سەرەکی » دۆسێ » عیراق، خۆپیشاندان لە شاری كوت-ەوە سەرهەڵدەداتەوە

داوای لەسەركارلابردنی حكومەت دەكەن

عیراق، خۆپیشاندان لە شاری كوت-ەوە سەرهەڵدەداتەوە

لە 7ی شوباتی 2021، خۆپیشاندان لە شاری كوت-ی سەنتەری پارێزگای واستەوە سەری هەڵدایەوە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای لەسەركارلابردنی حكومەتی خۆجێییان كرد، هێزە ئەمنییەكانیش بەشێوەیەكی چڕ لە شارەكەدا بڵاوەیان پێكرا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، خۆپیشاندان لە گۆڕەپانێكی ناوەڕاستی شاری كوتەوە دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی خۆجێی و ئاشكراكردنی چارەنووسی چالاكوانە دەستگیركراوەكان و لێپێچینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران دەكەن.

بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكان كە بۆ رۆژنامە ناوخۆیی و عەرەبییەكان دوابوون، خۆپیشاندەران جەخت لەسەر فراوانكردنی خۆپیشاندانەكان دەكەنەوە، وەك دیاردەكانی بزاوتنی ناڕەزایی ئاشتیخوازانە، ئەگەر دەسەڵاتداران بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەچن، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە لەسەركارلابردنی حكومەتی خۆجێییەوە هەیە كە وادەیەكیان بۆ لەسەركارلابردنەكە دیاریی كردبوو، هەروەها دەیان خۆپیشاندەری ناڕازیش لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكەوە بەرەو شەقامی نەسیج رۆیشتبوون كە بە شەقامێكی گرنگ و سەرەكی دادەنرێت لە ناوەڕاستی ئەو شارەدا و بە سوتاندنی تایە رێگەكەیان داخستبوو.

هێزە ئەمنییەكانیش وەك ئەو سەرچاوانە باسیان لێوە كردووە، بەشێوەیەكی چڕ لە دەوروبەری بارەگای حكومەتی خۆجێیی بڵاوەیان پێكراوە، بۆ بەرگرتن لە فراوانبوونی رووبەری ناڕەزاییەكان.

پێشتر خۆپیشاندەرانی واست، مۆڵەتی 10 رۆژییان دابووە حكومەتی خۆجێی، تا دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەو وادەیەش لە پاشنیوەڕۆی 7ی شوباتی 2021دا كۆتایی هات، بۆیە ئاماژەیان بە فراوانكردنی خۆپیشاندانەكە كرد، ئەگەر دەسەڵاتداران بەدەم داواكاریەكانیانەوە نەچن.

لە 6ی شوباتی 2021، عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆ بە سەردانێكی خێرا گەیشتە پارێزگای واست و چاوی بە فەرماندە ئەمنییەكان و ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران كەوتبوو، دوای ئەوە دەستبەجی پارێزگاكەی بەجێهێشتبوو، بەبی ئەوەی هیچ لێدوانێك بۆ رۆژنامەوانان بدات، كە ئەوەش بەگوێرەی بارودۆخەكەی ئەو پارێزگایە، حاڵەتێكی چاوەڕوانكراوبوو.

لەو بارەیەشەوە میدیاكانی ناوخۆ لەزاری چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی كوت-ەوە بڵاویان كردبۆوە، خۆپیشاندەران لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، داواكارییەكانیان تاوتوی كردووە كە دیارترینیان، لەسەركارلابردنی حكومەتی خۆجێی و لێپرسینەوە بووە لە بكوژانی خۆپیشاندەران، بە وەزیری ناوخۆشیان راگەیاندووە، پارێزگاكە فراوانبوونی رووبەری خۆپیشاندان بەخۆوە دەبینێت، ئەگەر بەر لە كۆتایی وادەی دیاریكراو بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەچن.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، لە 7ی شوباتی 2021، خۆپیشاندان لە شاری ناسریە (سەنتەری پارێزگەی زیقار) دەستپێكردەوە و خۆپیشاندەران پردی حەزاراتیان لە ناوەڕاستی شارەكەدا داخست.

خۆپیشاندەرانی ناسریە، داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی چالاكوانە رفێنراوەكان و لێپرسینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەرانیان كردووە و هۆشداریشیان لە فراوانكردنی خۆپیشاندانەكە دایە حكومەتی خۆجێی زیقار و حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا، ئەگەر بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەچن.

گۆڕەپانی حەبوبی لە شاری ناسریە، لە 5ی شوباتی 2021، خۆپیشاندانی فراوانی بەخۆوەبینی و تێیدا داوای ئاشكراكردنی ئەو لایەنانە كرا كە دەستییان لە كوشتنی خۆپیشاندەراندا هەیە، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندەرێك برینداربوو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەسعەد ناسری كەسایەتیی ئایینی كە پشتیوانیی لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی زیقار دەكات، رەخنەی توند لەو سەركوتكارییانە دەگرێت كە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەكرێن، لەو بارەیەشەوە لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیوێتی:»هەندێك كۆیلە پێیانوایە بزاوتنی تشرین كۆتایی هاتووە و تەنیا هەندێك لاوی خۆپیشاندەر ماون كە ناوبەناو دەركەون و هیچ كاریگەرییان نییە، ئەم قسانە بە تەوسەوە باس دەكەن، وەك ئەوەی ئەو لاوانە نامۆبن و داواكاییەكانیان بریتی نەبێت لە داواكردنی مافی خەڵك بۆ گێڕانەوەی بۆ دەستی دەسەڵاتێكی نیشتمانی و دەرهێنانی لە چنگی گەندەڵكاران، ئەو كەسایەتییە دەپرسێت ئەگەر ئەو لاوانە هیچ كاریگەرییان نییە وەك ئەوان باسی دەكەن، ئیتر بۆچی پێویستە سەركوت بكرێن و بە گوللـە وەڵام بدرێنەوە و دووچاری راوەدونان ببنەوە؟».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتی ئەمنی لە پارێزگاكە لە 6ی شوباتی 2021، رائید دەعمی چالاكوانی مەدەنی دەركەوتوویان بە دەستبەستراوی لە یەكێك لە گۆڕستانە كۆنەكانی پارێزگاكە دۆزییەوە كە بەتوندی ئەشكەنجەدرابوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەمان رۆژدا لەلایەن لایەنێكی چەكدارەوە رفێنرابوو.

لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق دەستیپێكرد و تێیدا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و نەهێشتنی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و دواجاریش گەیشتنە ئەو ئاستەی داوای گۆڕینی سیستمی سیاسییان كرد لە وڵاتدا.

بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیشەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشوور كوژراون و هەزاران كەسی تر برینداربوون، خۆپیشاندانەكانیش گوشارێكی زۆریان لەسەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دروستكرد كە دواتر بووە مایەی دەستلەكاركێشانەوەی، لە مانگی ئایاری 2020 لە دوای هەوڵێكی ماراسۆنی دوورودرێژ، مستەفا كازمی حكومەتی راگوزەری پێكهێنا و بەڵێنیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە سازبكات و لێوەی حكومەتێك پێكبهێنرێت كە ببێتە مایەی هێنانەدیی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

 82 جار بینراوە