سەرەکی » راپۆرت » وتەبێژی یەكێتی: لامەركەزیی خۆشگوزەرانیی دەستەبەردەكات

وتەبێژی یەكێتی: لامەركەزیی خۆشگوزەرانیی دەستەبەردەكات

راپۆرتی، جێگر خدر

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرەتای ئەم هەفتەیە رەشنووسی پڕۆژەی لامەركەزیی بڵاوكردەوە، كە لە یانزە مادە پێكدێت و بوارەكانی كارگێڕی و دارایی دەگرێتەوە. لە بارەی پڕۆژەكەشەوە، وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت «پڕۆژەی لامەركەزیی، خۆشگوزەرانی و كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەر دەكات».

مەرجێكی یەكێتی بۆ بەشداری لە حكومەتدا
ئەمین بابەشێخ ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، رایدەگەیەنێت، لامەركەزیی ئیداریی و دارایی، یەكێكە لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی چەمكی دیموكراسی، دیموكراسی-ش لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، كە بەشداریی ئەم كابینەیەی حكومەتیشمان كرد، واڕێكەوتین لەو پرەنسیپانە لانەدەین، وەك چۆن یەكێتی هەمیشە پەیڕەویی لێكردووە، بەهەمان شێوە سەركردایەتیی نوێی یەكێتی بڕیاریداوە پارێزگاری لە پرۆسەی دیموكراسی بكات، لەوڕووەشەوە هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆمان دەخەینەگەڕ، بۆئەوەی باشتر بكەوینە سەر رێگەی دیموكراسی، ئاشكراشە بەدیلێكی باشترمان نییە لە دیموكراسی، بۆیە بە هەموو قەناعەتەوە یەكێتی خەبات دەكات بۆ خستنەسەرپێی ئەو پڕۆژەیەو چەسپاندنی دیموكراسی.

لەدرێژەی قسەكانیدا، وتەبێژی یەكێتی، راشیگەیاند: دڵنیاین پڕۆژەی لامەركەزیی ئیداریی و دارایی، ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەمان دەستەبەردەكات لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، هەربۆیە یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات تا قەناعەت بەهەموو لایەنەكان بكات بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە سەربكەوێت.

״لامەركەزیی بۆ ئەمڕۆ و ئەم قۆناغە پێویستییە״
هەر سەبارەت بە پرسی لامەركەزیی، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەلێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژە بەوە دەكات كە پڕۆژەی لامەركەزیی؛ نوێ نییە، بەڵكو لەساڵی 1992ەوە بە یاسا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە، هەروەها لە هەموو دۆكیومێنتەكاندا، كە پەیوەستە بەدەستووری هەرێمەوە، پڕۆژەی لامەركەزیی؛ ئاماژەی پێكراوە، هەروەها لە یاسای پارێزگاكان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هاتووە، لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیشدا چەسپێنراوە، بۆیە لامەركەزیی كارگێڕیی و دارایی، پڕۆژەیەكی نوێ نییە. وتیشی: یەكێتی، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، پڕۆژەی لامەركەزیی، بەپێویست و رێگەچارە دەزانێت و پڕۆژەكەش بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازیی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان.

سەعدی پیرە، وتیشی: پڕۆژەكە، پڕۆژەی یەكێتی-یە، بەداخەوە هەندێك دەیانەوێت پرسەكە بەلاڕێدا ببرێت، وەك ئەوەی مەبەست لە پڕۆژەكە جیابوونەوە بێت، خۆی لەڕاستیدا پڕۆژەكە بۆ خزمەتی هەمووانە بەبێ جیاوازی، وەك چۆن بۆ سلێمانی-یە، بۆ دهۆك و هەموو شوێنەكانی دیكەیەو بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكەش كارئاسانیی تەواو بۆ كاروباری هاووڵاتیان، دەستەبەر دەبێت و خۆشگوزەرانیی بەدوادادێت.

پڕۆژەی لامەركەزیی، بۆچی؟
لەبارەی گرنگیی پڕۆژەی لامەركەزیی بۆ هاووڵاتیان لە قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، ئەرسەلان مەحمود چاودێری سیاسی، پێیوایە، «ئەو مەركەزیەتەی ئێستا هەیە، لەواقیعدا نەك هەر لە هەرێم و ناوچەكەدا، تەنانەت لە دنیای ئەمڕۆشدا كاری پێناكرێت و بە تەجروبەش دەركەوتووە، ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو خراپتر دەچێت و ئەركێكی زۆر لەسەرشانیان دروستبووە».

 231 جار بینراوە