سەرەکی » دۆسێ » ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق لە داعش پاك دەكرێنەوە

ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن

ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق لە داعش پاك دەكرێنەوە

شانەی میدیای ئەمنی لە عیراق، لە 1ی شوباتی 2021، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورە بە ناوی «شێرەكانی جەزیرە) بۆ راوەدونانی پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە خۆرئاوای وڵات راگەیاند، ئەمەش دووەم ئۆپەراسیۆنی ئەمنییە كە هێزە عیراقییەكان لە دژی رێكخراوەكە لە ماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا لە دوای ئۆپەراسیۆنی «تۆڵەی شەهیدان» كە لە 22ی كانوونی دووەمی رابردوودا دەستپێكرد، بەڕێوەدەچێت.

ئۆپەراسیۆنێكی گەورە لە ئەنبار
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن شانەی میدیای ئەمنییەوە بڵاوكرایەوە: دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی شێرەكانی جەزیرە، لە قۆناغی یەكەمیدا بۆ پشكنینی ناوچەكانی جەزیرەی خۆرئاوای وڵاتە، فەرماندەییەكانی جەزیرە و سەڵاحەدین و خۆرئاوای نەینەوا بە نۆ میحوەری سەرەكی بەشداریی تێدا دەكەن و لەلایەن هێزە ئاسمانییەكان و فڕۆكەوانیی سوپاوە بۆ گەڕان بەشوێن چەكدارە تیرۆریستییەكاندا لە ناوچە بیابانییەكان و بۆ خاپووكردنی مۆڵگە و حەشارگەكانییان بەڕێوەدەبرێت».

ئەفسەرێك لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە و بادیە كە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكانی خۆرئاوای عیراقی لەئەستۆدایە، رایگەیاندووە: «ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكە ئەوەیە كە پاشماوەكانی رێكخراوی داعش لە حەشارگەكانیان لە ناوچە بیابانییەكان و ناوچە بیابانییە فراوانەكانی جەزیرەی ئەنبار دەكاتە ئامانج كە تائێستاش مەترییەكی ئەمنیی گەورەن، بەهۆی قورسیی پشكنییان بەشێوەیەكی تەواوەتی، وێڕای بوونی چەندین شوێنی سەخت كە ئاسانكاریی بۆ خۆشاردنەوەی چەكدارانی داعش لەماوەی ساڵانی رابردوودا كردبوو».

ئەو ئەفسەرە كە قسەی بۆ رۆژنامەی (ئەلعەربی ئەلجەدید)ی قەتەری كردووە و ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، دەڵێت: «ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە بە بەشداریی هێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەكان بەڕێوەدەچێت، وێڕای هێزە ئاسمانییەكانی عیراق و هەروەها بە بەشداریی فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وابەستەی مەودای قورسیی گەیشتنە بە ئامانجەكان و پێویستی جێبەجێكردنی هێرشە ئاسمانییە وردەكانە كە حەشارگە و مۆڵگەكانی داعش دەكەنە ئامانج».

لەپاش دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی ناوچەی بابولشەرقی لە بەغدا كە بوونە مایەی كوژران و برینداربوونی 140 هاووڵاتی، هێزە عیراقییەكان چەند ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی بەرفراوانیان بەڕێوەبرد و لە ئاكامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەشدا ژمارەیەك سەركردە و چەكداری رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كوژران، دیارترینیشیان بە ئەبو یاسر عیساوی بەناو «جێگری خەلیفە و والی عیراق»ی داعش بوو كە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیدا لە 28ی كانوونی دووەمی 2021 لە ناوچەی وادی شای سەربە پارێزگەی كەركوك كوژرا.

چەند ئۆپەراسیۆنێكی تر
شانەی میدیای عیراقی لە 31ی كانوونی دووەمی 2021، تەئكیدی لەسەر خاپووركردنی سەربازگەیەكی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كردەوە لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای وڵات و لە بەیاننامەیەكیشدا لەو بارەیەوە رایگەیاند:»هێزێكی هاوبەش لە هەواڵگریی سوپای عیراقی و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، توانیان سەربازگەیەكی رێكخراوی داعش لە ناوچە بیابانییەكانی باكووری خۆرهەڵاتی شاری روتبە لە پارێزگەی ئەنبار خاپوور بكەن»، سەربازگەكەش وەك لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكرابوو، «دوو حەشارگەی لەخۆگرتووە و چەك و كەرەستەی جۆراوجۆریان تێدابووە.

كەتیبەی ئەندازیاریش كە لەگەڵ هێزە سەربازییەكەدا بوو، هەموو ئەو چەكانەی تەقاندۆتەوە كە لەنێو سەربازگەكەدا بوون».

