سەرەکی » کەلتوور » مەلا حەسەن و من و فریاد رواندزی و سەرلەنوێ دەرچوونەوەی کوردستانی نوێ

مەلا حەسەن و من و فریاد رواندزی و سەرلەنوێ دەرچوونەوەی کوردستانی نوێ

نازم دڵبەند

3-3

دەمودەست بەرەو گەراج رۆیشتم و لەوێشەوە بۆ کەرکوک دوای عەسرێ گەیشتمە شوێنی مەبەست و لە چاخانەکە دانیشتم و سەیرمکرد چایچیەک پیاوێکی زۆر بە زەوقەو کاسێتیکی خوا لێخۆشبوو (سەڵاح داود) ی خستۆتە سەری و لەگەڵ ئەودا (خانزادەخان)ەکە دەڵێتەوە، هەر بەو زەوقەوە چایەکی لەپێش دانام و منیش بەزەردەخەنەیەکی ئاڵۆزەکەوە گوتم:
«تۆ بڵێی کاک نەجۆ لەم ناوە نەبێ»
هەرزوو بەوپەڕی خۆشیەوە بەجوێنێکی مزرەوە بۆی، دیاربوو ئەو شەڕە جوێن و گاڵتەیە لەنێوانیان هەبوو بۆ ئەم بەر بانگی راهێشت:»وەرە (…) قارەمان میوانت هاتووە» .
لە دوورەوە سەیرم کرد پیاوێکی (گەرمیانی) عەیارە بیستوچوار بە قەڵافەت و سەرو گوێلاک و دەست و پەنجە زل، گەیشتە ناو چاخانەکە منیش لەبەری هەڵساوەوە و بەم دەستانەیەوە تەوقەیەکی لەگەڵ کردم و یەکسەر گوتم:
«کاکە قارەمان من(ابو سامان) لە بەغداوە ناردوومی»
باوەشی لێگرتم و ئەوەندە بەڕێزەوە پێشوازی لێکردم و گوتی:
«کاکە (محەمەد کەریم فەتحوڵڵا) مەبەستی (ابو سامان) بوو هەمیشە گەورەی منە». گوتیشی :»مادام ئەو تۆی ناردووە پێم بڵێ کێت بۆ بکوژم»،
منیش دامە قاقای پێکەنین و دەستم لە ملی کرد. گوتی» هەڵسە با بچینە دەرەوە، لەگەڵیا چوومە دەرەوە بۆ ئەو بەرجادەکە… هەموو شتێکم تێگەیاند». ئاماژەی بە جێبێک کرد گوتی «بارەکە بە بەم جێبە هەڵدەگرێ»، گوتم:»ئەرێ وەڵا»، گوتی «دەبڕۆ بینێرە بۆ نەقڵیاتی (الشمال) بەناوی کاکی خۆت (نەجۆ قارەمان)… ڕۆحیشم بۆ حیزبەکەی (مامەریشەو مامە رۆستەم) و هەر ناردیشت وەرەوە لێرە یەکتر دەبینینەوەو تۆ بڕۆ لە گومرگەکەی (چەمچەماڵ) چاوەڕێم بکە ، چونکە من لەوێ کارەکەی من کۆتایی دێ،نەشگەڕێیەوە بەغداد ئەمشەو لای خۆم دەبی، ئەرێ بەڕاست رێگای مزگەوت بگرین یان بچینە مۆزەفینەکەی لای (مەجیدیە)»
زۆر پێکەنیم و گوتم: وەڵا هەر لای (مەجیدیە) کە خۆشترە ، بەڵام من دەبێ هەر بگەڕێمەوە، چونکە (ابو سامان) چاوەڕێمە، تەنها ئەگەر لەم ناوە تەلەفۆن هەبێ تەلەفونی بۆ (ابو سامان) بکەین.

دەستی منی گرت و بردمیە دوکانێک کەمالیاتی ئۆتۆمۆبیلی بەرامبەر گەراجی سلێمانی دەفرۆشت و تەلەفونەکەی هێنا بەردەمم و گوتی: فەرموو بە کەیفی خۆت قسە بکە ئەمەش هەر خۆیەتی رەقەمی (ابو سامان) م لێداو کە وەڵامی دایەوە هەر زوو گوتم : «نەخۆشەکەمان زۆر باشترە».

