سەرەکی » دۆسێ » ژن لە عیراقدا هەست بە دڵنیایی ناکات

گێچەڵی سێكسی لە شوێنە گشتییەكاندا

ژن لە عیراقدا هەست بە دڵنیایی ناکات

بەدواداچوونی؛ رێزە حسێن

هەستم بە خۆم كرد كەسێك دوام كەوتووە، بەس بێدەنگیم هەڵبژارد، زیاتر لە سەعاتێک ئەو پێ بەپێ بەشوێن مندا دەهات و جاروباریش بە لامدا تێدەپەڕیی و هەندێك وشەی نەشیاوی بە گۆیمدا دەچرپاند، ئاستی بێدنگی من بۆ ئەوەش هەر بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی لە شوێنێكی قەرباڵغدا دەستی بۆ هێنام، ئەو كات بە دەنگی بەرزو هەڵچونێكەوە پێمووت» خوشك دایك و خێزانت نییە، لەم شوێنە بێ ئەدەبی دەكەیت بەرامبەر شەرەفی خەڵكی» ئەمە قسەی ساوێن كامەران بوو كە تەمەنی لە نێوان 24 بۆ 25 ساڵان تێپەڕی نەدەكرد.

ساوێن بۆی گێڕاینەوە دەست بۆ بردنی ژنان لەناو بازاڕەكان خەریكە دەبێتە مایەی بێزارییمان، و كەم ژن هەیە رووبەڕووی ئەو حاڵەتە نەبووبێتەوە كاتێك رووی لە بازاڕكردبێت.

دیاردەی گێچەڵ پێکردن
گێچەڵی سێکسی بە ژنان لە عیراق و هەرێمی کوردستان و خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، زۆرێک شوێنە قەرەباڵغەکان بە هەل دەزانن بۆ ئەوەی لە ژنان نزیک ببنەوە، ئەمەش وایکردووە ژنان هەمیشە لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ترسیان لە دەوروبەری خۆیان هەبێت. بەپێی ئامارێک لە ساڵی 2014 دا، دەركەوتووە كە عیراق یەكێكە لە خراپترین شوێنەكان لە رووی هەست كردن بە نەبوونی دڵنیایی بۆ ژنان كە تیایدا رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە لە چوارچێوەی (دەستبردن بۆ جەستەیان، هەراسانكردن بە وشە، تا ئەوەی دەگاتە خراپترین شێوەی گێچەڵ پێكردن كە لاقەكردنە).

گێچەڵ پێکردن لە بازاڕەکاندا
بازاڕەکانی ژنان لە عیراق و هەرێمی کوردستان شوێنی ئەم کێچەڵییەن، لەوێدا ژنان دەکرێنە ئامانج، سۆران ئازاد، وەك خاوەن فرۆشگایەكی كاڵای ژنان تایبەت بەم پرسە دەڵێت: رۆژانە من ئەو حاڵەتە دەبینم کە كێشەی دەست بۆ بردنی ژنان دروست دەبێت، وتی، ئێمە بەو پێیەی بەردەوام لە بازاڕەكەداین سیما و شێوەی زۆربەی ئەو كەسانە دەناسینەوە كە گێچەڵی سێكسی بە ژنان دەكەن، جاری وا هەیە ساتی دەست بۆ بردنەكە ئەبینین و زۆرینەی كات ژنان تەنها بە زمانی جەستە ئەو حاڵەتە رەتدەكەنەوە، ئەویش بە مۆڕەكردن یاخود پاڵ پێوەنان بە كەسێكەوە، ئیتر بێدەنگی لێدەكەن و دەڕۆن، هەندێكی دیکەشیان دەیكات بە کێشەو ناهێڵێت ئەو كەسە دەربازی بێت و بە لێدان پڕجنێوكردن رتیدەكاتەوە گێچەڵی پێبكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: ئەو كەسانەی هەڵدەستن بە گێچەڵكردنی سێكسی بە ژنان لە هەموو تەمەنەكانی تێدایە، بەشێوەیەك پیاوی بەتەمەنی زیاتر لە 70ساڵان ئەو كارەی كردووەو رۆژانە تەنیا بۆ چێژوەرگرتن لەو حاڵەتە دێتە بازاڕەكانەوە.

دیاردەکە زۆر باوە
شیلان نوری، توێژەری کۆمەڵایەتیی و توێژەر لە بواری جێندەر، لەم رووەوە بە کوردستانی نوێی وت: دیاردەی گێچەڵپێكردنی سێكسی بۆ سەر ژنان و دەستبردن بۆ بەشێكی جەستەو هەراسانكردنیان دیاردەیەكی جیهانییەو بەشێوەیەك لە هەموو وڵاتان بوونی هەیە، بەڵام بەڕێژەی جیاواز ئەو پاڵنەرانە واتە هۆكاری كەلتووریی و كۆمەڵایەتی ئەو ژینگەیە كاریگەریی هەیە لەسەری، بۆ نمونە ئەگەر ئێمە سەیری وڵاتانی دراوسێی خۆمان بکەین ئەو دیارەدەیەیان زۆر تێدا بڵاوە. لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە ئەمە بوونی هەیە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئامارێكی راستمان دەست بكەوێت لەوبارەیەوە، چونكە سەرجەم دەست درێژییەكانی گێچەڵی سێكسی بە ژنان، لە بنكەكانی پۆلیس تۆمار ناكرێن، لەبەرئەوەی زۆرینەی رەگەزی مێ كاتێك رووبەڕووی ئەو حاڵەتانە دەبێتەوە لەلایەن پیاوانەوە، بێدەنگی لێدەكەن و پێان باش نییە بچنە بنكەكانی پۆلیس سکاڵا تۆمار بكەن.

شیلان حەمە نوری دەشڵێت: یەكێك لە هۆکاری ئەم گێچەڵپێکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە كۆمەڵایەتیە رەگەزییە نایەكسانیەی كە تاكی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پێ پەروەردە دەكرێت.

ئەو پێشی وایە: ئەگەر ژنان وا پەروەردە بكرێن، هەر كاتێک لە شوێنی گشتی بوو یان لە شوێنی كاربوو، یا لە ناو خێزانەكەیدا بوو، هەر جۆرە دەست درێژییەكی كرایە سەر، بە مافی خۆی بزانێت و بێشەرمكردن داوا لە بنكەكانی پۆلیس تۆمار بكات ، تا ئەو كەسانە بەپێی یاسا سزا بدرێن، ئەو كاتە ئەو دیاردەیە ئەگەر بنبڕیش نەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆر کەم دەبێتەوە.

 104 جار بینراوە