سەرەکی » راپۆرت » گفتوگۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە

گفتوگۆی هەڵبژاردنی پێشوەختە

هەواڵ و بەدواداچوون

تائێستا بڕیارە رۆژی شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەبچێت، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق «433 حزب داوایان بۆ خۆ تۆماركردن و بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا تۆماركردووە».

لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گفتوگۆ بەردەوامە لەسەر پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی خۆیدا، كۆتایی هەفتەی رابردووش لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عیراق لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا گفتوگۆ كرا لەبارەی «ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو».

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وێڕای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە و تۆماركردنی ناوی حزبەكان و ئامادەكارییە هونەریی و لۆجستییەكان و لێدوانەكانی لەبارەی ئامادەكارییەكانەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی خۆیدا، بەڵام تا ئێستا یەكلانەبۆتەوە كە دوا بڕیاری چی دەبێت؟ هەروەك لایەنە عیراقییەكانیش لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە لێدوانی جیاواز دەدەن.

لایەنە سیاسییەكانی عیراق لەسەر پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا، وەك رۆژانە لە لێدوانی لێپرسراوەكانیاندا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەردەكەوێت، بوونەتە دووبەرەوە، هەندێك لایەنی سیاسی «لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكە بۆ كۆتایی ئەمساڵ دوابخرێت»، هەندێك لایەنی دیكەش پشتیوانی لە «بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا» دەكەن.

ئەگەرچی لایەنە سیاسییەكان دەتوانن كاریگەرییان لەسەر پرسی بەڕێوەچوون، یان دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەبێت، بەڵام تائێستا دوابڕیار لای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوابڕیاری خۆی بدات، هەروەك هەندێكجار لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە لە وادەی خۆیدا، لێپرسراوانی كۆمسیۆنیش لێدوانی جیاواز دەدەن.

ئاماژەكان رووە و ئەوەن بەم نزیكانە، پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا، یان دواخستنی هەڵبژاردنەكە، یەكلابكرێتەوە.

 102 جار بینراوە