ئەوەتا لە تەنیشتیەوە وەستاوە… تەلەفۆنەکەم دایە کاک (نەجۆ قارەمان) بەیەک ، دوو قسە لە یەک گەیشتین و من گەڕامەوە بەغدا.

نەقڵیاتی (الشمال) و (سەیتەرەی کەرکوک) و بۆیاغی (ماربلێکس)
هەر ئەو کات چوومە نەقڵیاتی بەغداو بەڕێکەوتم، لە چێشتخانەی (ممتاز) لە (دوزخورماتوو) نانی ئێوارەم خوارد و هەر لەوێوە تەلەفونێکم بۆ (ابو سامان) کرد و گوتم من شەو دەگەم و دەچمە ئوتێل و بەیانی لای تۆم.
گوتی:هەموو پێداویستیەکانی کتێبەکەم داناوە، بەیانی دەست بە چاپکردنی دەکەین، ئەمە شفرەیەک بوو، تێگەیشتم کە مەوادەکانی هەموو کڕیوە خستویەتیە ناو گونیەوەو ئامادەیە بۆ رەوانەکردن تا بگاتە دەست (نەجۆی قارەمان). شەو گەیشتم هەر بە نەقڵیاتەکەوە تاکسیەکم گرت بەر لەوەی بچمە ئوتێل دووبارە ژووربگرمەوە چوومە (کەرادە) و هەندێ پێداویستی خۆشوشتن و ئەو شتانەم کڕی و گەڕامەوە لای دوکانی مەشروب فرۆشەکە ئەمجارەیان (نیو بتڵ ویسکی ریدلیبڵ)م کڕی و خستمە نێوانی خاولی حەمامێ و ئەوانیدیکە چومەوە ناو ئوتێل و هەر بەزوویی، چونکە شەوی پێشوو دەمم چەورکردبون ژوورێکیان دامێ و چوومە ژوورەوە، بەڵام زۆر بەمورتاحیەوە دوای خۆشوشتنم لێی دانیشتم تا درەنگی شەو پێکم هەڵدەدا تا بەتەواوی خەو بۆ خۆی بردمەوە.

وەکو بەیانیەکانی تر هەڵسام و عەلاگەم هەڵگرت و رێگای قاوەڵتی (البتاوین) م گرتەبەر ئەمجارەیان لای چێشتخانەکەی (مەجید) بانگی (تەشریب) ێکی تیژم کردو چایەکی گەرمیشم لەسەرکردو بەرەو چایخانەی (الا‌دیب) کەوتمەڕێ. کە گەیشتمە نزیکی ئەمێ ئۆتۆمبێلەکەی (ابو سامان)م لەبەردەمی چایخانە بینی زیاتر گەشامەوە.

نەقڵیاتی (الشمال) و (نەجۆ قارەمان) و گومرگی چەمچەماڵ
لەدوایدا بۆم دەرکەوت (نەجۆ قارەمان) لەکات و زەمەنی خۆیدا دەروێشێکی (جەلالیەت) بووەو یەکێ بووە لە پاسەوانەکانی (شەهید عەلی عەسکەری) لە کەرکوک خزمی (ابو سامان) یش بوو. چوومە ناو چایخانەو جارێکی تر لەگەڵ (ابو سامان) بەسەر لیستی مەوادەکاندا چوینەوەو گوتی: تۆ بڕۆرەوە دوو سبەی لەکەرکوک بە، لەگەڵ نەجۆ بڕۆنە نەقڵیاتی (الشمال) و من بەناوی ئەو دەینێرم، بەڵام لەبەر ئەمەوێ گەرانەوە بۆ کەرکوک لە هەولێر- ەوە بۆ من زۆرسەختبوو لەبەر سەیتەرەکانی (پارتی) بڕیارمدا لە بەغدا بمێنمەوە و دووسبەی لەگەڵ بەیانی دەرچم بۆ کەرکوک، ئەویش هەر وای پێ باشبوو و هەرواشم کرد لە کاتی دیاریکراو چوومەوە کەرکوک و لەوێشەوە بۆ (حەسیرەکە) و خواردنەوەی (چا) یەکی گەرم لەگەڵ مام (نەجۆ) و بەڕێکەوتن بەرەو نەقڵیاتی (الشمال) و پسولەکەم دایە ئەو چونکە بەناوی ئەوەوە هاتبوو، گەیشتین و هەمووی لە گونیە بەڕێکوپێکی بەسترابوو با لە بیریشم نەچێ حەمباڵە کوردەکان و تورکمانەکان هەموویان مام (نەجۆ) یان دەناسی پێش چەندساڵێک بەر لە ئەوکاتی هەموویان ستافی گەعدەی خواردنەوەی (خاسە)بووبن، بۆیە بەخشپەیەک هاتە لام و گوتی»بڕۆ لە گومرگەکەی چەمچەمەڵ چاوەڕێم بکە من شەوێش بێ هەر دەگەم»

