سەرەکی » دۆسێ » عیراق و سەردانە مێژووییەكەی پاپای ڤاتیكانپەڕە 1

21ساڵە چاوەڕێیە

عیراق و سەردانە مێژووییەكەی پاپای ڤاتیكان

دیوانی وەقفی مەسیحی و ئاینەكانی تر، تەئكید لەسەر گرتنەبەری رێكاری ئەمنیی توند دەكەنەوە لەكاتی سەردانە چاوەڕوانكراوەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق، بەدووریشی دەزانێت قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەكاتی سەردانەكەدا بسەپێنرێت و هەر لەو بارەیەوە رایدەگەیەنێت كە سەردانەكە لە ساڵی 2000وە پلانی بۆ دانراوە.

قەشە مارتن هورمز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی دیوانی وەقفی مەسیحی لە عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان لە 22ی شوباتی 2021 رایگەیاند:»سەردانە مێژووییەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق كە وابڕیارە لە مانگی ئاداردا بێت، هاوشان دەبێت لەگەڵ رێكاری ئەمنیی توند لەو ناوچانەی كەسەردانی دەكات».

قەدەغەكردنی هاتوچۆ بە دوور دەزانرێت
هورمز «راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەو پارێزگایانەی قەداسەتی پاپا سەردانیان دەكات» بە دوور دەزانێت و دەڵێت:»پاراستنی ئاسایشی پاپا بەرپرسیارێتی حكومەتە، چونكە ئەمە پەیوەندیی بە ناوبانگی وڵاتەوە هەیە و گرنگە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسێیە هیچ پەرچەكردارێكی نەرێنی لێ نەكەوێتەوە لە میدیاكان یان لە وڵاتانی تر».

پێشتر باڵیۆزی ڤاتیكان رایگەیاندبوو، ئەو فڕۆكەیەی پاپا دەگوازێتەوە عیراقی دەبێت، وێڕای تیمی پارێزگاریی، بەو پێیەی كەسێكی سانا و خاكییە و هەمیشە لە گەلانەوە نزیكە، تا چاوپێكەوتنییان لەگەڵدا بكات و لە هەموو سەردانەكانیدا بۆ وڵاتان قسە لەگەڵ خەڵكەكەی بكات».

بە وتەی قەشە مارتن هورمز»بابەتی گواستنەوەی پاپای ڤاتیكان بەشێوەیەكی ورد ئامادەكاریی بۆكراوە و سەردانەكەی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان لە ساڵی 2000ەوە نەخشەی بۆ داڕێژراوە، بەڵام ئەو رەوشەی لە عیراقدا هەبوو لەو دەمەدا، یاریدەر نەبوو».

پەیامی دڵنیاییە
بە بۆچوونی هورمز «ئەو سەردانە مێژوویی و گرنگە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە رەوشی گەلی عیراق، بەو پێیەی چاودێریی مرۆڤایەتی دەكات و كار لەپێناوی خێر و چاكەی مرۆڤایەتیدا دەكات».

بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی دیوانی وەقفی مەسیحی لە عیراق هەروەها دەڵێت: «ئامادەكاریی گرنگ كراوە، هەر لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە بگرە، تا دەگاتە هەموو عیراقییەك كە بایەخ بە بەرژەوەندیی نیشتمان و گەلەكەی دەدات، بە هەمان شێوە ئامادەكاریی لەلایەن هەموو لایەنە حكومییەكانەوە كراوە، بەوپێیەی سەردانەكە بە (حەجێكی رۆحی) بۆ مەزاری پێغەمبەر ئیبراهیم (د.خ) دادەنرێت و پەیامی دڵنیاییە بۆ رۆڵەكانی گەل، كڵێساكانیش لە هەموو جیهاندا لەپێناوی ئاشتی لە عیراقدا، نوێژ دەكەن».

عیراقییەكان خۆیان بۆ پێشوازیی لە پاپا فرانسیس ئامادە دەكەن كە سەردانی وڵاتەكەیان دەكات، لەكاتێكدا بە تەنگژەیەكی تەندروستی و ئەمنی ناوخۆدا تێدەپەڕن، زۆرێك هیوایان وایە، ئەو دەسەردانە ببێتە مایەی دەستپێشخەرییەك بۆ پشتیوانیی لە ئاشتی و لێكگەیشتن لەنێوان رۆڵەكانی یەك نیشتمان.

لە 21ی شوباتی 2021، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، وردەكارییەكانی سەردانەكەی پاپا فرانسیسی بۆ عیراق لەگەڵ میتجا لسكۆڤەر باڵیۆزی ڤاتیكان لە عیراق تاوتوی كرد، ئەمەش لە ناو ئەو هەواڵانەی باس لە ئیمزاكردنی «پەیماننامەیەكی برایەتی» دەكەن لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان لە عیراق.

كازمی رایگەیاندبوو، سەردانەكەی پاپا هاوبەشی دەكات لە چەسپاندنی سەقامگیریی و بڵاوكردنەوەی گیانی برایەتی لە عیراق و هەموو ناوچەكە بە گشتی، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە.

