سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » رەوایی و ناڕەوایی

رەوایی و ناڕەوایی

ئەمریكا تەمەنی چەند ساڵێك لە تەمەنی شاری سلێمانی زیاترە، بەڵام لەو تەمەنە كورتەیدا لەچاو وڵاتانی تردا، هاوشانی بەشێكی زۆری وڵاتان بەشدارییەكی گەورەی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا كردووە.

لەبواری چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و گرنگیی چەسپاندنی یاسادا رۆڵی گەورەی گێڕاوە. لەداهێنانی شێوازێكی نوێی سیاسەتكردندا نەخشی هەبووە، دەیان داهێنان و دۆزینەوە لە سێ سەدەدا لەم وڵاتە بووە.

لەبواری هونەردا و بەتایبەتیش هونەری حەوتەم، سینەما، پێشەنگە، لە زانستدا هەروەها، لە تەنكنۆلۆژیا و پیشەسازیدا، بەهەمان شێوە، لەبواری ئابووریدا تائێستا لەپێشەوەی جیهانە، لەبواری سەربازیشدا یەكەمی جیهانە و هەروەها زۆربەی بوارەكانی تر، بەڵام ئەم وڵاتە چەند ساڵێكە بەهۆی سیاسەت و هەڵسوكەوتی هەندێك لە سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارەكانییەوە، تووشی گلەیی و گازەندەی زۆر بۆتەوە لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆش، بەتایبەتی لەم چوار ساڵەی رابردوودا كە دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا.

ترەمپ لەو چەند ساڵەدا ژمارەیەكی زۆر نەیاری تری بۆ سیاسەتەكانی ئەمریكا دروست كرد، دەیان سزای نوێی بەسەر چەندین وڵاتدا لە چەندین بواردا سەپاند، دوژمنایەتییە لە مێژینەكەی بە سەپاندنی زنجیرەیەك سزا بەسەر روسیای فیدڕاڵدا نوێكردەوە، دوژمنایەتی ئەمریكای لەگەڵ ڤەنزوێللا و ئێراندا گەیاندە ئاستی تەقاندنەوە. لەگەڵ كۆریای باكووردا نەگەیشتە هیچ دەرەنجامێك. لەناوخۆی ئەمریكادا دوژمنایەتیی لەگەڵ نەیارەكانیدا تۆخ كردەوە لەگەڵ حزبی دیموكرات، لەگەڵ روژنامەنووساندا، لەگەڵ رەش پێست و كۆچبەرەكاندا.

هەموو ئەمانە وایكرد ترەمپ سەرۆكێكی جیاوازتر بێت لە سەرۆكەكانی دیكەی ئەمریكا تا ئەو رادەیەی لێبووردنی بۆ ژمارەیەك تاوانباری كۆمپانیای سیكیوریتی بلاك ۆتەر دەركرد كە تاوانباربوون بە كوشتن.

ترەمپ هێندە جیاواز بوو، پێش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا بە گومانەوە باسی لەوە دەكرد كە بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و هەروا كۆشكی سپی بەجێ بهێڵێت.

سەركێشییەكانی ترەمپ و دەرەنجامی تویتە سەرنجڕاكێشەكانی لەسەر تویتەر، لەگەڵ ئاشكرابوونی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، دەركەوت كاتێك روونبۆوە جۆ بایدن لەپێش ئەوەوەیە و كەوتە لێدانی قەوانی بوونی ساختەكاری كە گوایە گەورەترین ساختەكاریی لە مێژووی ئەمریكادا لە هەڵبژاردندا كراوە و دەیان سكاڵای تۆمار كرد و چووەوە بەگژ فەرمانداری چەندین ویلایەتدا لەسەر ئەوەی بەقسەیان نەكرد و كارەكەی گەیاندە ئەوەی داوای لە لایەنگرانی كرد، رۆژی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پیران و نوێنەران بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بینای كۆنگرێس كە جۆ بایدن براوەی بوو، لەواشنتون گرد ببنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و رێگریی لە پەسەندكردن.

ئەوەبوو رۆژی شەشی كانونی دووەمی 2021 رۆژێكی رەش بوو لە مێژووی سیاسی و دیموكراسی ئەمریكادا، ئەو رۆژە بەشێك لە لایەنگرانی ترەمپ لە باخچەی پشتەوەی كۆشكی سپی كە نزیكی كاپیتۆڵ هۆڵ- كۆنگریسە- كۆبوونەوە.

رێكخەرانی كۆبوونەوەكە پێش هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ وتار خوێندنەوە وەك بەشدارییەك لەو ناڕەزایەتییەدا، موزیك و گۆرانییان لێدەدا، ئەوەی جێی سەرنج بوو، یەكێك لەو گۆرانییانە، گۆرانییە بە ناوبانگەكەی خانمە گۆرانینێژ سیلین دیۆن بوو كە بۆ فیلمی بەناوبانگی تایتانیك وتبووی، وەك ئەوە بوو كە بڵێن ئەوە هەم پاپۆڕەكەی ترەمپ، هەم ئەوەی دیموكراسی ئەمریكاش وا نوقم دەبن.

لەراستیشدا هەروابوو، پاش وتارەكەی ترەمپ و بەخشیبەوەی دەیان تۆمەت و سووربوونی لەسەر ساختەكاریی لە هەڵبژاردن و ئامادەنەبوون بۆ دەستبەرداربوون لە كورسی سەرۆكایەتی و تەوابوونی وتارەكەی، ئامادەبووانی گردبوونەوەكە بەرەو بینای كۆنگرێس كەوتنەڕێ و هەموو بەربەستەكانیان شكاند و چوونە ناو بینای كۆنگرێسەوە كە لە كۆبونەوەدا بوو، ئەندامانی كۆنگرێس بەپەلەپڕوسكێ خۆیان دەربازكرد و لایەنگرانی ترەمپیش كەوتنە بڵاوكردنەوەی كەلوپەلی نێو هۆل و ژورەكان و شكاندنی دەرگا و پەنجەرە، بەمەش ترەمپ و لایەنگرەكانی رۆژێكی رەشیان لە مێژووی ئەمریكادا تۆماركرد و بوونە جێی رەخنەی توندی ئەمریكییەكان و سەرجەم جیهان.

ئەوەی روویدا رووداوێكی ئاسایی و سەرپێیی نەبوو، ئەوە بەرهەمی ئەو سیاسەتەی ئەمریكا بوو كە لە چوار ساڵی رابردوودا پیادەی دەكرد. ئەگەر ئەوەی ترەمپ دەرهەق بە وڵاتەكەی و دیموكراسیی و سیستمی سیاسی وڵاتەكەی لە شەشی كانوندا كردی رەوابێت، ئەوا ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا كردوێتی رەوایە! ئەگەر ناڕەواشە، كە بێگومان وایە، ئەوا هەرچییەكی دەرهەق بە ئەمریكییەكان و وڵاتانی جیهان كردووە، هەر ناڕەوایە و لە راستیشدا گەیمەكەی ترەمپ و دیموكراسی ئەمریكا پێكەوە نوقم بوون!

 112 جار بینراوە