من گەڕامەوە گەراجەکەی سلێمانی، بەڵام زۆر نائارامبووم، لەدڵی خۆمدا هەزار و یەک سەر و سەربردەم دروستدەکرد، تۆبڵێی ئەم مەوادانە بەسەلامەتی بگاتە (چەمچەماڵ) و لەڕێگا نەگیرێ، هەرخۆشم دڵی خۆم دەدایەوە و دەمگوت»(ئەگەر مام (نەجۆ) زۆر دڵنیا نەبێ بە گەیاندنی چۆن خۆی دەخاتە ئەم مەترسیەوە, خۆ ئەگەر ئەو مەوادەنە بگرێ ئەویشی لەگەڵدا زیندانی دەکرێ، بۆیە هەمیشە دڵم بەوە خۆشتربوو»
گەیشتمە لای جێبەکانی رێگای سلێمانی ژن و منداڵێکی زۆری کەرکوکی و لەو لاشەوە پیاوی جحێڵ و بەساڵاچوو هەریەکە و کۆڵێکی لەپشتە بە مەبەستی ئاودیوکردنی لەسەیتەرەکەی حکومەت و پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی ژیانی خۆی و ماڵومنداڵی، بەڕاستی تراژیدیایەکی خەمناکبوو، ئینجا دڵە راوکێی من لەوێوە بوەستێ.

ناچاربووم بەسەر لانگرۆزێکی سپی مۆدێل (1975) کەوتم و وەکو هەموو نەفەرەکانی دیکە و بەڕێکەوتین، لەڕێگا رووبەرووی (3) سەیتەرەی رژێم بوینەوە لە سەرەتای دورچوونمان لە (کەرکوک) ئینجا (قەرەهەنجیر) لە دوایشدا (بان مەقان) کە لە هەمووی پیستربوون و لە هەموو سەیتەرەکانیش شۆفێرەکەمان و ئەمنەکانی سەیتەرە پسکەپسکیان دەکرد و لەژێرەوە مەبلەغێک پارە تەبعەکەی(سەدام) یان وەردەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەیان بەشێوەیەک دەپشکنی تا گەیشتە سەر ئێسقانمان و ژنەکانیشیان بردە ژوورە بچوکەکە ژنێکی عەرەبی لێبوو لەوێ کاری پشکنینیان بۆ دەکردن.

