سەرەکی » زانست » قەیسەریی هەولێر لە بازارێكی پیشەسازی ناوخۆوە بۆ…

قەیسەریی هەولێر لە بازارێكی پیشەسازی ناوخۆوە بۆ…

قەیسەریی هەولێر لە بازارێكی پیشەسازی ناوخۆوە بۆ ناوەندێكی بازرگانی و بەرهەمی هاوردە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

فەرەیدون دارتاش ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە لە بازاڕی قەیسەر هەولێر كار دەكات بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەبەر چەند هۆكارێك كاری پیشەسازی لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بەرەو نەمان دەچێت و پیشەوەران واز لە كارەكەیان دەهێنن، لەوانە كەمبونەوەی خواست لەسەر ئەو كەلوپەلانەی دروست دەكرێت، كە هەندێكیان لەدەرەوە هاوردە دەكرێن، هەندێكی دیكە خەڵكی كەمتر پێویستی پێی هەیە ، بەتایبەتی بەهۆی كەمبونەوەی گوند و دێهاتەكان.

وتیشی: ئەوەی لەكاتی ئێستا ماوە دروستكردنی چەند پێداویستیەكی دارتاشیە لەوانە بێشكە‌و جوتیاری و كشتوكاڵی، بەڵام ئەوانەش بازاڕیان وەكو پێویست نیە، ئەمەش هۆكارە لەوەی پیشەی دارتاشی بەرەو نەمان بچێت و خاوەن دوكانەكان لەجیاتی كاری دەستی دوكانەكانیان دەكەن بە شوێنێكی بازارگانی، بۆئەمەش بەرپرسان لە شارەوانی هەولێر و پارێزگا رێخۆشكەرن لەوەی ئەم بازاڕە كاری دەستی تێدا نەكرێت، چونكە لە ماوەی رابردوو زۆربەی خاوەن پیشەكان گواسترانەوە ناوچەكانی پیشەسازی و بەپێدانی زەوی لەو بازاڕ دورخرانەوە.

عەبدوڵڵا دارتاشێكی دیكەی بازاڕی قەیسەری هەولێرە دەڵێ: لە هەموو وڵاتێك شوێنێك هەیە بۆ دروستكردنی كەلوپەل و كاری دەستی كە گوزارشت لەكەلتور و دابوونەریتی ئەو نەتەوەیە دەكات، لەكوردستانیش بازاڕی قەیسەری ئەو شوێنەبوو كە زۆربەی كەلوپەلەكانی تایبەت بوو بە داب و نەریتی كوردەواری و نەتەوەكانی دیكە، بەڵام ئێستا بەرەو نەمان دەچێت.

ئەو دارتاشە ئاماژەی بەوەشكرد: لەكاتی ئێستا بەشێكی كەم لەو كەلوپەلانەی لەبازاڕی قەیسەری هەولێر دروستدەكرێت بۆ كاری رۆژانە بەكار دەهێندرێت، بەڵكو زیاتر وەك كاڵایەكی نایاب سەیری دەكەن و پێیانوایە دوای ماوەیەكی دیكە هیچ شتێكی دروستكراو و كاری دەستی ناوخۆ نامێنێت، ئاماژەش بەوە دەكات جگە لە هاوڵاتیانی هەرێم، خەڵكی بیانیش سەردانمان دەكەن و پرسیاری ئەوەمان لێ دەكەن كە كام كەلوپەل كاری دەستییە بۆئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئەحمەد میران خاوەن پیشەی زێڕنگرە لە بازاڕی قەیسەری هەلێر رایدەگەیەنێت پێچەوانەی ساڵانی پێشوو بەهۆی هاوردەكردنی زێر لە دەرەوە ئێستا كەمتر زێڕ لەو بازاڕە دروست دەكرێت، وتیشی: هاوردەكردنی زێڕ كاریگەری زۆری لەسەر پیشەی دروست كردنی زێڕ هەبووە لە هەولێر، چونكە خواستی خەڵك زیاتر لەسەر زێڕی توركی و خەلیجییە،كڕیار زیاتر زێڕی ئامادەكراوی دەوێ وەك لەوەی داوابكات لێرە زێڕ دروست بكات.
پیشەی ئاسنگەری‌و پێداویستەكانی گەرما و خواردەمەنی پیشەیەكی دیكەیە بەشێكی بازاڕی قەیسەری هەولێر پێكهێنابوو، بەڵام ئەوانیش بە گواستنەوەیان بۆ ناوچە پیشەسازییەكان بوونیان لەو بازاڕە نەما.

