی
نووسەر لە بەشەکانی دواییدا باسی سەرکەوتنەکانی مرۆڤ دەکات لە بواری شۆڕشی زانستیدا، ئەو پێی وایە ئەم شۆڕشە لە پاش ساڵی 1500ەوە دەستیپێکردووەو هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامە. نووسەر پێی وایە سەرەتا هەموو داهێنانێکی زانستی بە چەکی « ئیگنۆراموس» دەستپێدەکات کە مانای « نازانین» ە. پێشی وایە زانست لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد نراوە.

دەشڵێت: شۆڕشی زانستی شۆڕشێکی زانین نەبووە، لەسەروو هەموویەوە شۆڕشێکی نەزانی بووە. ئەو دۆزینەوە گەورەیەی کە بووە هۆی شۆڕشی زانستی، ئەو دۆزینەوەیە بوو کە مرۆڤەکان وەڵامەکانی پرسیارە هەر گرنگەکان نازانن. ل . 377 . ئامادەیی داننان بە نەزانی،زانستی مۆدێرنی لە هەر نەریتێکی پێشووی زانین داینامیکیتر و فراوانتر کردووە. ل 380

زانست و دەسەڵات
لەبەشێکی تردا نووسەر باسی پەیوەندی ریشەیی و توندوتۆڵی نێوان زانست دەسەڵات دەکات، لەهەمانکاتیشدا چۆن زانست رۆڵی لە بەهێزبوونی ئیمپراتۆریەتەکان و هەڵگیرساندنی جەنگدا هەبوو، لەهەمانکاتیشدا چۆن زانست رۆڵی بەرچاوی لە جەنگەکاندا هەبووە هەتاوەکو ئەمڕۆ. ئەو یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەوروپا بەسەر جیهاندا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە دەسەڵاتی زانستی خۆی پێشخت.

شۆڕشی پێشەشازی
نووسەر بە درێژی باسی هۆکاری دروستبوونی و سەرهەڵدانی شۆڕشی پێشەشازی دەکات.، لەهەمانکاتیشدا بە روونی شیدەکاتەوە بۆچی ئەم شۆڕشە لە بەریتانیا سەریهەڵداو لە شوێنەکانی تردا سەری هەڵنەدا. ئەو پێی وایە شۆڕشی پیشەشازی،شۆڕشێک بووە لە وەرگۆڕینی وزەدا. لە شوێنێکی تریشدا دەڵێت:شۆڕشی پیشەشازی،پێش هەموو شتێک دووەم شۆڕشی کشتوکاڵی بوو،چونکە لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا میتۆدەکانی بەرهەمهێنانی پیشەشازی بوونە بناغەی کشتوکاڵ،رووەکەکان و گیانلبەران بە میکانیکی کرا. ل515

رەخنە لە مۆدێرنە
نووسەر لە کۆتایی کتێبەکەیدا رەخنەی تووند لە مۆدێرنە دەگرێت، بەتایبەتی لە شێوازی بەخێوکردنی گیانلەبەران و پێی وایە مرۆڤ بە دڕندەترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکان دەکات و جینۆسایدیان دەکات. هەروەها ترسی زاڵبوونی تەکنەلۆژیا بەسەر مرۆڤدا،دەبێتە ترسێکی گەورە کە رووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە.

هەراری دەڵێت: وێرای ئەو شتە سەرسووڕهێنەرانەی مرۆڤەکان دەتوانن بیکەن، ئێمە هەر نا دڵنیا دەبین لە ئامانجەکانمان و پێدەچێ وەکو هەمیشە نابەدڵ و ناڕازی بین… ئێمە لە بەلەمی تەختەی سادەوە گەیشتینە بەلەمی چارۆکەدار و لەوێوە بۆ کەشتی هەڵمی و کەشتی ئاسمانی،بەڵام کەس نازانێت ئاخۆ ئێمە بەرەو کوێ رێ دەکەین، ئێمە لە هەر کاتێکی تر بەهێزترین،بەڵام بیرۆکەیەکی وەهامان نییە لەبارەی ئەوەی چی لەو هەموو هێزە بکەین، لەهەمووشی خراپتر پێدەچی مرۆڤەکان لەهەر کاتێکی تر نابەرپرستر بن ،،ل 630

لە کتێبی 21 وانە بۆ سەدەی 21 بەدرێژی باسی ئەو ترسانە دەکات کە لەئێستا و داهاتوودا رووبەروی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، ئەمەش هەڵدەگرین بۆ وتاری داهاتوومان.

چەند سەرنجێک
بەدڵنیاییەوە خوێندنەوەی ئەم کتێبە کە بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی ئەم فەیلەسووفە دەردەخات، مایەی سەرنج و گرنگی پێدانی زۆرم بوو، لەپاش خوێندنەوەی کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیم لا دروست بوو، لێرەدا پێمخۆشە باسی هەندێکیان بکەم.