ئۆخەی لە (بان مەقان)یش رزگارمان بوو هەر کە ئاڵای (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)م بینی هاتمەوە سەرخۆم و زانیم لە سەیتەرەکانی رژێم رزگارمبوو، لەوێش دوای وەرگرتنی ناسنامەو پشکنینی بەرێیانکردین، بەڵام شۆفێرەکە دەیزانی دەبێ یەکسەر بچیتە گومرگەکە و پاکانەی بۆ نەکرێ ناتوانێ لە سەیتەرەکەی دیکە دەربازی بێ، بۆیە چووینە لای گومرگەکە و من لەبەر ئەوەی تەنها عەلاگەیەکم پێبوو ئەویش یەک، دوو جلی خەوتنی تیابوو منیان بەڕێکرد و ئەوەی شت و مەکیشی هێنابوو بۆ گومرگ، من بە شۆفێرەکەم گوت: من لێرە دادەبەزم و پارەکەی (7) هەزار دیناری چاپەکە بوو دامێ و کەوتمە قەدەری چاوەڕوانی، ئیتر بۆ خۆم لەچاخانەکەی لای گومرگەکە دانیشتم، بەڵام بەتەواوی ئۆقرەم لێبڕابوو، یەک دوو سەعاتی لێ بەسەرچوو وام لێهاتبوو هەرچی ژێبێکی لەڕەنگی ژێبەکەی (مام نەجۆ) دەرکەوت بەخێرایی بەرەو رووی دەچووم و کە دەمبینی خۆی نیە بەهەناسە ساردی دەگەڕامەوە، نیوەڕۆ داهات، عەسریش داهات نە نانم پێدەخورا نە دەمتوانی لە شوێنێک ئارام بگرم، جاروباریش دەچوومە ناو دایەرەی گومرگ کە پڕیبوو لەم حەشاماتی خەڵک دەمگوت: نەوەک بەڕێگای دیکە هاتبێتە ناو گومرگ و من نەمدیبێ، بەڵام دوایی هەرخۆم بەخۆم دەمگوت چۆن بەبێ پسوڵەی پاکانی گومرگ دەربازی دەبێ، ئێ خۆ (مام نەجۆ) ئەو پارەیەشی نیە تا گومرگ برا لە کاتێکدا (یەکێتی) بۆ هەڵسانەوەی خۆی و موچەی فەرمانبەران و تەختی چایخانەکە دادەنیشتمەوە و چاویشم هەر لەڕیزی هاتنی ئۆتۆمۆبیلەکانبوو و رۆژیش بەرەو ئاوابوون دەڕۆیشت، دیسان چووبوومەوە خەیاڵەوە لەناکاو کوڕێکی مێر منداڵ بەخێرایی هاتە لای ئەم دووپیاوە تۆزێ پۆشتەیەی لای من دانیشتبوون و بە هەناسە بڕکێوە گوتی» ئەرێ وەڵا مام نەجۆ هات».

من زووتر لەوان لەشوێنی خۆم هەڵسام و بەوپەڕی حەماسەوە گوتم»کوا لەکوێیە»
چاوەڕێی وەڵامی مێرمنداڵەکەم نەکردو یەکسەر بەخێرایی بەرەو رووی جێبەکان چووم کە (مام نەجۆ) م دی و سەرێکم بەناو جێبەکە داگرت و دیتم هەموو مەوادەکان وەکو خۆیەتی، خۆم خستە باوەشی (مام نەجۆ) ئەویش بە پێکەنینێکی سەرکەوتوانەوە گوتی: من پاسەوانی شەهیدی گەورە (عەلی عەسکەری) بووم و بەخوا ئەم (مام جەلال)ەشت بۆ دەربازدەکەم، بەڵام تەنها پێم ناکرێ لەم گومرگە دەربازم بێ»، منیش گوتم» خەمی گومرگت نەبێ من دەربازت دەکەم». لەگەڵیا بووم تا گەیشتە بەردەم پشکنینی گومرگەکە، منیش گووتم»خەمی گوومرگت نەبێ من دەربازت دەکەم»
لەگەڵی بووم تا گەیشتمە بەردەم پشکنینی گوومرگەکە سەیرم کرد کەسێک قسە دەکات شێوەزارەکەی لە هی (هەولێر) ی دەچێ ، منیش گووتم «ئەتو هەولێری ؟ «گووتی» بەڵێ (کاک نازم ) ئەمن هەولێریمە… ئەتوش دەناسم لە (کوردستانی نوێ) ئیش دەکەی». دە مادام وایە ئەو مەوادانە هی (کوردستانی نوێ ) یە و بە قاچاخ هێنایتمان ناشمانەوێ گوومرگی بدەین.