هەر لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتبوو كە «هەوڵەكانی پاپا گەواهی بۆ ئەوە دەدەن كە لە هەموو جیهاندا ململانێكانی كەم كردۆتەوە و دانانی و عەقڵی زاڵكردووە و بەهای مرۆڤایەتیی خستۆتە سەروو هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و ناكۆكی و جەنگەكانەوە».

كازمی دەڵێت: «عیراق بە حكومەت و گەل و بە هەموو تیرە و تایەفە و رەنگەكانی، بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی سەردانەكەی قەداسەتی پاپا دەكەن».

لای خۆشیەوە، باڵیۆزی ڤاتیكان لە بەغدا رایگەیاندووە: «ئەوان سوپاسی هەوڵەكانی حكومەتی عیراق دەكەن بۆ ئەو ئاسانكارییەی كە كردووێتی لەپێناوی سەردانە مێژووییەكەی پاپا فرانسیس بۆ عیراق»، ئەمەش لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی وەزیرانی عیراقدا ئاماژەی پێكرابوو.

هەڵوێستی موقتەدا سەدر
موقتەدا سەدر، سەركردەی شیعە مەزهەب لە 21ی شوباتی 2021 رایگەیاندبوو: «سەردانەكەی پاپا لە دڵەوە پێش عەقڵ پێشوازیی لێدەكرێت، دەوترێت هەندێك ئەو سەردانەیان پێناخۆشە، بۆیە پێیان دەڵێم، كرانەوەی ئایینەكان بەڕووی یەكتردا كارێكی باشە».

هەڵوێستەكەی سەدر وەك وەڵامێك بوو بۆ لێدوانی سەركردەیەكی میلشیایی عیراقی كە رایگەیاندبوو: «پاپا لە عیراق پێشوازیی لێناكرێت»، ئەم قسەیەش لەلایەن هەندێك لە چالاكوانانی عیراقی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرابۆوە.

چاوپێكەوتن لەگەڵ سیستانی
پاپا بڕیاریداوە چاوی بە عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان بكەوێت لە ماڵەكەی لە نەجەف، ئەمەش چاوپێكەوتنێكی دەگمەن دەبێت لەنێوان پاپا كە سەرۆكی رۆحی مەسحییە كاسۆلیكییەكان دادەنرێت، لەگەڵ سیستانی سەرۆكی رۆحی دەركەوتووی شیعەكان لە عیراق كە لە هەمان كاتدا بە یەكێك لە مەرجەعە كاریگەرەكانی شیعە لە جیهاندا دادەنرێت.

وەفدێكی كڵێسا سەردانی شاری نەجەفی كردبوو، تا لەبارەی وردەكاریی چاوپێكەوتنی نێوان ئەو دوو كەسایەتییەوە گفتوگۆ لەگەڵ نووسینگەی سیستانیدا بكەن.

پەیماننامەی برایەتی
ئاژانسی (شفقنا)ی نزیك لە مەرجەعیەت لە نەجەف لە زاری رەحمان عامری، باڵیۆزی عیراق لە ڤاتیكان بڵاویكردۆتەوە كە: «پێشبینی دەكرێت پەیماننامەی برایەتی مرۆڤایەتی لەنێوان سیستانی و پاپا ئیمزا بكرێت كە یاریدەر دەبێت بۆ چەسپاندنی پەیوەندیی متمانەی نێوان هەموو پێكهاتەكان».

میدیاكان هەوڵیاندابوو، وردەكاریی لەبارەی ئەو پەیاماننامەیەوە لە نووسیگەی سیستانی دەستەبەر بكەن، بەڵام وەڵامیان نەدرابۆوە.

بە وتەی عامری: «هەردوولا «رێڕەوەكانی دیالۆگی نێوان ئایینەكان» و پرسی كەمكردنەوەی توندڕەویی و وەلانانی بوغز و كینە و بڵاوكردنەوەی نەریتی ئاشتی و پشتیوانی لە دانیشتووانی ناوچە رزگاركراوەكان تاوتوی دەكەن، بە تایبەتیش دانیشتووانی دەشتی نەینەوا و شاری موسڵ و شارەكانی دەوروبەری.

سەرچاوە ئاینییە مەسحییەكانی عیراق دەڵێن: بەرنامەی سەردانەكەی پاپا لەگەڵ وێستگەی نەجەف و زیارەتی (ماڵی پێغەمبەر ئیبراهیم لە پارێزگای زیقار كە بە سومبولی لێكنزیكبوونەوەی نێوان سی ئایینە ئیبراهیمییەكە دادەنرێت. نوێژكردن لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و لە كڵێسایەكدا كە كەوتبووە دەستی رێكخراوی داعش لەخۆدەگرێت، بە هەمان شێوە قەداسێكی گەورە لە یەكێك لە یاریگاكانی هەرێمی كوردستان سازدەكات.

 254 جار بینراوە