شانەی میدیای ئەمنی لە بەیاننامەیەكی جیاوازدا لە 31ی كانوونی دووەمی 2021، رایگەیاندبوو»هێزێكی ئەمنی سێ‌ حەشارگەی رێكخراوی داعشی لە زنجیرە چیاكانی ئەلفەرە لە پارێزگەی دیالەی خۆرهەڵاتی عیراق دۆزیوەتەوە و تێیدا بڕێكی زۆر چەك و كەرەستەیان تێدا بووە، مەفرەزەیەكی تایبەتیش ماتۆڕسكیلێكی بۆمبڕێژكراوی تەقاندۆتەوە كە لەنێو یەكێك لە حەشارگەكاندا دۆزرایەوە».

كوژانی سەركردەكانی داعش
عیراق لەم ماوەیەی دواییدا، بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت، گورزێكی گورچكبڕی لە رێكخراوی داعش وەشاندووە، بە لەناوبردنی ئەبو یاسر عیساوی سەركردەی رێكخراوەكە كە لە پۆستی بەناو «والی عیراق»دا بوو، ئەمەش لەڕێی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی نێوان هێزە عیراقییەكان و فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 28ی كانوونی دووەمی رابردوو لە وادی شادی كەركوك.

رێكخراوەكە هیچ بەیاننامەیەكی لەبارەی كوژرانی عیساوییەوە بڵاونەكردەوە، جگە لە هەندێك ئاماژەپێكردن لە چەند سەكۆیەكی نزیك لە رێكخراوەكە لەسەر ئەپی (تیلگرام) كە سیمای هەڕەشە و گوڕەشەیان لەخۆگرتبوو، سەبارەت بە درێژەدان بە كارو كردەوەكانی داعش كە بە وتەی ئەوان: «لەسەر تاكە كەسێك و بە كوژرانی كەسێك، پەكیان ناكەوێت».

ئەمەش لەكاتێكدایە كە كوژرانی عیساوی بە بۆچوونی بەرپرسانی ئەمنی و شارەزایان لە بواری گروپە چەكدارەكان، «هەڵدانەوەی لاپەڕەی سەركردە سەرەكییەكانی رێكخراوەكە دەگەیەنێت كە بە نەوەی یەكەمی رێكخراوەكە ناودەبرێن و رێگە لە گەڕانەوەی نەفەسی داعش دەگرێت لە عیراق، بەپێچەوانەی ئەو پیلانانەی لەلایەن رێكخراوەكەوە دانرابوون».

وێڕای گرنگیی رووداوەكەش، بەڵام بەرپرسانی عیراق هۆشداریی دەدەن لە مانەوەی مەترسی داعش، بە تایبەتیش لەڕووی دزەكردنە نێو بەغدا و گەیاندنی خۆكوژەكان بۆ ناوجەرگەی شارەكە، هاوشێوەی دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی 21ی كانوونی دووەمی رابردوو كە تێیدا 35 كەس كوژران و زیاتر لە 100 كەسی تر برینداربوون.

جەبار سەلمان ساڵح عەلی عیساوی، ناسراو بە ئەبو یاسر عیساوی، خەڵكی گوندی (حصی) خۆرئاوای بەغدای پایتەختە كە نزیك بە شارۆچكەی فەللوجەیە و شەشەم دیارترین ئەو كەسایەتیانەیە كە كوژران یان دەستگیركردنیان راگەیەندراوە، دووەم كەسیشە كە پۆستی (والی عیراق) لە رێكخراوەكە هەبوو لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا.

لە مانگی ئایاری رابردوودا، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كوژرانی (موعتەز نەعمان جبوری) ناسراو بە حاجی تەیسیری لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە دێرلزوری سوریا لەسەر سنووری باشووری خۆرهەڵاتی سوریا لەگەڵ عیراقدا رایگەیاند.

هەروەك لە هەمان مانگدا دەستگیركردنی عەبدولناسر قەرداش، سەركردەی دەركەوتووی رێكخراوەكە لە دێرلزور لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە كە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كردبوو، راگەیەندرا.

لای خۆشییەوە، دەزگای دژە تیرۆری عیراق، لە مانگی تەمموزی رابردوو، كوژرانی عومەر گرتانی راگەیاند كە لە پۆستی والی بەغدای رێكخراوی داعشدا بوو، لەگەڵ كوژرانی چەند كەسایەتییەكی تر كە قورساییەكی گەورەیان لەنێو رێكخراوەكەدا هەبوو، وەك ئەحمەد ئەلزاوی و حەسەن جغێفی كە بەرپرسی دۆسێی بەسەربازكردن بوو لەنێو داعشدا.

 128 جار بینراوە