فارس هادی یەكێك پیشەوەرە كۆنەكانی ئاسەنگەری بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم و پێداویستی خەڵكی وایكردوە زۆربەی ئەو پێداویستیانەی پێشتر لە بازاڕی قەیسەری لە ئاسن و پلێت و تەنەكە دروست دەكرا ئێستا لەدەرەوە هاوردەدەكرێن ، زۆرجار ئەوەی هاوردە دەكرێ هەرزان تر دەوەستێ لە بەرهەم و كاری دەستی ناوخۆ، بۆیە ئەوەی ئێمە ناتوانێ كێبڕكی بەرهەمی هاوردە بكات ، ئەمەش بۆ كەمتەرخەمی حكومەت دەگەڕێتەوە كە نەیتوانیوە ئاستێك بۆ بەرهەمی دەرەوە دابنێت.

وتیشی: لەناوچونی كەرتی پیشەسازی كاریگەری خراپی لەسەر ئابووری وڵات هەیە ، لەلایەك پارەیەكی زۆر دەچێتە دەرەوە، لەلایەكی تر خەڵكێكی زۆر بێكار دەبن و ناتوانن سوود لە توانا و بەهرەكانیان ببین، ئەمەش وایكردوە خەڵكی زیاتر روو لە دامەزراندن و موچەخۆری بكات.

ئەو پیشەوەرە پێشیوایە ئەگەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت پیشە و كارە دەستیەكانی هەولێر بەیەكجاری لەو بازاڕە لەناو دەچێت و هەموو دەبێتە بازارگانی، ئەمەش خواستی ئێمە نیە، چونكە دوا رۆژی نەوەكانی داهاتوو لە پیشەسازی و پیشت بەستن بە بەرهەماكانی ناوخۆدایە، بەڵام ئەوەی دەیبینین بە پێچەوانەوە ئاراستەكە بەرەو هاوردەكردنی بەرهەمەكانی دەرەوەیە.

بەرگدووری پیشەیەكی دیكەیە لەبازاڕی قەیسەری هەولێر تاكو ئێستاش ماوەتەوە ، سابیر خەیات ماوەی زیاتر لە سی ساڵە خەریكی ئەو پیشەیەیە دەڵێ: راستە ئەو پیشەیەش رووی لە كزیكردوە، بەڵام بەراورد بە پیشەكانی دیكە بەرگدووری لەوانی تر زیاتر لە بازاڕی قیسەری ماوەتەوە ، ئەمەش بەهۆی پاكوخاوێنی پیشەكە و بەردەوامی داواكاری خەڵكە، راستە لە شوێنەكانی تر بەرگدووری هەیە، بەڵام ئەوەی بازاڕی قەیسەری تایبەتمەندی خۆی هەیە و زۆربەی وەستا شارەزا و بەئەزمونەكان لەو بازاڕەن.

وتیشی: پێشتر بازاڕی قەیسەری بەسەر پیشەوەران دابەشبوون، وەك زێڕنگر و بەرگدوور و دارتاش و ئاسەنگەر و پەڕەچی و چەندین كاری دەستی دیكە، بەڵام ئێستا بەهۆی كرانەوەی سنورەكان بەبێ سانسۆر، پیشەكانی بازاڕی قەیسەری لەپەنجەی دەست دەژمێردرێن، ئەمەش وایكردوە بازاڕەكە لە ناوەندێكی پیشەسازی ببێتە بازارێكی بازارگانی و ساخكردنەوەی كەلوپەلی هاوردە كە زۆربەیان بەكوالیتی نزم و خراپ بەسەركڕیاران ساغ دەكرێتەوە.

هەر لە بازاڕی قەیسەر هەولێر پیشەی پەرچی و شوێنی دروستكردنی پێداویستەكانی نوستن وەك دۆشەك و لێفە هەن.

، كە بەحەلاجەكان ناسراون، بەڵام ئەویش بەرەو كەمی دەچێت، وەستا یونس كەریم ماوەیەكی زۆرە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر كاری پەڕەچیكردوە پێیوتین: ئەو پیشەیەی ئێمەش هاوشێوەی پیشەكانی تر بەرەو نەمان دەچێت، چونكە خەڵكی زیاتر روویان لە لێفە و دۆشكی بیانی و هاوردەكراو دەكەن و كەمتر داوای دروستكردن دەكەن، ئەمەش وایكردوە نەتوانین بەردەوامبین لەسەر پیشەكەی خۆمان.

راشیگەیاند: هەر ئەمەش وایكردووە ماوەیەكە دوكانەكانمان بكەینە بازرگانی دۆشەك و لیفە و بالیفی هاوردە، بەمەش بازاڕمان زیاترە و كەمترین پارەی شاكرد و كارمەند دەدەین، بەڵام ئەوە حەز و خواستی ئێمە نیە، چونكە دەمانویست لەسەر پیشەكەی خۆمان بەردەوام بین، چونكە لەلایەك بەرهەمی ناوخۆ زۆر باشترە، لەلایكی تر ئێمە چێژمان لەدروستكردنی ئەو بەرهەمانە وەردەگرت و زیاتر چاڵاكبووین لەكاركردن، خەڵكێكیش لەلای ئێمە دەبووە خاوەنكاری خۆی.

 143 جار بینراوە