سەرەکی » کەلتوور » دەربارەی گەشمردە

دەربارەی گەشمردە

ئەحمەد حسێن

وەک لە یادم بێت ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو بوو، کاتی ئێوارەیەکی زوو بوو، من و رەوانشاد و پەروەر دیاری ستەملێکراو مامۆستا عومەر تۆفیق هەردوو لەشەقامی مەولەوی بە پیاسەوە بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتینەوە رەوەو گەڕەکی شارەوانی، ئەوەندەی نەبرد تووشی دوو برادەر بووین، یەکێکیان م.عەبدولخالید سابیر و مامۆستایەکی هاوڕێی بەناوی هاوڕێ (رەشید هەورامی) نووسەر، ئێمە هەر وشەیەکی کوردیمان لێ بپرسایە مورادیفەکەی بە عەرەبی چییە؟ بۆی دانەدەما و یەکسەر عەرەبییەکەی دەوت، ئەو برادەرە، واتا م. هاوڕێ رەشید، وتی: مامۆستا عومەر سەرەی منە، پرسارێکم لێت هەیە؟ ئاخۆ بەکوردی بە (شهید) دەڵێن چی؟ مامۆستا عومەریش تۆزێ بۆی راوەستا، ئینجا وتی: بیرم کەوتەوە، سەد خۆزگە باوکم مەلا شێخ تۆفیق عەبدولڕەحمان مەحمود بەرزنجی 1904-1987لەم کاتەدا لێرە بوایە، لەم رووەوە بۆی گێڕاینەوە، وتی: لە یادمە لە دێی پشتە لە دەمی پیاوە بەتەمەنەکانم دەبیست دەیان فەرموو: لە دێیەکەی خۆیاندا یان دەوروبەری کەسێکیان زیاتر گەورە بوایە یان منداڵ گەر لە پێناوی بەرگریکردن لەخۆیان یان خانەوادەو گەلەکەی یان لەهەر کارێکی مرۆڤایەتی و چاکسازیدا لە سەفەرێکدا تیا چووبێت، پێیان دەوت: فلانە کەس(گەشمردە)بووە واتا بەگەشی مردووە، بەندە ئەم زاراوەیەم بەهەند وەرگرت و لەدەمی ناوبراوەوە بە کەسانی شایستەم دەگەیاند، تەنانەت کاتێ لە21/9/1989 دا کە مامۆستا عومەر تۆفیق تیرۆر کرا، چوارینەیەکی من لەسەر کێلی گۆڕەکەی نووسراوە زاراوەی (گەشمردە)م تیادا بەکارهێناوە، مامۆستا کەریم زەند و قادر برسی و کەسانی دی ناو بەناو لەنووسین شیعردا بەکاریان دەهێنا، ئینجا ئافەرینی ئەوەیان لێدەکردم کە ئەم زاراوەیەم بە ئەمانەتەوە وەرگرتوە و بڵاوکردۆتەوە، هەر لەو ساڵانەدا لەڕێی برادەرێکەوە ئەم وشە لێکدراوە بەهەمان واتاوە گەیشتبوو بە مامۆستا و پرۆفیسۆر دکتۆر جەمال نەبەز، شادرەوان بە دڵنیاییەوە وتبووی ئەم زاراوەیە پتر لەسەدا شەستی واتاکەی پێکاوە و جەختی لەهەمان برادەر کردبۆوە گوایە هەندێک زاراوەی گرانی تر لەمامۆستا عومەر تۆفیق بپرسرێت.

کاک مەجید عەبدوڵڵا ئیبراهیم یان کاک مەجید ماشانی جوانەمەرگ خاوەنی فەرهەنگی دەوڵەمەندی(سەرچاوە) بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی لەچاپ دابوو، دوای دەستخۆشی هەمان مەبەستیشم لەو گەیاند، چەند زاراوەیەکم پێدا کەهی مامۆستا عومەر تۆفیق بوو لەوانە: گەشمردە واتا شەهید، دیسان لەکتێبە چاپکراوەکانیدا فەرهەنگۆکیان تێدایە، وەک وشەی(مستحیل) بەواتای کەس نەکردەی داناوە….تاد.

مامۆستا مەجید ساڵی 2015 لە چاپی دووەمی هەمان فەرهەنگدا ئەو چەند زاراوەیەی لێ زیادو تۆمارکردوە، گرنگ ئەوەیە جێی خۆی بگرێت و بڵاوببێتەوە، هەتا زاراوەیەکی پڕ بەپێستی بۆ دەدۆزرێتەوە، بەڕاستی وشەی دەرکەوتووی گەشمردە بۆ گەلەکەمان لە جێی خۆیدایەو گەلێ پێویستە، چونکە لەوەتەی کورد هەیە، هەر ستەمی لێکراوەو لە پێناوی بەرگری لە نیشتمان و پێناسی نەتەوەییدا بەردەوام قوربانی داوە.

یادی ئەو کەڵەمێردانە بەخێر، کەراژەی زمانی کوردیان کردووەو بەلارێیاندا نەبردوە و بەوشەی داتاشراو و هێنانی وشەی ناپێویستی بێگانە سەریان لەخۆیان و خوێنەری بەڕێز تێکنەداوە، هەروەها سوپاس بۆ ئەو چینە مامۆستا شارەزایانەی بواری زمانەوانیی کوردی کەهەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە و ماندوو نەناسانە قەڵەمەکەیان خستۆتەکار بۆ هەڵێنجانی زاراوەی لەبارو سەردەمیانە بۆ لێنانی وشە نوێیەکان لە چوارچێوەی یاساکانی زمانی کوردیدا.

رۆحی پاکی زانای ئایینی مەلا شێخ تۆفیق بەرزنجی و مامۆستا عومەری گەشمردەی کوڕی لەبەهەشتی بەریندا شاد بێت.

 58 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*