پێش هەموو شتێک جیاوازی ئەم فەیلەسووفە لە چاو فەیلەسووفانی تری مۆدێرندا ئەوەیە، کە شارەزاییەکی ئێجگار زۆری لەبارەی مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەیە، خۆشی لەم بوارەدا پسپۆرە، ئەمەش بەرچاوروونی و دونیا بینی فراوانتر کردووە، چونکە چەندە لە مێژووی مرۆڤایەتی شارەزا بێت، هێندەش باشتر دەتوانیت دونیای ئەمڕۆ بخوێنیتەوە و پێشبینیش بۆ دوارۆژ بکەیت، هەرچەندە ئەم فەیلەسووفە پێی وایە، پێشبینیکرد، کارێکی ئەستەمە بەتایبەتی لەمڕۆدا. راستە فەیلەسووفانی پێش ئەو لە مێژوودا شارەزابوون لەوانە هیگل و مارکس و رۆسۆ، هی تر،بەڵام ئەم هەوڵیداوە جگە لە شارەزایی خۆی لە مێژوویی کۆنی مرۆڤ، سوود لە هەوڵی ئەنترۆپۆلیژستەکانی تر بکات و بەرهەمی ئەوانیش بۆ خۆی بەکاربهێنێت.

خاڵێکی گرنگی تریش پەیوەندی بە کاریگەری گەورەی کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی جیهانی بەسەر هەرارییەوە هەیە، بەتایبەتی « ئەریک فرۆم،مارکس، شۆپنهاوەر، بێرنادر راسڵ، لیڤی شتراوس ، فۆکۆیاما» کاتێک باسی خراپی کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەرخۆر دەکات، پێش سەد ساڵێک دەبێت کە ئەریک فرۆم باسی مەترسی ئەم کێشانەی کردووە.

کاتێکیش باسی پەیوەندی نیوان دەوڵەت و جەنگ دەکات، پێش ئەویش هەریەک لە مارکس و فۆکۆیاما باسی ئەمەیان کردووە، مارکس پێی وابوو کە جەنگ بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی سەرمایەداری. فۆکۆیاماش پێی وایە کە جەنگ هۆکاری سەرەکی دروستبوونی دەوڵەت و وئیمپراتۆریەتەکان بووە.

لەرووی کاریگەری ئەفسانەشەوە پێشتر کۆمەڵێک فەیلەسووفی جیهان لەپێش هەموویانەوە کلۆد لیڤی شتراوس، باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەی بەسەر مرۆڤایەتییەوە کردووە. . کاتێکیش باسی کاریگەری کولتووری داگیرکەران بەسەر وڵاتی داگیرکراوەوە دەکات، ڕێک هەمان بۆچوونی فەیلەسووفی ئەمریکی- فەلەستینی ئێدوارد سەعید دەکاتەوە کە لە کتێبی « ئیمپریالیزم و کەلتور» باسی کاریگەری دەوڵەتە بەهێزەکان بەسەر لاوازەکاندا دەکات.

لەکاتی باسکردنی خۆشبەختیدا ئەو پێی وایە کە خۆشبەختی پێش هەمووشتێک پەیوەندی بە ناخی تاکەوە هەیە، هەروەها ژیانکردنە لەو ساتە واقعییەی کە تێیدا دەژی. ئەمەش هەمان بۆچوونی فەیلەسووفی ئەڵمانی شۆپنهاوەرە کە پێش سەد ساڵێک دەبێت لە بەرهەمەکانیدا باسی کردووە. جگەلەوەش پێش ئەویش هەرچی عاریفی رۆژهەڵاتیش هەیە، باسی ئەوەیان کردووە کە سەرچاوەی هەموو خۆشبەختییەک ناخی مرۆڤ خۆیەتی.

جگە لەمانە کاریگەری کۆمەڵێک بیرمەندی تری بەسەرەوە دیارە، بەڵام نووسەر بەهیچ شێوەیەک ئەمە لە نووسینەکانیدا باس ناکات.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە یوڤاڵ نوح هەراری لەم کتێبەدا کۆمەڵێک زانیاریی و بۆچوونی نوێی پێشکەش بە خوێنەران کردووە، پیاسەیەکی خێراشی بە مێژووی کۆنی مرۆڤدا کردووە، لەهەمانکاتیشدا هەوڵیداوە تێگەیشتنێکی واقعییانە بۆ دونیای ئەمڕۆمان بکات و لەکێشەکانی مرۆڤایەتی باشتر تێبگەین. لەهەمووشی گرنگتر لە ئێستادا هەراری بە یەکێک لە فەیلەسووفە ناودارەکانی جیهان دادەنرێت و بەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدانن، هەربۆیە پێویستە ئێمەش ئاگاداری فکری ئەم فەیلەسووفە مۆدێرنە بین.

لیرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک کارزان کاوسێن بکەین، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە و هیوای کاری جوانتر وباشتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
یوڤاڵ نوح هەراری. هۆشمەندەکان، بوختیەک لە مێژووی مرۆڤ. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، کارزان کاوسێن. چاپ و پەخشی ڕێنما. چاپی دووەم. 2020

 

 108 جار بینراوە