سەرەکی » وتار » مێشکی ورد و بەهێز!

مێشکی ورد و بەهێز!

مەحمود شێرزاد

رۆژانە خەڵکێکی زۆر تێبینی پڕش و بڵاوبوونی زەینی خۆیان دەکەن، دەڵێن بۆمان کۆنتڕۆڵ ناکرێ، بە دڵی خۆی دەڕوا بۆ ئەملاو ئەولا، ژیانی لێ تاڵ کردووین و…هتد. ئەمڕۆ نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفی ئیسرائیلی، یوڤاڵ نوح هەراری لەسەر ئاستی دنیا ناوبانگ و لە بوارەکانی سیاسەت و فەلسەفە و مێژوودا کاریگەری زۆری داناوە و کتێبەکانی بە هەموو زمانەکانی دنیا، یەک لەوان بە زمانی کوردیش وەرگێڕدراوە. یوڤاڵ لە کتێبی (بیست و یەک وانە بۆ سەدەی بیست و یەک)دا، وانەی کۆتایی و بیست و یەکەمی بۆ تێڕامان (مێدیتەیشن) تەرخان کردووە و دەڵێ مرۆڤایەتی دەبێ بگەڕێتەوە سەر شێوازی تێڕامان و لێڕەوە رزگاری دەبێ. یوڤاڵ دەڵێ نزیکەی ساڵێک بوو هاوڕێیەکم پێشنیاری یۆگای بۆ دەکردم، بەڵام من ئەقڵم نەیدەبڕی و پێشنیارەکەییم رەتدەکردەوە، تا وای لێهات دوای ساڵێک لەم پێشنیارە لە خولێکی دە رۆژەی یۆگادا بەشداریم کرد. کاتێ مامۆستای خولەکە گوتی چاوەکانتان دابخەن و هۆشتان لەسەر پرۆسەی هەناسەتان راگرن، من سەرم سوڕما، چونکە نەمتوانی تا ١٠ چرکە مێشکم کۆنتڕۆڵ بکەم، تەنانەت بۆم دەرکەوت من کە لە باشترین زانکۆکانی دنیا دەرسم خوێندووە و مێژووی بوون و مرۆڤم لە (بیگ بەنگ)ەوە تا ئێستا لێکداوەتەوە و نووسیوەتەوە، بەڵام هیچ لەبارەی مێشکی خۆمەوە نازانم و تەنانەت ناتوانم بۆ دە چرکەش کۆنتڕۆڵی بکە. لەو کاتەوە تا ئێستا یوڤاڵ رۆژانە لانیکەم دوو کاتژمێر یۆگا دەکا.

بە گوێرەی سیستەمی زانستی یۆگا ئەگەر دەتەوێ مێشکت ورد و بەهێز بێ، ئازادی بکە. یانی ئەگەر رۆیی با بڕوا، جەنابت تەنیا بینەری بەو بزانە ئەوا رۆیی، ئازادی بکە و بینەر بە، ئەم رووداوە لێکمەدەوە، بە باش یان خراپی مەزانە، تەنیا بیرکردنەوە و خەیاڵ و مێشکت ئازاد بکە و بینەری بە، بە زوویی بە ئاکامێکی سەرسوڕهێنەر دەگەی!

کردنی ئەم راهێنانە زۆر ئاسانە، هەنگاوی سەرەتایی ئەوەیە وەک چۆن سەیری فیلمێک یان وێنەیەک دەکەی هەر ئاواش سەیری مێشک و جموجۆڵەکانی مێشک و بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی خۆت بکە. ئەوەی روودەدا تەنیا بیبینە و لێکی مەدەوە. لەسەرەتادا بینیەربوونەکە کورت و رووکەشە، بەردەوامبوون لە راهێنان قووڵ و درێژی دەکات.

لەسەرەتادا راهێنانەکە تۆزێ نامۆیە، مێشک هەوڵدەدا رێگەی راهێنانەکەت لێبگرێ و درێژەی پێنەدەی، واتە تەسلیم نابێ. ئەمەش شتێکی سروشتییە، وا راهاتووە. ئەگەر ئێمە لەم حاڵەتەدا بینەری ئەم هەوڵەی مێشکمان بین و گوێێ پێنەدەین، دوای چەند رۆژێک هەوڵە نەرێنییەکانی لاواز دەبن و بینەربوونەکەمان بەهێز دەبێ.

مێشک بە خواستی خۆی بۆ شتی باش ناڕوا، هەر بۆ شتی خراپ دەڕوا، بۆ نمونە بە زۆری بۆ جگەرە و نێرگەلە و کافتراکان و…هتد پەلکێشت دەکا، بەڵام بۆ ئەوەی نەیەی بۆ نمونە لە ماڵی یۆگای هەناسە یۆگا نەکەی هەزار بیانووت بۆ دەدۆزێتەوە و ناتوانی بە ئاسانی قەناعەت بێنی یۆگا یان هەر چالاکێێەکی باشی دیکە دەست پێ بکەی. سروشتی مێشک وایە، بە ئاسانی بەرەو خراپە دەڕوا، بەڵام دەبێ زۆر بە قورسی بەرەو چاکەی بەری. بۆ نمونە لە بواری خۆراکدا هەر هەوڵدەدا خۆراکی خراپ بخۆی و حەزی لە خۆراکی بەسوود نیە و جێژی لێ نابینێ و…هتد، بۆیە هەموو کەس دەبێ کار لەسەر زەین و زەینپەروەری لە رێگەی یۆگاوە بکا.

 62 جار بینراوە