سەرەکی » زانست » فەیسبووک کردی بەبەهێزترین پیاوی دنیاپەڕە 2

قەیسەری سۆسیال میدیا

فەیسبووک کردی بەبەهێزترین پیاوی دنیا

بورهان ئەمین

داهێنەر و بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک مارک زۆکریبێرگ Mark Zuckerberg تەمەنی تەنها 36 ساڵە و دەسەڵاتی لە سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی دنیا فراوانترە، بەهێزی ئەو گەنجە ئەو کاتە دەرکەوت کە ساڵی پار کۆنگرێسی ئەمریکا بانگهێشتی دانیشتنێکی تایبەتی خۆی کرد سەبارەت بە داتا و زانیاری بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییە، مارک لەو دانیشتنەدا زۆر بەجورئەت و توانایەکی بەرزەوە وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی کۆنگرێسی دایەوە و توانی کەسایەتی خۆی زاڵ بکات، بانگهیشتی مارک بۆ کۆنگرێس ئەوەی نیشاندا کە ئەو وەک کەسایەتییەکی کارا و بەهێز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و لەسەر ئاستی نیوەندی سیاسی و ئابووری وڵات رۆلی بەرچاو دەبینێت، دواتر گفتوگۆکانیش بوونە مایەی زیاتر گەورەبوونی ئەو کارەکتەرە سەرەکییەی تەکنەلۆژیا.

مارک کاتێک فەیسبووکی داهێنا لە گەنجێکی ئاسایی بترازێ هیچی تر نەبوو بەڵام لە دوای دۆزینەوەی گەورەترین چەکی رووناکبیریی کۆمەڵایەتی سەردەم بوو بە یەکێک لە ملیاردێرەکانی دنیا و ئێستا سەرمایەکەی 100 ملیار دۆلاری ئەمریکییە، جگەلەوە دەسەڵاتی بەسەر زۆرێک لە کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەکەیدا هەیە، ئەگەر سەرۆکی وڵاتەکەی کە جۆ بایدبنە و پێش ئەویش دۆناڵد ترەمپ بوو، لە ترۆپکی دەسەڵاتی گەورەترین وڵاتی دنیانادایە، بەڵام دەسەڵاتەکانی بە یاسا و رێسا و دەستوور رێکخراوە و ئەو دەسەڵاتانەش تەنها یەک خول و لە چەند ساڵێک تێناپەرێت، هی ترەمپ تەواو بوو و ئێستا ناگاتە ئاستی مارک چونکە ئەو گەنجە رابەرایەتی یەکێک لە کۆمپانیا هەرە گەورە و‌ ناودارەکانی جیهان دەکات و دەسەڵاتی رەها و بێوێنەی هەیە و تا‌ لە ژیانیدا ماوە و تا‌ ئەو‌ کاتەی خۆی بیەوێت هەروا دەمێنێتەوە و بگرە پێگەی بەهێزتر و فراوانتریش دەبێت.

مارک کوڕێکی زیرەک و لێهاتووە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و عیبری و ماندری و یۆنانی و لاتینی کۆن بەباشی دەزانێ و مێشکێکی زیرەک و بەتوانای هەیە هەر لە تەمەنی 12 ساڵییەوە داهێنانی ئەلکترۆنی و‌ تەنکەلۆژی کردووە،‌ لە تەمەنی 19 ساڵیدا خوێندنی زانکۆی هارڤاردی بەجێهێشتووە و خۆی تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی سەکۆیەکی ئۆنلاین بۆ پەیوەندی بەستنی خوێندکارە هاوڕێکانی و گۆڕینەوەی بۆچوونەکانیان لەگەڵ یەکتر، تا گەیشتە ئامانجەکەی و فەیسبووکی بنیاتنا و پێیەوە بووە گەنجترین زەنگینی هەموو دنیا، مارک هەژموونێکی بیوێنە و پەرەپێدراوی هەیە هەمیشە بە بیرۆکەی نوی خۆی تازە دەکاتەوە و لەگەڵ سەردەم هەڵ دەکات، دەسەڵاتی بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام و وەتس ئەپدا هەیە، 60٪ ی دەسەڵاتی بریارەکانی هەیە و باقی تریش بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن دەگەڕێنێتەوە، ئەو بڕیار و هەڵویستانەش تایبەتن بە دوو ملیار بەکارهێنەری ئەو تۆڕەکۆمەڵایەتییە، بەو پێیە مارک دەسەڵاتی جووڵاندنی 2 ملیار کەسی هەیە کە هیچ کەس لەم جیهانەدا ئەو دەسەڵاتەی نەبووە و نییە، ئەندام و بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە ناوچەکەی ئێمە و بەتایبەتیس لە کوردستان نیوەی ژمارەی دانیشتوانەکەی دەبن و ئێستا ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بۆتە چەکێکی کاریگەر و بەبڕشت بۆ بڵاوکردنەوەی هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی و راستەوخۆ کار دەکاتە سەر رای گشتی کۆمەڵگاکان.

سەرچاوە: شپیگل ئۆنلاین

 437 جار بینراوە