گووتی» ئەوە لە دەسەڵاتی من نییە با جێبەکە بچێتە ئەولا و ئەتوش بڕۆ لای بەڕێوبەر دڵنیاشم لۆتان دەکا»

تەلەفۆنەکانی فریاد ڕواندزی و ئەرسەلان بایز و عومەری سەید عەلی بۆ چەمچەماڵ
بەردەم ژووری بەڕێوبەر قەرەباڵغ بوو، ئەو کابرایەی لە بەردەمی ژوورەکە بوو خەڵکی بۆ ژوورەوە بەڕێدەکرد و گرژو توڕە دیاربوو، منیش لێی چوومە پێشەوەو خۆم ناساند و گووتم « من لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ ) وە هاتووم دەمەوێ جەنابی بەڕەێوبەر ببینم ، هەر زوو چووە ژوورەوە و زۆر زووش لەبەر خەڵکەکە گەڕایەوە و فەرمووی لێکردم»

خوا هەڵناگرێ بەڕێوبەر ڕێزی گرتم و فەرمووی دانیشتنی لێکردم و هەر زوو گووتی» ئەمرکە با قسە بکەین». گووتم: من بە هەزار دەردەسەری و قاچاخ وترس و دڵەڕاوکێ لە بەغداوە مەوادی چاپکردنی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ ) م گەیاندۆتە (چەمچەماڵ) ئێستاش ئەوە لێرەیە و ڕێگا نادەن بەرەو سلێمانی بیبەم بەبێ گوومرگ. بە پێکەنینەوە گووتی :
«بەخوا کاکە لەم ئان و ساتەدا (یەکێیی بە منی دەدات) ، تۆ بە قسەی کێ ئەو شتانەت هێناوە با تەلەفۆنێکمان بۆ بکەن ئەویش ئەگەر (کاک عومەری سەید عەلی)بێ یان (کاک ئەرسەلان بایز) بێ پەیوەندی بە کاک(دلاوەر) ەوە بکەن، من بە چاوان بۆ دەرچوونەوەی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)»
گووتم: باشە ڕێگام پێدەدەی تەلەفۆنێک بۆ کاک( فریاد ڕواندزی) سەرنووسەری ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ ) بکەم ئەو لە ڕێگای خۆیەوە ئەم کارە جێبەجێ بکات ، چونکە من لە ڕێی ئەوەوە بەم کارە هەڵساوم و سەفەری بەغدام کردوە بۆ ئەم مەبەستە.
گووتی: هەر زۆرباشە مادام تۆ لە ڕێگای کاک ( فریاد ڕواندزی) یەوە ئەم کارە پیرۆزەت ئەنجامداوە، ئەو دەتوانێ هەر ئێستا لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی گوومرگە قسە بکات و تەلەفۆنێک بۆ من بکەن، دیسانەوە بەسەرچاوان ئەمەش تەلەفۆن لە خزمەت جەنابتانە.
منیش هەرزوو دەستمدایە تەلەفۆن و کاک (فریاد) م دەسکەوت و هەر لەگەڵ یەکەم (هەلەو) کاک (فریاد ) گووتی :»پێم بڵێ سەرکەوتووی؟»
گووتم: بەڵێ سەرکەوتووم ، بەڵام خەریکە لە چەمچەماڵ دەکەوم،
بوە پێکەنین، قسەکانی کاکی بەڕێوەبەرم بۆ باس کرد و گووتیشم : فەرموو خۆشت قسەی لەگەڵ بکە، بەڕێوەبەر چۆن منی تێگەیاند ئاواش ئەوی تێگەیاند لە دوا قسەش گووتی: بەخوا لە دەسەڵاتی من بوایە بۆ (کوردستانی نوێ ) بەچاوان، تەلەفونەکەی دایەوە دەستی من.
کاکە تۆ چاوەڕێ بکە ئەمن هەر ئێستا جێبەجێی دەکەم قابیلە هەتا ئێرەمان هێناوە لێرە بەجێی بێڵیی، بەڵام تۆ رەقەمی ئەو بەڕێوەبەرەم بدەرێ، رەقەمەکەم وەرگرت و دامێ، ویستم بچمە دەرەوە، بەڵام بەڕێوەبەر دووبارە فەرمووی دانیشتی لێکردمەوەو گوتی: لێرە چاوەڕێ بکە، ئەو خەریکی رایی کردنی کارەکانی خۆی بوو منیش فەرامۆشیەک بەدڵمداهات و زانیم سەرکەوتنەکانمان یەکجاریە.
هێندەی نەبرد (عومەری سەیدعەلی) کە ئەوسا لێپرسراوی مەڵبەندی (1)ی سلێمانی بوو تەلەفونی کرد لەدوای ئەودا (ئەرسەلان بایز) تەلەفۆنی کردەوە، بەڕێوەبەریش ئەوپەڕی رێزی دەنواند، لەدواجاردا (فریاد رواندزی) تەلەفونی بۆ بەڕێوەبەر کرد پێی گوت:
«ئێستا بەڕێوەبەری گشتی گومرگ پەیوەندیت پێوەدەکا، فیعلەن هەر ئەو تەلەفۆنەکەی دانایەو ئەم بەڕێوەبەرە پێموایە ناوی (دلاوەر) بوو، چونکە هەر ئەو ناوەی دێنا تەلەفونی کردو هەر زوو بەڕێوەبەرەکە لەشوێنی خۆی هەستاو لەگەڵم هات و چوینە ژووری ژمێریاری و هەردووکیان نوسراوێکیان بۆ کردم و مۆری دەربازبوونی گومرگ- یان بۆ لێدام و لەبیریشمە نوسرابوو لەسەر رەزامەندی بەڕێوەبەری گشتی ئەو مەوادانەی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە گومرگ ببەخشرێ کە بەم ناوەوە مەبەستیان (ناوی من بوو) رێگای پێبدرێ تەنها بۆ ناو شاری (سلێمانی)، پسولەکەی دایە دەستم و خۆشی لەگەڵما هات بۆلای مەوادەکان و خواحافیزی لێکردم، گەڕامەوە لای مام (نەجۆ) کە منی بینی گوتی:بەخوا لەڕووتا دیارە شێری،
منیش گوتم:ئەی چۆن مام (نەجۆ) تۆ ئەو هەموو ترس و موجازەفەیەت کردووە بەخۆڕایی بڕوا، زۆر کەیفخۆشبوو و گوتی: بەڵام من سنورم تا ئێرەیە دەبێ ئێستا یەک لەو لاندگرۆزانەت بۆ بانگ بکەم و مامەڵای لەگەڵدا بکەین و تا مەوادەکان لەگەڵ دوو حەماڵدا بارکەن.
هەر واشی کردوو هەموو کار ئاسانیەکی بۆ من کردوتا ئەو سەعاتە باسی پارەو هیلاکی خۆی نەکردبوو، بۆیە من لەباوەشێم گرت و گوتم:
«پیاوە جوانەکەی (کەرکوک) جا پێم بڵێ حەقی تۆ چەندە»
خوا هەڵناگرێ زۆری هێناو زۆری برد کە وەرینەگرێ، دڵنیاشبووم لەدڵەوەی بوو، بەڵام من هەرگیز قەبوڵم نەکردو لە دواجارا (یەک ملیۆن) دیناری چاپەکەم داپێی کە ئەوسا دەیکرد بە (3) هەزار دیناری سویسری، خوا حافیزیمان لەیەکترکرد و من لە پێشەوی لاندگرۆزە سپیە مۆدێل (75) کە سواربووم، نازانم سێ چوار سەیتەرەی (یەکێتی) هاتە رێگامان، بەڵام خۆ سەیتەرەکانی رژێم نەبوو لێیان بترسێم و پسوڵەکەم پیشاندەدا و بەڕێزەوە بەرێیان دەکردم تا گەیشتینە سەیتەرەی کۆتایی کە پسوڵەکەم دایە (پێشمەرگە) کە خوێندیەوە بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی:
«مادام رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەردەچێتەوە هەرگیز یەکێتی ناڕوخێ»

 93 جار بینراوە